کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بۆنەی ساڵوەگەڕی بۆردومان کردنی شارۆچکەی قەڵادزی لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە ئەو تاوانەی دەرهەق بەو شارۆچکەیە کراوە سەدان شەهید و برینداری لێکەوتۆتەوە، هاوکات سەری ڕێز و نەوازشیش بۆ قوربانیانی ئەو کارەساتە دادەنەوێنن و دوپاتی دەکەنەوە، کە ساڵانە یادی دەکەنەوە.
دەقی پەیامەکە:
لەیادی 50 ساڵەی بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێدا
ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس وەک کاری ھەمیشەیی لە 24.04.1974 بێ بەزەییانە بە بۆمب و ناپاڵم کەوتە بۆردومانی شاری قەڵادزێ و لە ئاکامدا سەدان شەھید و بریندار و وێرانکردنی ئەو شارەی لێکەوتەوە، بەشێکی زۆر لە شەھیدان قوتابیانی زانکۆی سلێمانی بوون، کە ئەوکات زانکۆی سلێمانی لەو شارەبوو .
تاوانەکانی ڕژێمی ئەو سەردەمە بەردەوامیان ھەبوو دەرھەق بە خەڵکی سڤیل، تەنیا لەسەر پێناسەی کورد بوون چەوسانەوە و پاکتاوی نەتەوەیی لە جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و کاولکاری ڕووبەڕووی ئێمەی کورد بووەتەوە.
لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم کارەساتە دادەنەوێنین و ھەمیشە یادیان دەکەینەوە.
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی