کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە بۆنەی 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، پەیامێکیان بڵاوکردەوە، کە تێدا ئاماژە بەوە دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئامادەیی ژنان لە پێگە و جومگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، کۆنفیدراسیۆن لە بەرزترین ئاستی رێکخراوەیی خۆیدا بە بەشداریی پێکردنی ژن و پیاو بە یەکسانی و لەسەر بنەمای داپەروەری و شایستەیی ئەو باڵانسەی بە تەواوەتی پاراستووە.
دەقی راگەیەنراوەکە:
راگەیەندراوی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بە بۆنەی 8 ی مارس رۆژی جیهانیی ژن
ژنانی تێکۆشەر و مافخواز
عەوداڵانی ئازادی و یەکسانی
بە بۆنەی گەڕانەوەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن، بە ناوی گشت تێکۆشەرانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی ژنانی جیهان بە گشتی و ژنانی نەتەوەکەمان بەتایبەتی دەکەین.
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بە بایەخەوە دەڕوانێتە پێگە و رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا و هەموو ساڵێک بە کۆمەڵێک چالاکی و رێوڕەسمی تایبەتیی پێشوازی لە 8ی مارس رۆژی جیهانی ژن دەکات.
هەر لەسەر ئەو بنەمایە و بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی ئامادەییی ژنان لە پێگە و جومگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، لە بەرزترین ئاستی رێکخراوەییی خۆیدا بە بەشداریی پێکردنی ژن و پیاو بە یەکسانی و لەسەر بنەمای داپەروەری و شایستەیی ئەو باڵانسەی بە تەواوەتیی پاراستووە.
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، لەگەڵ ئەوەدا بڕوای تەواوی بە ماف و ئازادییەکانی ژنان هەیە، هاوکات بە پاڵپشتیی کردن لەو خەباتە بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی بە بەشێک لەو کاروانە دەزانێ و لەپێناو سەرخستن و بە ئاکام گەیاندنی لێبڕاوانە تێ دەکۆشێت.
هەر بەم بۆنەیە، داوا لە سەرجەم ئۆرگان و ناوەندەکانی ژنانی سەر بە کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی دەکەین، با تێکۆشان و خەباتیان لەپێناو هێنانەدی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بێت و وەک ئەرکێک هەوڵی راستکردنەوەی ئەو داب و نەریتە سواوانە بدرێت، کە داگیرکەران و دوژمنانی کورد بە زەبری هێز و داگیرکاریی بەسەر گەلی کورد و ژنانی ستەمدیدەی کوردیان سەپاندووە.
ژیاندۆستی و شارستانییەتیی دێرینی نەتەوەکەمان هۆکاری سەرەکیی هەوڵی دوژمنانی کورد بووە بۆ ئاسمیلە کردنی کورد و بایەخە بەرزەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.
هەروەها بەرتەسکردنەوەی ئازادییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەکەمان لە لایەن دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانەوە هۆکارێکی دیکەی گەشەنەکردنی کۆمەڵگەی کوردستان بووە لە پرس و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی و پرسی ژنان بە تایبەتی. بۆیە لە رووانگەی ئێمەوە، کۆمەڵگەیەکی یەکسان و مرۆڤسالار و بەختەوەر کاتێک دێتە ئاراوە، کە ماف و ئازادییەکانی ژنان تیایدا بە تەواوەتیی دەستەبەر کرابێت.
شەکاوە بێت ئاڵای یەکسانی و داپەروەریی
پیرۆز بێت 8ی مارس رۆژی جیهانی ژن
ئیسماعیل کامل
سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی