فارس نەورۆڵی
هەرکاتێک ناکۆکییەک دەکەوێتە نێوان هێزە سیاسیەکان بەتایبەتی ( یەکێتی و پارتی) مرۆڤی غەریب بە سیاسەت بێ هیچ لێکدانەوەیەک و بێ هیچ تێگەیشتنێک لە سیاسەت، بێ گەڕانەوە بۆ ئەو چیرۆکە تراژیدیانەی ئەم هەرێمەی دروستکردووە، دێنە سەر شاشەکان و هەموو شیکردنەوەو خوێندنەوەیەکی بۆ کێشەکان ئەوەیە دەڵێن: دەیکەین بە دوو ئیدارە. ئاخر ئەم کوردستانە موڵکی هیچکەس و هیچ حزبێک نییە، کە هەرکاتێک دەرفەتی هەبوو یاخود فشار لەسەر بەرژەوەندیەکانی هەبوو ئیتر تەنها چەکی دەست و ئارگۆمێنتی ئەوە بێت هەرێم دەکەین بە دوو ئیدارە. ئاخر کردیشمان بە دوو ئیدارە حاڵمان جوان بوو، دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخە ئەوانەی ئەم جۆرە قسەیە دەکەن نازانن سیاسەت بۆچی باشە. کێن ئەوانەی دەبێ سیاسەت بکەن نازانن سیاسەت قسەی ئەقڵە بۆ ئیدارەدانی کێشمەکێشەکان. بۆیە تەنها لە ڕۆحی شەڕەنگێزییەوە بابەتەکان دەبینن. ئەوەندە هەلپەرستن ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندی و غەریزەکانی خۆیاندا وەکو نیرۆن بەدیار سوتانی ڕۆماوە مۆسیقا بژەنن. ئەگەر لەم کێشمەکێشی سەرۆککۆمارەوە سەیری ئایندەی پارتی و یەکێتی بکەن، ئەوا بە هەڵەدا چوون، چونکە پارتی و یەکێتی ناکۆکی زۆر قورستریان تێپەڕاندووە ئەوەندەش خەڵکی دڵسۆزو دووربین ماون ڕێگا نەدەن ئەوانە دڵخۆشبکەن کە خەون بە هەڵوەشانەوەی هەرێمەوە دەبینن. دواجار وەک ئەرستۆ دەڵێت:(ناکۆکی چۆنایەتی بەشێکی هەرە گرنگی کۆمەڵگای سیاسییە) بۆیە ئەوانەی حەز بە دوو ئیدارەیی دەکەن و بووە بە ویردی سەر زمانیان، لە میدیاکاندا ئەوە پێی دەڵێن بوێری نەفامی (جورئەتی جەهل) ئەم جورئەتی جەهلەش میدیای جەهل دورستی دەکات ئەگینا هەرگیز دەرفەتێک دروست ناکەن بۆ کەسانی نابەرپرس، کە بێن و قسە لەسەر تراژیدیترین بابەت بکات، کە بە دوو ئیدارەکردنی هەرێمە. لەکاتێکدا سەرۆک نێچیرەڤان بارزانی هەمیشە دەڵێت: (دوو ئیدارەی واتە سفر ئیدارە) لە ڕاستیشدا دوو ئیدارەیی نە لە ستراتیج و نە لە تاکتیکی پارتی و یەکێتیدا نییە. بۆیە هیچکەس و هیچ میدیایەک خەون بە دوو ئیدارەییەوە نەبینێت، چونکە زۆر فاکتەر هەیە نایەڵێ ببێت بە دوو ئیدارە، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی کار لەسەر ئەوە دەکەن ببینە سفر ئیدارە.