وا دیارە تا هەنووکەش زۆرێك لەو ڕاستییە نەگەیشتوون کە داگیرکەرانی کۆڵۆنیاڵی ئێراقی کوردان بە ستەمکار (ئەهلی غەدر) دەزانن. هۆی ئەمەش تەنها ئەوەیە کە ئێمە وەکو کورد هەین و نەبووین بەوان، دەنا پتر لە هەزار و چوارسەد و پەنجا ساڵە، لە ئێمەوە خزمەت و مەوالێتی و ئاوی سازگار و …تاد. هەر لێمان ڕازی نابن و لەوانیشەوە جگە لە نەگبەتی و کوشتوکوشتار و کۆمەڵێ توڕەهات هیچی دیمان پێ ڕەوا نابینن.
هەزار جار هاوارمان کرد، کەمێ بە خۆدا بێنەوە، کەمێ بنەمای ژیاریی تاکی کورد گەشە پێ بدەن، کەمێ ئەو خەڵکە فێرکەن کە کورد خاوەنی جوگرافیای کوردستانە و ئەو جوگرافیایەش گەلێك فراوانترە لەوەی ئەمڕۆ بە کوردستان دادەنرێت.
فەرموو ئەوا ئەوان ڕۆژانە نەك بزمار بەڵکو درێلیان لە بنکەی ئێمە گیر کردووە و وا خەریکن لە بناغەوە هەڵمان دەتەکێنن. ئێمەش ئەوەی دوو وشە دەزانێت بەربۆتە ئەو خانەیەی نەتەوەکەی خۆی، کە هێشتا تەواو نەبووە و بە سەدان شێوە دەیهەوێت کورد بچووك بکاتەوە و وا وێنای بکات کە شایانی حوکمکردنی خۆی نییە.
هیچ ڕێگاچارەیەك بۆ کورد نەیتوانیوە و ناتوانێت بیخاتە سەر شاڕێی ژیان، هزری سەربەخۆخوازی نەبێت. دیارە ئەوەش بە پراکتیزەی ئەو هزرە دەبێت لە هەموو وردەکارییەکانی ڕۆژانەی تاکدا. خۆ ئەگەر وا بکات ئەوا خودبەرگرییەکی وای بۆ پەیدا دەبێت، کە بتوانێت ڕێگری لە زۆر پلان و پیلانی ئەهریمەنی بگرێت کە دوژمنان دای دەنێن. جا با لەو شوێنەوە بێت کە پێی دەڵێن پەرلەمان، یان لە حوکمەت یان دادگای فیدراڵ (زۆر سەیرە لەم عەنتیکەخانەیەی پێیدەڵێن ئێراق، تەنها ستێك کە ناوی فیدراڵی پێوەیە، دادگایە و ئەویش بۆ ئەوەیە کوردی پێ بەند و ڕاپێچی دۆزەخی بیابانی بکەن.
من تئێناگەم لەم قۆناغەدا چۆن ڕێ بەو هەموو دەنگە ناساز و ناقۆڵا و ناماقووڵ و ………تاد. دەدرێت وا ناکەسبەچانە بەرببنە نەتەوەی خۆیان و هەوڵی ئەوە بدەن بەرەو ژێر حوکمی تاریکپەرستانی ئەهریمەنخەسڵەتی بەرن؟!
ئەو بۆ خۆی کە حەزی لە نۆکەرییە و لە مەوالیش تێیپەڕاندووە و (موعەڕەب) بووە، کەیفی خۆیەتی، ئاوی ئاموون و توونی بابا چێ، بەڵام بە چ مافێك دەیهەوێت منیش ڕاکێشی دۆزەخێك بکات کە وێنەی لەسەر زەمین نییە.
لێرەدا و ئێستا ئەگەر حوکمەتەکەشمان تا ئێستا لەو ڕووەوە شتێکی نەکردووە، دەبێت هەموومان ئەو دەنگانە و خاوەنەکانیان و ئەوانەی پشتیشیانەوە بە نەفرەت بکەین. نەفرەت کەمە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت گوڵشەن بە دەردی گوڵخەن بەرن.
هاوبیـر