KDC

بەگری لە PPK ە یان شەڕکردن لە گەڵی ؟؟!!

فاتیح ئیسماعیل ئەحمەد

دڵنیام بەشێک لەخوێنەری ئەم ناونیشانە بێ ئەوەی بچێتە ناوەڕۆکی مەبەستی وتارەکەوە راستەوخۆ دەبنە دوو بەشی دژ بەیەک و ھەر یەکەشیان خۆی بەراست دەزانێ، و لە بنەڕەتیشدا ئامانجی ھەر دووکیان یەکە، بەڵام روانگەیەکی کاتی حیزبی یان ناوچەی زاڵ بووە تا وا بۆ رەوشەکە بڕوانێت. بۆ ئەوەی لایەنی بەرانبەر بەشێوەیەک لە شێوەکان بە ناڕاستی دابنێت، کە ئەوەش زیاتر لە ھەڵھێنجانی رقەوە بەرجەستە بووە. چونکە ھەرگیز بڕوا ناکەم تاکێکی کورد ھەبێت کە حەز بکات کورد، کورد بکوژێت یان بەشێک لە نەتەوەکەی بێ بەش بێت لەماف و بخرێتە بەر نێزەی چەکی دوژمنانەوە.

بۆیە پێویستە ژیرانە و نەتەوەیانە باس لە رەوشی دروست بوونی کێشەی ئیستای ناوچەکانی سنوور بکەین و ھەوڵەکان بە ئاڕاستەیەک بێت کە چارەسەر بێت نەک شێواندن، ھەر نا با رەوشەکە وەک خۆی باسی لێ بکەین، تا بتوانین ببینە فاکتەرێک بۆ ئەوەی شتەکان رەوتی سروشتی خۆیان وەربگرن، نەک میزاجی کەسی و حیزبی زاڵ بێت بۆ قسەکردن لەو رەوشەی کە ھەیە.

لەلای ھەموو روونە کە یاسا نێودەوڵەتیەکان بەجۆرێک داڕێژراوە کە کاڵا بە باڵای وڵاتەکانە، نەک بەھەناوە ھاتنی گەلانی زوڵم لێکراو؟!. وەکو گەلی کوردی بێ ماف، کە بەردەوام زوڵم و ستەمی لێ کراوە لەلایەن رژێمەکانی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام ھیچ کاتێک رێکخراوێکی نێودەوڵەتی یان حکوومەتەکانی دونیا دەنگیان لێوە نەھاتووە لەسەر ئەو ھەموو ناحەقیانەی دەرحەق کورد و کوردستان کراوە. بۆیە دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە لەتەک ھەر پارچەیەکی کوردستان بەشێوازی خۆی بکرێت نەک وەک ئەوەی دەمانەوێت. ئەگەر سەیری رەوشی ناوچەکانی سنوور بکەین لەو کێشانەی کە لە ئێستادا دروست بوون بەھۆی بوونیpkkەوە، ئیدی pkk حەزی لێ بێت یاخود نا ئەوە شتێکی ترە، ھەرچەندە دروست بوونی ئەو رەوشە نائارامە زیاتر لە ئەستۆی داگیرکەرانە، وەک دەوڵەتی تورکیایە، چونکە  ئامادە نییە کیشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکات و بەڵکو  تەنیا مەنتیقی ھێز بەکار دەھێنێت، لەو رووەشەوە ھەموو ھەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی ئەوەیە، گوایە دەتوانن بەو شێوەیە بگەنە ئامانجیان کە  لەناوبردنی کورد و PKKەیە ، یان ئەوەی بەدەست ھاتووە و بەدەست دێت لە ئایندەدا بۆ کورد و کوردستان؟؟!! ئەوەش زۆر کەس و لایەن پێشتر خۆیان تاقیکردۆتەوە، بەڵام ھیچ ئەنجامێکی نەبووە لە قوربانی زیاتر، بڕواش ناکەم ئەو جۆرە ھەوڵانە بۆ ھیچ لایەک ئەنجامی ببێت.

باشە با بپرسین،  ئایا بە چ مەنتیق و یاسا و پێوەرێک ئەو حەقە بە تورکیا دراوە کە بێتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە و شەڕی pkkبکات؟؟!!، چونکە پێش ھەموو لایەک زەرمەندی یەکەم ھەرێمی کوردستانە و بەڵکو  pkkش لەناو خاکی تورکیا نییە و ناشچێت لەوێ شەڕ بکات تا تورکیا ناراحەت بێت و ئەو ھێرشە بێ رەحمانە بکات. بۆیە ئەو ھاتنە ناوەی  تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان، بەھەموو شێوەیەک دەچێتە خانە دوژمنایەتی کوردەوە ئیدی لە ھەر جێگایەک بێت. چونکە نەک ھەر لە کوردستان باکوور و باشوور بەڵکو بەبەرچاوی ھەموو دونیاوە شەڕی کوردانی رۆژئاواش دەکات و چەندین شاری لێ داگیرکردون، وەک عەفرین و گرێسپی و …ھتد، جا ئەو ھەڵسوکەوتەی تورکیا جگە لە دوژمنایەتی کورد و ھەروەھا رەفتاری دیکتاتۆریانەیان زیاتر ھیچی دیکە ھەڵناگرێت؟!.

بەڵام ئەوەی جێگای لەسەر وەستانە، pkk نەدەبوو رێگا خۆش بکات تا دەوڵەتی تورک دوژمنایەتی نەک ھەر کوردی باکوور، بەڵکو دوژمنایەتی کورد لە ھەر جێگای دیکەی دونیان کە ھەیە بکات!!.چونکە  pkk نەی توانیوە جێگایە لە کوردستانی باکوور بۆ خۆی ئازاد بکات و پارێزگاری لە بوون و مانەوەی خۆی بکات و بۆ ئەوەی دونیاش مامەڵەی لەشکرێکی رزگاری لەگەڵ بکات، بەوەی سنووری دەسەڵات و پێگەیەکی ھەیە. ئاشکرایە pkk ھێزێکی شەڕکەری زۆر باش و زۆریشن، بەڵام نەگونجاویشە  پێگایەکی خۆی لە کوردستانی باکوور نەبێت؟؟!!، یاخود لە سنووری کوردستانی رۆژھەڵاتیشەوە بەچەشنی باشوور و سنووری  ئازادبووی کوردستانی رۆژئاوا ھێزی خۆی بەکاربھێنێت تا ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە نەبێتە کێشە. بەڵام pkkدێت ھەرێم لە سنووری ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت، وەک زاپ و قەندیل و گارا و ….ھتد، گۆڕەپانی خۆی بۆ لەشکری تورکیا چۆڵ دەکات. جا باشە pkk ھەر نا بۆ ئەوەی، ئەوەی کە ھەتا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان بەدەست ھاتووە بپارێزرێت، دەکرا ئەو ھەموو جێچەڵانەی بۆ دروست نەکات، چونکە کورد تەنیا چیاکان و خۆی دۆستی خۆیەتی. بۆیە  پێویستە لەسەر ھەموومان پارێزگاری لەو دەستەکەوتانە  بکەین کە بەدەست ھاتووە وەک ھەرێمی کوردستا نەک تێکی بدەین؟!.

جا دەپرسین بەگریکردن لە pkk بکەین کە خۆی بۆتە بەشێکی گەورە لە کێشەکان یان بێن شەڕی لەگەڵ بکەین، یان بەواتایەکی تر،  pkk دێت پێشمەرگە کە ئەرکی پاراستنی ھەرێمی کوردستانە شەھید دەکات و رێگا لە گوندشینەکانی سنوور دەگرێت تا نەچنەوە بۆ گوندەکانیان و ھەرێم لە ناو ھەرێم دروست دەکات و ھیچ حسابێت بۆ تەواوی دامەزراوە شەرعیەکانی ھەرێمی کوردستان ناکات و  رێگاش دەگرێت لە گوندیەکانی سەر سنوور تا سوودمەند بن لە  بەروبوومی رەز و باخەکانیان؟؟!. ئەوەش ھەرگیز عەقڵ و مەنتیق قبوڵی ناکات، بۆیە دەتوانین ھەموو یەکڕا بێژین و بڵێن نا بۆ شەڕی کورد و کورد و نا بۆ مانەوەی pkkش لە سنوور.

بۆیە باشترە بەرگریمان بە ئاڕاستەی ئەوە بێت کە pkk بچێتەوە کوردستانی باکوور و ئێمە وەک کورد ھەموو لە ھەموو لە پشتی بێن و بڵێن بوەستە داگیرکەری تورک، pkk و ھەموو جوڵانەوەکانی کوردی باکوور لەسەر حەقن و ئێوە داگیرکەرن و ئێمەش پشتیوانیانین

___

بایدن حەوت ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئەفغانی بەکاردێنێت

nusar1

داوای چارەسەری دەرونی بۆ پەنابەرە ئۆکرانییەکان دەکرێت

nusar1

پەیامی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

nusar1
KDC

FREE
VIEW