KDC

ئەگەر لەجێی كورد بواین چیمان دەكرد؟ 

د.محەمەد ساڵح موسەوی

ئێمە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەسانێكین بەتەواوی لەڕاستی وواقیع ولۆژیكی ژیانەوە دوورین، بۆ نموونە سەیری ئێمەی عەرەب بكە ، پێشی شەست ساڵ نیوەی فەلەستینیان بەئێمەدا وبەگەرەنتی نێودەوڵەتیەوە بەڵام ئێمە ڕەتمان كردەوە ، گوتمان هەموو شتێكمان دەوێ دواتر هەموو شتێكیان لەئێمە برد .
شكستمان لەبونیادنانی دەوڵەتی سەقامگیر هێنا وتائێستاش لەئاسمان ولەلای دراوسێكان ولەبۆشایی ئاسمان بەدوای هۆكارەكان دا دەگەڕێین بەڵام لەخودی ماڵ وشوێنەكانمان ئەم گەڕانە ناكەین ، بەڵام تاكەی؟ تاكەی چاوپۆشی لەڕاستیەكان بكەین وخۆمان بەكوێر نیشان بدەین وتەنها خەریكی دروستكردنی دوژمن بین؟
بادوور لەسیاسەت لەبارەی بارزانی وتاڵەبانی ومالیكی وسەدامەوە ، پرسیارێك بكەم ، بەڵام بەر لەوەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە باهەر كەسێك بەویژدانەوە لەپرسیارەكەم بڕوانێت :
باهەر كەسێكی عەرەب خۆی لەشوێنی كورد دابنێت، وابزانن ئێوە نەتەوەی دووەمن لەعیراق وكوردیش نەتەوەی یەكەم، بهێننە بەرچاوتان كورد 180 هەزار هاووڵاتی عەرەبی موسڵمانی بێ گوناهی مەدەنی بێ زەرەریان لەبیابانەكانی حیللە وسەماوە وڕومادی لەیەك رۆژدا زیندەبەچاڵ كردبا ، بیهێننە بەرچاوتان ئەگەر كورد هاووڵاتیانی مەدەنی عەرەبیان لەشەرگات كیمیاباران كردبا، ئەوكات كاردانەوەی هەر تاكێكی عەرەب چۆن دەبوو؟
با وەڵامەكە بۆ كەسانی خاوەن ویژدان جێ بهێڵین وواقیعیانە بدوێین : دەوڵەتی عیراق تێك شكا وڕووخا وهەزاران دێوەزمە ووەحشی عەرەب وموسڵمان هاتنە نێو عیراق، هەزاران چیچانی وسعودی وفەلەستینی ویەمەنی وسوری وتونسی وجەزائیری ومەغریبی ومیسڕی وئوردونی ولیبی وسودانی وئەفغانی وعەرەبی سوننە وشیعی عیراقی عیراقیان داگیركرد بەڵام ، چەند كورد خۆیان تەقاند؟
بۆ درێژایی چل ساڵ عیراق لەشەڕێكی ناوخۆ بوو لەدژی نەتەوەی كورد وبەغدا وشارەكانی دیكەش هەزاران كوردی تیادا دەژیا لەپاڵپشتیكارانی بارزانی بەڵام، ئایا هیچ كوردێك لەشاری سەدڕ وكەڕادە خۆیان تەقاندەوە؟ ئایا هیچ رووداوێكی كوشتن وڕفاندن وفێڵكردن روویان دا؟

ئەوان، ئێمەیان بەكێشەی كوردسانەوە خەریك كرد وتا ئەو رادەیە لێكترازاین كە خۆمان لەبەردەم كێشەیەكی جیاواز دا بینی بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەكی نەبێت جگە لەدواكەوتوویی ئێمە بەسوننە وبەشیعەوە، كەواتە چیمان لەكۆی ئەم هەلومەرجەدا بەركەوت وچیمان لێ بەرهەم هێنا؟ بۆ نیشتیمانێكی بەهێزمان دروست نەكرد؟
ئایا مایەی پێكەنین نیە كە دەبینین ئێمەی عەرەب وا مامەڵە لەگەڵ كێشەی كورد دەكەین كە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ شێوازی مامەڵە كردنمان ناگونجێت لەبارەی بەرگری كردنمان لەمافە نەتەوەییەكانمان ، كە هەمان شتە لای كورد وئەوانیش هەمان داواكاریان هەیە؟
ئایا سەیر نیە لەدژی سیاسەتی (ئەمری واقیع) ی حكومەتی ئیسرائیل بوەستین لەبارەی بەجووكردنی قودس ودروستكردنی كانتۆنی كۆڵۆنیالی وگۆڕینی واقیعی دیموگرافی شوێن وشار وناوچەكانی فەلەستینی داگیركراو و لەهەمان كاتیش دا هەمان ئەو واقیعە و ڕەفتاری سەدام بەپیرۆزی رابگرین كەخۆیان لەبەعەرەبكردنی چەندین ناوچەی كوردی دا دەبیننەوە؟ سەیر نیە داوای مافی بڕیاردانی چارەنووس بكەین بۆ فەلەستین وجەخت لەسەر بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بكەینەوە بەویستی ئازادی خۆیان ، بەڵام تەنها باس كردنی مافی كورد وسەربەخۆیی وبڕیاردانی چارەنووسیان بكەوێتە چوارچێوەی كوفر وكەبائیرەوە؟
من دەمەوێ پرسیار لەو كەسانە بكەم كە لەڕووی جێبەجێكردنی ماددەی 140 وفیدراڵیزم وەستان وبڵێم : بۆ ؟ بەدیلتان چیە؟ لەكاتێك دا سەركردایەتی سیاسی كورد وای دەبینێت بەجێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور وپابەندبوون بەم دەستوورەوە عیراق بەیەكگرتوویی دەمینێتەوە و ونەوتیش بەسامانێكی نیشتیمانی ناسراوە لەلای ئەوان بۆ هەموو گەلی عیراق؟
نەدەكرا سیاسەتمەدارانمان كۆنگرەیەكی نیشتیمانی ڕێك بخەن تیایدا بارزانی هەڵوێستی خۆی رون بكاتەوە وقسەكانی وەكو بەڵێننامەیەك وەربگیرێت؟ لەبەرچی مالیكی لەبەڵێنەكانی خۆی بەرامبەر بارزانی پاشگەز بوو؟ دە كەواتە ئەگەر بەعیراقێكی فیدراڵی رازی نەبین كە بەهاوبەشی بەڕێوە ببردرێت ، دەبێ یەكێك لەو دوو چارەسەریە هەڵبژێرین : یەكەمیان – گەڕانەوە بۆ وەحشیگەرایی جاران وكۆمەڵكوژی كە هەموومان لەناو دەبات؟ دووەمیان – پەنابردن بۆ چارەسەریەكی مەدەنیانەی عاقڵانە بەداننان بەهەبوونی كێشەیەكی گەورەی نەتەوەیی كوردی لەسەر ئاستی ناوخۆیی وهەرێمی وخودی خۆشمان دەستپێشخەر بین بۆ چارەسەركردنی ، لەم بارودۆخەدا تاهەتایە 40 ملیۆن كورد لەگەڵ ئێمەدا دەبن.
كوردستان بەرەو مەریخ راناكات، لەشوێنی خۆی دا دەمینێت وخەڵكی كوردستانیش پەنا بۆ ئیسرائیل نابەن، چونكە هیچ پەیوەستیەكی جوگرافی وئابووری ومێژوویی بەئیسرائیلیان نابەستێت بەڵكو خۆمان یارمەتیمان دان بۆ چەسپاندنی بوونی نەتەوەیی خۆیان .

كورد كار بۆ سەقامگیری عیراق وناوچەكە دەكەن ولەگەڵ ئێمەدا هاوبەش دەبن چونكە سەقامگیری ناوچەكە لەبەرژەوەندی ئەوان وئێمەش دایە ، ئەزموونە مێژوویەكانیش پێمان دەڵێن ئەوان لەئایندەدا دەست ناخەنە نێو كاروباری ئێمە وئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژراو وكەسانی خۆكوژمان بۆ نانێرن، واتا هەمان ڕەفتاری برایانمان لەهەمان نەتەوە وئاییندا دووبارە ناكەنەوە چونكە لەهیچ سەردەم وقۆناغێك دا هیچ شتێكی لەم جۆرەیان ئەنجا م نەداوە كەواتە ئەگەر پاڵپشتیمان لێیان كرد دەكرێ بەڕەفتاری تاوانكارانەوە وەڵاممان بدەنەوە؟
چاك دەزانم من ژێیەكی بێ دەنگ دەژەنم لەنێو هات وهاوار ودەنگی نەشازی نەتەوە پەرستی وئەو دروشمانەی بە وشەی ها ها ها ها ـەوە دەست پێدەكەن ، دووپاتیشی دەكەمەوە كاتێك تاوانەكانی داعشم دێتەوە یاد لەمووسڵ وسەیری رەفتارەكانی ئیسرائیل دەكەم لەفەلەستین ووێرانی سوریا وسووتان ووێرانی رومادی دەبینم دڵم پارچە پارچە دەبێت ، زۆریشم پێ سەیر دەبێت كاتێك دەبینم خودی خۆمان گەورەترین خزمەت پێشكەش بەنەتانیاهۆ دەكەین .
چاك دەزانم دەنگی من لەم ژاوەژاوەدا نەشازە بەڵام مێژووی عەرەبیمان وای فێركردین دەنگی نەشازی ئەمڕۆ بۆ ئایندە دەبێتە سروودی نیشمیانی دەشزانم ئەم قسانەم دەبێتە هۆی حەسرەت وخەم لەدڵی نەوەكانمان وەك چۆن رەفتاری باو باپیرانمان بوونە مایەی حەسرەت ودەردی گەورە بۆمان چونكە هەر ئەوان بوون نیوەی فەلەستینیان رەت كردەوە وبەپێ پەتی لەسەر رێگایان جێ هێشتین، هەر ئەو رەفتارەیان بوو وای كرد لەئەیلوولی رەش دەربچین وبكەوینە نێو نیسانێكی رەشتر ولەقەیرانەوە بۆ قەیرانێكی دیكە دەربچین، بۆیە دەپرسم : ئەی عاقڵمەندانی نەتەوەكەم ، ئەم رەفتارانەتان تاكەی؟

___

وەرزی بێ باوکی

nusar1

پەیوەندیێن هەرێما کوردستانێ و ئیماراتی

nusar1

کوردیزم

KDC
KDC

FREE
VIEW