KDC

سۆشیال میدیا و پاشا گەردانی

علی جمال

ئەمڕۆ لەسەردەمی شۆڕشی زانیاریدا مرۆڤ و کارە بازرگانیەکان ناتوانن ژیانی خۆیان لە سۆشیال میدیا جیابکەنەوە هەموو کات ناچاردەبن سوود لە سۆشیال میدیا وەربگرن بۆ زیاد کردنی داهات و خستەڕووی کاڵاکانیان و هەروەها بۆ وەرگرتنی زانیاری ، دەتوانین بڵێین سۆشیال میدیا کورترین و تۆڕێکی پێکەوە گرێدراوە وە زانیاری بابەتەکان لە کەمترین ماوە دەگاتە جیهان ئێستا جیهان بۆتە گوندێکی بچوک و لە کەمترین کاتدا دەستت دەگات بە زانیاریەکان بە تایبەتی کە ئێستا بەسەردەمی سۆشیال میدیا دادەنرێت کە ساڵانی پێشوو بەم شێوەیە بەربڵاو نەبووە کە توانیویەتی تەواوی مرۆڤایەتی بخاتە ژێر رکێڤ و کۆنتڕۆڵی خۆیەوە هەمووانی وابەست بەخۆیی کردوە ٠

ئێمە ی کورد لە لاسایی کردنەوەی شتە خراپەکان هەردەم پێشەنگین و شتەباشەکان هەرگیز یاخود زۆر بەکەمی سودی لێوەر دەگرین تاکو کۆمەڵگا بەرەو پێش بەرین و سود لە شتە جوانەکانی ئەوروپا وەربگرین تاکو سودێک یاخود پێش کەوتنێک ببێتە هۆی پێشکەوتنی کۆمەلگا هەرگیز کۆمەڵگا بەو کارەی کە ئەوان دەیکەن پێش ناکەوێت بەڵکو دەبێتە پاشاگەردانی و لێک ترازانی کۆمەڵگا ئەوەی کە دەبینریت لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان چ دەکەیت بیکە تاکو ناوبانگ پەیدا بکەیت٠

مەبەستەکانی بەکار‌هێنانی سۆشیاڵ میدیا جیاوازن جۆری بەكارهێنانەکان دەکەوێتەوە سەر ئاستی ڕۆشنبیری بەكارهێنەر ئەگەر بێتو بەشێوەیەكی باش بەكاربهێنرێت بێگومان كۆمەڵگه‌ بەرەو ئاقارێكی باش و ڕێکوپێک و ئامانجدار دەڕوات پێشكەوتن و پەرەسەندن بە خۆیەوە دەبینێ.

بەڵام ئەگەر ئاراستەی بەکار‌هێنان بۆ مەبەست و لایەنی خراپ بێت ،ئەوا كۆمەڵگە توشی دارمان و لێکترازان دەبێت و كۆمەڵگایەكی مەترسیدار و بێ ئامانج و بێ بەرهەم دێتە ئاراوە، چونكە بنچینەی پیشكەوتنی هەموو كۆمەڵگایەك چینی گەنج و ڕۆشنبیرە ئەگەر هاتوو گەنجەكانمان ئاراستەی بیرکردنەوەکانیان نێگەتیڤ بێت و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا بۆمەبەست و مەرامی خراپ بەکاربهێنن لە ئەنجامدا كۆمەڵگە توشی دارمان دەبێت .بەمەش كاریگەری دەرونی و تەندروستی کلتووری و پەروەردەیی خراپ لەسەر بەكار هێنەرو خێزانیش دەبێت. هەروەها كێشە وگرفتی کۆمەڵایەتی و لێكترازانی خێزانی دێتە ئاراوە .
زۆربەی کات توندوتیژی خێزانی لێدەکەوێتەوە کە یەكێكە لەو دیاردە مەترسیدارانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگه‌ دەبێتەوە بەتایبەتی کۆمەڵگه‌ی دواکەوتوو

داهێنانێکی وەک سۆشیاڵ میدیا و میدیا ئەلکترۆنییەکان، زیانیان زیاترە وەک لە سوود گەیاندن بە کۆمەڵگە، بەتایبەت کاتێک سیستمی سەرمایەداری هەموو هەوڵێک بۆ لەناوبردن و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و کۆمەڵگە دەدات. بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە ڕۆژانە ئاگاداری وردەکاری ژیانی زۆرینەی خەڵکی دەبێت و شتێک نامێنێت بە ناوی تایبەتمەندی تاکە کەسی، تەنها ڕووی باشی خەڵکیت بۆ دەردەکەوێت، چونکە هیچ کەسێک ئامادە نییە ڕووییەکی دیکەی خۆی پیشان بدات، وەک نەخۆشیەکی دەروونی کە تاک تووشی دڵه‌راوكێ و دوو دڵی دەبێت، بە بەراورد کردنی ژیانی کەسانی چواردەوری لەگەڵ خۆیدا.
هەروەها نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی تێکەڵی، هەواڵ پرسین و هاتوچۆکردن و گواستنەوەی بۆ نامەیەکی ئەلکترۆنی یاخود پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یەکێکی دیکەی لە کاریگەرییە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
دەکرێ بڵێین کە پێشھاتنی سۆشیاڵ میدیاش توندوتیژی ھەر ھەبووە، بەڵام بەو ڕادەیەی ئێستا نەبووە بێگومان یەکێک لە ھۆکارەکانی زۆربوونی ئەو توندوتیژیە بەکارھێنانی بەرفراونی سۆشیاڵ میدیایه‌.
کاتێک ھەموو کەسێک بتوانێ بەئاسانی و بێ سانسۆر سۆشیال میدیا بەکار بھێنێت، ئەمەش وا دەکات کە بەھەر جۆرێک بیەوێت بەکاری دێنێت، بۆ نمونە یەکێک لە زۆرترین جۆرەکانی توندوتیژی و تاوانەکانی کە دەکرێت لە ئێستادا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بریتین لە( جنێو و ته‌شهیر و ھەڵبەستنی تۆمەتی نادروست و نەشیاو بۆ کەسی بەرامبەر).
ئێمە یاسایەکمان هەیە یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایلە ،بەڵام ئێمە پێویستمان بە یاسایەک هەیە سۆشیاڵ میدیا ڕێکبخاتەوە، چونکە لە ئێستادا بە ڕەهایی لە بەردەم تاکەکانی کۆمەڵگادایە بە بێ هیچ
سانسۆرێک ٠

ھۆکارەکان زۆرن کە وایکردووە خەڵکی زیاتر بەشێوەیەکی خراپ سۆشیاڵ میدیا بەکار بێنن، بەڵام یەکێک لە ھۆکارە سەرەکیەکان پەیوەندی ھەیە بە پەروەردەی تاکەکانی کۆمەڵگەوە. پێویستە کار بکرێت لەسەر ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و کاری جددی بکرێت لەسەر ئەم بابەتە بۆئەوەی بتوانین نەوەیەکی تەندروست دروست بکەین، چونکە زۆربەی کەناڵ و سایت و پەیجە کوردییەکان کاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر پەروەردەی منداڵ وگەنجان وایانکردووە مندڵان ڕێز لە دابونەرێتی کۆمەڵگه‌ نەگرن و جێبەجێی نەکەن، پەروەردەیەکی ڕاست و دروست وەرنەگرن کەواتە لێرەدا زەرەرمەندی یەکەم لە کۆمەڵگاکەماندا منداڵە.
سەرەڕای لایەنە باشەکانی تەکنەلۆجیا و سودەکانی بەڵام بێگومان ھەندێ کاریگەری خراپیشی ھەیە ئەگەر بێت و بەشێوەیەکی خراپ بەکاربھێنرێت٠

ھۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگه‌ و ھەستنەکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر کۆمەڵگه‌، نەبوونی سانسۆر لەسەر بەکارھێنانی پێگەکانی سۆشیاڵ میدیا ھۆکارێکە بۆ خراپ بەکارھێنانی سۆشیال میدیا وەکو ئاشکرایە نه‌وه‌ی نوێ لەگەڵ فەراهەمبوونی ئەو هەموو پێشكەوتنە زانستی و سەردەمیانەی بۆی رەخساوە، بەڵام عەقڵیەت و بیركردنەوەی مرۆڤێكی سەردەمی نوێ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە نموونە تەمەن ٢٥ ساڵ بەراورد بە مرۆڤێكی ١٨ ساڵی ،ساڵانی پێشووتر نییه و زۆر لە ئاستێكی نزمتردایە.

تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ فێربوونی شتی نوێ وەک دروستکردنی تەبایی نێوان کەلتوورە جیاوازەکان و فێرکردنی بناغەی هاوکاری و منداڵان بەتایبەتی دەتوانن سودی لێوەربگرن بۆ پێشخستنی زمانەکەیان ٠

سۆشیاڵ میدیا هۆكارێكە لەهۆكارەكانی بونی توندوتیژی خێزانی، سۆشیاڵ میدیا هۆكارێكی ترە بۆ دروستكردنی گیانی شەڕەنگێزی لە تاك و ناو خێزان. ئەمەش بەهۆی نەبونی سانسۆر لەسەر سۆشیاڵ میدیا بە زەقی لە هەرێمە هەژار نشینەكان دەردەكەوێت، چونكە نەبوونی كار بۆ گەنجان وا دەكات كاتی بەتاڵیان زۆربێت کە ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی گەنج كاتەكانی خۆی بە شتێك پڕ بكاتەوە.
تاكی كوردیش هەمیشە هەوڵی لاساییكردنەوەی داوە بۆیە پەنا دەباتە بەر سۆشیاڵ میدیا بۆ پڕكردنەوەی كاتەكانی و خراپ بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا جا لە ڕێگەی ئەكاونتی ساختەوە بێت یان ئەکاونتی شەخشی دواتر بۆ هەڕەشەكردن لە خەڵك بەکاری دەهێنن . بەتایبەتی نەبوونی چاودێری لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەگەڵ قۆناغەكانی تەمەن لەلایەن خێزان و لایەنی پەیوەندیدار هۆکارێکە بۆ خراپ بەکارهێنان .پێویستە حوكمەت كار بكات بۆ فەراهەم كردنی هەلی كار بۆ گەنجان بۆ ئەوەی گەنج سه‌رقاڵ بێت ئەوەندە كاتی بەتاڵی بۆ نەمێنیتەوە.

هیچ کەسێک نکۆڵی لەو ڕادەیە ناکات کە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کاریگەری هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەنی، ئاستی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیری و هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان جگە لە پەیامە سەرگەرمیەکەی پەیامێکی کۆمەڵگەیی هەیە کە تێیدا ڕۆڵی خۆی بە مانای گشتگیریی خۆی لەسەر پەروەردە و فێرکردن و لە شێوەپێدانی ڕای گشتی بە ئاراستەی مەسەلە گرنگەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا بۆ واقیعی خۆی و ژینگەکەی و کۆمەڵگاکەی، چونکە بە ڕاستگۆیی و شەفافانە گوزارشت لەم واقیعە و ئەو کۆمەڵگایە دەکات، سەرەڕای داهێنانی پێویست و هەندێک جار ئەو خەیاڵەی کە پێویست بوو.

ناوەڕۆکی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لە زۆربەی پۆستەکان پڕە لە سەرگەردانی و هەرزان کە تێیدا ” دوور لەبەها کلتوری و بەها کۆمەلایەتیەکان ” لە سەر حسابی پەیداکردنی لایک و ناوبانگ پەیداکردن بە عەقڵ و بنیاتنانی کەسایەتیەکی و تەنانەت هەندێک کات بۆ بەدەست هێنانی ناوبانگ هەموو شتێک دەکەن٠

هەروەها ئەگەر سەیری پۆستەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بکەیت شەرم دەکەیت لەسەیر کردنیان کە پڕە لە خۆ عەرز کردنی جسم و سوکایەتی بەیەکتر کردن لە هەموو ئەمانە تەنها لە پێناوی ناوبانگ پەیداکردن و بێئەوەی گوێ بەهیچ شتێک بدەن ، ئەوەی ئێستا لە میدیا ی کوردی روودەدات دژ بە هەموو داب و نەریت و کلتوری کوردیە وە بۆتە نمایش و عەرزکردنی جسم هەر کەس ئازا بێت لە خۆ دەرخستن تاکو ناوبانگ پەیدا بکات بێئەوەی گوێ بدەن بەهیج شتێک هەرئەمانەن هۆکارێن بۆ ناشرین کردنی کۆمەڵگە و کەوا لە کچ و کوڕەکان دەکەن هەنگاو بەرەو لاسایی کردنەوە ئەوان بدەن کەدەیکەن .

هەر کەسێک لەم کەسانە بدوێنیت بێ بیر کردنەوە دەڵێن ئێمە ئازادین چۆن بیردەکەینەوە و جی دەکەین بەڵام هەر کەسێک ئازادە لەوەی دەیکات بە مەرجێک کاریگەری خراپ نەکاتە سەر تاکەکانی کۆمەڵگا و بەرەو هەڵدێریان نەبات

___

ئێمەی ژن و خاک لەیەک دەچین

nusar1

بەشی ھەشتەم لە کتێبی بۆرییە ئاوەکانی حوکمڕانی

KDC

چۆن لە نزیکەوە لە گەنجان تێبگەین

nusar1
KDC

FREE
VIEW