KDC

پەروەردە بەردی بناغەی کۆمەڵگایە 

علی جمال

پەروەردە و فێرکردن بە کردەوە یان پڕۆسەیەک دەوترێت کە لەو ڕێگایەوە زانست،لێزانی،لێھاتویی و چۆنێتی ھەڵسوکەوت یان ئاکاری شیاو فێری تاک دەکات. بە شێوەیەکی گشتی پەروەردە پڕۆسەی گونجاندنە لە نێوان تاک و ژینگەدا ، فێرکردنیش ڕاگواستنی زانستییە. لە چەرخەکانی پێشوودا ئەرکی پەروەردە و فێرکردن لە ئەستۆی بنەماڵەبوو . بە جۆریک کە لە ڕێگەی بنەماڵە و ھاوڕێ و کۆمەڵگەوە ، تاک دەبووە کەسێکی کۆمەڵایەتی و فێری داب و نەریتەکان دەبوو . زۆرجار شارەزایی لە پیشەیەکدا پشتاو پشت بۆ تاکەکانی ئەو خێزانە دەمایەوە و لەو ڕێگەیەوە دەبووە خاوەن پیشەی خۆی

لە سەردەمی جیهانگیری و شۆڕشی زانیاریەکان و بچووک بوونەوی جیهان و چواندنی وەک گوندێکی بچوووک، پەروەردە و فێر کردن لە قۆناغی کۆمەڵگەی نەریتگەرا و چوارچێوە کلاسیکیە پارێزگاریەکەی، گواستراوەتە بۆ قۆناغ و سەردەم و چوارچێوەیەکی تەواو جیاوازەوە.

بۆیە دەتوانین بڵێین پەروەردەو فێر کردن، بەدەر لە ماناو چەمکە کلاسیکیە کەیەوە، لەم سەردەمەدا بۆتە بەهێزترین فاکتەری مانەوەی نەتەوەو نیشتیمان بە بە هێزی و یەکێکە لە فاکتەرە هەرە بەهێزەکانی پێشکەوتن و گەشەی جڤاک لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی و تەنانەت سەربازیشەوە

چەمکەکانی پەروەردە و فێرکردن و پراکتیزە کردنی پرەنسیپەکانی تایبەت بەم زانستە لەم سەردەمەدا لە هێنانە کایەی گۆرانکاریە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا زیاتر لە جاران بوونەتە جێی سەرنج و تێبینی و تیڕامان و گرینگی پێدانەوە.

لەم چەرخەدا، پەروەردە و فێربوونی مۆدێرن ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە هۆشیاری و پێگەیشتوویی سیاسیەوە ودەروازەو کلیلی نۆێبوونەوەو گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریە. زۆربەی گەلانی ئەو وڵاتانەی بە وڵاتانی گەشە سەندوو هەژمار دەکرێن، خوازیاری گەیشتنن بە پێشکەوتنە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیە هاوچەرخەکان بە مەبەستی زامن کردنی ئاییندەیەکی گەش بۆ وڵات و نەوەکانیان و بەردەوام لە هەڵپەی بەدەست خستنی تازەترین ئامێرو ئامرازەکانی پێشکەوتن و تێکنۆلۆژیدان.

هەڵبەتە ئەم دۆخە لە وڵاتانی پێشکەوتووش بە ئاشکرا بەدی دەکرێت و حکومەتەکان، سیاسیەکان و کاربەدەستانی ئەم وڵاتانە بە دارشتنی بەرنامە گەلی تۆکمە و زانستی و پشت بەستن بە توێژینەوەو لێکۆڵینەوە ئەکادیمیە تاقیکراوەکانەوە، لە هەوڵی پێشخستنی زیاتر و بەرفروانتری کۆمەڵگە دان و ساڵانە بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخان دەکەن وزیاتر گرینگی بەو بوارانە دەدەن ژیان وگوزەران ئاسانتر و ئاستەنگەکان کەمتر و ئاییندە مسۆگەرتر بکات.

وشیاری سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی ، تێکنۆلۆژی بە شێوەیەکی گشتی لەسەرتاپای وڵاتانی پێشکەوتوودا، بەرهەمی بوونی کەرتێکی پتەوو جێی بڕواومتمانەو دڵنیاکەرەوەی پەروەردە و فێر کردنە لەم وڵاتانەدا. بە واتایەیەکی تر، بوونی کەرتی پەروەردەی پێشکەوتوو، کلیلی پێشکەوتن و گەشەی گشت کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانە. کاریگەری ئەم جۆرە پەروەردەیە لە سەر کۆی گشتی پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵگاوە، بۆتە هۆی گرینگی پێدانی پارت و تەڤگەرە سیاسیەکان و سەندیکا ورێکخراوەکان و لە لایەن لێکۆلەرەوان و توێژەرانەوە پێگەیەکی گرینگ و رێزلێگیراوی هەیە و وای لەم توێژە کردووە لە ڕێگەی داهێنان و دۆزینەوەی ئامرازو مێتۆدە تازەکانی فێر بوون و بیرکردنەوەی تازەو هاوچەرخانە وە، زیاتر بایەخ بە ڕۆڵی پەروەردەو خوێندن بدەن.
چەمکی ” وشیاری” لە وڵاتانی گەشە سەندوو چەند ڕەهەندو دەرەنجامێکی جۆراوجۆری فەرهەنگی هەیە کە پەیوەستە بە بواری پەروەردە و خوێندنەوە.
لە لایەک کۆمەڵێک دەستەبژێری چالاک و وشیارو وردبین و ڕۆشنبیرو سەرۆکی سەندیکاو دامەزراوە زانستیەکان و زانایانی ناوەندەکانی خوێندن و مەعریفەزان و بڕیار دەر و بریار بەدەست و کاریگەر لە سەر کۆی گشتی ڕەوتی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگا، سەرقافڵەی کاروانی بەرەو پێشەوەبردن و پێشخستنی ژیان و کۆمەڵگەن.

لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵێکی کەمینە لە هاوڵاتیان هاوتەریب لەگەڵ گەشەی خێرای کۆمەڵگە، لە هەوڵدان بە خۆسەر قاڵ کردن بە فێر بوونی تازە لە بوارەکانی تێکنۆلۆژیا و مەعریفەو زانستەوە تا لە کاروانی پێشکەوتن جێ نەمێنن و بەشداری چالاکیە زانستیەکان بکەن.

لەهەردوو حاڵەتیشدا دەوڵەت هەوڵ ئەدات لە ڕێگەی فەراهەم کردنی زەمینەی یارمەتیدەر و پپێک هێنانی هەلومەرجی گونجاوەوە، پەرە بە ڕەوتی گەشەی جڤاکەوە بدات و بە دارشتنی بەرنامە و پلانی تۆکمەوە لەم بوارە ڕۆڵی یارمەتیدەر بگێڕێ.

لە وڵاتانی تازە گەشە سەندووداخوێندکارانی زانکۆو مەڵبەندەکانی خوێندن، ئەو خەڵکانەن لە ئاییندەدا دەبنە جێگرەوەی ئەم مامۆستایانەی ئێستا و لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکانیشدا، دەبنە ئەو کۆمەڵە کاراکتەرە سیاسیەی جڵەوی دەسەڵات لە داهاتوودا دەگرنە دەست و ئیدارەی وڵات بەڕێوە دەبەن. بۆیە پەروەردەو فێربوون و سیاسەت هەمیشە لەم جۆرە جڤاکانەدا لە پەیوەندی دوو لایەنە دان ولێک دانابڕێن و پەیوەستن بە یەکترەوە

لە وڵاتانی تازەگەشە سەندوو یا لە ژێرگەشە سەندندا، کەرتی پەروەردە و فێر بوون نە تەنیا یەکێکە لەو کەرتانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە مەسەلەی دامەزراندن لە دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە هەیە ( لایەنی ئابوری)، بەڵکو بە فاکتەری پێشکەوتنیش دەژمێردرێت و لە لایەن سیاسیەکانەوە لە هەموو کەرتەکانی تر دەبێتە جێی بایەخ و گرینگی پێدانەوە.

زۆۆربەی توێژەرانی بواری پەروەرد ە پێیان وایە پەروەدە و فێر بوون لە وڵاتانی لە ژێر گەشە سەندندا دوو ڕەهەندی هەیە. یەکەمیان ئابوریە بەو پێیەی زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی ڕوو لە مەڵبەندەکانی خوێندن و زانکۆکان دەکەن، پلانی ئابوری و دامەزراندن و مسۆگەر کردنی ژیان وگوزەرانی دواڕۆژیان هەیە. ڕەهەندەکەی تریش سیاسیە و دەرچوانی زانکۆکان هیواخوازن دوای تەوا کردنی خوێندن و بەدەست هێنانی بڕوانامەی باڵای ئەکادیمی لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسی نزیک ببنەوەو زیاتر بەدوای بەدەست هێنانی پلەو پۆستێکی سیاسین تاکو بەشداری کردنی کارا لە گەشەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵگا.

یەکێک لەو چەمکانەی لە لایەن توێژەرانەوە بۆتە جێی بایەخپێدانەوە، چەمکی ” ئابوری پەروەردە و خوێندن” ە. بەو پێیەی گەشەی ئابوری یەکێکە لە مەرجە هەرە گرینگەکانی گەشەی سیاسی. بەڵام لە وڵاتانی لە ژێر گەشە سەندندا، کەوا ساڵەهای ساڵ بە هۆی بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی و ئاڵۆزی و پشێوی و ململانێوە نەیانتوانیوە هاوسەنگی لە نێوان دەرەنجامەکانی هەردوو چەمکی ئابوری بەهێز و گەشەی سیاسیەوە دابنێن، کەرتی پەروەردە و فێر بوون زیاتر ڕەهەند و مۆرک و سیمایەکی ” هاوردە” ی وەرگرتووە، بە و پێیەی زۆۆربەی هەرە زۆری پڕۆگرامەکانی خوێندن و تەنانەت مامۆستایانیش یا لە دەرەوە هێنراون یا ئەو هاوڵاتیانەن ساڵانێک لە دەرەوە ژیاون و گەڕاونەتەوە وڵات و سەرقاڵی وانە وتنەوەو توێژینەوەن لە بوارەکانی تایبەت بە پسپۆرێتی خۆیانەوە.

لە وڵاتانی پێشکەتووی ڕۆژئاوادا پەیوەندی نێوان کەرتی پەروەردە و فێر بوون و سیستەمە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری و حکومیەکان، پەیوەندیێکی پتەوو بەهێزو دانەبڕاوە. بەو مانایەی ئابوری و پیشەسازی وڵات کەوتۆتە ژێر دەسەڵات و نفوزی ئەنیستیتۆکانی لێکۆڵینەوەو ناوەندەکانی توێژینەوەی ئابوری و پیشە سازی و داهێنانەوە.
سیاسیەکانیش لە دارشتنی هەر جۆرە پلان و ئەنجامدانی بەرنامە ئابوریە درێژخایەنەکان، سەرەتا پرس وبەم ناوەندانە دەکان و ڕاو بۆچوونیان وەردەگرن و دواتر بەرنامەی درێژخایەنی ئابوری بە مەبەستی مسۆگەر کردنی خۆشگوزەرانی و کەم کردنی رێژەی بێکاری و بەهێز کردنی ئابوری، بۆ دە تا بیست ساڵی داهاتوو دادەرێژن.

بەم جۆرە، سیستەمی پەروەردەوفێرکردن پێگەیەکی بەهێزی ستراتیژی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی و فەرهەنگیەوە پێ بەخشراوە و بۆتە یەکێک لە تایبەتمەندیە نکۆڵی لێنەکراوو هەرە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانەوە.

حاڵی حازر پەروەردە و فێرکردنی پێشکەوتوو بە یەکێک لە فاکتەرەکانی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگە لە ڕووی مەعریفە، ئابوری، فەرهەنگی و تەنانەت سیاسیشەوە لە قەڵەم دەدرێت.

بوونی وشیاری سیاسی، جڤاکی، روناکبیری و زانستی و خاوەندارێتی یەکێک لە بڕوانامە باڵاکانی زانکۆ تایبەت بەم بوارانەی سەرەوە، یا کۆلیژێکی پیشەسازی، ڕەهەندێکی تەواو سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی وەرگرتووەو بۆتە پێناسەیەکی ئاوێتەبوو و دانەبڕاو لە پێناسەکردنی جۆری کەسایەتی جڤاکی و پێگەی کۆمەڵایەتیەوە.

کەرتی پەروەردە لە پاڵ کەرتەکانی تەندروستی، ئابوری و، بەم دواییانە ئاسایشیش، لە میانی هەڵبژاردنە گشتیەکانی پەڕلەمانیدا بە گوێرەی دۆخی کۆمەڵگە یا کەڵەکە بوونی کێشەکانەو، بە یەکێک لەو کەرتانە دەژمێردرێت، زیاترین قسەو لێدوان و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و هەر پارتێک یا هاوپەیمانی سیاسی جوانترین، تۆکمەترین و بە هێزترین پلانی بۆ بەرەو پێشەوە بردنیەوە هەبوو، دەتوانی لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگی جەماوەری بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

لە لایەک هەمیشە وڵاتانی لەژێڕ گەشە سەندن یا گەشە سەندوو لە هەوڵی نەهێشتن یا کەم کردنەوەی مەودای نێوان خۆیان و وڵاتانی پێشکەوتوو پیشە سازیدان. لە لایەکی دیکەشدا وڵاتانی پێشکەوتوو شەووڕۆژ هەوڵ ئەدەن ئەو مەودایە بەرفروانتر بکەن و هەر خۆیان سەرقافڵەی پێشکەوتن بن لە گشت بوارەکاندا.

___

گرنگی فێربوون لە ژیاندا

nusar1

کوردیزم

KDC

لەیادی ڕێککەوتننامەی شومی جەزائیر

nusar1
KDC

FREE
VIEW