فارس نەورۆڵی
پایتەختی هەر وڵاتێک واتە سیمبول و کەرامەتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە، ڕاستە ئێمە وەک نەتەوە دەوڵەتمان نییە، بەڵام هەولێر لە ڕووی یاساییەوە پایتەختی باشوری کوردستانە و لە ڕووی ئەخلاقییەوە قەڵاو سیمبولی هەر کوردێکە لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا، لە ١٨ی شوباتدا ئەو کاتەی لق و مەڵبەند لە هەولێر کەوتنە بەر هێرشی تیرۆرستی، لەو کاتەوە هەولێر لە بەردەم قەرەوڵی ناحەزانی کورددایە ئیتر ڕێگای جۆراوجۆر دەگیرێتەبەر بۆ لاوازکردنی هەرێم لە ڕێگەی فشار خستنە سەر هەولێر، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەم هێرشانە خەمی هاوبەش دروست ناکات لەسەر ئاستی ڕای گشتی، ئەمەش تاوانەکە بۆ خەڵک ناگەڕێتەوە، بەڵکو تاوان و هەڵە جۆری حزبایەتی و کێبڕکێی حزبییە، کە دابەزیووە بۆ ئاستی شەڕە گەڕەک، ئەگینا ئەگەر وەک ئەخلاقی کوردبوون سەیری کێشەکان بکەین لێدان لە هەر شارێکی کوردستان، لێدانە لە هەموو کوردستان بە تایبەتی پایتەخت، کە ڕۆحی شارەکانی دیکەی پێوە بەستراوەتەوە. لەلای بەندە دووجار هەولێر سیمبولە ، جارێک وەک ئەوەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە جارێک وەک هەڵەبجەییەک، چونکە دوای کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجە و دەربەدەربوونی خەڵکەکەی، ئەو بەشەی کە بەعس ڕایگواستبوون بۆ هەولێر سەرەڕای جەبەروتی بەعس بەڵام، هەولێرییەکان لە ئاستێکی باڵای ئەخلاقی دا هاوکاری هەڵەبجەیییەکانیان کرد، ئەوەی ئەرکی حزبەکانە ئەوەیە تێبگەن هەولێر موڵکی هیچ حزبێک نییە پایتەختی هەرێمە، پێویستە نزوجی سیاسییان هێندە بێت لە میدیا سێبەرەکانەوە توانج لە هەولێر و لە پارتی نەگرن، چونکە ئەوپەلامارانە ئازاری هاوبەشی کوردستانیانە. بۆیە دەبێ لەو ڕوداوانەدا میدیای حزبەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، مامۆستایانی ئاینی، ڕەوەندی کوردی ، ناڕەزایەتی دەرببڕن بۆ بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسوڵخانەکان.