KDC

بەشێک لە کتێبی بۆڕییە ئاوەکانی حوکمڕانی- سێھەم


نووسینی: چیمەن ساڵح …
چاپکردن و بڵاوکردنەوەی؛ دەزگای وشە
 
 
ڤۆڵتێر لە ( وتارێک لەسەر دابونەرێت) دا دەڵێت« دەمەوێ ئەو قۆناغانە بزانم کە مرۆڤ لە باری دڕندەییەوە پێدا تێپەڕبووە بۆ باری شارستانی بوون»
 
 
 
 
 
مرۆڤ بە ئەندازەی بازاڕ پێش دەکەوێ و کۆمەڵگاش بەپێی مرۆڤەکان
 
 
بازاڕ لێرەدا مەبەست بازاڕی کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل نییە کە سەودا و مامەڵەی تێدا دەکرێ. بازاڕی مرۆڤ و ئەو ڕێو شوێن و ئەگەرانەیە کە تاک دەتوانێ تێیدا بەھرەکانی بگەشێنێتەوە و ھەنگاوەکانی تاو بدات و ئەرک و مافێ خۆی دروست جێبەجێ بکات. ئەو بازاڕە چۆن بەڕێوە دەچێ و چۆن رێک دەخرێ؟ ئەو بازاڕە دەکرێ رەش بێ و دەکرێ سپی بێ، سیستەم بڕیار دەدات.
 
جۆن ستیوارت میل بیرمەندی ئینگلیز دەڵێ« سەرەتای ھەموو شتێکی باش و نایاب لە تاکەوە سەرچاوە دەگرێ، بەشێوەیەکی گشتی لەسەرەتادا سەرچاوەکەی کەسێک لە کەسەکان بووە.»  کەواتە چۆن دەتوانین شتە باش و نایابەکان زۆر بکەین گەشەی پێ بدەین لە رێی دروستکردنی رووبەرێکەوە کە تاک بتوانی بەھرە و توانا و شیانی رێز و بەھای ھەبێ.
 
چۆن دەشێ ئەو بازاڕە ئامانجی خۆی بەدی بێنێ. ئەگەر ئامانج دروستکردن و بەدیھاتنەکەی بە پرۆسەیەکی شەرعیدا تێپەڕبووبێ و زەمینەسازیی بۆ کرابێ دواجار دەچێتە خانەی پێشخستنی کۆمەڵگاوە و وزەو تینی خۆی بۆ سود و قازانجی کۆمەڵگا بە دی دەھێنێ.
ئێمە دەپرسین بۆچی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان،  زیاتر کۆمەڵگاکانی رۆژئاوا و ھەندێک ئەزموونی دیکەی ناوچەی جیاجیای جیھان ھەن کە ئاستی باشی سەرکەوتنیان بڕیووە، بۆ پێش دەوکەون و داھێنان دەکەن و گرفتەکانیان لە ماوەیەکی دیاریکراودا چارەسەر دەکەن و ئینجا بە زانستیش سەرتاسەری مرۆڤایەتی بەھرەمەند دەکەن؟ ھەرچی ئەوانی دیکەیە، بەشی زۆری رۆژھەڵات بە گشتی و لە نێویاندا ئێمەش بە پێچەوانەوە، تەنانەت پەند و قسەی باومان، ” ساڵ بەساڵ خۆزگەم بە پار” ە، پێش ناکەوین، دەچەقین، گرفتمان ھەشبێ ھەزاری دیکەی بە دوادا دێ، زیانمان بۆ خۆمانە و سودمان بە کەس نەگەیاندووە. بەھرەکانیشمان گەشەیان پێ نادرێ  و ئامانجەکانمان بە دی نایەت؟
 
چونکە، ئەو بازاڕەی بۆ مرۆڤ دیاریکراوە تا لێیەوە خۆی دەربخات و تا خۆی پێ بگەیەنێ و لەوێوە ئامانجەکانی کە مافی ھەر مرۆڤێکە بەدی بێنێ بازاڕێکی بێ کوالیتییە و بەرھەمەکەی ئەوەیە کە دەیبینین.
 
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، گۆڕانکاریی زۆر گەورە لەسەر ئاستی ئابوری، سیاسیی- کرگێڕی ، کولتووری و زانستی بەدیھاتووە.  وڵاتانی پێشکەوتوو بەپێیی ئەو گۆڕانکارییانە مرۆڤی خۆیان بەرەو پێش بردووە و بازاڕێکی وایان بۆ کردووەتەوە تا مرۆڤ تواناکانی خۆی پەرەپێبدات و بتوانێ  بە جۆرێک خۆی پێ بگەیە نێ و نوێنەرایەتی بازاڕێکی باش بکات و خۆی پێ بگەیەنێ تا لەو بازاڕەدا پێگەی ھەبێ.
لە وڵاتێکی پێشکەتوودا، ھێندە کارگە و کارخانە و بازاڕی دراو و لابی داھێنانی زانستی دروست کراوە  مرۆڤەکان دەبێ خۆیانی لێ پێ بگەیەنن تا بتوانن لە نێو ئەو بازاڕە ھەمەڕەنگ و ئاست بەرزە بتوانن کار بکەن و بتوانن پێگەیان ھەبێ. ھەر تاکێکیش ئارەزووی وڵات بەڕێوەبردن بێ و لە حکومەت و کارگێڕی و نوێنەرایەتی و ئەنجوومەکان و پەرلەمانەکان بەشدار بێ، دەبێ بە جۆرێک خۆی پەروەردە بکات و پەرەپێبدات و قۆناغەکانی گەیشتنە مرۆڤێکی تەواو تا جڵەوی ئەو ئەرک و سەرکێشییەی لەدەستدا بێ ببڕێ، ئیتر لەوانەیە ھەبێ زیاتر بخایەنێ و ھەبێ کەمتر بەڵام بەرزیی ئاکارەکانی بازاڕەکە دیاریکراوە و بەو پێیە خەڵک ھەوڵ دەدات بگاتە ئاستێک کە بتوانێ بەرپرسیارێتی ھەڵبگرێ. ئەمە بە شێوەیەکی گشتییە مەرج نییە بە رەھایی بێ بەڵام گرنگ بە دەستھێنانی باشترین ئەنجامە.
 
لێرەدا، مەرج نییە ھەر ھەموو بگەنە ئەو ئامانجەی کە ھەیانە، بەڵام ھەموو دەبنە مرۆڤی کارا و توانا و ھەتا داناش. چونکە، گرنگە بەشی زۆری مرۆڤەکان ناسنامەیەکی باش دروست بکەن، لەمەشدا دەبێ خۆیان بەشدارێکی کارا بن تێێدا. ھەروەک سوقرات دەڵێ«خۆت خۆت بناسە.». لە کۆمەڵگای دواکەتوودا نە مەرج دروست دەکرێ بۆ خۆ پێگەیاندن و نە خۆناسینیش پێویست دەکات.
 
بەڵام لە کۆمەڵگای پێشکەتوو و زیندوودا دامودەزگای کۆمەڵگا زووتر ھەوڵی ناسینی تاکەکەیان داوە و خۆشی تا خۆی نەناسێ پێی ناکرێ پێشکەوێ.  بەمجۆرە کۆمەڵگاکە بە تێکڕا پێشکەوتووە و بەرھەمدارە لە ڕووی سەرچاوەی مرۆیی و پێشکەوتن و زانستەوە. بازاڕەکەی بەو شێوەیە و مەرجەکانی داناوە تا بەرھەمی باشی ھەبێ.
لە کۆمەڵگایەکدا، بازاڕ بەجۆرێک بۆ مرۆڤ دەستنیشان دەکرێ کە بەرھەمێکی جیاوازی ھەبێ، ڕەفتاری مرۆڤ و قۆناغەکانی خۆ پێگەیاندنی جیاواز دەبێ. بۆنموونە ئەگەر ئێمە چەند وێستگەیەکی وزە مان ھەبووایە، چەندان ئەندازیاری گرنگ کاریان تێدا بکردایە، پرۆژە و چارەسەری وایان بھێنایە کایەوە ژیانی کۆمەڵگایان لە بوارێکدا بگەیاندایە ئاستی وڵاتێکی پێشکەوتوو. ھەروەھا بازاڕ پێیی باش بووایە نوێنەرانی پەرلەمان ئەو کەسە زانایانە و کەسانی دیکەی کە داھێنانیان ناسراو بووایە و یاخود خزمەتگوزاریی دانسقە بەھۆی پرۆژەکانیانەوە بۆ ھاووڵاتی دەستەبەر بکرایە، پزیشکەکان ھان بدرانایە کە باشترین سیستەمی چاودێری تەندروستی ئامادە بکەن، ھەر خۆشیان لە کارگێڕی و پەرلەمان و ئەنجوومەنەکان نوێنەری ئەو کەرتە بن. ھەموو ململانێیەکیش لەو بازاڕەدا بە پێێ سیستم و مافی لە پێشینە بێ، ئەو کاتە زۆرینە حەزی دەکرد ھەوڵ بدات لەو ئاستەدا بێ و خۆی تاقی بکاتەوە و خۆی بەو پێیە پێ بگەیەنێ. شتی ئاساییش ئەوە بوو کە حەز بکەین ئەو مرۆڤانەی کە بە باشترین شێوە دەتوانن خزمەت پێشکەش بکەن و دوای تێکۆشانی پێویست ببنە جێیی متمانە. ئاسایی نەبوو بێجگە ئەوانە ببینین. بەڵام کە بازاڕ ئەوە بوو مرۆڤێک زۆر قسەی کرد، بە کاریگەر دابنرێ ئەوا خەڵکەکە لە ئەنجامدا ھەمووی ھەوڵ دەدا زۆر قسە بکات. یان کە زانست ڕۆڵی نەبوو، وەلای کوێرانە و میوانداریی بووە ھۆی پێشکەوتن ئەوە خەڵکەکە بەپێیی ئەو بازاڕە زیاتر ئەو کارە دەکات. ئاساییە وێنەی ئەو جۆرە کەسانە ببنە پاڵەوان. یاخود، کە دۆسێێ تاوان و کوشتن لە باتی ئەوەی یەکلایی بکرێتەوە، ھەر کەس مافی خۆی بۆ بگەڕێتەوە قوربانیی بوون تەنیا بوونە پاڵەوانیی بوو ئەوا بە دووری مەبینە خەڵک ھەوڵ بدا لێی بدرێ، دارکاریی بکرێ، بگیرێ و لەو پێناوەشدا رێگای تایبەت بگرێتە بەر. ئەوە تاوانە تاوان ئەنجام دراوە، تاوان ئیتر دیارە دەبێ چی بکرێ.
یان خۆ نمایشکردن بە ھەندێک رەفتار و ئەتوار بۆ بە نیشانەگرتنی خەڵکی سادە، لە باتی خزمەت و گۆڕانکاریی و جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی. ئەوە بزانە کە خەڵکێکی زۆر ھەوڵی دروستکردنی دەرفەتی ساختە دەدات بۆ دیمەنی وا چ بە رەفتار یان وێنەی نواندن. نەک بچێ چارەسەری گونجاو بۆ گرفتی خەڵک بدۆزێتەوە. تەنانەت بەو شێوە رەفتارانە راستیی ژیان ون دەبێ. چونکە مرۆڤ لێیی قەدەغە نییە ژیانێکی ئاست باش و بەرز بژی ئەگەر بە ھەوڵ و مافی خۆی بێ بەڵام دەبێ ئەرکەکەی بە ئاستێکی بەرز جێبەجێ بکات.
 
یان ئەگەر ھەر بڕیار بێ مەحسووبییەت سەرچاوەی پێشکەوتنی پایە بێ ئاساییە لە بازاڕدا ھەموو دوژمنی یەک بن. پلاتۆی گەورە ھزرمەندیی گریک و جیھان بەر لە ھەزاران ساڵ ئاماژە بەوە دەکات کە  تا نەبی بە کارمەندی باش نابی بە ڕێبەری باش.
بازاڕ چی بوێ مرۆڤ بەو جۆرە پێدەگات، کۆمەڵگاش بەڕێژەی پێشکەوتنی ئەو مرۆڤانە پێش دەکەوێ. گرفتی ھەرە گەورەش ئەوەیە سروشتی کۆمەڵگا لەگەڵ بازاڕەکەدا ڕادێ. گۆڕانکاریی تێێدا پڕ ئاستەنگ دەبێ.
بێگومان، رێکاری دیاریکرنی مەرج بۆ مرۆڤ ھەر لێرەشەوە ناوەستێ بەڵکو دەرھاویشتەکانی کە دەبنە دروستکردنی کولتوور مەترسیدارترن چونکە فەرھەنگ بە ئاسانی کۆتایی پێ نایەت، مرۆڤیش کە فێری دەستکەوتی بێ پێگەیشتن و بەرپرسیارێتی کرا بێجگە لەوەی خزمەت ناکات و بارودۆخی ژیانی گشتی ئیفلیج دەکات، ئاڕاستەکردن و بیرکردنەوەی خراپیش دروست دەکات؛
یەکێک لە پسپۆڕانی چاکسازیی نووسیویەتی کە گەنجێک لە بەندیخانە دەبینێ لێی دەکۆڵێتەوە، دەزانێ ئەو گەنجە بە ھەندێک کاری بێ یاسایی ژیانێکی باشی بۆ خۆی مسوگەر کردووە، بەڵام کارەکە بەشێوەیەک نایاساییە زوو زوو لە لایەن پۆلیسەوە دەگیرێ و چەند مانگێک لە زیندان دەمێنێتەوە. پێی دەڵێ بۆ نایەی کارێک بکەیت و ھیچی دیکە تووشی ئەو زیندانە نەبیتەوە؟ دەکەونە گفتوگۆ و پسپۆرەکە باسی چەندان کاری بۆ دەکات ئینجا لێی دەپرسێ حەز بە چ کارێک دەکەی؟ ئەویش دەڵی حەز دەکەم ببم بە سەرتاش. پسپۆرەکە دەڵێ لێی پرسیم سەرتاش داھاتی چۆنە؟

منیش بڕێک پارەم پێ وت بۆ داھاتی ساڵانە. دەڵێ، لە وەڵامدا پێی وتم من خۆم بە مانگێک ئەو پارەیە پەیدا دەکەم ، قەیناکە با ساڵانە چەند مانگێک بگیرێم. واتە لەو کۆمەڵگایانەدا ڕێگە گرنگیی نامێنێ شتی گرنگ دەبێ بە دەستکەوتەکە.
پسپۆرەکە دەڵێ« کارەسات ئەوەیە ئەو مرۆڤانە دەبنە بەردەوامی فەرھەنگێکی زۆر ناشیرین و گرنگترین شتیان لەبیرچووە لە نێو حسێب و باسی خۆیانی دابنێن کە بەختەوەرییە.»
بەڕاستی ھەر سەرچاوەیەکیش کە بەختەوەریی لە بیری کۆمەڵگا بباتەوە  و بازاڕێکی بۆ دابخات تەنیا شوێنی دەستکەوتی بێ بناغەی تێدا بێ، لە ئەنجامدا فەرھەنگێکی بکوژ کۆمەڵگا دەتەنێتەوە، ئەمە جگە لەوەی گرفتەکانی ھەر گەورەتر دەبن.

___

دەنگدان کۆتایی هات

KDC

سەرۆکی هەرێم: سوپاسی ئەورووپا دەکەین

KDC

کەریم بنزیمە بەردەوامە لە شکاندنی ژمارەکان

KDC
KDC

FREE
VIEW