KDC

سەقامگیری مەرجی مانەوەی کۆمەڵگەیە

علی جمال

پەیوەندییەكی توندوتۆڵی چەند ئاستی لەنێوان سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دادپەروەریدا هەیە. گشت كۆمەڵگەكان خوازیاری سەقامگیرین و تێدەكۆشن بۆ هێنانەدیی، بەڵام هەموویان لە ڕووی ئەو ڕێگایانەی بۆ هێنانەدیی ئەو سەقامگیرییە دەیانگرنەبەر وەك یەك نین و جیاوازیان هەیە لەگەڵ یەكتردا.

كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان، بۆ بنیاتنانی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ناوخۆیی خۆیان، پشتدەبەستن بە ڕازیبوون، بەشداریكردن، دیموكراسی، پەیوەندیگەلی پۆزەتیڤانە و كراوەی نێوان دامەزراوەكانی حوكمڕانی و دەسەڵات و كۆمەڵگە بە گشت دامەزراوە مەدەنییەكان و توێژە كۆمەڵایەتیەكانیەوە. بۆیە سەقامگیری، وەك سەرەنجامێكی سروشتیی تەبایی و تێكهەڵكێشیی بژارەكان حوكمڕانی و بژارەكانی كۆمەڵگە وایە، بە جۆرێك كە كۆمەڵگە ببێتە ئاوێتەیەك و بەپێی ئەجیندای هاوبەش كاربكرێت لەپێناو بەرژەوەندی و خواستە هاوبەشەكاندا. لەبەرئەوە دەبینین شپرزەیی سیاسی و پشێوی كۆمەڵایەتی لەو جۆرە كۆمەڵگانەدا ڕوونادەن و ئەگەر سەریش هەڵبدەن، ئەوا زیندوێتیی سیستەمی سیاسیان و نەرمونیانیی كارڕاییەكانی ئاسایش و كارابوونی دامەزراوەكانیان و چوارچێوە شارستانییەكانیان، ئەو توخمانەن، كە دەتوانن چارەسەرە ڕاستەقینەو هۆشمەندەكان بۆ ئەو هۆكارانە بدۆزنەوە، كە بوونەتە مایەی پشێوی و گرفتەكان. بەو جۆرە كاتێك سەقامگیریی ڕەگداكوتاو و دامەزراو لەسەر بنچینەیەكی توندوتۆڵ لە هەر ئەزموونێكی مرۆڤایەتیدا دێتەدی، ئەوا زەمینەیەكی لەبار بۆ هەنگاونانی ئەو كۆمەڵگە یان ئەزموونە بەرەو پڕۆژەی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتن لەئارادادەبێت.

ئەزموونی نەتەوە و میللەتەكانی دنیا سەلماندویانە، پەیوەندییەكی توندوتۆڵ و ژیاری لەنێوان سەقامگیری و دادپەروەریدا هەیە، بەجۆرێك كە سەقامگیری وەچەی ڕاستەقینەی دادپەروەرییە بەهەموو ئاستەكانییەوە. كاتێك سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەسەر بنچینەی توندوتۆڵ و ڕەگداكوتاو دادەمەزرێت، ئەوا دەرفەتی بەرەنگاربوونەوەی مەترســـییە ناوخۆیی و دەرەكییــەكان ڕەخســاودەبێت. چونكە گەشەكردن لەو كۆمەڵگانەدا ڕوونادات، كە لە ئاژاوە و پشێویدا ژیان بەسەردەبەن، بەڵكو لە كۆمەڵگە سەقامگیرەكاندا ڕوودەدات، كە لە سروشتی بژارەكان و شێوەی پەیوەندیی نێوان حوكمڕانی و كۆمەڵگەدا، گیرۆدەی دەستی كێشەگەلی بنەمایی نین. كەواتە دەستپێكی پێویست بۆ پڕۆسەی گەشەكردنی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتییە. گشت تاقیكردنەوەكانی مرۆڤایەتیش ئەو ڕاستییەیان سەلماندوە. ئەوەی بەدەر لە دەستپێكە ڕاستەقینە و پێویستەكەی بەدوای گەشەكردندا دەگەڕێت، تەنیا كێشە و گرفتگەلی زیاتر دەچنێتەوە، كە دەبنە مایەی ئاڵۆزبوونی پەیوەندیی نێوان حوكمڕانی و كۆمەڵگە و كەوتنە ناو دۆزەخی لێك تێ نەگەیشتن و بێ متمانەییەوە.

لە بەرامبەر ئەو كۆمەڵگە شارستانییە پێشكەوتوانە، كە لە ڕێگەی ئامڕازەكانی بەشداریكردن، دیموكراسی و فراوانكردنی بنكەی كۆمەڵایەتیی دەسەڵاتەوە سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەدەستدێنن، چەندین كۆمەڵگەی تر هەن، كە ئامڕازەكانی ساختەكردن، زەوتكردن، سەركوتكردن و چەوساندنەوە بەكاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی. واتە هێزی سەركوتكردنی زاڵمانە بەهەموو شێوەكانییەوە ئامڕازی چەندین میللەتە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە پشێوی و ئاژاوەی كۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەوەش ئامڕازێكە، بێسوودی و بێتوانایی لەئاست هێنانەدیی ئەو سەقامگیرییەدا سەلماوە. چونكە ئامڕازەكانی سەركوتكردن و توندوتیژی، لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، دەبێتە هۆی دامەزراندنی هەموو ئەو هۆیانەی دەبنە مایەی لێك دووركەوتنەوەی حوكمڕانی و كۆمەڵگە و بنیاتنانی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەسەر بنچینەی فشۆڵو لاواز، كە زۆری بەسەردا تێناپەڕێ لەناودەچێت و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كارەساتێكی سیاسی یان كۆمەڵایەتی

پاریتۆ چەمکێکی هاوسەنگی و سەقامگیری سیستەمی خستەڕوو وەک ئاماژەیەک بۆ توانای سیستەمەکە بۆ پاراستنی دۆخی خۆی، ئەگەر گۆڕانکاری یان گۆڕانکاری بەسەردا بێت. پشتگیری یەکتر لە نێوان توخمەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا هەیە، بەجۆرێک کە هەر گۆڕانکارییەک کە لە توخمێکی دیاریکراودا ڕووبدات، گۆڕانکاری لە توخمەکانی دیکەدا لەگەڵیدا دەبێت.

بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بتوانێت به‌ مانه‌وه‌ و سه‌قامگیری و به‌رده‌وامی خۆی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا بگات، كۆمه‌ڵگا هه‌ندێك سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌كات، كه‌ پێیان ده‌وترێت سیسته‌می سه‌ره‌كی یان بنه‌ڕه‌تی. سروشتی کۆمەڵگاکان، بناغەکانی دامەزراندنیان، بارودۆخی ژیانیان یان قۆناغەکانی گەشەکردنیان چەندە جیاواز بن، دەبێت سیستەمێکی دیاریکراو بۆ لەدایکبوون و ئامادەکردنی منداڵ دابنێن (پەروەردەی کۆمەڵایەتی)، هەروەها بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان پیاوان و… ژنان، ئەوە خێزانە وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی. هەموو گروپێک دەبێت کار بکات بۆ بەرهەمهێنانی بنەماکانی پێویست بۆ بژێوی خۆی، کۆمەڵگاش دەبێت بۆ ئەندامەکانی شێوازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی داهاتی ئەم بەرهەمهێنان و بەکاربردنە ڕێکبخات و ئەوەش سیستەمی ئابوورییە. لە هەموو کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتیدا ئەندامەکانی لە سەرەتای ئەزموونی کۆمەڵایەتی خۆیانەوە هەستیان بە پێویستی بیرکردنەوە لە دەرەوەی سروشت کردووە و ئەمەش ئەوەیە کە پێی دەوترێت نەزمی ئایینی. بەهەمان شێوە سیستمی سیاسی لە سیستەمی كۆمەڵایەتی جیاناكرێتەوە، وەك چۆن كۆمەڵگەیەكی بێ سیاسەت نییە، جا لە ڕابردوو بێت، ئێستا بێت یان داهاتوو. ئەمانە ئەو سیستمانەن کە کۆمەڵگا تیایدا بێ بوونی نییە و لە دۆخێکی هاوسەنگی و پشتیوانی یەکتردان و تایبەتمەندی هاوبەشی هەموویان هەروا دەمێنێتەوە کە بە خێرایی لە گۆڕاندان.

ئەو بنەمایەی کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەسەری دامەزراوە، بەپێی مۆدێلی کارایی، ڕێککەوتنی ئەندامانی کۆمەڵگایە، واتە یەکدەنگی، واتە کۆکن – بەگشتی – لەسەر هەمان بەها و ستانداردەکان و وابەستەیی یەکتر لە ئەنجامی هاوبەشێکدا ژیانی کۆمەڵایەتی، بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و هاوسەنگی کۆمەڵایەتی. لەم چوارچێوەیەدا تیۆری کۆمەڵایەتی مۆدێرن (کارایی) مەیلی ئەوەی هەیە کۆمەڵگا وەک هاوسەنگییەکی جێگیر و دینامیکی سەیر بکات کە میکانیزمی پاشەکشەیی لە بنیاتنانیدا هەیە، کە کۆمەڵگا دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی جێگیری خۆی.

بە پشتبەستن بەوانەی پێشوو، سەقامگیری کۆمەڵایەتی بە واتای بەردەوامبوونی مۆدێل و دیاردە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە کۆمەڵگادا – لۆکاڵی یان گەورە – بەبێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی لەناکاو یان ڕیشەیی بەسەردا بێت. مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە دۆخێکی سەقامگیری ڕەها هەیە کە لە کۆمەڵگادا زاڵە (چونکە کۆمەڵگایەکی سەقامگیر – ئەگەر گریمانە بکرێت کە بوونی هەبێت – جێگیرە). واتە كۆمەڵگەیەك كە وردە وردە و هێواش و بەس گۆڕانكاری بەسەردا دێت بۆ گێڕانەوەی هاوئاهەنگی بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی تێكدان و هەڵوەشانەوە، كۆمەڵگەیەكی سەقامگیرە

كاتێك مرۆڤێك یان كۆمەڵگەیەك هەست بەوە دەكات لە ژینگە یان بارودۆخی خۆی ڕازییە، ئەو كاتە بەهەموو هێز و توانای خۆی بەرگریی لێ دەكات و خۆی دەكاتە قوربانی لەپێناویدا. هەر كۆمەڵگەیەكیش بگاتە ئەم بارودۆخە، ئەوا سەرسەختترین هێز ناتوانێ زەفەری پێ ببات و تێكیبشكێنێ. بەوپێیەی ئەوە سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی پشتبەستووە بە دادپەروەری، كە دەتوانێت هێزی ڕاستەقینەی میللەت و كۆمەڵگە دروستبكات. بەو جۆرە ئەو كۆمەڵگانەی لەو سەقامگیرییەدا ژیان بەسەردەبەن كە بەپێی ئەو تێڕوانینە دامەزراوە، كۆمەڵگەگەلی بەهێزو بەتوانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ناوخۆییو دەرەكییەكان.

ئێمەش وەك كۆمەڵگەی كوردستان، لەسایەی ئەو هەلومەرجە ناوخۆییەی تیایدا دەژین و ئەو ئەركە گرنگانەی بۆ بنیاتنانی دیموكراسی كەوتۆتە ئەستۆی حوكمڕانی و كۆمەڵگە. هەروەها لەبەر ئەو هەڕەشانەی لەسەر چەندین ئاست لەناوەوە و دەرەوە ڕووبەڕووماندەبنەوە، پێویستیمان بەو جۆرە سەقامگیرییە هەیە كە لەسەر بنچینەی دادپەروەری دادەمەزرێ. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاریی خۆمان بكەین، زاڵبین بەسەر كێشەكانماندا، ڕزگارمان بێت لە هەموو ئەو كەلێنانەی ناكۆكن لەگەڵ پێداویستیەكانی سەقامگیریداو هەنگاو بەرەو پێشكەوتن و گەشەكردن هەڵبهێنین. ئەگەر بەپێچەوانەوەمان كرد، واتە سووربووین لەسەر بنیاتنانی سەقامگیری بەدەر لە دادپەروەری و لە ڕێگەی ترساندنی نــاوەوە بە هەڕەشەكانی دەرەوەو ڕازی نەبووین واقیع وەك خۆی بخوێنینەوەو بەپیر پێداویستییە بنچینەییەكانەوە بچین، ئەوا كۆمەڵگەی كوردستان دووچاری پشێوی و هەڕەشەی لێكترازان دەبێت و پێ دەنێتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، كە چارەنووسی حوكمڕانی و كۆمەڵگە بەیەكەوە دەكەوێتە سەر كەناری هەرەسهێنان و تێكشكان

___

ئەمەریکا: دامەزراندنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ولایەتی پۆرتلاند

KDC

کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگ لەسەر ڕەشنووسی بڕیاری هێرشەکەی ڕووسیا دەدات

nusar1

فرۆکەکانی ئیسرائیل بۆردومانی چەکدارانی ئیران دەکەن

KDC
KDC

FREE
VIEW