KDC

پەروەردە لە نێوان پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵگادا

علی جمال

مرۆڤ بوونەوەرێكی جیاوازو تایبەتە، یەكێك لە
تایبەتمەندییەكانی پێشكەوتنە، هیچ كاتێك ڕەوڕەوی مێژوو نەك ناگەڕێتەوە بۆ دواوە، بەڵكو لە شوێنی خۆشیدا ناوەستێت، پەروەردەش هاوكارێكی باش و گرنگە بۆ ئەوەی پێشكەوتنانە دروست بن و لە خۆیدا بەكار بهێنرێن، پرسی پەروەردو پێشكەوتنیش دوو پرسی یەیوەست و گرنگن بە مرۆڤەوە، بۆیە لێكۆڵینەوە لەو دوو چەمكە بایەخی خۆیان هەیە.

بیرمەندانی بواری پەروەردە پێناسەی جیاوازیان لەسەر پەروەردە هەیە،ئەم جیاوازیانەش پەیوەندی بە دەورو نەقشی پەروەردەوە هەیە لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا. هەندێکیان پەروەردە بە پرۆسەیەک دەزانن کە گۆڕان لە هزرو بیرو رەفتاری تاکدا دروست دەکات و بەشێکیان وەک دامەزراوەیەکی جڤاکی لەبەرچاوی دەگرن و کاریگەری دوولایەنەی نێوان مامۆستاو قوتابی لە قوتابخانەدا بە کاکڵەی باسەکانیان دادەنێن.

گۆڕان و پێداچوونەوەی بەردەوام بە پێکهاتەو پڕۆگرامی پەروەردەدا دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، جڤاکی، کەلتووری و…دا.

”ژان ژاک رۆسۆ” پەروەردە بە کەشتییەک دەشوبهێنێت کە دەتوانێت مرۆڤ لە زریان رزگار بکات. ئەو پێی وایە پەروەردە، بنەڕەت وژێرخانێکە کە دەکرێت سەرخانی کۆمەڵگایەکی تەندروستی لەسەر دروست بکەیت.

”لێستەۆرد” ی کۆمەڵناس، پەروەردە بە کەرەستەیەک بۆ گۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا ناودەبات و پێی وایە کە ئەنجامی ئەو گۆڕان و پێشکەوتنە ژیان باشی و خۆشبەختی تاکی لێ دەکەوێتەوە.

هەرچۆن بێت سیستەمی پەروەردە لە سەردەمی جیهانی بوون و تەکنەلۆجیاشدا دەوری بێ رکابەری خۆی لە پەروەردەکردنی مرۆڤدا پاراستووە، دامەزراوەی پەروەردە مرۆڤ بۆ داهاتوو پەروەردە دەکات، هەربۆیە دەبێت دیدو بەرچاوروونی باشی لە دوارۆژو پێداویستی کۆمەڵگاهەبێت. ئەزموونی وڵاتانی پیشکەوتووی وەک ئەمریکاو ژاپۆن ئەوە نیشان دەدات کە گۆڕان و پێداچوونەوەی بەردەوام بە پێکهاتەو پڕۆگرامی پەروەردەدا دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، جڤاکی، کەلتووری و…دا
چەمکی پێشکەوتن، بەشێوەیەکی گشتگیرو فراوان پاش شەڕی جیهانیی دووەم، بووە جێگای باس و مشتومڕ. پێشکەوتن رەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، کەلتوورو سیاسەت و…هتد لە کۆمەڵگا دەگرێتەوە. پێشکەوتن، بریتییەلە کۆمەڵێک گۆڕان کە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگایەک لە هەلومەرجێکی تایبەتییەوە کەگونجاو باش نیە بۆ ژیان، بروات بەرەو هەلومەرجێکی باشتر. بەڵام ئەگەر ئەم پێشکەوتنە رووی لە مانەوەو خۆشبژێوی مرۆڤ بێت لە هەموو روویەکەوە، ئەوا بە پێشکەوتنی پایەدارو سەقامگیر ناوی دەبەن.
چەمکی پێشکەوتنی سەقامگیر بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٧٢ لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە خرایە بەرباس و بە مانای هەوڵدانە بۆ دەستەبەر کردنی زنجیرەیەک ئامانجی ئابووری، جڤاکی، سیاسی و کەلتووری بەمەبەستی بردنەسەرەوەی ئاستی خۆش بژێوی و ئاسایش یان دابینکردنی ئاستێک لە پێداویستییەکانی مرۆڤی سەردەم، بە لەبەرچاو گرتنی ژیانی نەوەکانی داهاتوو، واتە پێشکەوتنێک کە لەگەل ژینگە سازگار بێت.

ناسینی رێگاو شێوازەکان و داهێنەری گرنگترە لە گواستنەوەی بابەت و وانەکان
لەم پیناوەدا پەروەردە هۆکارێکی پێویستە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری، سیاسی، کەلتووری وجڤاکی کە ئەمانەش هۆکارن بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیان.

هەنووکە یەکێک لەو جیاوازییە سەرەکیانەی کە لە نێوان وڵاتانی پشکەوتوو و وڵاتانی دواکەوتوو و روو لەگەشەدا هەیە، روانگەو رووانینی جیاوازی ئەو وڵاتانەیە بۆ پرسی پەروەردە وەک هۆکارێکی سەرەکی وچارەنووس سازی پیشکەوتن.
پەیوەندی نیوان پەروەردەو پیشکەوتن، پەیەندییەکی راستەوخۆیە، واتە هەرچی ئاستی پەروەردە باشتربێت، پێشکەوتنیش خێراتر روودەدات. بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنێکی پایەدارو سەقامگیر، پێویستە وشیاری و ئاگایی پێویست لە بارەی دەورو نەقشی پەروەردە لەسەر پێشکەوتنی سەقامگیر لە ناو کۆمەڵگا دروست ببێت. بەواتایەکی تر، بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنی سەقامگیر، دەبێت ئەم پرسە ببێت بە خواستێکی گشتی و لە بیرو کرداری نەوەکانی کۆمەڵگا رەنگ بداتەوە.
پەروەردە لەوڵاتانی پێشکەوتوودا

لەسیستەمی پەروەردەی وڵاتانی پێشکەوتوودا گرنگی زیاتر بە پەروەردەو پێگەیاندن دەدرێت تا فێرکردن. بە واتایەکی تر، پەروەردەکردنی کەسایەتی مرۆڤ وبونیادنانی سیفەت و تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی تاک گرنگترە لەو بابەت و وانانەی کە دەگوێزرێتەوە بۆ فێرخواز. لەو وڵاتانەدا فێرکردنیش دەکرێت بە دوو بەشەوە. یەکەم، گواستنەوەی بابەت و وانەکانی وەک کۆمەڵایەتی و فیزیاو کیمیاو بیرکاری و…و دووەمیش، فێرکردنی چوارچێوەکانی بیرکردنەوە. واتە تاک چۆن دەبێت بەرامبەر بە دیاردەو رووداوەکان بیربکاتەوەو هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات. زۆرتریش جەخت لەسەر ئەم بەشەی دەکرێتەوە، چوون ئەگەر تاک فێری بیرکردنەوەو رێگاکانی بیرکردنەوە ببێت، بزانێت چۆن لە پەرتووک و سەرچاوەکان کەڵک وەرگرێت و بابەتەکان شرۆڤە بکات، دەتوانێت دواتر زانیارییە پیویستەکانی خۆی دەست بخات. یانێ ناسینی رێگاو شێوازەکان و داهێنەری گرنگترە لە گواستنەوەی بابەت و وانەکان.

مناڵان دەبێت لە قوتابخانە فێربن کە ڕاو بۆچوونی خۆیان دەربڕن، ئامادەبن رەخنەیان لێبگیرێت و رەخنە بگرن. باسی پێشکەوتن و کۆمەڵگای مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ دەبێت لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە دەسپێبکات. منداڵێکی شەش ساڵان دەبێت لە قوتابخانە فێرکرێت کە سەربەستانە ڕای خۆی دەرببڕێت، گوێ بۆ کەسانی تر بگرێت و لەبیری ئەوەدا نەبێت کە ڕاو بۆچوونی خۆی بسەپێنێت و پێداگری لەسەر بکات. پاراستنی مافەکانی مرۆڤ تەنیا ئەوە نیە کە مناڵان تەمبێی جەستەیی نەکرێن، دروستکردنی ترس وشڵەژان بە هۆی

تاقیکردنەوەکانەوە لەبەر چاو نەگرتنی مافی منداڵانە. ئەگەر منداڵان نە توانن بەشیوەیەکی زانستی و ئاقڵانە لەگەل داهاتوو بەرەو روو ببنەوەو فێری کارامەییەکانی ژیان بن وکەسایەتییەکی سەربەخۆیان هەبێت، ئەگەر نەتوانن خۆیان وتواناییەکانیان و رێگای گەیشتن بە خواستەکانیان بناسن، مافەکانیان لە قوتابخانە نەپارێزراوە. دەبیت لە دارشتنی بابەت و پڕۆگرامەکانی خوێندندا رەچاوی ئەم تایبەتمەندیانە بکرێت و زۆر بوونی بابەتەکان و بەشی فێرکاری تەوای کاتی مامۆستاو فێرخوازو قوتابخانەو خێزان نەگرێت و نەبێتە کۆسپ لەسەر رێگای پەروەردەکردنی فێرخوازان. ئەگەر وڵات بە دوای پیشکەوتنەوەبێت نابێت گەیاندنی بابەتەکان بە فێرخوازان بەتایبەتی لە قۆناغی بنەرەتیدا، جێگا بە پەروەردە کردنی قوتابیان لێژ بکات.
پێویستە سیستەمی پەروەردە ئەرکی سەردەمیانەی خۆی ئەنجام بدات

زۆربوونی بابەتەکان، شێوازی وانەوتنەوەو جۆری هەڵسەنگاندن وایکردوە کە قوتابخانەو بنەماڵەکان (تەنانەت خودی قوتابیان) ناسینێکی دروستیان لە توانایی و حەزو ئۆگری فێرخوازان نەبێت و نەتوانن لەئاراستەکردنیان بۆ درێژەدان بە خویندن لە بواری دڵخوازی خۆیاندا یارمەتییان بدەن. تەنانەت رەنگە قوتابخانەو خێزانەکان تێگەیشتن و زانیارییەکی روونیان لە ئامانجەکانی پەروەردەی قۆناغی بنەرەتی و ئامادەیی نەبێت و نەزانن قوتابییەکی قۆناغی بنەرەتی پاش نۆ ساڵ لەقوتابخانە دەبێت لە رووی پەروەردەیی و فێرکارییەوە چی بەدەست هینابێت وچ سەرمایەیەکی مەعنەوەی کۆ کردبێتەوە. پیشکەوتن لە کۆمەڵگای مرۆییدا بە هۆی مرۆڤەکانەوە روودەدات و ئاستی کۆمەڵگاش هەردەم دەتوانێت سەنگێکی محەک بێت بۆ هەڵسەنگاندنی سیستەمی پەروەردەی پێشتر، وەک چۆن ئەمڕۆی پەروەردە سبەی کۆمەڵگا دیاری دەکات، سبەیش کۆمەڵگا، بڕیار لەسەرکارنامەی ئەمڕۆی سیستەمی پەروەردە دەدات. ئەگەر دەسەڵات و کۆمەڵگا بە دوای پێشکەوتنەوە بن، پێویستە سیستەمی پەروەردە ئەرکی سەردەمیانەی خۆی ئەنجام بدات، چوون ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگا باش پەروەردە بکرێت، نەک هەر لە هەمبەر ئەو گۆڕانانەی کە بۆ پیشکەوتن پێویستن خۆڕاگری ناکەن، بەڵکو پێشوازی لێدەکەن.

___

سەدر: هیچ شوێنێک لە ئێراقدا بۆ میلیشیاکان نییە

KDC

هەڵبژاردنەکانی ئێران: ئیبراهیم رەئیسی لە پێشە

KDC

وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانان دژی داعش کۆ دەبنەوە

KDC
KDC

FREE
VIEW