KDC

ڕێژیمی کوشتار لە ئێران

نوشین ئه‌تمانی


نێزیكه‌ی سێ مانگه‌ خۆپێشاندانه‌كانی دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له‌ ئێران به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خه‌ڵك ده‌ستی به‌ شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ری بۆ له‌ناوبردنی رێژیمی دژه‌ مرۆیی له‌و وڵاته‌ كردووه‌. كاتێك سه‌یری رووداوه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌كه‌ی، به‌شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا هه‌ست به‌ وه‌حشیگه‌ریی ئه‌و رێژیمه‌ ده‌كه‌ی. به‌ڵام هاوكات ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌مووی شكستی هێناوه‌.

یه‌كه‌م: رێژیمێك دژی منداڵان
شۆڕشی خه‌ڵك دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی قوربانییه‌كی زۆری داوه‌ كه‌ سه‌رووی 500 شه‌هید و كوژراوه‌، به‌ڵام له‌و نێوه‌دا زیاتر له‌ 100 منداڵ و لاوی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵی تێدایه‌. ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌وپه‌ڕی وه‌حشیگه‌ریی كۆماری ئیسلامییه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ ده‌یهه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی خۆی ماوه‌یه‌كی كوورت درێژه‌ پێ بدا. كوشتنی منداڵان له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا، نیشانه‌یه‌كی دیاره‌ له‌ دواكه‌وتوویی و شه‌رمه‌زاری بۆ رێژیمه‌ كانی دیكتاتۆری وه‌ك كۆماری ئیسلامی.

دووه‌م: كوشتنی خه‌ڵكی بێ تاوان.
له‌ چاوی رێژیمی ئێرانیدا، هه‌ركه‌س له‌سه‌ر شه‌قام بێ، دوژمنه‌ و ده‌بێ بكوژرێ. ئه‌و سیاسه‌ته‌ نامرۆیییه‌ وای كردووه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی بێ تاوان بێ ئه‌وه‌ی به‌شێك بن له‌ خۆپێشاندان، گیانی خۆیان قوربانی ده‌كه‌ن. بڵاوبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری وێنه‌ و گرته‌ی ڤیدیۆیی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن خه‌ڵكی ئاسایی له‌سه‌ر شه‌قام و ناو بازاڕه‌كان ده‌گرن و ته‌نیا بۆ چاوترساندی خه‌ڵكی تر، ئازاریان ده‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌یانكوژن. ئه‌و كاره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئازاربه‌خشه‌، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێژیمی ئێران له‌ دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی خۆیدایه‌ و سه‌رجه‌م دیكتاتۆره‌كانی پێشتریش هه‌مان كار و كرده‌وه‌یان هه‌بووه‌.

سێیه‌م: سێداره‌ و ئێعدام
له‌ سێداره‌دانی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاران هه‌یمه‌نه‌ی دۆڕاوی خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و به‌ ئێعدامكردنی بۆ نموونه‌ چوار كه‌س له‌ هه‌فته‌ی رابردوو و سێدارەی هونەرمەند موحسێن شکاری، هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دا به‌خه‌ڵك بڵێ من هێشتا ده‌سه‌ڵاتدارم! ئه‌و كاره‌ی رێژیم نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكی نه‌ترساندووه‌، به‌ڵكوو رۆژانی پاش ئه‌وه‌ بوو كه‌ خه‌ڵكی سه‌رتاسه‌ری ئێران به‌ راگه‌یاندنی 3 رۆژ مانگرتنی گشتی، وه‌ڵامێكی توند و كاریگه‌ریان به‌ ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاری ئێرانی دایه‌وه‌. ترساندنی خه‌ڵك به‌ هه‌موو شێوه‌كانی، زیاتر له‌ 43 ساڵه‌ كار و سیاسه‌تی رێژیمی دیكتاتۆری ئیسلامییه‌ له‌ ئێران. ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئه‌گه‌ر سوودی هه‌بووایه‌، بێگومان ئێسته‌ كۆماری ئیسلامی شه‌ڕی مان و نه‌مانی خۆی له‌گه‌ڵ ژنان و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانیدا نه‌ده‌كرد.

چواره‌م: زانكۆكان
ناوه‌نده‌كانی خوێندن كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو خه‌ڵك و جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، باشوور و باكووری ئێران، كچ و كوڕ و راست و چه‌پ ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ مۆته‌كه‌ به‌ گیانی رێژیمی په‌ت و سێداره‌ی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌.
له‌ هه‌ر وڵاتێكدا زانكۆ بجووڵێ، كاریگه‌رترین زه‌ربه‌ له‌ په‌یكه‌ره‌ی رێژیم ده‌درێ، چونكه‌ خه‌ڵك بڕوای به‌ هێز و عه‌قڵی زانكۆ و قوتابییانی زانكۆ هه‌یه‌ و پێیانوایه‌ زانكۆ باشتر له‌ هه‌مووان ئاگاداری راستییه‌كانه‌. تێكه‌ڵبوونی زانكۆ به‌ شۆڕشه‌كه‌ی ئێران، وای له‌ ده‌سه‌ڵات كردووه‌ جگه‌ له‌ گرتن و ئازار و لێدانی خوێندكاری زانكۆ، ده‌ست بۆ هه‌موو كارێكی پیس و چه‌په‌ڵی وه‌ك بۆ نموونه‌ ژه‌هراویكردنی خۆراكی رۆژانه‌ی قوتابییان ببات تا به‌ڵكوو خوێندكاران رۆژی دواتر نه‌خۆش بكه‌ون و به‌شداریی خۆپێشاندانه‌كان نه‌بن كه‌ به‌رنامه‌یان بۆ دانراوه‌. ئه‌و كاره‌ ته‌نیا له‌ رێژیمێكی وه‌ك كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌وه‌شێته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو شت بكا ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاته‌ ره‌شه‌كه‌ی چه‌ند رۆژ و هه‌فته‌ و مانگی تر به‌رده‌وام بێ. ئه‌وه‌نده‌ی زانكۆ هیوا و هومێدی خه‌ڵكی ئازادیخوازه‌، سه‌ت هێنده‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێی لای ده‌سه‌ڵات درووست كردووه‌ و ته‌نانه‌ت پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر زانكۆ بێده‌نگ بكه‌ن، ئه‌وه‌ خه‌ڵكیش به‌ره‌و ئارامبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات.
كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی هه‌میشه‌ زوڵم لێكراو له‌و قۆناخه‌شدا بووه‌ته‌ قوربانی و ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌كه‌وه‌ خه‌ڵكی ئێران ته‌واو پشتیان ده‌گرن، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی هه‌موو هه‌وڵی خۆی ده‌دا كورده‌كان وه‌ك كێشه‌ی سه‌ره‌كی پێشان بدا. بۆ ئه‌و كاره‌ش دوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌: یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی رای گشتی له‌سه‌ر ئاڵۆزییه‌كانی ناوه‌خۆی به‌لاڕێدا ببا و خه‌ڵك خه‌ریكی پرسێكی تر بكا. هه‌روه‌ها كورده‌كان راكێشی توندوتیژی بكا و بیانووی كوشتنی زیاتر بدۆزێته‌وه‌ و هاوكات خه‌ڵكی ئێران بترسێن كه‌ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن له‌ شۆڕش و ناڕه‌زایه‌تی، ئه‌وه‌ كورده‌كان ئێران له‌ت ده‌كه‌ن. به‌ڵام كورده‌كان و به‌تایبه‌ت هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ ئێسته‌كه‌ زۆر به‌ وریایییه‌وه‌ ئاگایان له‌و پیلانه‌ی دوژمنی هه‌میشه‌ پیلانگێڕ هه‌یه‌ و زۆر به‌ ژیرانه‌ و سیاسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا ده‌كه‌ن.

به‌كورتی
رێژیمی كۆماری ئیسلامی، ره‌وایی و مه‌شرووعیه‌تی خۆی له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌رجۆره‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌كی زیاتر بۆ كوشتن و كپكردنی ده‌نگی خه‌ڵكی خۆی بۆ ئازای و ژیانی سه‌ربه‌رز، شكست دێنێ. ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ دێت كه‌ پێویسته‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی شۆڕشگێڕی كوردستان و ئێران بكه‌ین كه‌ ئازادیی ئێوه‌ مسۆگه‌ره‌ و ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ كاته‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌های مرۆڤ و ئینسانی ئازادیخوازه‌.

___

پەتایەک بەرۆکی جیهان دەگرێت ڤاکسینی نییە

KDC

زۆرترین ڕێژەی توش بوون بەڤایرۆسی کرۆنا لەهەرێم تۆمارکرا

KDC

ئەو پەنابەرەی بەنایاسایی لە ماڵی سەرۆکوەزیرانی سویدداکاری کردبوو دیپۆرتکرایەوە

nusar1
KDC

FREE
VIEW