KDC

کەشتی جەنگی (باتان)ی ئەمریکا، هاوشێوەی دەستەخوشکەکەی (کێنتاکی)، دەتوانێت جارێکی تر مێژوو بگۆڕێت

پ.د. هاوڕێ عەزیز منسوربەگ

ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی خۆی دوورەپەرێز گرتبوو لە بەشداریکردن لە ئاژاوە و بەگژیەکداچوونەکانی دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا.

ئیمپراتۆرییەتەکەی قوستەنتینییە کە لەو سەردەمەدا بە پیاوە نەخۆشەکەی ئەوڕوپا ناوزەد دەکرا، تا دەهات هەژموونی بەرەو کزی دەڕۆیشت.

واشینگتۆن مەبەستی بوو کە ڕێگای بازرگانی لێ نەگیرێت لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی و لە ئەگەری ڕووخانی عوسمانییەکانیشدا، میراتگرەکان ئیدارە بدات.

ئەو شێوازە مامەڵەکردن و پێگە ناڕوونەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ساڵی ١٨٩٩، لە پڕ، گۆڕانێکی دراماتیکی گەورەی بەخۆیەوە دیت. کەشتی جەنگی کێنتاکی بە سەرکردایەتی فەرماندە ناودارەکەی هێزی دەریایی ئەمریکا (کۆلبی ئێم چێستەر) گەیشتە یەکێک لە بەندەرەکانی قوستەنتینییە (ئەستەمبول) و وەک بوومەلەرزە باوەکانی ئەنادۆل، دیمەنی سیاسی و سەربازی ئەوسەردەمەی هەژاند.

فەرماندە چێستەر پەیامێکی گرینگی گەیاندە عوسمانییەکان و ئەوانەش بیریان لای گرتنەدەستی دەستەڵات بوو لە دوای ئەوان، کە ئەگەر ئەمجارە کەشتی جەنگی کێنتاکیی بۆ نمایشی هێز هاتبێت، لە ئایندەدا، ئەگەر بەرژەوەندی ئەمریکا بکەوێتە مەترسی، کێنتاکیی بۆ بەکارهێنانی هێز دەگەڕێتەوە.

ساڵی ١٩٠٨ دەریاوان چێستەر گەڕایەوە بۆ قوستەنتینیە، ئەمجارەیان نوێنەرایەتی گروپێکی دارایی نیویۆرکی دەکرد کە ئارەزووی بەدەستهێنانی پرۆژە زەبەلاحەکانی هێڵی ئاسنییان دەکرد لەو ئمپراتۆرییەتە شەکەت و ماندووە. دوای ماوەیەک چێستەری کوڕ (ئارسەر چێستەر)، لە سەر ڕێچکەی باوکی خەریکی داتاشینی ڕێککەوتننامەیەک بوون لەگەڵ تورکەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

(ئارسەر چێستەر) گەڕایەوە نیویۆرک بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای گەشەپێدانی ئەمریکی-عوسمانی. پڕۆژەکە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی بەرچاو بووەوە لەلایەن ئەوڕووپاییەکان، بەتایبەتی ئەڵمانیا.

لە ئەیلوولی ١٩٢٢دا، (ئارسەر چێستەر)ی کوڕ گەڕایەوە بۆ تورکیا بە نوێنەرایەتی کۆمپانیای گەشەپێدانی ئەمریکی-عوسمانی و هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای دا. کۆمپانیاکە داوای ئیمتیازێکی نوێی هێڵی ئاسنی کرد کە مافی پشکنین و دەرهێنانی نەوتیشی لەگەڵ بێت. سەردەم سەردەمی عوسمانییەکان نییە، کەمال ئەتاتورک و کۆمارییەکان، ئەمریکایان دەوێت لە ناو بازنەی ئەواندا بێت تاکوو فشاری بەریتانیا و فەرەنسا کەم بکەنەوە لە پێناو دەستکەوتی خاک و سیادە و هەڵوەشاندنەوەی سیڤەر و گرێدانی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا. تورکیای نوێ ئامادەیە سەد ساڵ ئیمتیاز ببەخشێتە ئەمریکا لە پێناو ڕازیکردنی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ پوچەڵکردنەوەی سیڤەر و لەبەرچاوگرتنی دیدی فراوانخوازی تورکیای نوێ.
سەرەڕای نەبوونی پشتیوانی فەرمی ئەمریکی بۆ (ئارسەر چێستەر) و تیمەکەی، دانوستانەکانی سەرکەوتوو بوون و ئیمتیازەکەیان لە ١٠ی نیسانی ١٩٢٣، تەنها دوو هەفتە پێش کۆبوونەوە لە لۆزان، لە تورکیا وەرگرت.

ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە، کە زمانی دانووسان و گفتووگۆی ئەمریکییەکان لە لۆزاندا، زۆر نەرم و سازشکارانە بوو لەبەرامبەر تورکیادا بە بەراورد لەگەڵ فەرەنسی و بەریتانییەکان. ئەمریکییەکان داوای سەرەکییان ئەوە بوو کە ناوچەکانی ئمپتاتۆرییەتی عوسمانی کۆن، لە ڕووی بازرگانییەوە بە ڕووی هەموو لایەکدا، کراوە بێت.

هەرچەندە، پاشان، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕەتیکردەوە (ئیمتیازی چێستەر) پەسەند بکات و لە ئەنجامدا تورکیاش ئیمتیازەکەی هەڵوەشاندەوە. بەڵام ئەتاتورک لە لۆزاندا ئامانجەکەی خۆی پێکا، کە بریتی بوو لە درز خستنە نێوان ئەوڕووپا و ئەمریکا.

سەرباری دەستکەوتەکانی تورکیا لە لۆزان، لەنگەرگرتنی کەشتی جەنگی کێنتاکی لە بەندەری قوستەنتینییە، بۆ هەمیشە، ڕەگ و ڕیشەی هەژموونی ئەمریکایی لە ناوچەکەدا، داکوتی.

بەشێکی زۆر لە مێژوونووسان هاوڕان، کە لە دەستدانی (ئیمتیازی چێستەر)، یەکێکە لە شکستە هەرە گەورەکانی ئەمریکا لە مێژوودا، تا ئێستاش یەکلا نەبۆتەوە، ئەمریکا بۆ ئەو هەلەی لە کیس خۆی چواند؟

ئێستا دوای تێپەڕبوونی ١٣٤ ساڵ بەسەر لەنگەرگرتنی کەشتی کێنتاکی لە بەندەرەکانی ئەستەمبوولدا، کەشتی زەبەلاحی جەنگ “باتان”ی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە کەنداوی عەرەبی/فارسی نزیک دەبێتەوە. هاوشێوەی هاتنی کێنتاکی بۆ ئەستەمبوڵ، باتان بۆ نمایشی هێز هاتووە؟ گۆڕانکاری نیمچە هاوشێوەی ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ئارادایە؟ هەموو ئەوانە پرسیارن، تەنها کات وەڵامیان دەداتەوە، بەڵام یەک شت ڕوونە:

ئەمریکا هەڵەی لەدەستدانی دەرفەتی (ئیمتیازی چێستەر) دووبارە ناکاتەوە.

___

پەیامەک ڤەکری بۆ پێ راببویێن رێکخستنا بنکەهێن دیاسپورا.

nusar1

لەیادی ڕێککەوتننامەی شومی جەزائیر

nusar1

سێگۆشەی بەرمۆدا جیهانە سەیرەکە

nusar1
KDC

FREE
VIEW