عەلی جمال
ژەهری یەکەم :
دراما تورکیەکان وەک ژەهرێکن کە کەناڵە کوردییەکان دەرخواردی بینەرانی دەدەن و بەم جۆرەش ئەو ئامانجە ئایدۆلۆژییە بەدیدێنن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵی بۆ دەدات”.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک وەک چۆن دەیەوێت لە ڕێگای سەربازیی و سیاسیی و ئابوورییەوە خاکی کوردستان داگیربکات، ئاواش هەوڵدەدات لە زنجیرە دراماکان و فیلم و میدیاوە ناسنامە و کولتوری کوردان هەڵبوەشێننەوە و هەستى نەتەوەیی تاکی کورد لاواز بکات، بەڵام کەناڵە ئاسمانى و ناوخۆییەکانی کوردستان جگە لەوەی بە پارەیەکی خەیاڵیی ئەم زنجیرەدراما و فیلمانە دەکڕن، بەبێ ئەوەی بیر لە دەرئەنجام و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی لەسەر کولتووری کۆمەڵگەی کوردیی بکەنەوە، وەک ژەهر درخواردی بینەران دەدەن، بەم جۆرەش ئەو ئامانجە ئایدۆلۆژییە بەدیدێنن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵی بۆ دەدات.
لە زنجیرە تەلەفزیۆنیی و فیلمەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا، جنێودان، سووکاتیکردن، توندوتیژی، قسەی ناشرین بوون بە شتێکی ئاسایی و باو، هانی بینەر دەدەن کە چۆن ژیانێک دابڕاو لە خێزان و کۆمەڵگە بژین، چۆن هاوژینەکان یەکتر فریوبدەن، چۆن پەیوەندیی خێزانیی تێکبدەن، چۆن توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجام بدن، چۆن دەمانچەیەک لە تەمەنێکی بچووکدا بەدەست بخەن و چۆن کەسێک بکوژن. بەم جۆرەش ئەم زنجیرەدرامایانە پێشەنگایەتی بۆ هەموو ئەو کارانە دەکەن کە تاک و خێزان و کۆمەڵگەی تەندرووست ناهێڵن.
دەرهێنەرە تورکەکان لە فیلمەکاندا هەرچی تایبەتمەندی خراپ هەیە بە کوردەوە دەبەستنەوە، وەک گەلێک کە تێکەڵی شارستانییەت نەبووە، وەک چەتە و مافیا، سەرپێچیکار، بێبەزەیی، پاشماوەی سەردەمی دەرەبەگایەتی، لە بەرامبەردا تورک وەک کەسێکی هاوچەرخ و قارەمان و داکۆکی لە بەها مرۆڤایەتییەکان وێناکراوە.
ئەوەی زیاتر جێی پرسیارە ئەم زنجیرەدرامایانە تەنیا لەباشوری کوردستان و هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەخش دەکرێن، تەنانەت دەوڵەتی تورکیا ڕێگە نادات لە میدیای ناوخۆی وڵاتەکەدا پەخش بکرێن، لە کاتێکدا کە خودی خۆی بەرهەمهێنەری ئەو ژەهرەیە
بەڵام زۆربەی دامەزراوە میدیاکانی کوردستان لەبری ئەوەی ئامانجیان باشترکردنی کۆمەڵگا و درووستکردنی تاکێکی تەندرووست بێت کە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانییان بۆ درووست بکات، هاندەر بن بۆ ڕاستگۆیی، لێبوردەیی و بەخشندەیی لەناو تاکەکانی ناو کۆمەڵگەدا، دواجار بۆ پاراستنی خاک و نیشتیمان، کەچی بە پەخشکردنی زنجیرە تەلەفزیۆنیی و فیلمەکانی دەوڵەتی تورک ئەوە ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئەم دامەزراوە میدییانە هیچ بەرپرسیارێتییەکیان بەرامبەر ئەم پرسە نەتەوەییانە نییە و هیچ ئامانجێکی کۆمەڵایەتیان نییە، تاکە کاریان بووەتە سەرقاڵکردنی خەڵک و پەیداکردنی پارە و بەدیهێنانی مەرامە ئادیۆلۆژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.
ژەهری دووەم :
هەرێمی کوردستان، دەرئەنجانی کرانەوەی سنورەکانی و تێکەڵاوبوون بەکلتورە جیاوازەکان، لەهەندێ لایەن وڕووەوە سوودو کەڵکمان وەرگرتووە و لەزۆر لایەنی ترەوە تووشی داڕمانی ئابوری وکۆمەڵایەتی و لێکترازانی خێزان و کۆمەڵگا بووینەتەوە.
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر بازرگانیکردن وبەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرو جۆرەکانیەتی، کەبەداخەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئامارەکان گەورەتر ومەترسیدارتر دەبن.
ئێراق بەشێوەیەکی گشتی، ژینگەیەکی لەبارو گونجاوە بۆ ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەری هاوردەکراو، چ وەک بەکارهێنان وچ وەک ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی، چونکە سنورێکی بەرفراوانی لەگەڵ دوو لە وڵاتانی بەرهەمهێنەرودروستکەری ماددەی هۆشبەرەکان هەیە، ئێران وسووریا.
لەدوای پرۆسەی ئازادی ئێراق لەساڵی 2003 ەوە دەرگای سنورە فەرمی و نافەرمی وڕێگاقاچاخییەکان کرانەوە، ئەم کرانەوەیە دەرچەیەکی گونجاو بوو بەڕووی بازرگانانی ماددەی هۆشبەردا، ئێراق بوو بەبازاڕێکی قازانجهێنەر. ئێراق لەوڵاتێک کەپێشتر تەنها ڕێرەوی بازرگانی بووە، گۆڕا بۆ وڵاتێکی بەکارهێنەری سەرجەم جۆرەکانی ماددەهۆشبەرەکان.
هەروەها دەرکەوتووە کەماددەی هۆشبەر زیاتر لەناوچە هەژارنیشینەکان بەربڵاوە، کەڕێژەی بێکاریان لەئاستێکی بەرزدایە، بەپێ ی راپۆرتەکان ڕێژەی بەکارهێنەرانی گەنجان لەناوچە زۆر هەژارەکاندا گەشتووەتە 70%.
مەترسییەکە زیاتر ئەوەیە کەزۆرترین بەکارهێنەران، تەمەنیان لەنێوان (15-30) ساڵیدایە، ئەمەش دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەر داهاتوی سەرمایەی مرۆیی لەئێراقدا.
لەهەرێمی کوردستانیشدا، تۆروباندەکانی بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر و تەنانەت بەکارهێنانی لەهەرێمدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەزیادبووندایە، ئاماروداتای ساڵ لەدوای ساڵ، گەورەترو زیاتر دەبن.
هەرێمی کوردستان، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی و هەوڵی دوژمنکارانەی وڵاتانی ئیقلیمی هەمیشە و بەردەوام لەبەردەم مەترسی لاوازکردن ولەناوبردندایە، لەئێستادا ماددەی هۆشبەر یەکێکە لەو چەکەشاراوە و کاریگەرەی کەبەکاردەهێنرێت. بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا دەبێتە دەردێکی کوشندەی بێ چارەسەر و کۆمەڵگای کوردی بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەگەر لەئێستادا بەپلان ویاسا وهێزێکی تۆکمەی ڕاهێنراوەوە ڕێگری لێ نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە داهاتوومان مەترسیدارو دژوارتر دەبێت.
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا، هەرێم زیاتر وەک ڕێڕەوی بازرگانی ئەژمار دەکرا، کەمادەی هۆشبەر هاوردە دەکراو پاشان بەڕێگای جیاواز و تایبەت ڕەوانەی ناوەڕاست وباشوری ئێراق و وڵاتانی تر دەکرا بەتایبەت ئەوروپا.
ئامارەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەهەرێمدا، مەترسیدارن و لەحاڵەتەوە بووە بەدیاردەو دۆسیەکانی دادگاکانی هەرێم شاهێدی ئەم ڕاستیەن. راستە شارەگەورەکانی هەرێم زۆرترین بەکارهێنەری مادەهۆشبەرەکانن، بەڵام ئەم دیاردەیە لەشارو شارۆچکە بچوک وگوندەکان، کەبەدەست نەبوون وکەمی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی هەلی کار دەناڵێنن، بوونی هەیە و ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبێت.