دکتۆر عەزیز ڕەواندوزی
ئێستا پەتای کۆڕۆنا لە لوتکەیە، کەسی تووشبووش کە پێشتر کەمتر لە ساڵێک تووش بوون، ئێستا تووش دەبنەوە، بەس دوێنێ زیاتر لە سێ نەخۆشم دیتووە، کە مانگی یازدەی ساڵی پار بە توندی تووشی پەتایەکە ببوون.
تێچووی هەردوو دۆزی ڤاکسینی فایزەر-بایۆنتیک، نزیکەی ٤٨دۆلارە، واتە نزیکەی ٦۰ هەزار دیناری عێراقی، یا بە واتایەکی دیکە تێچووی یەک پشکنینی کۆڕۆنا بە PCR، یان تێچووی دوو دەرزیMeropnim، یانیش تێچووی یەک پاکێتیFAVIPIRAVIRیاخود دوو جار دووبارە کردنەوەی تێستی D_diamer، کە هەمووشیان بێ سوودن.
کەواتە ئەگەر لە ماوەی ئەو شەش مانگەی کە ڤاکسین کەوتە وڵاتان و بازاڕاوە، بۆ هەر شەش ملیۆن کەس لە کوردستان هەمان ڤاکسین دیاری کرابا و، بە بەرنامەیەکی پوخت دابەش بکرابایە، ماڵ بە ماڵ بۆ هەژاران بێ بەرانبەر، وەک ئەوەی ئێستا بۆ دەوڵەمەند و هەبووش بە 100 دۆلار بوایە، ئێستا هەموو کەسێ لە کوردستان ڤاکسینی وەرگرتبوو، هاوکات ئەو قازانجەی لە هەبووەکان وەردەگیرا، ئەوا بۆ هەژارانی پێ دەکڕا و، بەوەش تێچووی هەموو ڤاکسینەکان لەسەر دەوڵەت بەلاش دەردەچوو.
ئەوەش جیا لەوەی مردن و پەککەوتە نەدەبوو، لە رووی ماددیشەوە، پارەی ھاتنەناوەوە و و دەرمان و پێداویستی دیکەی پزیشکی و ئۆکسجین، هەمووی بۆ دەوڵەت دەگەڕایەوە.
بۆیە هەتا زووە، ڤاکسین وەرگرە، ماسک ببەستە، دیسان هاتووچۆ و چوونە شوێنی قەرەباڵغ کەم بکەوە، تا تەندرووست باش و پارێزراو بن.