بەشی چوارەم لە کتێبی بۆرییە ئاوەکانی حوکمڕانی
نووسینی؛ چیمەن ساڵح
چاپ و بڵاوکردنەوەی: دەزگای وشە
زۆرێک سەربەخۆیی بەسەر قۆناغدا دابەش دەکەن یاخود دەیبەستنەوە بە ئەگەرێکەوە زیاتریش ئەگەریی دانپێدانان و بەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ڕاستیدا سەربەخۆیی بەو دانپێدانانە ناسنامەی پێ دەدرێ بەڵام لە ناوەڕۆکدا شتی دیکە ھەیە کە سەربەخۆیی پتەو دەکات یاخود دروستیشی دەکات. سەربەخۆیی سێ پێکھاتەی بنەڕەتی ھەیە:
پێکھاتە، قۆناغ نییە و دەبێ وەک یەک کار بۆ ھەموویان بکرێ. کاتێک بە باشترین شێوە بەرھەمی دەبێ کە ھاوکات بن لەگەڵ یەک لە پێگەیشتندا.
یەکێک لە پێکھاتەکان، چوارچێوەی نێو دەوڵەتی کە بە ڕێککەوتننامە یان بە دانپێدانانی نێودەوڵەتییە چوارچێوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتیی کەسایەتییەکی نێودەوڵەتی دروست دەکات. ڕەنگە بەلای ئێمەی کوردەوە سەخت بێ بەتایبەت کە ھەموو ھەوڵەکانی لەو پێناوەدا دراوە ئەو ئامانجەی بۆ دابین نەکردووین. دواترینیان ڕیفراندۆمی ئەیلولی ٢٠١٧. بەڵام ئەگەر تەماشای مێژووی جیھان بکەین سەخت و مەحاڵ نییە دەکرێ ڕووبدات.
پێکھاتەیەکی دیکەی سەربەخۆیی بریتییە لە بیری تاکەکانی کۆمەڵگا و حەز و ئارەزووی شکۆداریی و وڵات بنیاتنان و ھەستیی نیشتمانی. لە ئێستادا لە تەواوی دنیادا جەمسەرگیریی ڕوو لە زیادبوونە و گروپگەرایی و ناوچەگەراییش یەکێکە لەو گرفتانەی کە ھەڕەشەن بۆ سەر سیستەمی نوێی جیھان کە لە سەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی و جیھانگەرایی دروست بووە. بۆیە کۆمەڵگای ناجێگیر کە ھێشتا پایە گرنگەکانی بوونی خۆی دانەمەزراندووە، زیاتر دەکەوێتە بەر ھەڕەشە، تەکنۆلۆژیای زانیاری سەرەڕای ئەوەی کە ئامرازێکی ئەفسوناوییە لە پێکەوە گرێدانی مرۆڤایەتیی و بەھێزکردنی بەجیھانیی بوون بەڵام وەک ئامرازێکی دووسەرە کاریگەریی زۆریشی ھەیە لە بە لاڕێدابردنی را و خستنە بازاڕی کەلوپەل و بیروڕای بێ بەھا. کۆمەڵگای دامەزراو لە کۆمەڵێک شت دەترسێ کە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری مرۆیی کاریگەرییان ھەیە. کۆمەڵگای دانەمەزرا و بوونی دەکەوێتە بەر ھەڕەشە. بۆیە ھوشیاری دروستکردن و دروستکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بەڕێگای ژیرانە ھاوشانە بە دروستکردنی دامودەزگا گرنگەکان. بەتایبەتیی چەسپاندنی دادپەروریی ڕێگای ھەرە کاریگەر و روون و ئاسانە بۆ دروستکردنی کاریگەریی بەرنامە ھوشیارییەکان و بەرزڕاگرتنی بەھای مرۆیی و نیشتمانیی.
پێکھاتەی سێیەمی سەربەخۆیی دروستکردنی دامودەزگای بەھێزی کارگێڕییە. دامودەزگای کارگێڕیی بەھێز دەکرێ بە کرۆکی سەربەخۆیی دابنرێ. ئەو دامودەزگایانە دەبێ بتوانن سێکتەرە گرنگەکانی ژیانی مرۆڤ ھەموویان وەک کاتژمێر ڕێک بخەن. لە ھەموو وڵاتانی پێشکەوتووی جیھاندا ئەوە کراوە و بەرھەمێکی ئەدەبی و ھزری پیشەیی و ئەکادیمیی جیھانی زۆر گەورە ھەیە بۆ سوود وەرگرتن و بنیاتنانی سەکتەرەکانی ئابوری و دارایی و کۆمەڵایەتی و دادوەریی و تەندروستیی و پەروەردەیی و پەرەپێدانی ھەموو بوارەکان گرنگ پشت بەستن بەسەرچاوەی مرۆیی شایستە و قێزەونکردن و دانانی سزای توندە لەسەر گەندەڵی. ئەگەر وڵاتێک یان ھەرێمێک لەو ڕووەوە گەیشتە حاڵەتی ناکارایی کارگێڕیی و نادروستیی بەڕێوەبردن بەتایبەتیی تەشەنەکردنی گەندەڵی زۆر دروستە کە باری نائاسایی ڕابگەیەنێ و لە ماوەیەکی کورتدا چەندان یاسای کارا جێبەجێ بکات بۆ خۆ دامەزراندنەوە، ئەگەر نا ئەو نەخۆشییە کارگێڕییە ھەر ڕەگی خۆی بەرفراوان دەکات. ڕیشەکێش کردنی تا دێ زەحمەتتر دەبێ.
بەپێی ئەزموونەکانی ئێستای دنیا، پێکھاتەی سێیەم پێکھاتەیەکی گرنگە؛ چونکە بە بوونی دامودەزگای کارگێڕی بەھێز ئەو شوێنە پشتیوانی خەڵک و ھاووڵاتییان بۆ خۆی مسۆگەر دەکات، بە بوونی پشتیوانی خەڵکیش مانەوە و بەھێزبوون مسۆگەر دەکات.
لە دوای ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی تونس و میسر و لیبیا و یەمەن و سوریا و عێراق تەنانەت ئەوەش کە لە ئێستادا ڕوودەدات ڕاستی ئەوە دەسەلمێنێ کە ھیچ دەسەڵاتێک لە زۆر ناوچەی جیھان و بەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نییە کە ئازاد بێ لەوەی چی دەوێ بیکات و گرنگ ئەوەبێ لە چوارچێوەی سنوورێکدایە، بە پێشبینی ڕووداوەکان ئەم بارودۆخە زیاتریش ئاڵۆز دەبێ چونکە؛ لە لایەک دنیا خەریکە لە تاک جەمسەرییەوە بەرەو چەند جەمسەری دەچێ و بەمەش ململانێی نێوان گەورە ھێزەکان توندتر دەبێ و گەرەنتیی نەگۆڕان نابێ. دووەم، جیھانی پێشکەوتوو لە پێشکەوتنی زیاتری زۆر خێرادایە پێشبینییە زانستییەکان پێیان وایە ئەگەر جیھان تا ٢٠ ساڵی دیکە بەو خێراییەی ئێستا گەشە بکات پێشکەوتنی ھێندە زیاتر بەدی دێ بە جۆرێک وەک ئەوە دەبێ مرۆڤایەتی لە سەردەمی دۆزینەوەی نووسینەوە یەکسەر بچێتە ناو سەردەمی داھێنانی کۆمپیوتەرەوە. ئەو بارودۆخە لە کاتێکدایە کە جیھانی دواکەوتوو لەو سەردەمەدا ھەر لە دواکەوتنی زیاتردایە. بەم بەراوردە کەسی ژیر تێ دەگات کە چارەنووسیی بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی کە ئێستا سەر بە جیھانی دواکەوتوون لە دوای ماوەیەکی کورتی وەک بیست ساڵ چی بەسەردێ.
بۆیە نەبوونی سیستەم و دامودەزگای کارگێڕێی بەھێز کە ئاسانکاریی بۆ ژیانی خەڵک بکات کەمترین چەکە لەبەردەم ئەو ڕەشەبای گۆڕانارییەدا و بە بێ پشتیوانی خەڵک لەوانەیە ئەو سیستەمە دواکەوتووانەی کە ھەن ھەر نەمێنن. شێوازیی دەسەڵاتدارێتی نوێ بێتە کایەوە.
لە شوێنێکی وەک ھەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی عێراقیش ھەرێمەکە مافی سەربەخۆییەکی بەرفراوانی ھەبووە لە کارگێڕیی خۆیدا. بەشێکی ھەرە زۆری سەربەخۆییەکەی لەدەستی خۆیدا بووە بەدی بھێنێ.
بۆ ئێمەی کورد، کە ھەرێمی کوردستان لە مێژووی نوێدا درێژترین ماوەیە کە کورد بواری ئەوەی ھەبووبێ خۆی خۆی بەڕێوە ببات و لە ھەمان کاتدا دەسەڵاتڕەویی بە سەر چەندان پێکھاتەی دیکەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی جیاجیاوە ھەبێ کە ھاوبەشیی نیشتمانەکەی دەکەن. بۆیە، ئەم سەردەمە سەردەمێکی یەکجار گرنگە بۆ نەوەکانی داھاتوو ھەبوونی باشترین دامودەزگای خزمەتگوزاریی و کارگێڕیی و پتەوکردنی دیموکراسیی و لێبووردەیی و پێکەوە ژیان بە شێوەیەکی سەرەکی مانای زامنکردنی سەربەخۆیی ئەوانە. بەتایبەت لەم ناوچەیەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا چ لە رووی حوکمڕانیی و چ لە ڕووی بابەتەکانی کۆمەڵگایی، لەم دەڤەرەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست یەک کولتورییەکی نەرێنی زاڵە و ئەوەش سیستەمێکی نەویستراوە بۆیە دروستکردنی جیاوازیی بە ئاراستەی فرە کولتوریی بە مانای دامەزراندنی جۆرێکی دیکەیە لە حوکمڕانی لە ناوچەکەدا. کە نە با ئاسانی لە ناودەچێ و نە مێژوو بە کەمی دادەنێ و خەڵکی کوردستانیش بەرگریی لێ دەکەن و ناخوازن جارێکی دیکە لە سوڕێکی دیکەی چەوسانەوەدا بژین.
لە پێشەکی ناساندنی مێژوویی کتێبی بە ناوبانگی ( میر) ی نیکۆڵا ماکیاڤیلی باس لە شاری فلۆرەنسی ئیتالیا دەکات واتە شارەکەی ماکیاڤیلی تێیدا کاربەدەستی میریی بووە و میری تێدا نووسیوە. باس لە بارودۆخی ئەو شارە دەکات لە سەدەی پازدەیەم و شازدەیەمدا. دەڵێ شارێک نەبوو دەریا بیپارێزی وەک ڤینیسیا، یاخود لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی ئاینیدا بێ وەک رۆما بۆیە بۆیە سەرکەوتنی ئەو شارە بە پلەی یەک پشتی بە بەھرەمەندی کارمەندان و زیرەکی بازرگانان بانکدارەکان و زیرەکی سیاسیی سەرکردەکانی دەبەست. ئەمە بە دراو و ئەنجامەوە بە تەواوی بۆ ھەرێمی کوردستان راستە.