KDC

شكستی موشەكەكان

زکری مووسا

هەر لەسەرەتای دروستبوونی كیانی هەرێمی كوردستانەوە هەتا ئێستا، بەشێكی زۆری كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە وێستگە جیاجیاكانی سێ دەیەی ڕابردوودا، لەگەڵ ئەوەی ئاگاداری ورد و درشتی مێژوو و خەبات و ڕەوایەتیی دۆزی گەلی كوردستانن، بەڵام هەرێمی كوردستانیان وەك كیانێكی دەستكردی ڕۆژئاوا و ئەمەریكا و هەڕەشەیەك بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەقەڵەم داوە و لە چاویلكەی ئەمنییەوە سەیری ئەو قەوارەیەیان كردووە. بەشێكی دەستڕۆیشتووشیان بۆچوونیان خەشنتر و شۆڤینیتر بووە و هەرێمیان وەك داردەستی ئیسرائیل و هەڕەشە بۆسەر شیعە و جیهانی ئیسلامی وێنا كردووە. لەنێوانیشیاندا كەمینەیەكی بچووكیش هەبووە ویستوویەتی پێچەوانەی ئەو قەناعەت لای ناوەندی بڕیاری ئێرانی بڕسكێنێ كە دەكرێ مامەڵەیەكی واقعبینانە و ساخلەم لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكرێت.

لەونێوەندەدا پرسیاری سەرەكیی ئەوەیە ئایا بۆچوونی بڕیاردەرە سیاسی و ئەمنییەكانی ئێران لەبارەی هەرێمی كوردستان دەچێتە چوارچێوەی ڕاستییەوە؟ ئایا ئەو ترس و تێبینیانە لەشوێن خۆیانن و هەرێمی كوردستان مەترسیە بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئێران؟ هەرێمی كوردستان کە بەرهەمی خەبات و کۆڵنەدانێکی سەدساڵە و دەریایەکی خوێنی ڕۆڵەکانیەتی، كام بنەمای دراوسێتی پێشێل كردووە و كام بڕیار و جووڵە و كردەوەی هەرێم بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران؟ یان نا ئەوە بڕیار و كردەوەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانن بەردەوام كۆسپ و گرفت و ئاستەنگیان بۆ هەرێم دروست كردووە؟

لەوەش بترازێ لە بەرانبەر زۆرێك لە زێدەڕۆیی و پێشێلكارییەكانی حكوومەتی ئێراندا سیاسەتی دانبەخۆداگرتن و تەحەمولكردنی گرتووەتەبەر و هەردەم جەختی لە دۆستایەتی و دەستگرتن بە بنەماكانی دراوسێتی كردووەتەوە

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی لانیكەم بیست ساڵی ڕابردوو بدەینەوە دەبینین بە پێچەوانەی تێڕوانینی كۆماری ئیسلامی، هەرێم هیچ كاتێك نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران. لەوەش بترازێ لە بەرانبەر زۆرێك لە زێدەڕۆیی و پێشێلكارییەكانی حكوومەتی ئێراندا سیاسەتی دانبەخۆداگرتن و تەحەمولكردنی گرتووەتەبەر و هەردەم جەختی لە دۆستایەتی و دەستگرتن بە بنەماكانی دراوسێتی كردووەتەوە. نیازپاكانە قەناعەتی بە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە كوردەكانی ئێران هێناوە كە هیچ كردەیەكی سەربازی بەرانبەر ئێران ئەنجام نەدەن. هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە بووە بازاڕێك بۆ كاڵا و شتومەكی ئێرانی و سوودێكی یەكجار گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووە. لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی لەدوای 2003 یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسیی عێراق و فاكتەری تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییە ئاڵۆزەكانی عێراق بووەنە و ئەوەش خۆیلەخۆیدا بە سوودی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراقدا شکاوەتەوە. لەشەڕی داعشدا كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە سەنگەری پێشەوەی ئەو شەڕە دژوارە بوونە. تیرۆر و داعش هەڕەشەیەكی جددی بۆ هەموو جیهان و ناوچەكە و ئێران هەژمار دەكرا، پێشمەرگە داعشی شكاند و لە نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە یارمەتیی ئێران و جیهانی دا. لە ڕاستیدا تەنیا دراوسێیەكی ئێران كە بە نیازپاكی لەگەڵ ئێراندا ڕەفتاری كردووە و بۆ یەك چركەش نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشە ئەوە هەرێمی كوردستانی عێراق بووە. لەو سی ساڵەدا تەنانەت لە بەیاننامە و لێدوانە ڕەسمی و ناڕەسمییەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ناوەندە جەماوەرییەكانی هەرێمدا هەمیشە ڕەچاوی بنەماكانی ڕێزگرتن و دراوسێتی لەگەڵ ئێران كراوە، ڕێز لە سیاسەت و بۆنە و مەراسیم و مەفاهیمەكانیان گیراوە.

هەوڵدان بۆ دروستكردنی لێكترازان و دووبەرەكی، هاندان و ئاراستەكردنی لایەنە عێراقییەكان بۆ دژایەتیكردنی مافەكانی هەرێم و جێبەجێنەكردنی دەستوور و بڕینی بودجە و بەكارهێنانی دەستەڵاتی قەزایی عێراق بۆ دژایەتیكردنی هەرێم

لەبەرانبەردا سەرباری بوونی پەیوەندی سیاسی و ئابووری و هەبوونی نوێنەرایەتی و هاتوچۆی شاندەكانیان، بەڵام ڕەفتاری ئێران لەمەڕ هەرێمی كوردستاندا هەڵێنجراوی ئەو تێڕوانینە نێگەتیڤ و ئەمنی و نكۆلیكارە بووە كە حكوومەتی ئێران بە ئاشكرا و بە نهێنی بە ڕاستەوخۆ و بەناڕاستەوخۆ (لەڕێگەی شوێنكەوتوو و دەستوپێكانی) هەیبووە. دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی هەرێم و هاندانی لایەنە سیاسییەكان بۆ دژایەتیكردنی یەكتر و هەوڵدان بۆ دروستكردنی لێكترازان و دووبەرەكی، هاندان و ئاراستەكردنی لایەنە عێراقییەكان بۆ دژایەتیكردنی مافەكانی هەرێم و جێبەجێنەكردنی دەستوور و بڕینی بودجە و بەكارهێنانی دەستەڵاتی قەزایی عێراق بۆ دژایەتیكردنی هەرێم، بەرپاكردنی شەڕی بەردەوامی كولتووری و دەرونی و ڕاگەیاندن و بڵاوكردنەوەی پڕۆپاگەندە و هەواڵی بێبنەما لەدژی كوردستان لەناوخۆی ئێران و عێراق، هەوڵدان بۆ تێكدانی شیرازەی دەرونی و فكری و بەهاكان لەنێو دانیشتوانی هەرێم، هاوكاریكردنی هەواڵگری و سیاسی و ئیعلامی و دارایی بۆ هەموو ئەو لایەنە عێراقی و كوردیانەی كە لەدژی هەرێمی كوردستان چالاك بوونە، دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە بۆ بەرژەوەندییەكانی هەرێم لەڕێگەی لۆبیەكانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، یارمەتیدانی میلیشیاكان بۆ پەلاماردانی هەرێم لە شازدەی ئۆكتۆبەر و قۆناغەكانی دواتر، پەلاماری ڕاستەوخۆی مووشەكی بۆسەر خەڵكی سڤیلی و ژن و منداڵ بە پاساوی بێبنەما و ساختە و ناڕاست و دەیان و سەدان كردەوەی تر كە هەرهەمووی دەچێتە چوارچێوەی هەڕەشە و پلانەكانی كۆماری ئیسلامی بۆسەر سیادە و بەرژەوەندی و ژیان و مان و نەمانی هەرێمی كوردستان.

حكوومەتی ئێران ڕەنگە توانیبێتی ئاستەنگی گەورە لەبەردەم هەرێمدا دروست بكات بەڵام لە لەناوبردن و ملكەچكردنی بۆ ئەجیندای خۆی شكستی هێناوە

حكوومەتی ئێران ڕەنگە توانیبێتی ئاستەنگی گەورە لەبەردەم هەرێمدا دروست بكات بەڵام لە لەناوبردن و ملكەچكردنی بۆ ئەجیندای خۆی شكستی هێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا كردەوەكانی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی ڕای گشتیی و ناوەندە میدیایی و جەماوەری و مەدەنییەكانی هەرێم هەمیشە بەچاوی گومان و ڕەشبینی سەیری سیاسەتی ئێرانییەكان بكەن. دوایین كردەوە سەربازییەكەی ئێران لەدژی هەرێم لەڕێی مووشەكەكانیەوە كە تێیدا خەڵكی سڤیل و ژن و منداڵی بێتاوان كرانە ئامانج، هێندەی تر سیمای حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی لای خەڵكی كوردستان شێواند، ئەوە جگە لە كاردانەوە عێراقی و هەرێمی و جیهانییەكان كە لەسەر ئەوە كۆك بوون پەلامارەكەی ئێران بۆسەر هەولێر تاوانێكی ئاشكرا و بێ پاساو بووە. لەوەدا هاوڕا بوون پەلامارەكەی ئێران بۆسەر هەولێر پێشێلكردنی بنەماكانی دراوسێتی و یاساكانی نێودەوڵەتییە و ئامانجی ئێران تەنیا زەڕبەلێدان لە سەقامگیری و گەشە و ئابووریی هەرێم و تێكەڵكردنی هاوكێشەكان و پەردەپۆشكردنی شكستە ئەمنی و كێشە ناوخۆییەكانی خۆی بووە.

شكستهێنانی ئێرانە لەوەی مامەڵەیەكی تەندروست و بنیاتنەر لەگەڵ دۆزی كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بكات.

پێداگیریی بەردەوامی بەرپرسانی ئێرانی لەسەر ئەوەی بنكەی موسادیان لە هەولێر كردووەتە ئامانج و پشتبەستنیان بە بەڵگەی ساختە و بێبنەما هێمایەكی ڕوونە لەسەر دابڕانیان لەو واقیعەی كە لە دەورووبەریاندا هەیە، هەروەها شكستهێنانی ئێرانە لەوەی مامەڵەیەكی تەندروست و بنیاتنەر لەگەڵ دۆزی كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بكات.

ڕاستە ئێران وڵاتێكی بەهێزە و خاوەنی تەكنەلۆژییای سەربازییە و میلیشیا و تاقمی جۆراوجۆری لە ناوچەكەدا هەیە و پشت بە لۆژیكی هێز و یاسای دارستان دەبەستێت، ڕاستە حكوومەتی ئێران یاریكەرێكی لێزانە لە بەرپاكردنی قەیران و دروستكردنی ناسەقامگیری لە ناوچەكە و جیهان بەڵام بە دڵنیاییەوە لە بەرەی بەهاكان و دەستگرتن بە ئاشتی و دراوسێتی و دروستكردنی وێنەیەكی مەقبووڵ لەناو گەلانی ناوچەكە و جیهاندا شكستی هێناوە. حكوومەتی ئێران ئەو توانا ئابووری و مێژوویی و كولتووری و جیۆگرافیایەی هەیە لەبری ئەو وێنە خراپەی کە ئێستا لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا بۆخۆی خوڵقاندووە، ببێتە سەرچاوەی بووژانەوە و ئۆقرەیی و ئارامی و ئاشتی هەم بۆ خەڵکەکەی خۆی و هەمیش بۆ دراوسێكانی و ناوچەكە و هەموو جیهان.

___

جادووی پریمەرلیگ

nusar1

هەستداری

KDC

گەشبینی و خۆڕاگری دلاوەر هیچ سنوورێک ناناسێت

nusar1
KDC

FREE
VIEW