KDC

ئەو کتێبەی دەمانخوێنێتەوە و نایخوێنینەوە


فارس نەورۆڵی …


مێژووی نەتەوەکانی جیهان پڕن لە شەڕ و کوشت و کوشتاری ناوخۆیی و دەرەکی، بەڵام بە کۆتایی هاتنی شەڕەکە بەتایبەتی شەڕەکانی ناوخۆ، جارێکی دیکە نەگەڕاونەوەتە سەری و ژیانێکی نوێی سیاسییان دەسپێکردوە و بە ڕۆڵێکی نوێوە هاتونەتەوە ناو جیهان، بەڵام سەیری مێژووی کورد دەکەیت جۆرێک لە بێمتمانەیی پەیدا دەکەیت، چونکە مێژوویەکی هەلا هەلایە و بەردەوام بە هەمان مانا خۆی دووبارە دەکاتەوە کەشکاندنی یەکدییە. بەشێکی هەرە زۆری مێژووی کورد بۆ خۆمان نەماننووسیووەتەوە بێگانە بۆمانی نووسیوەتەوە دەکرێ بڵێین ئەو نەتەوەیەین، کە کەمترین نووسینمان هەیە لەسەر مێژووی خۆمان، ئەوانەش مێژووی کوردیان نووسیوەتەوە بەتایبەتی مێژوونووسانی نەتەوەکانی دەوروبەرمان، ئەوانیش وەک نەفرەتلێکراو باسیان کردوین. جارێک بە نەوەی جنۆکە، جارێک بە شاخاوی، جارێک بە شەیتان و دڕندە مێژوویی ئێمەیان نووسیووە. کەمیش نین ئەو مێژوونووس و شاعیرو زانای ئایینیانەی کورد خزمەتی شارستانییەتی ئەو نەتەوانەیان کردووە، کە هەتا ئێستاش نەفرەت لە کورد دەکەن. گەلێک کتێب هەن پێمان دەڵێ خاڵی لاوازی کورد بریتییە لە بیر نەکردنەوەو یەکتر کوشتن ویەکدی قبوڵنەکردن، پێمان دەڵێن ئێمە چی نەتەوەیەکی دڵسافین بەرامبەر دەرەوەی کورد و چی ناپاک و دڕندەین لەتەک یەکدیدا، یەکێک لەو کتێبانە ( شەرەفنامەی میر شەرەفخانی بەدلیسی )یە، کە باسی مێژوویەکمان بۆ دەکات پڕە لەکارەسات پڕەلەیەکتر کوشتن مێژوویەک تێیدا گیرمان خواردووە، گرفتار بووین پێیەوە و بەردەوام خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە و ناتوانین ئەو قۆناغە نەفرەتییە جێبهێڵین. ئێستا لە سەدەی بیست و یەکداین لە دوای نووسینەوەی شەرەفنامەوە هەتا ئێستا دەیان ڕووداوی ناو شەرەفنامەمان بەرهەمهێناوەتەوە، ئێستا گەلی کوردستان دوای ئەو هەموو ڕووداوانەی ناو مێژووی کورد خاوەنی حکومەتی خۆیەتی، ئەمەش ئاسان بە دەستنەهاتووە و قوربانی هەزار ساڵی کورد بەرهەمەکەی لێرەدایە بۆ لە ناوبردنی لە چوارلاوە بەردەوام پیلانی لە دژ دەگێڕن بۆخۆشمان بەویستی خۆمانبێت یاخود بێویست دەبینە بەشێک لەوپیلانانە، سەرەڕای کەم و کورتییەکان و ڕەخنەو گلەییەکان لەپرۆسەی سیاسی هەرێم ئەرکێکی ئەخلاقی هەر کوردێکە کار بۆ مانەوەو بەهێزبوونی پرۆسەی سیاسی هەرێم بکات، لە هەمانکاتدا ئەرکی مێژوویی سیاسییەکان و ڕۆشنبیران و حزبەکانە سەرەڕای جیاوازییەکانیان دەس بە پرۆسەی سیاسی هەرێمەوە بگرن، چونکە لاوازبوون یاخود کەوتنی هەرێم، جگە لەوەی کەوتنی هەموو کوردە، لە هەمانکاتدا نەمانی ئازادییە بۆ هەموو بیروباوەڕەکان. هەرچەندە جیاوازییەکانی ناو هێزە سیاسی و ڕۆشنبیرەکان ئەوەندە غەریزە کاریگەری هەیە، ئەوەندە ئەقڵ ڕۆڵی نییە و ڕۆژانەش بە کردار دەیبینین، کە لەبری ڕەخنە جنێو بەرهەم دەهێنن. بۆیە، کاتێک سایکۆلۆجیای سیاسی ڕۆشنبیر و سیاسییەکان دەخوێنیتەوەو ڕووداوەکانی ناو شەرەفنامە دەخوێنیتەوە زۆر لەیەک دوور نین بە ئامرازی دیکە ئەو ڕووداوانە بەرهەم دەهێنینەوە و ئەوە دەبینی گۆڕانکاری بەسەر ئەقڵ و بیرکردنەوەماندا نەهاتووە هێشتا هەر لەشەرەف نامەداین . بۆیەدەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە میرشەرەفخان بەردەوام شەرەفنامەمان بۆ دەنوسێتەوە، کەچی کورد نایخوێنێتەوە و پەندی لێ وەرناگرێت.

___

ئابووری جیهان لەسەر گڕکانێک خەوتووە

KDC

ناساندنی کتێب: ” کێوەکان تاقە دۆستی ئێمەن “…

KDC

ئێمە چیمان دەویست؟

nusar1
KDC

FREE
VIEW