KDC

بە یادی دۆکتۆر قاسملوو گەورە پیاوی رۆژە سەختەکان!

 

رەحیم رەشیدی

١٥ ساڵ چه‌ند قورس تێده‌په‌ڕێ‌و تاقه‌تی مرۆڤ‌و خۆڕاگری وی بۆ راوه‌ستان له ئاست دژوارییه‌کان‌داو مانه‌وه‌ی بۆ له بیر نه‌کردنی تاڵی‌یه‌کان چه‌ن قورس‌و قایمه.
ڕه‌نگه ئه‌مه هه‌نگاوێک بێ بۆ پاشه‌وه که مرۆڤ له بازنه‌ی ئه‌ندێشه‌کانی خۆی‌دا پاش ١٥ ساڵیش هه‌ر چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازیز بکاو له‌گه‌ڵ تروسکه‌ی به‌یانییه‌ک قیت‌وقنج هه‌ڵسێته سه‌ر پێ‌و به ئارامی‌و له‌سه‌ر خۆ بڵێ: ئه‌م کاته‌ت باش.
وا بیر ده‌که‌مه‌وه که ڕاوستان رێک له‌م خاڵه‌وه ده‌ست پێ ده‌کاو گه‌لێک جاریش له‌م ڕاوه‌ستانه‌دا ڕابردوویه‌ک له دایک ده‌بێته‌وه که ئێمه‌ له ترسی له ده‌ست دانی، دایم دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌و له‌م سۆنگه‌وه بۆ چوارده‌وری خۆمان ده‌ڕوانین‌و ڕه‌نگه لێره‌دا ئیدی خه‌ونه‌کانیش هه‌ر به‌گومانه‌وه له دایک بن.
گومانێک هه‌رگێز ناهێڵێ ئێمه له ناخی خۆمان‌دا ئۆقره بگرین‌و ئاسوده بین. گومان لای نه‌ته‌وه‌ی مه ئه‌ونه ده‌مه‌ زه‌رد کراوه‌ته‌وه که بلیمه‌ته‌کانیشمان هیندێک جار ناتوانن له گومان خۆ ببوێرن.
ده‌کرێ گومان له پانتایی خۆی‌دا جه‌وهه‌ری گۆڕان بێ، گۆڕانێک که قه‌ڵایه‌ک له قه‌تیس مانه‌وه‌ به‌ره‌و جوڵه سازبدا وه‌ک ئه‌و مه‌له‌وانه‌ی که خۆی له گۆلێکی ئارام داوێ‌و ده‌یشڵه‌ژێنێ‌‌و گیان به‌ به‌ر بوونی ون‌ بووی گۆل‌دا ده‌کاو واقیعێک ده‌خولقێنێ که به‌رهه‌می گومانه.
ده‌کرێ به دیوێکی دیکه‌دا بڵێین مه‌له‌وان بوونی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له شڵه‌ژانی گۆل‌دا ده‌بینێته‌وه‌و به‌ده‌م شه‌پۆله‌کان‌و شڵپ‌وهۆڕه‌کانه‌وه هه‌ست به واقیعی بوونی خۆی ده‌کا.
سه‌یره زۆر جار مه‌له‌وانه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی گیان به‌به‌ر شه‌پۆله‌کان‌دا بکه‌نه‌وه چه‌ن ساکار ده‌بنه قوربانی گومان‌و چه‌ن ساده له بوونێکی واقعییه‌وه ئارام ئارام ده‌چنه ناخی بێده‌نگی‌یه‌کی کوشه‌نده که بۆ ئێمه ته‌نها چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌م دێنێته‌وه.
چاوه‌ڕوانی گۆڕانی دەوران و گۆڕانی ته‌عبیرێکی نوێ بۆ خه‌ونه‌کان‌و ده‌رباز بوون له قۆناغێکه‌وه بۆ قۆناغێکی دیکه. ئه‌مه‌ مه‌ترسی‌یه‌کی کوشه‌نده‌یه که ئاوڕ له وزه‌و تواناکانی خۆمان نه‌ده‌ینه‌وه‌و به‌رده‌وام خۆمان له سه‌ر پرۆسه‌ی چاوه‌ڕوانی بهێڵێنه‌وه.
دوکتۆر قاسملوو 15 ساڵ به‌ر له ئێستا، خاک، نیشتمان، نه‌ته‌وه، مرۆڤ‌و خۆشه‌ویستی‌و ته‌نانه‌ت تیرۆریزم‌و توند‌وتیژی‌و زۆر چه‌مک‌و بابه‌ت گه‌لی دیکه‌ی بۆمه پێناسه کرد.
هه‌نگاوه‌کانی قاسملوو که بۆ ژووری دیالۆگ هاویشتنی، جیا له‌‌وه‌‌ی باوه‌ڕ به‌خۆبوونێکی قووڵ‌و شوێندانه‌ر له ناخی ئه‌ودا به ئێمه نیشان ده‌دا، له هه‌‌مان حاڵ‌دا ده‌مانهێنێته سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که قاسملوو هه‌رگیز له ده‌روازه‌ی گومانه‌وه بۆ دیالۆگ هه‌نگاوی نه‌نا، ئه‌و له لایه‌ک باوه‌ڕی به گۆڕان هه‌یه‌و ده‌خوازێ بۆ گۆڕان هه‌نگاو بنێ‌و له هه‌نگاوه‌کانیشی‌دا مرۆڤ وه‌کوو بونه‌وه‌رێک هه‌میشه لای پیرۆز بووه.
ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که قاسملوو له دڵ ره‌شی هێزی به‌رامبه‌ر تێنه‌گه‌یشتووه. به‌ڵکوو خوێندنه‌وه‌یه‌کی لۆژیکی ئه‌وه ده‌رده‌خا که قاسملوو له‌و باوه‌ڕه‌وه که ده‌کارێ گۆڕانێک به‌ره‌و باشتربوون بخولقێنێ خزایه نێو ژووره بێده‌نگه‌‌کانی دیالۆگه‌وه.
ئه‌مه به هیچ جۆر نابێ ئه‌و گومانه‌مان لا دروست بکا که قاسملوو به هه‌ڵه‌دا چوو، قاسملوو به‌م هه‌نگاوه دوو باوه‌ڕی گرینگی بۆ جێهێشتین:
یه‌که‌م: بۆ ئه‌وه‌ی گومانه‌کان له خه‌ونه‌وه بۆ دونیای واقیع بگوازینه‌وه ده‌بێ پرۆسه‌ی چاوه‌ڕوانی وه‌لانێین‌و به‌رده‌وام ئه‌و باوه‌ڕ‌ه‌مان تێدا دروست بێ که بۆ گۆڕان هه‌نگاونان پێویسته، هه‌نگاوێک که له‌سه‌ر بنه‌مای پیرۆزی مرۆڤ بۆ پێشه‌وه بهاوێژرێ.
دووهەم: خاڵێکی دیکه که قاسملوو بۆمانی کردۆته کولتوور ئه‌وه‌یه که ئێمه ده‌توانین له‌سه‌ر لایه‌نی به‌رانبه‌ری خۆمان شوێن دابنێین‌و وه‌کوو پێویست گۆڕانکاری تێدا دروست بکه‌ین. به‌ڵام ده‌بێ بۆ سازدانی ئه‌م پرۆسه‌یه ئارام، هێدی‌و له‌‌سه‌ر خۆبین‌و مرۆڤه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی نه‌ریتی که‌ره‌سته ببینیین، ئه‌وانه‌ی هاتن‌و قاسملوویان داییه به‌ر رێژنه‌ی گولله‌و کاک عه‌بدولڵاشیان له‌گه‌ڵ وی‌دا له ئێمه ئه‌ستاند، مرۆڤ به مانایی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نه‌بوون، ئه‌وان که‌ره‌سته بوون؛ ئه‌م که‌ره‌ستانه ڕه‌نگه خه‌میش دایان گرێ‌و تووڕه‌ش بن‌و به‌گژێ خۆیان‌دا بچنه‌وه، که‌واته ئاساییه‌ بڵیین ئه‌وانیش لە رەوتێکی جیاوازدا قوربانیین، قوربانی سیسته‌م‌و ئایدولۆژییه‌کن که ده‌یان هه‌و‌ێ یه‌ک ڕه‌نگ‌و یه‌ک بۆن‌و یه‌ک پێناسه به مرۆڤه‌کان ببه‌خشن، له حاڵیک‌دا قوربانیانی ئێمه‌و ئێمه‌ی هه‌ڵگری باوه‌ڕه‌کانیان، پێداگرین که ده‌کرێ له‌سه‌ر بنه‌مای لێک نه‌چوونه‌‌کانیش پێکه‌وه ئارامی بخولقێنین…
15 ساڵ تێده‌په‌ڕێ‌و ئێمه به خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر رۆژه‌ی بیرو ئەندێشەی مامۆستاو ڕێبه‌ری به‌توانامان، قووڵتر تێده‌گه‌ین که مرۆڤ پیرۆزه‌و هه‌موو باوه‌ڕو که‌ره‌سته‌و ئایدۆلۆژیایه‌ک ده‌بێ له خزمه‌تی ئینسان‌و بۆ ئینسان بێ…
ئێمه ناخوازین به خوێن گۆڕان پێک بێنیین. ئێمه بیر له خۆشه‌ویستی ده‌که‌ینه‌وه‌و هه‌ر له‌م ڕه‌هه‌نده‌ش‌دا ده‌توانیین بوونی خۆمان وه‌کوو واقیعێک هه‌ست پێبکه‌ین.
با له بیرمان نه‌چێت، ئه‌گه‌ر قاسملوو له سەردەمێکی ئاڵۆزدا بۆ دیالۆگ هه‌نگاوی نا، ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌وه بوو که نه‌گه‌ینه دۆخی چاوه‌ڕوانی‌و له خه‌یاڵی ڕێژنه‌ بارانی ڕه‌حمه‌ت‌دا بۆی نەنووین…

تێبینی:
ئەم وتارە کاتی خۆی لە بیرەوەری ١٥ ساڵەی شەهیدانی ڤیەن دا نووسراوەو لە گۆڤاری لاوان دا بڵاوکراوەتەوە.

#مسته‌ر_كورد

___

ئەگەر لەجێی كورد بواین چیمان دەكرد؟ 

KDC

لێی گەڕێن با یەكگرتوو بین!

KDC

کۆچی گەنج

KDC
KDC

FREE
VIEW