KDC

تاشان بەهار و فیلمی ئۆدری ، بەرهەمهێنەر & دەرهێنەر

ئاشتی گەرمیانی

تاشان بەهار وەکو دەرهێنەر یەکەم فیلمی نمایش دەکات لە ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری ١٤ / ٠٧ / ٢٠٢٤، لەشاری باس لە بەڕیتانیا. فیلمەکە بە ناونیشان (ئۆدری)-ە و چیرۆکی مرۆڤێکە، ئافرەتێک کە بۆ چل وپێنج ساڵ ژیانی تەرخانکرد بۆ خزمەتی پەرەپێدانی مۆزەخانەی پول و مێژووی پۆست – کە ئەم کارە بووە هۆی ئەوەی پاشاژن، ئلیزابێس، خەڵاتی میدالیای پێناسین بکبەخشیت بە ئۆدری. تاشان ماوەی سالێک خەریک بوو بە فیلمکاری و پۆست-پڕۆدەکشن فیلمەکەوە کە درێژخایەنی پانزە خولەکە، و سینەماتۆگرافەرەکەی ئەینزلی جۆنسن بەڕیتانیە. ئێستاش تاشان شادی خۆی دەردەبرێت کە لە شاری باس یەکەم نمایشی (ئۆدری) دەکرێت لە هەمان شار کە فیلمکاریەکەی لێکراوە و ئۆدری تێدا دەژیا. تاشان دەڵیت، جێی داخە کەوا ئۆدری ساڵی پار کۆچی دوایی کرد بە تەمەن نەوت و چوار ساڵی، بەڵام فیلمەکەم پێشکەشە بەو مرۆڤە بەرزە کە لە ڕاستیدا دەکاتە نەنکم.
تاشان بەهار، تەمەنی بیست و حەوت ساڵە، لەدایکبوو و دانیشتووی شاری لەندەنە، و کاری بەرهەمهێنان، نووسینەوەی سکریپت و دەرهێنانی فیلم دەکات. باوکی کوردە – کەی بەهار، و دایکی ئینگلیزە، جۆزی بەهار. هەر لە تەمەنێکی ناسکەوە، بە سێ ساڵی تاشان هەستی خۆ-نواندنی هەبوو لە ناو خیزانەکەیان، هەربۆیە دایک و باوکی پشتگیری بوون کە جگە لە باخچەی منداڵان، هاوتووچۆی خوێندنگای نواندن بکات، کە تایبەت دابین کراوە بۆ منداڵانی ساوا. ، سەرەتا لە ستەیج کەوچ بوو بۆ ماوەی چەند ساڵیک. بەتەمەن پێنج ساڵی تاشان یەکەم هەڵپەرکێکار بوو کە دەستیدەکرد بە نمایشی هەڵپەرکێی (ئازادی و خۆشەویستی)، لە کۆریۆگرافەری کەی بەهار، کە بۆ ماوەی یەک هەفتە لە فێستیڤاڵی هونەری نێودەوڵەتی شاری ئێدنبرە، لەگەڵ گروپی شانۆی کوردستان بەژداربوون لە سکۆتلەندا. دوابەدوای ئەمەش تاشان بەردەوام بوو لە کاری نواندن لە خوێندنگا، و هەروەها وەکو ئەکتەری پڕۆفێشناڵ بوو بە ئەندام لە تیپی شانۆ-موزیکالی لاوانی زەنیس لە شاری باس بۆ ماوەی پێنج ساڵ چەندان شانۆگەریان پیشکەش کرد. ئەو کارانەی زیاتر خۆشەویستن لای تاشان کە ڕۆڵی تێدابینیوە، (گریس)، و (گوڵەکانی ئیم)، کە سەرکەوتووانە ڕۆلی ئافرەتێکی زۆر بە تەمەنی دەبینی.
شایانی باسە کە تاشان بەهار یەکەم کچە کوردە بە تەمەنی نۆزدە سالی لە ٢٠١٧، توانی سەرکەوێتە سەر چیای کلیمەنجارۆ کە ٥٨٩٥ مەتر بەرزە، بەرزترین چیای ئەفریقیا کە لە وڵاتی تانزانیاە، و لەسەر لوتکەی چیاکەوە تاشان بە ڤیدیۆ پەیامی نارد بۆ بانگەوازی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی کوردستان، لەگەڵ شەکانەوەی ئاڵای کوردستان.
بۆ خوێندن زانکۆ تاشان بەکالۆریۆسی لە فیلمکاری تەواو کرد لە لەندەن چونکە زیاتر عاشق بوو بەکارکردن لە پشت کامیرا. دوای سێ ساڵ لە خوێندن و لەگەڵ تەواوکردن، تاشان دەستی کرد بە کار وەکو یارمەتیدەری بەرهەمهێنەر، و هەروەها بۆ دوو کاری وورد، بەخۆی بەرهەمهێانی کرد. دوابەدوای ئەمەش کارکردن لەگەڵ چەندان کۆمپانیای بەرهەمهێانی فیلم لە لەندەن لە ڕۆلی یاریدەدەر دەرهێنەر، کۆردینەیتەری بەرهەم و هتد، ئەمە جگە لە نووسینی سکریپت و دەرهێنانی فیلمەکانی خۆی. لەم کاتەدا تاشان خەریکی مۆنتاژە کردن کورتە فیلمێکی فیکشنە بە ناونیشان (پەنیر و نان)، و بەردەوامە لە کارکردن لە چەند فیچەر فیلمێکی سینەمایی بە هیوای ئەوەی بتوانیت زیاتر خۆی بجەسپێنیت لەناو بواری پێشەی فیلمکاری بەڕیتانی.
تاشان دەڵیت هەر لە سەرەتاوە دەمویست چیرۆکبێژی بکەم، چیرۆکبێژیەک کە سینەما و پیشەی فیلمکاری دەتوانێت بە وێنە بیگێڕێتەوە زیاتر چێژی لێدەبینم و دەبێتە هۆی بەهرەداریم. هەروەها هەر ڕۆژێک کارکردن لەو بوارە زۆر جیاواز و گرنگە، هەرچەند کە کارێکی سەختە و زۆر پێداگری پێویستە، بەڵام شادمانیەکی تایبەت دەبەخشیت پێم کاتێک پرۆژەکانم بە ئەنجام دەدەم.
شاناز و بەختەوەرم کە دوو رەگەزی کورد و ئینگلیزم و هەستدەکەم بەهۆی ئەم دوو کەڵتورەوە ژیانم زۆر ڕەنگینترە، و گەلێک شاد دەبم کە زیاتر کات بەسەر بەرم لە کوردستان بۆ ئەوەی زیاتر لە نزیکەوە هەست بکەم بەو بەشەی ژیانم. هیوادارم کە ماوە بڕوخسێت بۆ ئافرەتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان تاکو بتوانن بەژداریبکەن لە پیشەسازی فیلم و زیاتر خۆیان بنوێنن لەسەر پەردەی سیەما بۆ پاراستن و یەکسانی ڕاگرتنی مافی ژن و پیاو لە ناو بەرهەمهێانی فیلم لە پێش و پشتەوەی کامیرا. هیوادارم بتوانم هاندەربم بۆ ئەوەی زیاتر ئافرەتی کورد بەژداریبکەن لە فیلمکاری وەکو بەرهەمهێنەر.
لەم دواییەدا لە دوو فیچەر فیلمی سینەمایی کارم کرد کە ئێستا لە پۆست-پڕۆدەکشنن، و ئەزموونێکی زۆر نازدار بوو بۆ من بۆ زیاتر فێربوون. یەک لە فیلمەکان بە ناونیشانی (هەڤی وەیت)، لە درهێنانی کریستۆفەر ئەنتۆنی و ئواندنی جۆردان بۆلگار و نیکۆڵاس پینۆک بوو. هەر لە ٢٠٢٤ کارم کرد وەکو پرۆدەکشن کۆردینەیتەر لە فیلمی سینەمایی (وایت) لە دەرهێنانی ستیڤ وادینگتن، و نواندنی ئەنێورین بێرنارد و ڕەی وینستۆن.
خەونی من ئەوەیە بەرهەمهێان و دەرهێاننی فیچەر فیلمی سینەمایی بکەم لە دواڕۆژدا بۆیە لەم کاتەدا خەریکی کارکردنم لە چەند کورتە فیلمێک تاکو سی ڤی خۆم پەروەردە بکەم. ئەزموونی کارم هەیە لە بەرهەمەکان بۆ ئەپڵ تیڤی، نێتفلیکس، دیزنەی پڵەس و بی بی سی. هەروەها لەگەڵ باوکم، کەی بەهار وەکو یاریدەدەری دەرهێنەر یەک لە فیلمی (من لە کوێ بووم؟) و لە فیلمی (سکاڵا) کرم کرد. و بە هیوای ئەوەم کە لە داهاتویەکی نزیکدا دووبارە کاربکەم لە کوردستان و لەسەر ئاستی نێودەولەتی لەهەر لایەکی جیهان.

___

بەناساندنی کەلتوری کوردی لە ڕێگای ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردستانییەوە

nusar1

ڕێژیمی کوشتار لە ئێران

nusar1

ڕۆڵی کەریم لەڕیاڵ مەدرید

nusar1
KDC

FREE
VIEW