دکتۆر بابان ئەلیاسی
وابزانم ئەم بۆچونانەی فرانز فانون، زۆر نزیکە لە دۆخی ڕۆحی ئێمەی کورد وەک گەلێکی داگیرکراو.
فانۆن دەڵێ :- داگیرکار (کۆلۆنیالیزم ) بە شێوەیەکی سیستماتیکی و ڕێکوپێک گەلە داگیرکراوەکان (کۆلۆنیزە)لە مرۆڤ بوون دەسڕێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستی خۆ بەکەمزانین لای تاک و کۆی گەلی داگیرکراو.
لە کتێبی (پێستی ڕەش، دەمامکی سپی)دا باس لەوە دەکا کە چۆن داگیرکراو بۆچوونە ڕەگەزپەرستییەکانی داگیرکار (کۆلۆنیالیزم )لەناو خۆیاندا دەخەنە ناوەوە (ئینتریوریزاسیون)، خۆیان بە کەمتر دەبینن و ئاواتەخوازن بگەنە ئاست نۆرم و پێوەرەکانی داگیرکار ( کۆلۆنیالیزم). ئەم پرۆسەیە لە کولتور و مێژو و ناسنامەی خۆیان نامۆیان دەکات. ئەوان لە ڕوی دەرونییەوە گیریان خواردووە لە نێوان میراتی خۆیان و ئەو کولتورە ستەمکارەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە.
ئارەزوی سپیبون: فانۆن دەلێ :- کە زۆرێک لە کەسانی داگیرکراو ئارەزووی (سپی)بوونیان پەرەپێدەدەن، چونکە سپیبون بە باڵاتر و شارستانی هەست پێدەکەن. ئەمەش لە هەوڵەکانی وەرگرتنی زمان و ڕەفتار و بەهاکانی داگیرکاردا(کۆلۆنیالیزمدا) دەردەکەوێت، کە فانۆن بە “بەستنی دەمامکی سپی” ناوی دەبات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەمامکە دەبێتە هۆی ململانێی دەروونی قووڵ و ڕق لەخۆبوون.
فانۆن لە کتێبی “بەدبەختانی زەوی”دا لێکۆڵینەوەی لەوە کردووە کە چۆن توندوتیژی داگیرکار (کۆلۆنیالیزم )کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر دەرونی تاکی داگیرکراو (کۆلۆنیزە)هەیە. بەگوێرەی فانۆن، گەلە داگیرکراوەکان (کۆلۆنیزە)لە ژێر دەسەڵاتێکی توندوتیژدا لە دۆخێکی بەردەوامی ترس و زەلیلبووندا دەژین. ئەزمونی ڕۆژانەی بندەستبونی زەبرێک دروستدەکات کە کەسایەتی لە ئەوان دەگرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی چەندین کێشەی تەندروستی دەرونی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و شەڕانگێزی.
لە کاتێکدا کۆلۆنیالیستەکان لە ڕێگەی توندوتیژی جەستەیی و دەرونییەوە گەلە داگیرکراوەکان (کۆلۆنیزمە)بێ مرۆڤ دەکەن، فانۆن دەڵێ :-کە کۆلۆنیالیستەکان دەتوانن لە ڕێگەی توندوتیژی شۆڕشگێڕییەوە مرۆڤایەتی خۆیان وەربگرنەوە. بۆ فانۆن، ئەمە بۆ ڕزگاربوون لە زنجیرە دەروونییەکانی داگیرکراوی (کۆلۆنیالیزم) و ژێردەستی هەنگاوێکی پێویست بو.
داگیرکار (کۆلۆنیالیزم) زمان و کولتوری کۆلۆنیالیزم دەسەپێنێت، کە فانۆن وەک فۆرمێکی دیکەی داگیرکاری وهەژمونی دەرونی دەیبینیت. بۆ فانۆن، زمان تەنها ئامرازێکی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو بەشێکی سەرەکییە لە ناسنامەی مرۆڤ. کاتێک خەڵکی داگیرکراو ( کۆلۆنییزەکراو) ناچار دەبن واز لە زمانی خۆیان بهێنن و زمانی داگیرکراو (کۆلۆنیالیزم ) وەرگرن، ناسنامەی کولتوری و سەربەخۆیی خۆیان لەدەست دەدەن. ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە خودێکی پارچەپارچە، بەو پێیەی لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان دادەبڕێن .
فانۆن پێی وابو، هەتا دوای سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لە داگیرکاری فیزیکی وجەستەیی خاکەکان، داگیرکاری کولتوری و دەرونی زۆرجار بەردەوامە. بە شێوەیەک خەڵکە داگیرکراوەکان (کۆلۆنیزە) بەردەوامن لە سەیرکردنی خۆیان لە چاویلکەی جیهانبینی داگیرکارەوە، پارێزگاری لە پێکهاتەکانی دەسەڵات و ناسنامەی داگیرکار دەکەن.
بە گوێرەی فانۆن، جیهانی داگیرکار (کۆلۆنیالیزم ) بە سەر دوو دووانەدا دابەش بووە: داگیرکار و داگیرکراو ( کۆلۆنیالیزەر، کۆلۆنیزەکراو) (سپی ، ڕەش، شارستانی و دڕندە. ئەم جیهانبینییە دووانەییەک دەسەپێنێت کە هەموو شتێک کە پەیوەندی بە داگیرکار هەیە وەک باڵادەست و هەموو شتێک کە پەیوەستە بە داگیرکراو هەیە وەک کەمتەرخەم سەیردەکرێت.
مرۆڤە داگیرکراوەکان ( کۆلۆنیزە) بە تێپەڕبوونی کات، ئەم جیهانبینییە دەخەنە ناوەوە -ئینتریۆریزەیشن-. دەبێتە بەشێک لە خو و ڕەفتاریان وخۆیان بە شێوەیەکی سروشتی بەکەمتر دەبینن.
میللەتی داگیرکار ناسنامەیەکی جیاواز بۆ گەلی داگیرکراو (کۆلۆنیالیزەکراو)دروست دەکات، کە زۆرجار لە چوارچێوەی چەشنە چەقبەستووەکاندا دادەنرێت- نامۆ، سەرەتایی، یان توندوتیژ
فانۆن وەک پزیشکی دەرونی پێی وابوو ،کە بارودۆخی توندڕەوی ، هەژاری ، چەوساندنەوە و دورخستنەوە تێکچوونی دەرونی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان بەرهەم دەهێنێت. هەروەها ئاماژە بەوەدەدا کە ناتوانرێت باری دەرونی لەم بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسیانە چارەسەر بکرێت، بێ کۆتایی هێنان بە دۆخی داگیرکراوی. بۆیە داگیرکراوی دەبێت خۆی هەڵبوەشێنرێتەوە بۆ ئەوەی چاکبوونەوەی دەروونی ڕاستەقینە ڕووبدات.
فانۆن پێیوابوو بۆ چارەسەری بەکۆمەڵ گەلی داگیرکراو، چ لە ڕوی جەستەیی و چ لە ڕوی دەرونی، تاکە ڕێگایە بۆ چاکبونەوە، بریتییە لە وەرگرتنەوەی کولتوری ڕەسەن و ڕەتکردنەوەی ناسنامە سەپێنراوەکان و ڕوخاندنی سیستەمەکانی باڵادەستی.
فانۆن ڕەخنەی لە ڕۆشنبیر و چینی ناوەڕاستی گەلی داگیرکراو (کۆلۆنیزە) دەگرت، کە زۆرجار بەشدارن لە بەردەوامبونی بەهاکانی داگیرکار.
بە گوێرەی فانۆن، ئەم دەسبژێرانە، نوخبانە بە شێوازەکانی داگیرکار پەروەردە بوون، زۆرجار وەک نێوەندگیری نێوان داگیرکار و جەماوەری داگیرکراو (کۆلۆنیزە)مامەڵەیان دەکرد. دەوری نەرێنی و مەنفییان هەیەو، لە بەهێزکردنی ستەمی داسەپاودا. فانوون لەو باوەڕێدایە کە تەنها بە گۆڕینی سیستەمی داگیرکاری، ئەم دۆخە کۆتایی پێدێت.