KDC

بۆچی رووخانی رژێمی ئەسەد و سووریام پێخۆشە

.
هەڵۆ بەرزنجەیی ٨/١٢/٢٠٢٤

بە کورتی و بە خێرایی…..
هێندەی گەردیلەیەک زیان و ئازار بە داگیرکەرانی نەتەوە و خاکەکەم بگات، خۆشحاڵ دەبم و بە مافێکی سرووشتی زەمینی و ئاسمانی خۆمی دەزانم .
رووخانی دەوڵەتانی داگیرکەر ئەگەرچی بۆ من خەیاڵ نەبوو، بەڵام چووبووە دۆخێکی مەحاڵەوە. ئەم رووداوی رووخانی سووریایە زۆر گرنگ و هەستیارە و خەونی عروبەی وردوخاش کرد و چیدی ئەو نەعرەتانە نابیستین…
سووریا دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان و زادەی گەڕا ترووکاوە بۆگەنەکانی (سایکس – پیکۆ)ی تاوانە کە دەرهەق بە ئازادیی و ویستی نەتەوەی کورد نەخشەی بۆ کێشراوە.
نزیکەی سەدەیەکە ئەم دەوڵەتەی عروبەی کردۆتە دروشم و ئاینی لەسەر جەستەی نەتەوەکەم خۆی بنیات دەنێ و هەرچی پێ کرابێ لە سیاسەتی داگیرکاری نەتەوەیی و سەربازی و ئابووری و فەرهەنگی بۆ سڕینەوە و لە ناوبردنی کورد و کوردستان بەکاری هێناوە..
حیزبی بەعسی عەفلەقیش بەهەمان شێوە نزیکەی سەدەیەکە گەرا دەترووکێنێ و جوجەڵەی وەک ڕیوی و عەبدوڵا ئەحمەر و خەدام و فاروق الشرع دوژمنانی سەرسەختی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرست و نامرۆڤانەی دژ بە کورد بەرهەم دێنێ. ڕێوییەکەی دیمەشق و هەموو سەرانی ئەو حیزب و دەوڵەتە لە سەرە مەرگدا بوون، کەچی بێ شەرمانە دژی خواستەکانی کورد دەوەستانەوە و ئێستاش کە هەڵاتوون بە دڵنییایەوە دەستبەرداری ئەو بۆچوونانەی نابن .
هەڵتەکاندنی بونیات و ستراکچەری ئەم دەوڵەتە لە ڕەگ و ڕیشەوە دەستکەوتێکی گرنگی مێژووییە. جارێکی دیکە ناوەند هەرگیز وا بەهێز نابێتەوە. کاریگەری تەواویشی لەسەر دەوڵەتانی تری داگیرکەر وەک ئێران و تورکیا دەبێت. عێراقیش لە تاوان و ناوەندێتی دەسڵەمێتەوە چونکە دەوڵەتێکی تریش وەک خۆی هاتە ریزەوە. مۆدێلی دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزمی عەرەبی لە گۆڕ نرا و ئیدی هاوسەنگی ناوچەکە تەواو لاسەنگ بووە و داگیرکەرانی ئێمەی تێدا زەرەرمەندن.
سووریا بە قەڵای بەرەی خۆراگری و بەرەنگاریی عروبە خۆی ناساندووە، دەوڵەت و رژێمەکەی گەیشتبووە رادەی پەرستن .
سووریا بەدەیان دەیەیە بزووتنەوەی فەلەستینی ئەوانی تری ناوچەکەی لەژێر پەردەی ئەم ناونیشانەدا دادەدۆشێ و بەکاردێنێ بۆ خۆی.
سووریا پەیوەندییەکی قوڵ و فراوانی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستاندا هەیە و رۆڵی کاریگەری هەواڵگیریی و سیخوڕی لەناو حیزبەدا هەیە. ئەوەی مێژووی ئەم رووداو و پەیوەندییانەی لە بیر بێت ، دەزانێ سووریا توانیویەتی زۆربەی حیزبە کوردییەکان بە لاڕێی کوردایەتی ببات و رۆڵی گردەبڕ لە دژایەتی گەیشتنی کورد بە ئامانج بگێڕێ. بەم ڕووخانە هەموو فایلی فایلدارەکان دەردەکەوێ.
دەرکەوتنی ئەم فایلانەش پێداچوونەوەیەکی ورد و بەدیقەتی ئەقڵی و مێژوویی و سیاسییمان بەسەردا دەسەپێنێ!!…
ئێستا کورد دەرفەتی هەیە بەشی رۆژئاوا و باشوور زیاتر لێک نزیک ببنەوە و ئاوەزمەندانە بیربکەنەوە و کوردانە لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی خەبات بکەن و بڕیار بدەن.
هیچ دەستکەوتێکیش بۆ کورد لەدوای سەربەخۆیی نابێت لە کۆنفدراڵی کەمتر بێت..
ئایندەی دەسەڵات بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستانە نابێت کە هەموو کلکیان بە تورکیاوە گرێ داوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەی دەسەڵاتێکی تری وەک ئەفغانستان و ئێران نادات لەو ناوچەیەدا بەتایبەت.
تورکیا رۆڵی گرنگی دەبینێ لەم روداوانەدا ، هەتا ئێستا بە رۆحی سەرکەوتن لە خۆی دەڕوانێ. بەڵام ئەم رووداوانە وا نامێننەوە و بەئاڕاستەی ڕووەو تورکیاش وەردەچەرخێ!.. وەک یاریی دۆمینۆ لەگەڵ ئێراندا بەرودوا سەرەیان دێت. ئاشکرایە لە هەنووکەدا پەڕوباڵکردنی ئێران و لەناوبردنی دۆستەکانێتی حماس و حیزبوڵا و سوریا تا نۆرەی خۆی دێت..
ئەم چرکەساتە دەرفەتی زێڕینی گەڕانەوەی کوردە بۆ ناو مێژوو.. ئەم چانسەش گرێ دراوە بەوەوەی کورد باشتر هەبێت وەک هێز بە یەکگرتوویی و خۆی یار بکات و ڕێگە نەدا یاری پێ بکرێ. ئەو هەڵانە نەکاتەوە سووریا دروست بکاتەوە وەک لە باشوور عێراقمان دروست کردەوە.
پشتیوانی لە بەشی رۆژئاوای وڵات ئەرکێکی نەتەوەیی و مێژووییە.. دەبێت هەستیارانە لەو دۆخەدا رەفتار بکرێ .
(تورکیا و ئێران)یش وان بەڕێوە هەمان چارەنووسیان هەبێت.. نوخشەیان لێ بێت…
پیرۆزە لە نەتەوەی کورد و ئەو کەمە نەتەوەییانەی زوڵمی سووریا و بەعسیان بەسەرەوە بوو.

___

14.11ڕۆژی دامەزراندنی شاری شاران ،شاری سلێمانی پیرۆزبێت

KDC

خوێندنەوەو ناساندنی کتێبی
گەشتی ژیانم

KDC

دۆسیەی جینوسایدی گەلی کورد تاوەکو کوێ دەگات

nusar1
KDC

FREE
VIEW