KDC

سەرچاوەی مرۆیی و فەرھەنگی کار و پیشە

بەشی پێنجەم لە کتێبی بۆرییە ئاوەکانی حوکمڕانی

نووسینی؛ چیمەن ساڵح

چاپ و بڵاوکردنەوەی: دەزگای وشە

مرۆڤ سەردەمێکی دوور و درێژە بەرەو رەفتاری ئەرێنی ھەنگاو دەنێ. کاتێ لەم سەردەمەدا ناتوانی رووێکی شارستانی نیشان بدەی بێگومان زۆر دەکەویتە دواوە. زانای شوێنەوارناسی ئەمریکی جی. ئێچ. بریستید ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ لێکۆڵینەوەی شارستانییەتی مرۆڤ و بەتایبەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە مەزەندە دەکرێ لە بەراییترین ھەوارەکانی شارستانییەت بێ. بریستید لە کتێبەکەیدا بە ناوی ( سپێدەی ویژدان) ئاماژە بە راستییەک دەکات کە ژیانی شارستانی لە بەر لە ٣٥٠٠-٢٥٠٠ ساڵەوە دەستی پێکردووە ئەمە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەو سەردەمەدا و چەندان سەردەم دواتریش ئەو ئەوروپایەی کە ئێستا چاووگی پێشکەوتنە ھەر لە سەردەمی بەردیندا ژیاوە. بریستید بە دوو ئاکار ئاماژە بۆ شارستانییەت دەکات؛ یەکەم بریتییە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی بەند لەسەر جۆرێک لە یاسا و رژێم. دووەمیان ئامانجێکی ھوشیارانە کە ئەو سیستەمە بجووڵێنێ و بەو شێوەیە ھاووڵاتییان یان ھیچ نەبێ بەشێکیان ھەوڵ بدەن ئاکاری باڵای رەفتار پەیڕەو بکەن و بۆ یەکەمجار مرۆڤ جگە لە گرنگیدان بە جوانی و تەکنیک و ژمارەیان دەستیان پێکرد گرنگی بە شتێکی نوێ بدەن کە ( ویژدانی رەشتپارێزییە) 

سەرچاوەی مرۆیی و فەرھەنگی کار و پیشە

یەکێک کە ئاستەنگە ھەرە سەرەکییەکانی بەردەم گەشەکردن، بووژانەوەی ئابوری، دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بەرھەمھێنەر،  پێوەندیی ساردوسڕە لە نێوان تاکەکان و کار و پیشەدا.  ئارەزووکردنی پەرەدان بە توانا و بەرەو پێشەوەچوون بە ڕێگای تواناسازیی و ھەوڵی بەھرە پەیداکردن دەگمەنە. 

پلاتۆ دەڵێ ” ئەوەی نەبێ بە فەرمانبەرێکی باش  ناتوانێ ببێ بە بەڕێوەبەرێکی باش”،  واتە، سەرچاوەی مرۆیی بناغەیە بۆ کارگێڕیی و حوکمداریی باش. 

لە ماوەی دە ساڵی پێش تەنگژەی داراییدا، ژمارەیەک پرۆژە لە کوردستان جێبەجێ کران، بەشی زۆریی بە دەست و پلانی خەڵکی بیانی دروست کران. خەڵکی ناوخۆییش زۆرینەی لە خەمی ئەوەدا بوون ناویان لە لیستی موچەی حکومیدا بێ. 

ئەم جۆرە پێوەندییە نازیندووە لە نێوان تاک و کار کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێ لەسەر گەشەکردن و بووژانەوەی ئابوریی تاک و کۆمەڵگا. 

ئەو شێواز و بارودۆخە جگە لە بنبەست گەیاندنی گەشەپێدان کاریگەریش دەکاتە سەر بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، بەفیڕۆدانی سامان و دارایی، سەردەستەیی بیانییەکان. 

دوای تەنگژەی دارایی کوردستان کاریگەرییەکانی ئەو شێوازەی پێوەندی تاک و کار بە تەواویی دەرکەوت. ھەرچەند لێرەدا من مەبەستم لێدوان نیییە لە تەنگژەیدارایی و باسی کەلتووری کار دەکەم، ئەو شێوە کەلتوورە کۆمەڵگا دابەش دەکات  بەسەر چین و گرووپدا.

دوای تەنگژەی دارایی کوردستان کاریگەرییەکانی ئەو شێوازەی پێوەندی تاک و کار بە تەواویی دەرکەوت. 

کۆمەڵگا کاتێک بەرەو پێشەوە دەچێ ئەگەر لە ھەموو بوار و پیشەیەکدا خەڵکی کارزانی ھەبێ و پێیان بوترێ بازنی زێڕیان لەدەستدایە و کارناسێكی  سەرتۆپن، تاکەکانیش بە شێوەیەکی گشتی حەزیان لە فێربوونی پیشە بێ. 

کار بۆ زۆرێکی خەڵک بریتییە لە مانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک لە فەرمانگەیەک و لەبەرامبەردا وەرگرتنی موچەیەکی کەم. ئەوەی سەرنج ڕادەکێشێ  ئەوەیە کەمینەیەک خۆی سەرقاڵی پرۆژە یان کارێکی بچووک دەکات ئەویش مووچەیەکی بچووکی کەرتی گشتی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە ئینجا ئەو کارە دەکات. 

سەرەڕای ئەوە، بە متمانەوە دەڵێم لە وڵاتدا سەرچاوەیەکی مرۆیی دەوڵەمەندمان ھەیە، بەڵام ناخرێنە چوارچێوەی پلانەوە بۆ سەرمایەگوزاریکردن لە توانایاندا . زۆر ھەن بە ھیوایەکی گەشەوە دەست پێدەکەن پاشان ڕووبەڕووی دەیان ئاستەنگ دەبنەوە، ئیتر کە ناتوانن بچنە چوارگۆشەی داھاتووەوە و خەونەکانیان سنوردار دەکرێ لە جێی خۆیان نائومید دەبن و دەبنە ئەوەی کە لەسەرەتادا باسم کرد، دەست بە کات کوشتن دەکەن  لەبەرامبەر موچەیەکی کەم ھەندێک جار دواتر ناچار دەبن کارێکی دیکەی نیوەڕۆژ بدۆزنەوە تا پێداویستی خۆیان دابین بکەن بێ گوێدانە  پێشخستنی خۆیان لە پیشەی سەرەکیی خۆیان. 

جێیی داخە ئەو ھەموو وزەیە بەر لەوەی پێ بگات و کاریگەریی دروست بکات لەناودەچێ. بەڵام کێ بەرپرسە؟ 

پێویستە بەرنامەیەکی تواناسازیی زیرەک جێبەجێ بکرێ لەسەر دوو ئاست کار بکات; یەکەمیان کارکردن لەسەر ئەو بارە سایکۆلۆژییە نیمچە گشتییەی کە لە بێ ئارەزوویی بۆ کار و پیشە دروست بووە، ھۆکارەکانی زۆرن. دووەم، کارکردن لەسەر تواناکانی ئەو کەسانەی کە بە وزە و خولیان بۆ پێشکەوتن. چاکسازیکردنیش لە سیستەمی دابەشکردنی پلە و پایەی کار لەسەر بنەمای شایستەیی و ڕێزگرتن لە ئەزمون، کاریگەریی گرنگی دەبێ لەسەر ئاساییکردنەوەی پێوەندیی نیوان تاک و پیشە. 

ھاوکات لەگەڵ راگەیاندنی بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بانکی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی ٢٢٩ لاپەڕەیی دەرکرد، کە تیایدا دەڵێ” ئایندە ڕۆشنە، سامانێکی زۆری لاوانی بەھرەدار لە کوردستان ھەن.” 

فەرید بەلحاج، بەرپرسیی بەشی ڕۆھەڵاتی ناوەڕاستی بانکی نێودەوڵەتی لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ” تیمەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کوردستان سامانێکی دەوڵەمەندی سروشتی و خاکێکی بەپیت و فەڕ و دانیشتوانێک کە پڕە لە لاوی بەھرەمەند، حکومەتەکەشی نیازی چاکسازیی ھەیە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەیەوێ ھاوکاریی بکات.” 

بە تێبینییەکی سادە، ئەم خاڵانەی خوارەوەم بۆ دەرکەوتووە و دەکرێ سودیان لێ وەربگیرێ و واتا ببەخشن:

-بۆچی دەرچووی کۆلێژێک کە لەدوای تەواوکردنی خوێندن دەچێ لە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی یان کۆمپانیایەک کە کارگێڕییەکەی پیشەییە کاردەکات، دوای ماوەیەک دەیبینیتەوە زۆر لە ھاوڕییەکانی خوێندنی زیاتر شارەزایی و توانای کارکردنی پیشەیی پەیدا کردووە کە چوونەتە کەرتی گشتیی بۆ کارکردن. 

-پاش چەند ساڵێک ئەو گرووپەی یەکەم بەھێزتر و ئامانجدارتر و بە ئەزموونتر دەبن بەڵام ئەوەی کەرتیی گشتیی ڕوو لە تەمەڵیی و کات بەڕێکردن دەکەن. 

-گرووپی یەکەم زیاتر پابەندن بە کات و بەجێھێنانیی ئەرکەکانیان. 

-گرووپی یەکەم بەپێی تواناسازیی و ئامانجداریی و خۆپێگەیاندن خۆیان پێشدەخەن و پلەی خۆیان بەرزدەکەنەوە بەڵام کەرتی گشتیی زیاتر لە ڕێگەی ناشایستەی نزیکیی و خزمایەتیی و ھۆگەلی لەو شێوەیە پلەیان بەرزدەکەنەوە. ئەوەی بەپێی یاسا ھاندەرێکی ئەو تۆ نییە، بە یاسا تەنیا بواری ئەوە ھەیە ساڵانە سەرموچەیەکی ١٠ ھەزار دیناری عێراقییان بۆ زیاد ببێ. بۆ چوارساڵ یان پێنج ساڵ جارێکیش پلەیان بەرزبکرێتەوە و موچەکەیان لە٤٠-١٢٠ ھەزار دیناری عێراقی بخرێتە سەر، ھەموو پلە وپۆست دابەشکردنێکیش لەدەرەوەی ئەوەیە و بێ رەچاوکردنی شایستەیی و لە ئەنجامی ھۆیەکی لاوەکییە بۆ کار و پایە وەرگرتن. 

دەنگوباس ھەیە، کە گۆڕانکارییەک بکرێ ناوەڕۆکی یاساکە بە شێوەیەکی دیکە جێبەجێ بکرێ و بدرێتە دەست فەرمانگەکان، لە راستیدا ئەگەر گۆڕانکارییەکە ئەوە بێ، ئەوا کردنەوەی دەرگایەکی دوودەری فراوانە بۆ ناھەقی و واسیتەی زێدەتر بۆ پلە بەرزکردنەوە.

بەبەڵگەوە دەزانم، نوێترین فەرمانگەکانی کە دامەزراون لە تاقیکردنەوەی دەستپاکی و بەلانانی نیپۆتیزم و جێبەجێکردنی دادپەروەریی دەرنەچوون. 

-گرووپی یەکەم،  گرنگی بە تواناسازیی خۆیان دەدەن چونکە بەسودە. بەڵام گرووپی دووەم کە لە کەرتی گشتین، دوای ماوەیەک بەناچاریی یان گرنگیی بەو شتانە دەدەن کە (بەسودن!) یاخود، ڕۆژانە بێ ھیچ ئامانجێک کات دەکوژن. 

-گرووپی یەکەم،  ئەو کارەیان وا دانانێن کە بۆ ھەتاھەتایەیە، ھەمیشە بەدوای دەرفەتی باشتردا دەگەڕێن. بەڵام گرووپی دووەم کە لە کەرتی گشتین، بەشێوەیەکی گشتیی، وەک دوا چارەنووس تەماشای دەکەن و ھەوڵی دەرفەتی باشتر و خۆپەرەپێدان نادەن; ھەندێک جار گەورەترین خەونیان دەبێتە ئەوەی سەرکار یان بەڕێوەبەرەکەیان بگۆڕێ. 

کارگێڕی کاتێک کارایە کە بتوانێ کارمەندەکان لە نەشارەزاوە بۆ شارەزا بگوێزێتەوە، ئاستییان بەرز بکاتەوە، بەبەردەوامی زانیاریی نوێیان بداتێ. بەپێی پەیداکردنی ئەزموون و شارەزایی و مانەوە و بەردەوامیی لەسەر کار و ئەرک و بەرپرسیارێتییان بداتێ . ھیچ ماشێنێک نییە کەسی ئامادەت بۆ کۆپی بکات بۆ ھەر شارەزاییەک. جیھانی مۆدێرن وپێشکەوتوو پشتی بە ڕاھێنان و فێربوونی بەردەوام بەستووە. لە ھەموو پلە و ئاستێکدا ڕاھێنان ھەیە. بڕوانامە ھەرەبەرزەکانیش ڕاھێنان دەکەن. 

سەرمایەگوزاریی کردن لە سەرچاوەی مرۆییدا، کاریگەرترین جۆری سەرمایەگوزارییە بۆ پێشخستنی وڵات. بانکی نێودەوڵەتیش لە بەرنامە ھەرە سەرەکییەکانی خۆی دایناوە. ھەموو ئەو وڵاتانەش کە  ناونیشانی سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکیشیان پێ بەخشراوە، گرنگیدان بە سەرچاوەی مرۆیی لە بەرنامە سەرەکییەکانیان بووە، وەک کۆریای باشوور، سەنگاپوورە  مالیزیا، ڕواندا. 

___

پایز و سەمای گەڵا

nusar1

بێشکچی ..پیاوێک لە باوەڕ و زانست و تێکۆشانی مرۆڤ دۆستانە

nusar1

چی دەگوزەرێت لەناو گەنجانی تیک تۆک لە کوردستان

nusar1
KDC

FREE
VIEW