.
هەڵۆ بەرزنجەیی ٢٠٢٤/١٢/٢٤
دۆزی کورد لە سەرەتای سەتەی رابردوودا وەک قوربانییە هەرە زلەکەی سیاسەتی نێودەوڵەتی زانراوە و لەکەس شاراوە نییە . داگیرکاریی و دابەشکرایی کوردستان لەلایەن هێزە کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمییە ستەمکارەکانەوە بەتایبەت ئینگلیز و فەرەنسا و رووسیا ـ بەسەر چەند دەوڵەتێکی دەستکرد دا، تاوانێکە کورد و مێژوو لێی خۆش نابێت. خێرێکی سەرکەوتنی شۆڕشەکەی لینین لە ١٩١٧ دا لادانی پەردەی چڵکن بوو لەسەر رێکەوتننامەی بەدناوی سایکس – پیکۆ و کشانەوەی وڵاتەیەی لەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ ئینگلیز و فەرەنسادا مۆری کردبوو.
دمی دووەم جەنگی جیهانیدا رووسیا هاتە کوردستان و هاوکارییەکی باشیلە دروستبوونی (کۆماری کوردستان)دا بوو. پاش بەدەستهێنانی بەژەوەندی نەوت لەگەڵ ئێران ڕێکەوت و ، کوردیان بە گورگان خواردوو دا. کورد رۆڵی لە مێژوو و سەرکەوتنەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا گێڕاوە. دوای سەرکەوتنیان بەسەر ئەڵمانیای هیتلەریدا سۆڤیەت بووە بلۆکێکی گەورە و ڕۆڵی گرنگی لەسەر شانۆی جیهان دەگێڕا.
بەشی هەرە زۆری وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵاتی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، وەک بلۆکی سۆسیالیستی یان رۆژهەڵات ناسرا. دوای کۆتایهاتنی دووەم جەنگی جیهانی و سەرهەڵدانی جەنگی سارد سۆڤیەت سیاسەتێکی دژە رۆژئاوا و ئەمەریکای گرتبەر و دەستی کرد بە پشتیوانی کردنی بەشێکی زۆری گەلان لە ئاسیا و ئەفەریقا. لەم قۆناغەدا سۆڤیەت دەیتوانی رۆڵی گرنگ لە پشیتوانی دۆزی کوردیشدا بگرێ. ساڵی ١٩٦٣ لێ دەرچێ لەڕێی مەنگۆلیاوە داوا کرا کێشەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان باس بکرێ، هیچی تر پێشکەش بە کورد نەکرا. راستە سۆڤیەت بە نهێنی جۆرە پەیوەندییەکیان بە شۆڕشەکانی کوردەوە هەبووە و دەشێ لە سنوورێکی تەسکیشدا هاوکاری پێشکەش کرد بێت، بەڵام لە ڕووی سیاسی یاخود چارەسەریی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هیچ رۆڵێکی مێژوویی نەگێڕاوە، مەگەر سیاسەتێک بە قازانجی دەوڵەتە ناوەندییەکانی داگیرکەری کوردستاندا شکابێتەوە ئەو ڕۆڵی تێدا گێڕا بێت.
سۆڤیەت لەسەردەمی لینین دۆست و هاوکاری ئەتاتورک بوو. ستالین بۆ نەوت ملی بۆ قەوام سەڵتەنە دا، سەرکردەکانی تریش پەیوەندی توندوتۆڵی سیاسی، ئابووری، سەربازی و فەرهەنگی و زۆر بواری تریان لەگەڵ ئەنقەرە و بەتایبەت بەغدا و دیمەشق بەست. ئێران ئەودەم گەورە دەوڵەتێکی سەر بە بلۆکی ڕۆژئاوا بوو. لەم قۆناغەدا سۆڤیەت بە گشت تواناکانییەوە دەیویست لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا و لە سێبەری گەیشتن بە سۆسیالیزم بێ بڕینی کاپیتالیزم کورد بخاتەوە خزمەتی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان. لێرەدا جوڵانەوە کوردییەکان کەوتنە ژێر کاریگەرێتی ئەم سیاسەتە و دروشمەکانی بەرژەوەندی سۆڤیەتیان لەخۆوە پێچا. بۆ نموونە:سۆڤیەت لە باشترین دۆخدا لەگەڵ چارەسەری ئۆتۆنۆمی بە مۆدێلەکەی خۆی بوو!..ئەویش کاتێ کوردیش لەبەرخاتری سیسەتی دەرەوەی شورەوی پێویستە بوو بۆ سەرخستنی سۆسیالیزم لەم دەوڵەتانەدا سیاسەتی دژە ئیمپریالیزم و زایۆنیزم بکاتە دروشمی سەرەکی ئامانجەکانی.
بەم شێوازە داوای سەربەخۆیی کوردستان لە گۆڕ نراو و بەرەیەکی فراوان لە کۆمۆنیست و چەپی کورد لە حیزب و دەرەوەی حیزبدا وەدووی ئەم ئامانج و دروشمانە کەوتن و گورزێکی کوشندەی کەمەرشکێن بەر دۆزی کورد کەوت و بوو بەژێر دەرفەتی زێڕینی ڕەوڕەوەی رزگاری گەلانەوە. ئەو رۆژگارە وەک ئێستا دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین شێوە نەخشەی لەناوبردنی کوردیان راگەیاند بوو. کەچی چەک و تەقەمەنی و ڕاوێژ و پشتیوانی سۆڤیەت بۆ سوریا و عێراق بەردەوام بوو. ئەوەی پێی دەوترێ بەرژەوەندی ئیمپریالیزمی کە ئەمەریکا نوێنەرایەتی دەکات ، سۆڤیەتیش هەمان سیسەتی پێڕەو دەکرد و تێیدا بەشدار بوو.
هەنووکە لەم سەردەمە پڕ لە گۆڕانکاری و پێشکەوتنەەدا پۆتین سەرۆکی روسیا لە دوا کۆنفرانسی ساڵانەی رۆژنامەوانیدا لە رۆژی ٢٠٢٤/١٢/١٩ دا دەڵێ: { وەک دەزانین بەر لە ١٠٠ ساڵ مەبەستی پەیمانی سیڤەرا بەڵێن بەکورد بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەت درا بەڵام دواتر هێزە براوەکانی جەنگ کوردیان خەڵەتاند. ئێستا دەبێت کێشەکەیان چارەسەر بکرێت}.
ئەم دەربڕینە راستە و جێی پێزانینە کەوا پۆتین داوای چارەسەری دۆزی کورد دەکات، وەک نەتەوەیەکی زوڵملێکراو بە گەرمی پێشوازی لێ دەکەین بەڵام: خۆی و وەزیری دەرەوە و سیاسەتی فەرمی دەوڵەکەیان چەندین جار دژ بەوە وەستانەوە گوایە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا دەیانەوێ دەوڵەتێک بۆ کورد لە ڕۆژئاوای کورستان دابمەزرێنن. ئەوان دەیانویست کورد بگێڕنەوە بۆ ژێر چەپۆکی سووریا. هەروەها هەتا خۆی هەمەکارە بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هیچ دەستپێشکەرییەکی لەم رووەوە نەکرد. ئینجا دەڵێ:{ کوردەکان ٣٥ ملیۆن کەسن بۆیە خاوەنی پرسێکی ڕژدن و کوردەکان جوامێر و جەنگاوەر و دلێرن و دەبێ کێشەی کورد چارەسەر بکرێ . دەبوو لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەسەد چارەسەر بکرێ ئێستاش دەرفەتە کە چارەسەر بکرێ لەگەڵ ئەو لایەنانەی کۆنترۆڵی سوریا دەکەن}
انە لە بنەڕەتدا دروستن و گەردیان لەسەر نییە و کوردیش بەوپەڕی دڵخۆشییەوە پێشوازی لێ دەکات، بەڵام وەک بینیمان بە پێچەوانەوە خودی پۆتین و رژێمەکەی وەک جاران و زیاتریش بوونە دۆستێکی گیانی بە گیانی داگیرکەرانی کوردستان لە سووریا و ئێران و عێراق و تورکیا. ئیدی بە چ روو و لۆژێکێکەوە داوای چارەسەر دەکات و ئەم داوایە لە کێ دەکات؟!.. لە ئەردۆغان و الشرع و خامنەئی و مالکی؟! ئەی بۆ خۆی گوشار دروست ناکات، چۆن توانی زیاتر لە ٤٠٠٠ هەزار چەکداری ئێرانی لە سووریا ڕزگار بکات؟ . بۆ دەتوانێ وەک زلهێزێک هاوپەیمانی (بریکس) بەڕێوە بەرێ و ساڵانێک بە دەزگای هەواڵگیریی و سوپا و هێزی ئاسمانی خۆییەوە پارێزگاری لە سووریای ئەسەد بکات؟ ئەی بۆ کاریگەرێتی سیاسی سەربازی و دۆستایەتی خۆی بەکارنەهێنا بۆ کۆتاییهێنان بە مەینتیەکانی کێشەی کورد ؟.
ئەی بۆ ئێستا گوشار لەسەر ئێران دروست ناکات کە ترسناکترین سیاسەتی دژە کورد پێڕەو دەکات؟! داخۆ کەس هەیە لە دنیادا لەسیاسەتی دڕندانە و خوێناوی تورکیای ئەردۆغان بەرانبەر بە کورد ئاگادار نەبێ؟!. دەی نقەیەک بۆ ناکات؟.
ئەوەی واقیع و مێژووە و بەچاوی کوێریشدا دەچەقێ، ئەوەیە سۆڤیەتی دوێنێ چەندین نەتەوەی بندەست لەژێر دەسەڵاتی بوو و ئێستاش هەروەها روسیا کۆمەڵێ نەتەوەی بندەستی هەیە و مەحاڵە لەم دۆخەوە رووسیا لەگەڵ خەباتی رزگاری و ئازادی گەلان و دامەزراندندنی دەوڵەتدا بێت؟! . هەروەک چۆن کەس ئامادە نییە بە هوشیارییەوە ڕووی تفەنگ لە خۆی بکات.
بیروڕا و بۆچوون لەسەر ئەو ڕاگەیاندنەی پۆتین بەڵگەی ئەوەیە چارەسەری دۆزی کورد لای ئەو و دەوڵەتەکەی نییە. هاوکات قسەکانی بە توێکڵن و جۆرێکە لە خۆڵکردنە چاوی کورد و سرەواندنی سیخورمەشە لە ڕۆژئاوا و ئاگادارکردنەوەی کوردە کە ساویلکانە دووی گفتی درۆزنانەی ئەمەریکا نەکەون .
یاخود ئەوەیە کورد لەم هەلومەرجە نوێیەی بەسەر سووریادا هاتووە ڕەنگە چانسێکی مێژووی بۆ دروست بێت و بگاتە مافەکانی ! پۆتین لە ئێستاوە دەیەوێ بنەوانی دۆستایەتی لەگەڵ هەڵنێ. ئەگەر وانییە ئەرێ داوای چارەسەری کێشەی کورد کەی لەگەڵ ئەم وتەیەی تری پۆتیندا دەگونجێ کە دەڵێ:{ ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە سەروەری خاکی وڵاتان پارێزراو بێت بە سووریای ئێستاشەوە لەژێر کۆنتڕۆلی دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکەدا{.
ئەم قسەیە و هەمووی ڕاگەیاندنانەی تری ئێرە و ئەوێ کە داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، وەک قسە و راگەیاندنەکانی بەرپرسانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانە.ئەوانیشین بەردەوام بە بیانووی شینوشەپۆڕی پاراستنی پیرۆزی یەکێتی سنوور و خاکی وڵات کورد دەکوژن. قسەکەی پۆتین و ئەردۆغان و خامنەئی ئەوانی تر هیچ جیاوازییان نییە.
کەواتە ئەوە گرنگ و پێویستە لەم رووداوە پەندێ وەرگرین. سەرەتا دەبێت کورد خۆی بکاتە خاوەنی پرۆژەیەکی نەتەوەیی و ئاوات و ئامانجی خۆی تێدا مانیفێست بکات و پێشکەش بە دۆست و دوژمنی بکات . دەستی دۆستایەتی برایەتی بۆ هەر کەس و لایەنێک لە ڕاست و چەپ و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا درێژ بکات کە پشتیوانی لە دۆزەکەی دەکەن و داوای چارەسەرێکی رەوای بۆدەکەن. ئەو کات ئیدی بەر توانجی پۆتین ناکەون و بە ژەهری تاڵ و شەکری شیرینی هیچ کەس و بەرە و دەوڵەتێک تەفرە ناخوات ودۆست و دوژمنەکانیشی بە ئاسانی دەناسێتەوە..
من لەمیانەی ئەم وتانەی پۆتیندا لە لایەک بایەخ بە نێونەتەوەیی بوونی دۆزی کوردیش دەبینم و لە لایەکی تریشەوە جۆرێک لە دەبڵ مۆڕاڵی لای ناوبراو و هاوشێوەکانی بەدی دەکەم.
بە کورتی و کرمانجی، نابێت ئێمەی کورد ڕێگە بدەین چیتر بەم قسە چەور و لووسانە هیچ لە خشتە ببرێنەوە