کاتێ ئەم دیوانە بەدەستەوە دەگرم، شەپۆلێک لە یادەوەری و هەستی برایەتی تایبەت کە بەرهەمی زیاتر لە سێ دەیەیەی پەیوەندیە لەگەڵ براو هاورێی خۆشەویستم کاک خامۆش دا وەک پانۆڕامایەک بە بەرچاومدا بە خێرایی تێدەپەڕێ.
من و خامۆش جگە لە لایەنی دۆستایەتی و برایەتی نێوانمان لەگەڵ ئەوەشدا دراوسێین و ساڵانێک لە ناوەندی کوردی پێکەوە کارمان کردووە و هاوبەشی ئەدەبی و رۆشنبیریمان هەیە و پێکەوە کۆڕمان بۆ پەشێو بەستوە و خۆم کۆڕم بۆ خامۆش ساز داوە و شیعیرم لە گۆڤاری خوێندکاری کورددا بۆ بڵاوکردۆتەوە. لەبواری بیرکردنەوەشدا شاعیر پاراوە بە بیری کوردستانی و کوردایەتی کردن، بۆیە لەم خاڵەشدا هاوبیرین..
گەر بێتوو هەموو ئەمانەش نادیدە بگرین، وا باس و خواست و جیهانبینییە فراوان تژی لە ئاوەز و مەعریفە و رۆشنبیرییەکەی مامۆستا مەسعوود محەمەد دەمێنێتەوە وەک سایە و ساباتی کۆکەرەوە و بەیەکگەیشتنمان لەتەک خامۆشی شاعیردا .
بۆ خۆشم زۆر سەرسامی دەقە شیعرییەکانی شاعیرم و ئەو جۆرەی بە جوڵە و زمانی جەستەی لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیدا بەرجەستەی دەکات. زیادڕەویی ناکەم گەر بڵێم خامۆش یەکێکە لەو شاعیرە سەرکەوتوانەی زۆر جوان شیعری خۆی دەخوێنێتەوە و هارمۆنی دەکات لەگەڵ جوڵە و زمانی جەستەی دا…
ئەم هەموو هۆ و هۆکارە کاریگەرییان لەسەرم هەیە و دەبنە ئامڕازی پتەوکردن و توندوتۆڵکردنی بەستەرەی ڕۆحی نێوانمان .
ئێستا دەزانم بەسەرکردنەوەی ئەم هەموو مێژووە پڕ لە وێستگە و قۆناغە جیاوازانە لە پەیوەندیمان کارێکی سەختە.
بینینی ئەم دیوانە زۆرم دڵخۆش دەکات، چونکە بەوپەڕی ڕاشکاوانەوە دەڵێم: یەکێکم لەوانەی بەردەوام دەنووکم لەسەر شاعیر بوو، دندەم دەدا و دەستەودامانی دەبووم، بیر لە خۆی بکاتەوە و با ئەوەی بە درێژایی و پانایی تەمەنێک بەرهەمی هێناوە بە فیڕۆ نەڕوات و وەک کۆرپەلەی خۆی بیگرێتە ئامێزی خۆیی و بیخاتە ناو خانەی رۆشنبیریی و ئەدەبی کوردییەوە . بە کورتی خاوەنی ئەم دیوانە ئەو دەفتەر و لاپەڕە پەرشوبڵاوانە خۆی کۆ بکاتەوە و لە دووتوێی بەرگی کتێبێکدا پێشکەش بە خوێنەران و کتێبخانەی کوردی بکات.. خۆشبەختانە ئیتر دوای بە ئەنجامدانی ئەم کارە ئێستا ئەو مەراقەم نەما!..
کاتێ ئەم دیوانەم بەدەستەوەیە، وەک نازدارێکی خنجیلانە و پریاسکەی دەیان و سەدان باس و خواستی جۆراوجۆر لێی دەڕوانم و بەدڵەوەی دەنووسێنم. بە گەرمی لە باوەشی دەگرم و وەک هاتنەدی حەزێکی خۆم تەماشای دەکەم.
سوپاس شاعیرە هەست ناسکەکە بۆ ئەم دیارییە جوان و خۆشەویست و هێژایە،
سوپاس نەتهێشت ئەو هەموو وشە ناسک و شیعرە بەرز و قەسیدە بەپێزانە بچنە قورگی لە بیرچوونەوەوە.
سوپاس کە دید و بینایی ئێمەت بە دیوانەکەت شاد کرد.
سوپاس ئەم هەموو وشە پاراو و ئاوازدار و شیرینە کوردییەت وەک دەنکە مرواری و یاقووت کردۆتە ملوانەی ملی ئەدەبی کوردی.
هەڵدانەوەی تەمەنێک لە پەیوەندی برایەتی و دۆستایەتیم لەتەک (ئەکرەم خامۆش)دا، کارێکی ئاسان و ئەرکێکی وا سەرپێی و سووکە دەست نییە. ناشمەوێت درێژدادڕی بکەم هێمن وتەنی لێفە لەسەر هەتیوان لابدەم..
خامۆش بۆ خۆی نەوەی شەستەکانی سەدەی رابووردووی شاری قەڵا و منارەیە ، یەکێکە لەکوڕگەلانی شاعیر و ئەدیبی هاودەمی مەحمود زامدار.. بە خامۆشی خۆی هێمن دەسووتێ و ئارام هەنگاو دەنێ و ئێستا گەیشتۆتە وێستگەی حەسانەوە و مەنزڵگای پشوودان.. لە سەرێی ئەم کاروانەی تەمەنیدا بەشدارییەکی خاکەڕایی لە ئەدەب و رۆشنبیریدا کردووە و لەم دیوانەدا زۆرینەی بەرهەمەکانی خستۆتەدا بەرچاوی خوێنەر.
خامۆش فرە بەهرە و لێوەشاوەییە ، شاعیرە و بە سەلیقەیە، هونەرمەندە و سروود و گۆرانی چڕیوە و ئاوازدانەر و موزیکژەنە. خامۆش کوردیزانە، دوکتۆرای هەیەلە کۆمەڵناسیدا و بیر گەش و ئاسۆی خەیاڵ فراوانە، وێنەی شيعری ناوازەی هەیە. خامۆش دەستڕەنگینە لە گەلێ بواردا دیکەش دا.
ئاوڕدانەوەیەک لە شاعێرێتی خامۆش و دیوانەکەی و خوێندنەوەی بە وردی و هەڵسەنگاندنی، ئەرکێکە یەخەی منیش دەگرێتەوە. کارێکی سەختە چونکە دەکەویت بەسەر کۆمەڵێ بەهرەی جیاوازدا ، بۆیە دەشێ قسەکردن لەسەر ئەم دیوانە و شاعیرەکەی وەک پێویست و داواکراو لە توانای قەڵەمی ئەدەبی مندا نەبێت، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەم نەیەڵم بەردەکەی سیزیف بێ مەبەست تل بێتەوە بەڵکوو هەر بەرەو هەوراز تل بخوات.
لەم روانگەیەوە لێرە بەدواوە هەوڵ دەدەم تیشکێ بخەمە سەر شاعیر و رووبەری سەلیقە فراوانەکەی و رەگەزە ئەدەبییەکەی و وێنەی شيعریی و ناسنامە زمانەوانییەکەی و دیارییان بکەم و بخەمە روو.
دیوانەکە بە ناونیشانی: {زریانی تەجاڵ و گورزی مەمەندی}ییە و لە دووتوێی٢٨٥ لاپەڕەدایە و د. ئازاد ئەحمەد مەحموودپێشەکییەکی بەپێزی بۆ نووسیووە.. هەڵسەنگاندنێکی جوانی بۆ شاعیر و شیعرەکانی کردووە.
یەکەم قەسیدەی ئەم دیوانە پێشکەش کراوە بە مامۆستا مەسعوود محەمەد و شاعیر ناوی ئەم کەڵە هەڵکەوتووەی کورد دەباتە ریزی ناوی هەڵکەوتووانی جیهانەوە لەوانە: دانتی، ئەنجلۆ، میکافیلی، مارکس، ئەنگلۆ، ڤۆلتێر و ڕۆسۆ و دێتەوە سەر ناوە زەبەلاحەکانی وەک خانی و حاجی و نالی .
جوگرافیا و دیمەن و بەسەرهاتەکانی کۆیە و چنارۆک و هەیبەت
سوڵتان وەک زێدی مامۆستا مەسعوود تێهەڵکێش دەکات. بە ناوەڕۆکی شیعرەکەی..
چنارۆک ، پاسگری شەوانەی ،
هەناسەی دارستانی چڕ و
پوولەکەی تریفەی ستێری ژوور سەری
دوو چاوی ئێشکە بووی
( مەمەند) موعجیزەی مەلۆتکە و،
ژیانی دایەن و..
سروشتی بێشکە بوو!
بۆ سەری بڵدیت دەڕوانی..
هەیبەتی..هەیبەت سوڵتان
تا دەگاتە ئەم شوێنە و دەڵێ:
ڕۆژهەڵات، دەوروبەر کەی لە خەو ڕادەبێ!!
بۆ ئەدا، کەی زووە!
کەی لە خەو ڕادەبێ..
جایئەو مێژووە سوختەیە نووستووە
گرانە، تا..
کۆتایی قەسیدەکەی بەم شێوە دێنێ:
ئەم زمانی سەدەی بەستووە!
هەژمەتی بێنەوە کوڕژنی بێنە دوو
بێنەوە تۆقەڵە، جاری هەق، ئەشهەدوو
هەر شەهێنە شەهێن..
مەنزڵ و خەڵوەتی ئەو کەڵە
کام فڕیندە هەیە،
شایەنی عەرشی ئەو تۆقەڵە!!
خامۆش جگە لە مەسعوود محەمەد شیعری بۆ زۆر کەسی تر وتووە و لەم دیوانەدا بەرچاو دەکەون . ئەمەش بۆخۆی ئەوە دەسەلمێنێ ئەمەکێکی جوانە بۆ ئەوانەی دەورووبەری خۆی دادەنێ.
هەر کەسایەتییەکان شوێنیان لەناو رووبەری شیعری خامۆشدا داگیر نەکردووە، بەڵکو رووداوە خۆش و ناخۆشەکان بەشێکی تری پێکهاتەی گرنگی شیعرەکانین.
لە قەسیدەیەکی درێژدا وەک نمەفرمێسکێک بۆ هەڵەبجە کە نیشتمان و ژینگە ژاراوی کراو و مێژووە پڕ لە مەرگەسات و هاواری خانی و زێدی نالی و دەیانکاتە وشە و پرسیاری نەخشاندنی چارەنووسی ستەملێکراوی کورد..زۆر زیرەکانە بانگ و هاواری نەتەوەکەی دەکاتە ئاڵا و پەیامی دەستی و بە دنیادا دەیانگێڕێ و وێڵ بەدوای شوێن و ناونیشانی ڕاست و مەڵبەندی دادپەروەریدا، کە بتوانێ کاسەیەک لە خوێنی گیانبەختکردووانی کوردیان بۆ ببات.
حەشر داهات، ئاسمانێکی خۆڵەمێشی
هەر مێگەلە هەورێکی وەک پەمۆ هەبوو
ڕەش و شین و بۆر هەڵگەڕا
ئاوێنەی ئەڵماسی ئاسۆ
$$$
کام ئەسپ زین بکەم ، مێرخاسی کێهە بێ
کامەبێ نەعرەتەیبە حیلە و ڕەشەبا
بۆ شوورەی کام قەڵا
فەریاد و هاوارتان بۆ ببا
تا دەگاتە
هەڵەبجە ..هەڵەبجە
کوێندەرێ قیبلەیە
شەهیدان
کوێندەرێ قیبلەگای گازاندە و گلەیە
قەسیدەی ( پەری دەریا ئەسپی مەمەندی رام دەکا).. کە چەندین جار بەدەنگی شاعیر گوێم لێی بووە و لە زۆر دیداردا لەسەر داوای خۆم بۆی خوێندووینەتەوە بە شاکارێکی ئەدەبی بەرزی دەزانم.شاکارێک مانا و ناوەڕۆکێکی جەڵتمانانەی شاعیر بەیان دەکات. نینا خانمە ئۆکرایناییەکە و جەژنی لەدایک بوونی هەیە و خامۆشی بانگهێشتی ئاهەنگەکەی کردووە. هەر لەیەکەم چرکەساتەوە خەیاڵ و مەراق بە خامۆشەوە لێدەدات. ناوبراو لەتەک هاوسەکەیشیدایە، ئینجا گڕی عەشق و خۆشەویستی و خرۆشێکی سەیری بۆ خامۆش تێ دەکەوێ . شاعیر میوانە ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوونەکەی نینایە..
شاعیر بۆئەوەی هیچ هەنگاوێ بەولای مۆڕاڵی کەسی خۆیەوە نەنێ و سەرپێی خۆی نەکات بەداوە و سەرشێتانە و بە ڕێبواری عاشق نەبێ، دەمودەست بەدووی تیری چاوان و حەزی سەرکەشی نینای سەرکێشی گڕ تێبەربوو نەکەوێ و ئاڵای خۆ رادەستکردن نەدا بەدەستەوە، بڕیاری خامۆشانەی خۆی دەدات، بەرگەی سووتانی ئەو ئاگر و گڕە هەڵچووە بگرێ و پەڕی گوڵی ژیانی نینا لەتەک مێردە بەستەزمانەکەیدا نەژاکێنێ..
نینا دوای فڕکردنی تاکە پێکی ،شاعیر لە بۆنەکە ناچار بە هەڵاتن لە دەکات..
هێشتێ دەمە و ئێوارەیە
دەمی ئۆغرم هاتووە
دەمی ئۆغرت هاتووە؟!
کچێ ئاخر
کەوی سرک و نامۆی دڵم
سۆسەی کەین و بەینی ڕاوی، بازی چاوی تۆی کردووە!
کفرم نەکرد
سوکێ تیلەی، چاوم ،دەچاونت بڕی
خوایە بە چاوتروکانێ
چ زوو بازی چاوی برسیت
مرخی ڕاوی پڕ مەترسیت
کێشایەوە بەرزە فڕی!
ئیدی ئەمە چاوە و ناگیرێ و بەسەر جوانییەوە لەنگەر دەگرێ.. خامۆش لە نینای ڕوانیوە، ڕوانینێکی خۆشەویستی بۆ جوانی و ئیستاتیکا، نەک بۆ دامرکانەوەی حەز و ئارەزووی خەفە بوو..ئەی نینا، شاعیر تووڕە مەکە لەم ناوە هەڵدێ..
بێڵە بڕۆم
دوای تەنها ئەم پێکە نینا
هێشتێ دەمە و ئێوارەیە
سەری شێتم ، حزووری تاوێکە هینا
بێڵە بڕۆم، توووو ئەو خودایەی ئێکە نینا
بێڵە بڕۆم… بەڕۆیینم
با تژی بێ ، ناخی دەروونی ئەم شەوە
لە سیمفۆنیای ئەفسوناوی و
لە تریفە و زەردەخەنە و پێکەنینا
گڕی ئەم ئاگرە هەڵبووە هەتا بێت نێڵە دەکات و کێرفی ناڕەزایی و نیگەرانی شاعیر لە دۆخەکە بەرزتر هەڵدەکشێ.
من لە کانیلەی مرازی بێ ماکەوە
سەرنج بۆ جوانیت وێر دەکەم
شاعیر تێدەکۆشی نینا ئارام بکاتەوە و تێی بگەیەنێ لەو تیلەت چاوەی چ مەبەستێکی شاراوەی نییە، بەڵکوو نیگاکەی هەروا تیرێکی بێ مەبەست بوود لە کەوانەکەی دەرچووە. ئیدی بۆ نینا وا وەک نغچیرێکی بە هەزار گوللە پێکراو خۆی دەنوێنێ و دەیەوێ شەوی هەنگوێنی خۆی بکاتە، رۆژی ڕەش و تاریکی ژیانی و مێردەکەی کەساس بکات..
ئەی کێوی هەیبەت و ویقار
قەڵای حەشم و سام و شکۆ
لەبەر سووکە سەرنجێکم
خوایە چۆنیان هێنا هەرەس!
یان دەڵێ:
کچێ چۆن زاتت کرد بڵێی:
وەرە بەر پلوسکی حەزم
بەر تاڤگەی حەزی خەناویم
بەر پروشە ئەڵماسی مەیلی یاقووتی ئارەزووم
بەر تاڤگە تیشکی لەزەت و
کەفاوی زیوینی بێ زووم
عەشق و سووتانێکی یەکلایەنی هەموو گیان و هەست و نەستی نینا دەتەنێتەوە و بە ئارامی گیانی دەکاتە قەقنەس و ناگاتە ئەوەی پشوویەکی خۆذەویستی لە ئامێزی شاعیردا بدات.. شاعیریش بە پابەندی مۆڕاڵی خۆیەوە دەچەسپێ و بە وەڵام و جوڵە و ڕەتکردنەوەی سەیرەوە لەگەڵ نینا خەریک دەبێ و لە پرنسیپ و پەیمانەکەی خۆی بە موو لانادات. دیالۆگە بێدەنگەکەیان شاعیر دەگەیەنێتە ئەم دۆخە:
کچێ
تۆ بە لافی موترفەیی و چاوی باز و
منی شاعیر بە سادەیم
کچێ ئاخر من دوو چاوت گڕە ئەسرم
ناترسی لەیەکەم هەنگاو بێم لە دەنێو دڵتا بقەسرم
کچێ ئاخر من لە ئاو و هەوایخۆما نەبێ چڕۆ ناکەم
کچێ بڕۆ، منی پیادە دەگەڵ ڕکەی ئەسپی حەزت گرۆناکەم
کچێ بڕۆ، منی عەوداڵ و گەڕیدە
تروسکی هامێد و نەدیدە
لەسەر ئایین و ئەوینم گرۆناکەم، درۆناکەم
بەلای منەوە ئەم قەسیدەیە شاکارێکی ناو ئەم دیوانەیە..بریا نینا و چەند نینایەکی تر چاوشارکێکی حەزی یەکلایەنییان لەگەڵ شاعیردا بکردایە بۆ لەدایک بوونی شاکارگەلێکی لەم چەشنە.
قەسیدەی
زریانی تەجاڵ و دواگورزی مەمەندی بۆتە ناونیشانی دیوانەکەش شایستەی لەسەر وەستان و خوێندنەوەی قوڵە… . ئەم شیعرە دیالۆگ و پانۆرامای ئازارەکانی مێژووی جەستەی کوردە.. خۆ گەوزاندەنە لە ناو ئازارەکانی نەتەوەدا
یەک دڵۆپ، یەک دڵۆپ ڕۆندکی
چاوی زارۆیەکی بادینان
هەرتەلێ لە پرچی .. کچێکی سۆران و
کشتێ لە مێزەری سەیدە رەزا و
ڕیشوەیەک لە مشکییەکەی شێخ و
قولانجێ ،لە پەتی سێدارەکەی قازی و
تیلمەیەک لە کەوای ناموسی دایکم و
لچکێ لە جامانە سوورەکەی بارزان
بە دوو دەست بە دەستێ بادینان
ئەوی دی بە سۆران
بە دوو چاوێ بۆتان و ئەوی دی گۆران
دەنێو ئینجانەیێ
دابنێن لەبەردەم ئاڵاکەی خامۆشی
تەلاری پەرلەمان
لە شیعری (ها کورد دەوڵەت)یشدا هەست و باوەڕی خۆی بە پرسی نەتەوەکەی دەباتە ترۆپکی تێگەیشتن ولە بەدەوڵەتبوونی کوردستان دا هەوار هەڵدەخات..خامۆش بە بێ زمانگرتن و خۆدزینەوە و شەرمکردن پەیامی پاوەڕداری خۆی ئاشکرا دەکات.
بازم، ئاڵایە پاڵی فڕینم
بەسەر نیشتمان دەنیشێیتەوە
جاڕی گەردوونەۆکەوشەن بڕینم
مژدەی سەربەخۆبوون دەبەشێتەوە
سەروەختێ پەراگەندەی دوورە وڵاتی و خۆشەویستی دایک دەبێت،
وەک هەر کوردێک بە نامۆیی لە شار و وڵاتان وێڵ دەبێت و دەسووڕێتەوە، خەڵکی بە شێتی تێ دەڕوانن.. شێتی ئەویش لە بنەڕەتدا حەسرەتی وڵات و نۆستالۆجیای تەمەن و دەوروبەر و زێدی لەدایک بوونە.
دەڵێن شێتم، بەڵێ شێتم
شێتم هەر شێتی دیدە نیم
شێتم شێتی یەک دیدەنیم
دیدەنی نسێ و نزاران
بەهار و کۆ
مافووری مێرگی وەنەوش و سەمای
سەرخۆشی هوزاران
شاعیر ئەمەکدارە بە دەوروبەری، لەگەڵ ئازیز و خۆشەویستانی و ناو و یادگاری زۆرێک لەوانەی ناسیونی و هاوڕێیەتی کردوون لە شیعرەکانیدا رەنگ دەدەنەوە بەتایبەت ئەوانەی هەست و نەستیان جوڵاندووە وشوێن دەست و پێیان لەدوای خۆیان جێهێشتووە..
خامۆش نزیکی ئازار و ژانەکان بووە.. بە نۆرەی خۆی وەک شاعیرێک بواری نەداوە دابڕێ لە کۆمەڵ و دۆزی نەتەوەکەی.
شیعرێکی تری ئەو چامەیە بۆ مەرگی برا و هاوبیرمان (شەماڵ عەزیز)ی وتووە..لە کۆنتێکسێکی مێژوو پڕ لە ژان و ئازاردا.
ئەرێ شەماڵ
چەندین خەرما چاوەڕێت بوون!
شەماڵ وەکو شەماڵ وتی
لەیلێ لە ڕێی خوار وەرەوە)
شەماڵ لە ڕێی خوا مەیەوە
لە تابلۆیەکی تری رەنگین و شاعیرانەدا دەقێک بەرزی شیعری جوانترمان پێشکەش دەکات کە بۆ شاعیر قوبادی جەلیزادەی وتووە
قوباد و من، من و قوباد
لەو دەمەوە
لە میحرابی موبارەکی حوجرەی مزگەڤتی ئەڤینی
مەم و زینی دڵی خانی
حوجرەی مزگەوتی ئەڤینی
(( وتم بە بەختی خەواڵوو )ی
دڵی حاجی
بەسەر فروو بە دڵ گروو
چاوێکمان کڕنووی بردووە
لەو دەمەوە هەر دە پەنجە
دە پەنجەمان گڕ دەسووتێ و
نەزیف،نەزیف
گڕکانی ڕۆحمان بەربووە!!
لە شیعری بۆ بەدکاراندا کە دژ بە ستەمکار و کارە بەدەکانی بەرەی داگیرکەر و خراپەکارانی جیهانە، لێی روونە زاڵم و زوڵم چەند گەورە و قورس بن هەر بەرگەی دادی ژیان و رۆژگار ناگرن گەر پۆڵاش بن هەر دادەڕزێن و سەرنگوم دەبن. ئەمەش پەیامێکی روون و راشکاوانەیە بە رووی ئەو ستەمکارانەدا رادەگەیەنێ .
کێ ئێوەی کرد بەسەر پشک
لە کوێندەرێ کراوە مۆر
دە ئاڤێستا و ئینجیل و تەورات و زەبوور
کام دێڕی سورەتی قورئان
قڕبوونی کوردی خوێندووە
بشوتێنن تەڕ و هشک؟!
تا دەگاتە
ڕوونە دیواری پۆڵاش بن
لەم تۆفانە خوێنینەی
نانیشێتەوە
هەر دەخووسن، هەر دەخووسن، هەر دەخووسن!
خامۆش هەم وەک شاعیر و هەمیش وەک هونەرمەندی گۆرانی و موزیک خاوەنی هەستێکی ناسک و هەستیارە..مەرگی ناادە و پڕ لە ئازار و ناخۆشی مەرزییە فەریقی دەیهەژێنێ..
ئەمجارەیان بە شێوەی شیعری ئازاد نا بەڵکوو بە کێشی بڕگەیی شیعرێکی جیاواز لەوانی تر دەنووسێ.
بووکی نیشتمان تاجی کۆمەڵگای دوور مەفتەنم ڕۆۆۆۆ!
هاوخوێن و دین و هاوبیر و ژین و هاوڕەفتەنم ڕۆۆۆۆ!
شیعرێکی هەتا بڵێی هەموو جوان و هونەر و بەهای هونەری مەرزییەی تێدا بەرجەستە بووە، هەربۆیە شاعیر زیرەکانە پێشکەشی دڵنیا رەزازی کچی مەرزیەی هونەرمەندی کردووە.. بەو ئومێدەی ڕێچکەی دایکی درێژە پێ بدات…
شاعیر دوور نییە لە مێژووی گەلەی و بزاڤە رەوا و دادپەروەرانەکەی بۆ ئازادی یەکسانی.. دوو برای مێردخاسی گیانبەختکردووی رێی کوردایەتین.. ئەم ئاگایی و هوشیاری و دڵسۆزییە بە کوردایەتی بە هەموو هەست و نەستی خامۆشەوە لە هەر بۆنە و جێیەکدا دیارە و ڕەنگ دەداتەوە..
ئەم پاشخانە لە توێشووی کوردایەتی بۆتە هەوێنی شیعری شەهید
دارەبەنێ درەختی بەر ڕەشەبا بێ لە بەندەنێ
دەرەبەنێ ئیشقی بەخاک و خۆڵەوە
تژی بووبێ هەتا نێو قەد و دامەنێ
ئەو درەختە
پەیمان دەدا بە بۆران و گەڤی شوومی چ زریانێ
ئەو درەختە هەڵناکەنێ، هەڵناکەنێ
شاعیر تەمەنێکی زۆری ژیانی لە تاراوگە و دوورە وڵاتی بەسەر بردووە. ئەم فاکتەش دەبێتە هۆکارێکی تری پاڵنەری نۆستالۆژیا و هەستونەستی گەرم و گوڕی خۆشەویستی نیشتمان..
لە قەسیدەی کورد غاینۆۆۆۆ
بە حەیرانێک دێتە گۆ و کەفوکوڵی دڵی خۆی دادەمرکێنێتەوە
حەیران لە دوورە مەفتەنێ، حەیران لە بانی سەربەنێ
چۆن دەستانم بگەنە دەست کچەتیمە بابان و وێرانێ
داخۆ لە بۆم دەگریتەوە دەستەک خەنێ
بریندارم بیدەم لە برینی بەدەنێ
لێرە نە سیحری مشاڵی
بەسۆزی شوانانی بنار
لێرە نە مامڵێ و نە قەتار…
ئیدی بەم حەسرەت و داخ و دەردەی پەرشوبڵاوی کورد و ئاگری بەتینی دەردی غوربەت کە نالی و حای و هێمن و شێرکۆ و رەزا حەمە و چەندانی تریشی کردۆتە قەقنەس ئەمیش بێ دەنگی ماملێ و جوانی سەفین و ڕازاوەیی چنارۆک و شیرینی سلێمانی داغان دەکات..
کۆیە مەڵبەند و زێدی شاعیر و دەیان هەڵکەوتووی تر و هەواری بیرەوەریەکانێتی و بۆنی هەناسە و بینای چاوان و وزەی بەردەوامی ژیان و خۆشەویستی بێگەردی پارچەیەکی زیندووی ژیانی خامۆش پێک دێنێ. لەم شیعرەدا دەیەوێ هەموو خەسڵەت و نیشانەکانی کۆیە کۆکاتەوە ناسنامەی کۆیەی پڕ لە هەڵکەوتوو و بیر و هونەر و ڕۆشنبیریی پێ داڕێژێ ..وەک کوڕێکی کۆیی ئەمەک و خۆشەویستی بۆ زێدەکەی نیشان دەدات و دەڵێ:
هەنسکێکی پڕ لە حەسرەتی دووری وار
هزرێکی پڕ لە ئاه و وێڵێک لە ناڵەی زار
دووگیانە ناخی حەمامۆک و ئاورنگی باخ
گەڕیدەیەک کۆڵەپشتی پڕ داخ بۆ ژانی ئاخ
خامۆشە وەلێ ئارام و پڕ و داگیرسا وەک شەبەنگ
پڕە لە عیرفان و بیر وەک بەستەی باواجی و گزەنگ
خامۆش فرچکی کوردایوتی بە شیعری خانی و حاجی و مەلای گەورە و بێکەس گرتووە، چەندە بانگەوازی یەکێتی و تەبایی ریزەکانی کورد دەکات، هێندەش دژ بە ناکۆکی و دیاردە ناکوردایەتییەکانی نێو بزاڤی نەتەوەکەیەتی..
شیعری ( زللە) لەتەک چەندین دەقی تردا تەرخانە بۆ ئەم باسانە..توڕەیی شاعیری تێدا خەستبۆتەوە
هەستن تەکان بدەن تەکان
خۆتان لە گەوی زنجیری
دووبەرەکی کە ڕاتەکان
ئەوسا ئەی مل بە کۆتەکان
لە زڕەی زنجیری شکاو
کۆتی پساو
چۆک دادەدەن
گشت بازبازێنچییەکان و ئەکتەرە فێڵبازەکانی
سەر پەتەکان گرەو.. ئەوسا
کێوی خەونی دەس و تەونی کەین و بەینی
چی دەڵاڵە و قومارچی و جامباز و تەرەس
وەکو بەفر دێنێ هەرەس
دەتوێتەوە گشت بتەکان
گشت بتەکان!!!
شاعیر سەردانێکی مۆزەخانەی لەندەن دەکات، لەوێ چاوی بە پەیکەری زۆر لە کەسایەتییەکانی جیهان دەکەوێ.. وەک دڵسوتاو و خەمبار و بێ ناونیشانێک خۆی دێتە بەرچاو..لەوێ هیچی شاعیر و هەڵکەوتووەکانی کورد نابینێ ، نەخشەیەک لە نیشتمانەی هەڵنەواسراوە، بۆ خوێندنەوە لاپەڕەیک لەسەر مێژووی بەردەست نییە ، تابلۆیەکی هەورامان هەڵنەواسراوە، دیمەنێکی حەسارۆست و زرێبار و مەیدانی چوارچرای لێ نییە. کەس گوێی لە ئازار و چەوسانەوەی نەتەوەکەی نەبووە، نیشتمانەکەی کەس نایناسێ بەم دۆخە هەستی بریندار دەبێت و دەکەوێتە گلەیی و گازندە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سیاسەتی زەبەلاحەکان ..
لە شاکارە شیعرێکدا ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە کەوا بێ دەوڵەتی هۆکاری ئەو هەموو ناهەقییەیە کە دەرهەق بە نەتەوە و وڵاتی دەکرێ .. و دەگای هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەی بە ڕوودا ناکرێتەوە و هەبوون و بوونی نادیار و بێ سەنگ و بەهایە.
پرس لە ناسنامە
هۆ مۆزەخازەکەی ئەلبێرت و فیکتۆریا
دەروازەتانئامێزی پێشوازیان بۆ
هاتنە ژوورەوەم کردەوە
مرازێکم لە دڵدا بوو،
بەڵام سەد ئاخ
تا دەگاتە:
دوای گەڕان و ڕوانینی زۆر
بۆ چەن پەیکەری جۆراوجۆر
پەیکەرتاشێ،
لەوانەی نیشتمانی من چاک دەناسن
کوردستانی من گەڕیدە
وەک کوێری دونیا
لەوانکێشابوو پەیکەرێ
هەر پەیکەرێ
لەو هەموو هەزاران هەزار
هەزاران هەزار شەهیدە!!
شەهید لێرە شوناسی قوربانییەکانی ڕێیخەباتی ئازادی و ڕزگاری سەرتاپای دۆزە خوێناوییەکەی کوردی بندەست و بێ دەوڵەتە..
دیوانی خامۆش پڕاوپڕ تژیشە لە شیعری دڵداری.. وشە و ڕستە و ناوەڕۆک بایەخی تایبەتی لای خامۆش هەیە و سەلیقەی شاعیرانەی ورد و بە دیقەتی تێدا خەمڵاندوون..ئەمەش هۆکارێکە کەوا زۆرێکی شیعرەکانی کراون بە گۆرانی لەلایەن هونەرمەندە گەورەکانی وەک مامۆست عەلی مەردان و حەمەجەزا و چەندانی ترەوە.
وشە و ئاواز پێکەوە هێندە هاڕمۆنین هەر لە خوێندنەوەیەکی ئاساییدا دەبنە گۆرانی.
خامۆش خۆیشی ئاوازی بۆ زۆر لە شیعرەکانی و بەرهەمی شاعیرانی تر داناوە.. خەسڵەتێکی تری شاعیر ئەوەیە خاوەنی چەند سروودێکە و ئاوازیشی بۆ داناون.
یەک لە دووان
کچی خەیاڵ و پەری خەونی شەن
یەک بزەی خاوت
تاریکی دونیام، بۆ دەکەی ڕۆشەن
ئەی جینگزیی دەزوولەی باریک
چەپکێ ماچی گوڵ
چەپکێ گوڵی ماچ
بۆ سەرت دەکەم
شاپەری ، بە تاج
یاکەرەمی باج
یا دەمدەی لە خاچ!!
براکوژی یەکێکە لەو دیاردانەی شاعیر لەچەندین دەقدا بە توندی بەگژیدا چووە. هەرچی پێکرا بێت وەک هەڵوێستێکی کوردانە لە رێی شیعرەوە دەری بڕیوە. پرسیار ئەوەیە بۆ یەکتری دەکوژین.. زۆر هەوڵ دەدرێ پاساو بۆ ئەم خاڵە قێزەون و نەرێنییەی مێژژوی کورد بهێنرێتەوە،بەڵام دواجار ئەو بکوژانە روو ڕەشی مێژوو و بەردەم میللەتن و تاوانبارن و دەبێت راپێچی بەردەم دادگا بکرێ.
براکوژی
ئەرێ سواران
بۆ وا کەوتوونە هەو هەوێ؟
شەڕ بەتاڵ کەن
چیدی کەو مەدەن لە کەوێ!
کاتێکیش لە یاسا و رێسای ژیانی شارێکی جەنجاڵ ودەسەڵاتێکی بێ دادپەروەری بێزار دەبێ، دیسان تووڕەبوونئەوکی دەگرێتەوە و پرسیار لەسەر مافی ژیان و گوزەران دەکات .
ماف .. یا ؟!!!
ئەمە شارە
ئاپۆڕەی تیا وەک تەختەیە و
سیستێمیش تیا مشارە؟!
خامۆش زۆربەی شیعرەکانی لە ئاوارەیی و لە بەرلین نووسیووە، بۆکرووز و حەسرەتی دوورە وڵاتی مامانی زۆربەی بەرهەمەکانین.پێدەچێ بەرهەمەکانی ساڵانی پێشووی کە لێرەدا بەرچاو ناکەون بۆ پەیدا نەبووبێ. من خۆم دڵنیام لەوەی ئەم دیوانە لەگەڵ ئەوەدا کارێکە باش و گەورەیە، مخابن! نەیتوانیوە تەواوی بەرهەمەکانی شاعیر لە خۆی بگرێ..
بەهیوای بۆ چاپی ئایندە ئەم کەموکوڕییانە پڕ بکرێتەوە و خوێندەوەی شایستەتر بکرێ بۆ ئەم دیوانە.