هەڵۆ بەرزنجەیی
چەند رۆژێکە هەواڵەکان باس لە پەیوەندی ترامپ بە پۆتینەوە دەکەن سەبارەت برە کۆتایی پێهێنانی جەنگی ئۆکراینا- رووسیا. ترامپ سەردەمی هەڵبژاردن بانگاشەی بۆ ئەم پرسە کرد و وا ئێستا مانگێ بەسەر گرتنەدەستی دەسەڵاتیدا تێنەپەڕیوە بووە راستی.
رووسیا و ئەمەریکا لە سعودییە رۆژی ١٨/٢/٢٠٢٥ دانوساندن لەسەر پرسی ناوبراو دەکەن. ئەوەی جێی پرسیارە، ئەم گفتوگۆیە سەبارەت بە ئۆکراینایە بێ ئەوەی ئەو وڵاتە خۆی بەشداری بکات یاخود رێی پێ درا بێت بەشداری بکات!.. لەوەش سەیرتر ئەوەیە ئەم هەنگاوە بێ وڵاتانی ئەوروپا کە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ پێک دەهێنن و هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریکان و پشتیوانێکی سەختی ئۆکراینان دژ بە رووسیا.
ئەمەریکا لە پشت ئەم دۆست و هاوپەیمانانەوە ئەو کارە دەکات. لە کاتێکدا رووسیا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر چارەنووسی وڵاتانی ئەوروپا بەشی رۆژهەڵاتی جاران و رۆژئاوای وا لەبەردەم هەڕەشە و مەترسییەکانی پۆتین لە کرملین!..
کارەکە بە ئاشتی ناوی ناهێنرێ و جگە لە وەستاندنی دەنگی فیشەکەکان هیچ شتێکی لێ بەرهەم نایەت و بەڵکوو ئەو دوو زلهێزە ڕێک دەکەون لەسەر دابەشکردنی بەرژەوەندییەکانیان! رەنگە ئۆکراینا باجێکی گەورە بدات لە جوگرافیاکەیی و ئەوروپاش زیاتر بکەوێتە دڵەڕاوکێوە!..
گرنگی هاوکاری و پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئۆکراینا ئاشکرایە و ئۆکراینییەکانیش نکۆڵی ئەم هەقیقەتە ناکەن. جارێ دیار نییە لە دەرەوەی باندۆڕی ئەمەریکا لەم دۆخەدا چ هەنگاوێک دەنێن!. ئاخر بایەخ نەدانی ترامپ بە ئەوروپا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دەیەوێ دەوڵەتانی ئەم کیشوەرە ناچار بکات بە ئاوازی ترامپ سەما بکەن و بچنە سەر ئاین و ئایدۆلۆژیاکەی!….
ئێستا ئەوروپا لە سەر دوڕیانێکە، دەبێت لە نێوان ئەقڵێتی ترامپ و بەهێزکردنی بروکسلی پایتەختی یەکێتییەکەیان و رازیبوون بە مەترسییەکانی پۆتین رێگایەک هەڵبژێرن..
وەک دەبینین لە هەنووکەدا ئەوروپا هەر ئەوە نییە نیگەرانە، بەڵکوو ترسیشی لێ نیشتووە و هاوپەیمانێتییەکی وەک ناتۆش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. هەربۆیە سەرۆکی فەرەنسا (ماکرۆن) کە بە ترادیسیۆن رۆڵەی کولتوورێکی ئازادیخواز و نوێنەری وڵاتێکە دەمێکە سەنگەری ململانێی لەگەڵ ئەمەریکا هەڵبژاردووە و داوای هێز یاخود لەشکرێکی سەربازی دەستوەشێنی تایبەتیئەوروپایی لە دەرەوەی ناتۆ دەکات. وا جارێکی تر دەمودەست بانگەوازی کۆنفرانسێکی ئاوارتەی کرد و ئیمڕۆ لە پاریس سەرۆکی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپاو ناتۆ کۆدەبنەوە. فۆکۆسی هەموو چاوەکان ئێستا لەسەر کۆنفرانسەکەی پاریسە..
بەریتانیا کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نییە و دۆستی ستراتیژی ئەمەریکایە، ئەویش سەرەکوەزیرانەکەی ( کەیر ستارمەر) دژ بە هەڵوێستی ئەمەریکایە و دوێنێ لە رۆژنامەی تێلیگرافدا رایگەیاند کەوا وڵاتەکەی ئامادەیە بە تەنیاش بێت هێزی سەربازی بۆ ئۆکرانیا بنێرێ.. ئەمەش سەرپشک بوونێکی تر دەخاتە بەردەم ئەوروپاییەکان تا بە هاوکاری بەریتانیا خۆیان هێز و کۆمەکی لۆجیستی بنێرن بۆ ئۆکراینا نەیەڵن پۆتین بەسەرکەوتووی لەم چەنگەی هەڵیگیرساندووە دەرچێت. ..
ئەم هەنگاوە دووبارە سەلماندییەوە کە ئەمەریکا وەک هەر زلهێزێک و هەمیشە بەدوای بەرژەوەندی خۆیەوەیەتی و لەوەتەی ترامپیش پەیدا بووە، دروشمی (ئەمەریکا بەر لە هەر شت)..ستراتیژێکی راگەیەندراوە.
جارێکی تر بەرژەوەندی خۆیی ئەوەی سەلماندەوە کەوا هەر بەرە و لایەک بیر لە خۆی دەکاتەوە. ئەوەتا ئەمەریکا بێ رەچاوکردنی بەرژەوەندی و دۆستایەتی و گرنگی ئەوروپا ئەم هەنگاوە دەنێ و چانس بە پۆتین دەدات سەرکەوتووانە لەو جەنگە ماڵوێرانکەرەی هەڵی گیرساندووە دەرچێ و ببێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی تریش!
کوردستان و ئەمەریکا…
دۆزی کورد مێژوویەکی دوورودرێژی خۆی هەیە و بە بوون و نەبوونی ئەمەریکا هەر هەبووە. بەڵام وا بۆ چەند دەیەیەک دەچێ بەتایبەت لە دوای کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ ەوە هێزە هاوپەیمانەکان بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا کورد لە باشوور و زیاتر لە ١٢ ساڵە کورد لە رۆژئاوا لە بەرانبەر هێرش و پەلاماری دڕندانەی داگیرکەران دەپارێزن.
بەکورتی دوو بەشی کوردستان وا لەژێر سایەی سۆزی ئەمەریکادا بە پلەی یەکەم.
بۆ هەمووان روونە کورد بە تەنیا چ لە رووی سەربازییەوە و چ لە رووی سیاسییەوە ناتوانێ بەرەنگاری هێرش و پلانی چوار دەوڵەتی داهیر و دوژمنی بەهێز بکات، کە هەموویان سەرباری ناکۆکییەکانیان بەڵام لەسەر دوژمنایەتی و شەڕی کورد هاوڕا و هاوپەیمانن.
ئایا کورد هەموو هێلکەکانی خستۆتە ناو سەبەتەی ئەمەریکاوە؟!.. ئایا دەستوور و یاسا و رێسایەک هەیە مافەکانی کوردی چەسپاندبێ و گەرەنتی ئاسایش و مانەوەی بکات؟!..ئایا تا کوێ کورد دەتوانێ لەگەڵ ئەمەریکادا بڕوات؟! بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا چین؟! چۆن دەتوانین وا بکەین ئەمەریکا ناوچەکە بەجێ نەهێڵێ، ئاخر بەس ئەوە کوردە بە تەنیا حەزی بە مانەوەی ئەمەریکایە؟!…
پرسیارێکی تری گرنگ ئەوەیە کورد لەم ساڵانەدا لەژێر سێبەری پاراستنی ئەمەریکادا چی بۆ ستراتیژی دۆزەکەی کردووە؟! چی دەبوایە بکرایە و نەیکردووە؟ ئامانجی ئێستای چییە؟ چۆن دەتوانێ ئەمەریکا ناچار بکات یاخود رازی بکات لە ناوچەکە بمێننەوە؟!..
ئایا کورد چۆتە ناو هاوکێشەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاوە! ، یان لە پەراوێزی شەڕی داعش و باسگەلی دیکەی ناوچەکەدا پشتیوانی کاتی لێ دەکرێ و بە هەڵواسراوی چەقێندراوە؟!…ئەمەریکا کشانەوەی لەناوچەدا ئەگەرێکی کراوەیەوە و داعش نەمێنێ یان بمێنێ رەنگە ئەوە روو بدات.
لەدەرەوەی ئەمەش هێشتا دەیان پرسیاری تر و ئەگەری جۆراوجۆربە کراوەیی ماونەتەوە و یەخەی سەرانی کورد دەگرن و رادەتەکێنن؟! دەپرسین چی کراوە و دەکرێ؟!. ئاخر هەر چرکەساتێک بێت ئەمەریکای ترامپ یان کەسێکی تر لەناوچەکە دەکشێتەوە!.. ئیدی ئەو رۆژە و ئەو بڕیارە و ئەو هەنگاوە با لای کورد چاوەڕوان کراو بێت لە ستراتیژیدا چەسپاو بێت !.