عەلی جمال
جلوبەرگی کوردی، بەپێی توێژینەوەکان زیاتر سێ هەزار ساڵ تەمەنی هەیە، بەپێی ئەو شووێنەوارانەی کە دۆزراونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لە بارەوە کراوە، مێژووی جلوبەرگی کوردی بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی ماددەکان دەگەڕێتەوە، کە بۆ یەکەمجار شەڕواڵییان داهێناوە.
مێژووی جلی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ماددەکان، ئەشکانی و خورییەکان، کە لە سەرەتادا پیاوان و ژنان تەنورەیان لەبەرکردووە، بەڵام دواتر پێش سێ هەزار ساڵ بۆ یەکەمجار لەلایەن دەوڵەتی ماددەکانەوە شەڕواڵ داهێنراوە، هەروەها شەڕواڵ، کڵاو، کلێتە، کۆڵوانە، کوڵەباڵ، فەرەنجی و پەستەک، فەقیانە، پشتوێن و کۆست دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی مادد، ئەشکانی، خورییەکان و ئاینی زەردەشتییەکان.
پێش دوو هەزار ساڵ شارستانییەتی ماددەکان هاوشێوەی گۆتی، خوری، سۆمەری، ئەکادییەکان تەنورەییان بەرکارهێناوە، بەڵام تەنوورە بۆ کاری ڕۆژانە نەگونجاو بووە، شەڕواڵ هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش زایین بۆ یەکەمجار لەلایەن ماددەکانەوە داهێنراوە، هەرچەندە تەواو هاوشێوەی شەڕواڵی ئێستا نەبووە، بەڵام نزیکایەتییەکی تەواو لەنێوانیاندا هەیە.
لەو شوێنەوارانەی لە کوردستاندا دۆزراونەتەوە شەڕواڵ لە بەری سەربازەکاندا دەبیندرێت، نەک تەنها شەڕواڵ، بەڵکو کەوا، فەقیانە، کلێتە، کوڵەباڵ، فەرەنجی، پەستەک، کڵاو و کۆڵوانە لە شوێنەوارەکاندا دەردەکەوێت.
بەپێی دەقێکی مێخی کە لە ناوچەی هەمەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە، جلی کوردی لە مووی بزن دروستکراوە، فەرەنجی لەبەری پاشاکانی ماددەکاندایە، کڵاوێکی هاوشێوەی کڵاوی هۆزی بەختیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لەسەردایە، سەربازەکانیش پەستەکییان لەبەردایە و بۆ کاری جەنگ لەبەرییان کردووە
کوڵەباڵ ئەو پۆشاکەی ئێستا زیاتر بە جلی ناوچەی هەورامان ناسراوە، مێژووەکەی بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ماددەکان یەکەم کەس بوون بەکارییان هێناوە، لە کاتی جەنگدا سەربازەکان بەکارییان هێناوە، لەو دوو کونەی لەسەر شانی کوڵەباڵەکان هەیە، تەورییان تێکردووە، تا لە کاتی شەڕدا بەئاسای لە شانیانەوە دەری بهێنن و بەکاری بهێنن.
کلێتە، دوو گوڵینکەی پێوەیە، سێ هەزار و ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی میتانی و خورییەکاندا بەکارهاتووە.
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەنەی لەبارەی جلوبەرگی ژنان کراوە و لە شوێنەوارەکاندا دەرکەوتووە، ژنان لە گەلی ئۆراتییەکاندا کە لە ناوچەی ڕيوانز بۆ دەریاچەی واندا ژیاون، نزیکەی دوو هەزار و٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا کۆڵوانە “چەفتە”یان بەکارهێناوە، جلەکانیان نەخشی تێدابووە، هاوشێوەی سەروبەد، کڵاوێکیان بەکارهێناوە و خشڵی پێوە کراوە.
لە هەزارەی دووەمی پێش زاییندا، لە ناوچەی کوردستانی گەورەدا یەکێکی دیکە لەو جلانەی ژنان و پیاوانیش بەکاریانهێناوە کەوا و فەقیانە و پشتێن بووە، زیاتر کەوای درێژ لەبەر کراوە، کەوای بنەماڵەی شاهانە و دارودەستەکەی نەخشی تێدابووە، کەوای خەڵکی ئاسایی سادە بووە، پارچەیەک بە قۆڵەکەیەوە شۆڕبووتەوە، کە فەقیانەیە، پشتێن بەستراوە، گوڵینکەی پێدا شۆڕبووتەوە.
شاڵ یەکێکی دیکەیە لەو جلانەی مێژووەکەی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە پێیان وتووە “شاپک، سودرە” کە تا ئێستاش لە بەشێکی کوردستان بە جلی کوردی پیاوان دەوترێت “شاڵ و شاپک”.
هەروەها پشتێن، لەلایەن پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتییەکانەوە بەکارهاتووە، پێیان وتووە “پژبێن، پشتێن، پشتان، کەمەربەند، قەیوەن، کۆست”، کۆست تا ئێستاش خەڵک بەکاریدەهێنن، کە لەو سەردەمەدا کەوتنی پشتێن “کۆست” ئاماژەییەکی نەرێنی بووە، تا ئێستاش هەندێک کەس دەڵێن “یاخوا کۆستت نەکەوێت” کە بۆ هەمان مەبەستی ئەو کاتە بەکاردێت، کراسەکە نەکراوەتە ناو شاڵەکەوە پشتێنەکە لەسەر کراسەکە بەستراوە، سێ گرێی پێوە بووە، وەک ئاماژەیەک بۆ سێ بنەماکەی ئایینی زەردەشتی “کرداری چاک، وتەی چاک، بیری چاک”.
جلی کوردی پاش هەزاران ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئێستا کەلتوری کورد دەوڵەمەندە بە زۆری جۆرەکانی جلی کوردی، زۆرینەی جارەکان بەپێی ناوچەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، جلی ژنان و پیاوان جیاکراوەتەوە، لە هەر پارچەیەکی کوردستان شێوازی دوورینەکەی جیاوازە، هەندێک پارچە بەکاردێت و هەندێکی دیکەشی بەکارنایەت.
جلی کوردی ئەو جلوبەرگەیە کە تایبەتە بە نەتەوەی کورد و بەشێکی سەرەکیی کولتوری کوردییە. جلی کوردی لەڕووی شێواز و پۆشینەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تری کوردستان جیاوازە. لە پەیدابوونی کولتوری جلوبەرگی کوردی تا ئێستا گۆڕانکاری بەسەر شێوەکەی ھاتووە بەڵام مۆرکی نەتەوەیی پاراستووە و توانیویەتی تا ئەمڕۆ بەزیندوویی لەنێو کوردان بمێنێتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژێک تایبەت کراوە بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی. ڕۆژەکە بە ١٠ی ئازار یان ١٠ مانگی ٣ ھەموو ساڵێکە، کە ئەوەش لەسەر خواستی کەسەکە دەمێنێتەوە و بەئازادانە دەیپۆشێت، ئەو ڕۆژە زۆربەی خوێندنگا و کۆلێژ و دامودەزگا حکومی و تایبەتییەکان دەگرێتەوە.
جلی کوردی، پۆشاکی نەتەوەیی خەڵکی کورد و کوردستانە. لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی خۆیی لە کراسی درێژ بۆ ژنان و ڕانک یان شەڕواڵدا دەبینێتەوە بۆ پیاوان. ئەم جلانە نەک تەنیا بۆ خەڵکی کورد بەڵکوو بۆ کوردستانییانی ناکوردیش تا ڕادەیەک بە هەمان شێوەیە. بۆ نموونە ئاشووری و کوردە جوولەکەکانیش هەر هەمان پۆشاکیان پۆشیوە ناوی پارچەکانی جلی کوردی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک دەگۆڕدرێت، ڕانک و چۆغە، شەڕواڵ و مرادخانی، ستارخانی، شاڵ و شەپیلک، کەوا، سەڵتە، هێلەک و ئاوەڵ کراس، هەندێک لەو زاراوە و دەستەواژانەن کە بۆ جلی کوردی بەکاردێن. لە باشووری کوردستان هەموو ساڵێک لە ڕۆژی 10ی مانگی مارت ڕۆژی جلی کوردییە و خەڵکانێکی زۆر ئەم جلانە دەپۆشن. لە جەژنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز و ئەوانی تردا ئەم جلانە زۆر بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەردەکرێن. لە ئەدەبی کوردی، بەتایبەتی بەند و هۆنراوەکان پەسنی زۆری جلی کوردیی تێدایە. زۆر جار لە بەیتەکاندا ڕەنگی کراسی خانمان بووەتە پێناسی ئەو کەسە و بەندبێژەکە بەهۆیەوە بەندی بەسەردا گوتووە. لەگەڵ جلی کوردیدا هەندێک ئێکسسواری تایبەتیش هەیە، کە ئەوانیش ڕەنگدانەوەی مێژوو و کولتووری کوردین. بۆ نموونە خشل و سەروکڵاو بۆ ئافرەتان و بۆ پیاوانیش مشکی ، جامانە ، و خەنجەر و زۆری تر تەواوکەری ئەم جلانەن. زۆرێک لە بێگانەکان چ ژن، چ پیاو، کاتێک هاتوونەتە کوردستان، بە جلی کوردییەوە وێنەیان گرتووە و پێی سەرسام بوون