KDC

بەشی حەوتەم لە کتێبی بۆرییە ئاوەکانی حوکمڕانی

پێودانگی شیان

نووسینی؛ چیمەن ساڵح
چاپ و بڵاوکردنەوەی: دەزگای وشە

پێودانگی شیان

“جیاوازییەکی دیکەی ئاشکرای نێوان ئیسلام و خۆرئاوا لە سیاسەت و بەتایبەتتریش لە بواری کارگێڕیدا بوو. پێشتر لەسەدەی ھەژدەدا باڵیۆزەکان لە بەرلین و ڤییەننا و دواتریش لە پاریس و لەندەن بە سەرسووڕمان و ھەندێک جاریش بە چاوی سەرسامبوونەوە وەسفی کاری ئیدارەیەکی بیرۆکراتی کارایان کردووە کە تیایدا دامەزراندن و ھاندان بەپێی دەستکەوت ولێوەشاوەییەوە نەک بە ھۆی خاترانەو سایەدارییەوە.”

بێرنارد لویس، لە کتێبەکەی لەسەر ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات (ھەڵەکە لە کوێێیە) وا دەڵێ. ھەروەھا ئێلیسا لایتبۆرن، ژنە نووسەر و ڕۆماننووس و پرۆفیسۆری زمانی ئینگلیزیی ئەمریکی، کە بۆ ماوەی شەش مانگ وەک مامۆستا لە کوردستان ماوەتەوە و ڕۆمانی ” پاسکیلی کورد” ی نوسیووە، دەڵێ” لێرە زیاتر دەربەستی ڕووسپی بوونن، نەک بەتوانا بوون و شیان.” لە جێییەکی کە دەڵێ ” وڵاتەکەی من ئەگەر بگاتە ئەوەی ھەر بە دەمیش بێ ھەر پشتی شیان و توانا دەگرێ.”.
لە ناو دامودەزگاکانی ئەو وڵاتانەی پێیان دەوترێ جیھانی سێیەم و وڵاتی ئێمەش بەشێکە لەوان، واسیتە لە دەردە گەندەڵییە ھەرە بەربڵاوەکانە. لە کوردستان لە ئەدەبیاتی میللیشدا بەھۆی بەربڵاوییەوە ناوی پێ دراوە و پێی دەوترئ « ڤیتامین واو».

جێبەجێکردنی واستە، ھەر لەوەندەدا نەماوەتەوە کە پێی بوترێ بەربڵاوە بەڵکو بووە بە کولتوور جاری وا ھەیە کەسەکە بۆ ئیشێکی زۆر ئاسایی تا واسیتەیەک نەکات و کەسێک پەیدا نەکات لەو جێیەی ئیشی ھەیە بیناسێ، ناچێ بۆ جێبەجێکردنی ئیشەکەی. یان کاربەدەست و فەرمانبەرەکە، بەبێ ئەوەی کەسێکی ناسیاو یان ئیشێک لە نێواندا بێ ھیچ کارێک بۆ کەس جێبەجێ ناکەن. ئەمە بارێکی واسیتە، بارەکەی دیکەشی ئیش و پۆست بەخشین بە ھۆی واسیتەوە ئینجا واسیتەکە ھەر شێوەیەک بێ و بەھۆی ھەر ھۆکارێکەوە بێ. بەجۆرێک واسیتە جێی شیان بۆ پۆست و کار بگرێتەوە. بەم شێوەیەش پشتگوێخستنی شیان و پشت بەستن بە واسیتە و نیپۆتیزم ئەنجامەکەی ھەر لە واسیتە و واسیتەکاریدا نامێنێتەوە کۆمەڵگا لە باتی ھەنگاوی مەدەنی دەگەڕێتەوە دواوە بۆ بونیادە کۆمەڵایەتییەکانی کە سەردەمانی زووتر تێیدا ژیاوە یان کۆمەڵگا دواکەوتووەکان تێیدا دەژین؛ کە ھێز لە کۆبوونەوەی مرۆڤە نزیکەکاندا دەدۆزنەوە نەک سەروەریی یاسا.

لە وڵاتانی دنیای سێیەم، یەکێک لە ئاستەنگە ھەرە گەورەکانی پێشکەوتن پشت بەستنە بە واسیتە و نیپۆتیزم لە باتی توانا و شیان. لە پێشکەوتووترین وڵاتانی دنیاشدا ڕوودەدات کە بە ڕێککەوتێک جارێک، واسیتە ببێتە بنەمای بەخشینی دەرفەتێک بەڵام بەوپەڕی دڵنیاییەوە ئەو لە یاسابەخشینە کە بە دەگمەن ڕوودەدات، لە پێناوی چەسپاندنی زیاتری دادپەروەریی و ڕاستکردنەوەی مافێکە بۆ کەسێک کە بەخشەرەکە نە خۆیی و نەکەسێکی ناناسێ تەنیا بە پشت بەستن بەڕاستی و بەڵگە، تێدەگات کە پێویستە دەسەڵاتی خۆی بۆ کردنەوەی دەرفەتێک بۆ ئەو کەسە بەکاربھێنێ، بە پێی لۆژیک پێی وایە بەو ڕێگەیە خزمەت بە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی یان بەرژەوەندیی گشتی یان بەرژەوەندی مرۆڤایەتی لە ھەر کوێ بێ، دەکات.

شیان، شتێکە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان ھەرگێز سازشی لەسەر ناکەن لەبەر ھیچ ھۆیەک. باوک و دایک بۆ منداڵەکانیان بە ئامانجی ھەرە گرنگی دەزانن. شیاندن خۆی لە خۆیدا لە بەشێکیدا ئامانجە لەبەشە سەرەکییەکەیدا ڕێگایە بۆ پەرەپێدان. ناشێ دامودەزگایەک، ڕێکخراوێک، حکومەتێک بودجەیەکی زۆر لە شیاندندا خەرج بکات و دوای ئەوە ھیچ بەرنامەیەک نەبێ یاخود ھەر ویست نەبێ بۆ دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو.
جێبەجێکردنی ھەر پێودانگێکیش جگە لە شیاوێتی بۆ دەستنیشانکردنی کەسەکان بۆ کار و دەرفەت و پۆستەکان، ڕووخاندنی بەردی بناغەی کارگێڕییەکی بەتوانا و سەرکەوتووە. دوو ئاکامی نەرێنی دەخاتەوە: یەکەم، ئەو کارگێڕییە لە ھیچ ھەنگاوێکی دیکەیدا سەرکەوتوو نابێ چونکە یەکەم ھەنگاوی ھەڵەیە. دووەم، ئەو شێوازی کارگێڕیی یاخود حوکمڕانییە، دەبێتە ھۆی دروستکردنی نائومێدیی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا، لە ئەنجامدا، تاکە شیاو و کاراکانی کۆمەڵگا لێی بئێومێد دەبن و ڕکابەری خراپ لە نێوان تاکەکان دروست دەبێ; لە ئەنجامی ئەوەی ھەندێک ھەست بە زوڵم و جیاکاری دەکەن و ھەندێکیش مافێکیان وەرگرتووە کە ھی خۆیان نییە.

دادپەروەریی دڵی ھەموو سەرکەوتنێکە، مرۆڤ تەنیا لە دامەزراندنی ئەو جۆرە سیستەمانەدا توانیوویەتی ئەنجامی باش بۆ مرۆڤایەتی دەستەبەربکات کە دادپەرەریی کردووەتە بڕبڕە. لەبەرچاوگرتنی پێودانگی شیان بەشێکی بنەڕەتییە لە جێبەجێکردنی دادپەروەریی.
بەشێکی زۆر گەورەی شیانیش بە ھێنانەکایەی یاسای گونجاو و جێبەجێکردنی دەستەبەردەبێ ھاوشان لەگەڵ دروستکردنی کولتووردا بەو ئاراستەیە. زۆرجار دەوترێ بۆ خەڵکی ناچن لە کەرتی تایبەت کار بکەن و دەیانەوێ لە کەرتی گشتی بن؟ لە راستیدا، بەپێی زانیاری دروست لەسەر کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، بەشی ھەرە زۆریان جگە لە کەسو و ناسیاو و نزیکی خۆیان خەڵکی دیکە دانامەزرێنن ئەوە بێجگە لەوەی ئەوەی لەوێ دادەمەزرێ ھیچ مافێکی نییە و ئەو رۆژەی کارەکەی بەجێ دەھێڵێ وەک ئەوەیە ھیچی نەکردبێ و ناھەقیش بەرامبەر ئەوانە دەکرێ کە کار دەکەن.
شایەتی ئەوەم کە یەکێک لە ھەرە دەوڵەمەندەکان کە خاوەنی چەندان کۆمپانیایە کارێکی پڕ ماندووبوونی تەکنۆلۆژیی بە گەنجێکی ئەندازیاری زیرەک و شیاو و دانەمەزراو کرد کە بایی پارەیەکی زۆر بوو لە دواییدا خۆی لێ دەشاردەوە و پارەی نەدەدایی و دواجار بڕە پارەیەکی زۆر کەمی بە ناچاریی و دوای ماوەیەکی زۆر و ھەوڵی خەڵک دایە. لە کاتێکدا منداڵ و کەسوکاری خۆی لە کۆمپانیاکانی خۆی پارەیان بۆدەڕێژێ لە کاتێکدا ھەندێکیان ھەمان بڕوانامەیان ھەیە، بەڵام توانای ئەنجامدانی ئەو کارەیان نەبووە. واتە کەرتی تایبەت نەبووەتە بەشێک لە دامودەزگاکانی نیشتمانی و تەنیا لە شێوەی دوکانی تاکەکەسدایە و بەڵام بەھۆی ئەو ماف و ئیمتیازاتەی کە بە یاسا بۆ دەوڵەمەندەکان و پرۆژەکانیانی دروستکردووە، دەستکەوتی زۆریشی لەسەر حیسابی گشتیی ھەبووە.

___

بێشکچی،پیاوێک لە باوەڕ و زانست و تێکۆشانی مرۆڤدۆستانە

nusar1

ڕۆڵی نەوە جیاوازەکان لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی بوارە جیاجیاکاندا

nusar1

چاوپێکەوتنێکی ئاگرین لەگەڵ جۆن بۆڵتن دا!..

nusar1
KDC

FREE
VIEW