عادڵ محەمەدپوور
لە جیهانێکدا تەنانەت چرکەساتەکانیش لە هەمبەر خێرایی و پڕتاویی گۆڕانکارییە تەکنۆلۆژییە راگەیاندنییەکان بە جێ دەمێنن و جیهانیانیش لە بەرامبەر خێرایی ئەم گۆڕانکارییەوە ئیتر وەکوو ڕابردوو سەرسووڕ نامێنن. لەم جیهانە هەنووکەییەدا کە ژمارەی تەلەفوونەکانی گەڕەکێک لە ئەمەریکا پتر لە کۆی دەزگا تەلەفوونەکان لە وڵاتانی باشووری ئافریقایە، ئەمە یانێ نابەرابەری مێدیایی. ئەمە لە کاتێکدایە کە شاڕێگە مێدیایی و ڕاگەیاندنییەکان تخووبە جوگرافیاییەکانیان بەزاندووە و ئامڕازە نۆژەنە تەکنۆلۆژی و راگەیاندنیەکان وەک پاڵپشتێک بۆ «دوەمین شۆڕشی پیشەیی» رێگەیان بۆ گەیشتن بە گلێرگەیەکی دیمۆکراتیک و شەفاف و ناناوەندی لەم دنیا چڕوپڕ و گووشراوەدا، فەراهەم کردووە. جا فەرموون ڕێگای دەربازبوون لەم دژەهەرمانانەدا بدۆزنەوە. ڕەوتی ئازادی مێدیاکان لە جیهاندا، دەبێتە مەرجێکی پێویست بۆ دەسەڵاتدارێتی درووست و دادوەرانە و سەقامگیر کردنی گەشەی کۆمەڵایەتی هەر وڵاتێک و نەتەوەیەک. «مافی زانیاری»یش پەیوەستە بە پرۆسەی ئازادانەی بزاڤی دیالۆگ و ڕاگەیاندن و ئاستی سەربەخۆیی ڕاگەیاندنگەلێک کە هەڵگری هەندێ ئارمانج و ئاکاری بەرزی پیشەیی و ئەخلاقین.
هەروەها کە «ئالێن مۆدۆ» بریکاری پێشووی بەرپرسی گشتی بەشی ئازادی دەربڕین و دیمۆکراسی یۆنێسکۆ دەڵێ: ئازادی ڕاگەیاندن و دیالۆگ لە واقێعدا بە واتای «داننان بە مافی ڕا دەربڕین بەو تاکانەیە کە ئاوا مافێکیان نەبووە.» سەرەڕای نادادوەری لە دابەشکردنی موهێبەتی مێدیاکان، ئەم وتە تەنیا یەکێکە لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ڕێبردی یۆنێسکۆ لە هەمبەر ئازادی مێدیا و ئامێرە ڕاگەیاندنەکان و دیالۆگی فەرهەنگەکان، کە بەڕێز »مایۆر« بە جیدی هەوڵی بۆ داوە و بەرزی کردوەتەوە. کویچیرۆ ماتسۆراش بریکاری وەختی ئەو بەڕێزە، خۆی بە بەرپرسیار زانیوە بۆ بەڕێوە بردنی ئەم هەڵوێستانە. کە وابوو یەکێک لە دۆزەکانی یۆنێسکۆ؛ قەڵەو کردنەوەی توانستی پێوەندییە مرۆییەکان و فەرهەنگی پەیڤین لە وڵاتانی لە دۆخ گەشەسەندن و بردنە سەرەوەی ڕێژەی بەشداری تاکەکان لە کێشە سەرەکییەکانی نێو کۆمەڵگەدایە. ئەم چەشنە ئارمانجگەلە وەکوو: بەرەنگاری دژ بە هەژاری، فێر کردن و بارهێنانی گشتی، پاراستنی ژینگە، بەرەنگاری دژ بە ئەیدز، بردنە سەرەوەی ڕێژەی مافی مرۆڤ و ناسینی چییەتی ناسنامە و فەرهەنگی ئاشتی و دیالۆگ، تەنیا لە هەل و مەرجێکدا دێنە دی و سەردەکەون کە دەبێ بەم خەڵکانە زانیاری پێویستیان پێبدرێت بۆ دەربڕینی خولیاکان و داخوازەکانیان. بەم هۆیەوە یۆنێسکۆ، لە دامەزراندنی راگەیاندنە نێوخۆییەکان و نێونەتەوەییەکان و فەرهەنگی دانووستاندن پشتگری کردووە و بۆ فێرکردنی پیشەیی کارگێڕانی ئەو دەزگایە، بەڵێنیشی داوە .
لەم سەروبەندەدا، ئەم پرسە دێتە ئاراوە، ئاخۆ بەڕاستی ڕێ و شوێنی ئێمەی کورد لەم دانووساندنە مەجازییەدا، لە کوێیە و بەکام ئەمڕازی خێرایی و مێدیایی دەتوانێ ئەم مەودا و بۆشاییە مەجازییە نێوان ئێمەی هەژار و دەسەڵاتچیانی راگەیاندندا، پڕبکاتەوە؟
کورد بە پێی فاکتە مێژووییەکان یەکێک بووە لەو نەتەوەگەلە کە روڵێکی کاریگەری لە بووژانەوە و بەرز ڕاگرتنی ژیاری مرۆڤانی و شارستانیەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە،- ئەگەرچی هەر لە کاتی سیاسەتی ئاشوورییەکانەوە تا ڕێبردی دەسەڵاتدارانی سەردەمەوە تا ئێستا مافی قەوارە و هەیکەل، هەر خەونێکی بە نەهاتوو بوە و تەنانەت پێکهاتەی کەلتوور و زمانی کەوتوەتە بەر قەمچی شاڵاو و هەندێ جاریش بە ڕاگواستن و ڕاپێچکردن و پاکتاوکردنی پێکهاتەکەی، هێما فەرهەنگی و نەتەوایەتییەکانی، تا سنووری تواندنەوە ڕۆیشتوو. ئەم ڕووکردە سیاسی فەرهەنگی و… تا وەکوو ئەمڕۆ بەردەوام بووە و بە بیانووی جۆراوەوە تەنانەت مافی هەبوونی گۆڤارێکیشیان پێ ڕەوا نەبینیوە. کوردیش خۆی لە زۆر ڕەهەندی مێژووییدا، ستەمی بە خۆی ڕەوا بینیوە، نەیتوانیوە بە باشی کەسێتی تاکی و نەستی کۆمایی و ناسەی حقۆقی خۆی راڤە و پێناسە و لێی بەرگری بکات. هەیکەلیتر هەمیشە لە خۆناسین و پێوەندی لە گەڵ خۆدا تووشی هەڵەی سیاسی لە ناسین و ناساندن و مەعریفەدا بووە و لە ڕێبردی عەقڵانی و لۆژیکیدا هەڵەتە بووە. بە قەولی بەختیار عەلی «مێژوویەک ئەو باسکارانە درووستیانکردوە کە تەنیا ڕووکەش دەبینن. سەرەنجێک بە شێوە جیاوازەکانی مێژوودا ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە ئێمە مێژوویەکمان بۆ نەتەوە و ڕەخنە هەیە ئاوێنەی مێژووی ڕاستەقینەی ئەم کایانە نییە.»
«مک لوهان» سێ قۆناغ بۆ مێژوو دەست نیشان دەکات:
١- قۆناغی زارەکی و دەمبێژی (شەفاهی) یان هەمان پەیڤی بەرامبەری دوو تاک، کەڵک وەرگرتن لە پێنج هەست، کە بە چەمکی «راگەیاندنی سارد و بەستەڵۆکی» نێو دێری دەکات، لەم ئاستەدا مرۆڤ دەبێتە ئەوەڵین ڕاگەیاندن.
٢- قۆناغی داهێنانی چاپ کە لە ڕوانگەی «مک لوهان»ەوە ئەم قۆناغە سەرەتای «هۆز سڕینەوە»یە و ئەمە قۆناغی بە گوڕ و پڕ وزەی ڕاگەیاندنە.
٣- قۆناغی داهێنانی «تەلەفزوێن» کە دەسپێکی مرۆڤە بۆ ڕۆچوون بە ناخی جیهانیبوون و پێکهاتەی «گوندی جیهانی» و چڕبوونەوەی ئەمڕازە ڕاگەیاندنەکان و تەقینەوەی ڕاگەیاندنە دیجیتاڵییەکان.
لە قۆناغەکانی «مک لوهان»دا هەرچی بەرەو پێشتر دەڕۆین و پلەکانی مێژوو دەبڕین چەمکی «ڕاگەیاندن» چ لە ئاستی «چەندایەتی» و چ لە ئاستی «چۆنایەتی»دا گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێ.
لە هەمبەر ئەم بیرۆکەدا، پێویستە ئێمەی کورد بۆ «ناسەی نەتەوایەتی» و «گوتاری رووناکبیری» و «پرۆژەی رۆژنامەنووسی» چاو لە سێ خاڵی سەرەکی لە وتەکەی «مک لوهان» بکەین و سێ پرسی سەرەکی بورووژێنین:
یەکەم: «ئاستی خێڵ سڕینەوە»ەی لۆهان، ئەم پرسە ئایا کورد وەک چەمکی مودێڕنی دەسەڵات و ئێپستمە و پێڕەوی عەقڵی سەردەم، بۆ سامانی شارۆمەندی و هاوڵاتیبوون و مرۆڤی سەردەم و ئەندامبوون لە گوندی جیهانی، توانیویەتی لە جەغزی «هۆزایەتی و خێڵایەتی و گەڕووی پۆپۆلیستی» خۆی دەربازبکات و بگاتە بەو دۆخەی کە «لۆهان» دیاریکردوە؟
دووهەم: ئایا توانیومانە بگەین بە ئاگایی و فەلسەفەی مێژوو و نەستی (ناخۆئاگا)ی کۆیی خۆمان؟
سێهەم: ئایا خاوەنی ئەمڕازگەلی ئەمڕۆژیانەی ڕاگەیاندن هەین بۆ گەیشتن بەو دۆزە ڕەوایانە؟ ئەگەر هەین لە چە ئاستێکداین؟ ئەم پرسانە هەرکام هەڵگری باسگەلێکی تایبەتی و وتارگەلێکی توکمەترن. بەڵام جەخت لە سەر خاڵی سێهەم دەکەم ئەگەرچی پڕۆسەی باسەکە لە هەر سێ قۆناغدا پێکەوە پێوەندی توند و تۆڵی هەیە.
وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژاوا، ئەمڕۆژ شانازی بە سامانی بەرزی مەعریفەی خۆیانەوە دەکەن، بۆ؟ بۆ ئەوەی خۆیان لە قۆناغی سێهەمی مک لۆهاندا دەبیننەوە و پتر لە 400 ساڵ لە تەمەنی پڕ شکۆی رۆژنامەنووسیان تێدەپەڕێ، بە مانا گەیشتوونەتە ئاستی خۆئاگایی مێژوویی یان هەمان فەلسەفەی مێژوویی. ئەگەر چاو لە تەمەنی رۆژنامەنووسی وڵاتان و کێشوەرەکان بکەین، تەنانەت تەمەنی رۆژنامەنووسی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین کە دواکەوتووترن، دەگەرێتەوە بۆ پتر لە 200 ساڵ، کەچی کاتی دەرچوونی هەوەڵین رۆژنامەی کوردستان لەسەر دەستی بنەماڵەی «بەدرخان» تەنیا ١٢٣ ساڵ تێدەپەڕێ، – ئەگەرچی ئەمەش جێی شانازی کوردە و ئاخێزگەی دەسپێکی گوتاری رووناکبیری/ رۆژنامەوانی ئێمەیە- ئەم قەیرانه، پێوەندی بە چەمکی دەسەڵاتەوە هەیە، کە کورد بە درێژایی مێژوو، لێی بێ بەش بووگە.
لە مێژە کورد هەر ژانری شێعری هەبووە کە لە مەوداگەلێکی زەمەنیدا تەنیا دەقێک بووە کە تا ڕادەیەک بەتەنیا ئاوڕی لە هەموو چەمکگەلی هزری و مەعریفی داوەتەوە. بۆ خۆی ئەمە شرۆڤەکییەکی جیاوازتری ئەوێت کە بۆ هەموو شتێک لە ژانری شێعردا چڕکراوەتەوە؟ ئەمەش بۆ ئەو هۆکار دەگەڕێتەوە کە لە بنەوەڕا کورد دەسەڵاتێکی توکمەی نەبووە و تەنیا چێژی شاعێرانە بووە کە لەم دۆخە کۆڵراوەتەوە، ئەویش نە بە شێوەی ڕاشکاوانە و شێلگیر و هەمەلایەنە، بەڵکوو کە بە شێوەی ئەدەبی نەمادینە و “سیمبۆلیک” بە پێی نیاز لە دیاردەکان قۆسراوەتەوە و مەبەستگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ ئاوەگۆز کردوە. ئەم ناسەقامگیری و نا بەرانبەرییە لە ساباتی دەسەڵاتدا وایکردوە کە هەموو شتێکمان تێکەڵ بە ئەویتر بێت و نەتوانین شوناسێکی یەکدەست و دراسەکراو و تۆمارکراو بنەخشێنین، بۆیە ناچار پەنامان بردۆتە ژانری شێعر و هەموو شتێکمان لەو سووچە نووتوکەدا دۆزیوەتەوە.
بەشێک لە گێڕانەوەی شوناسی کوردی لە ئەستۆی شاعێراندا بووە لە بابا یادگار(سەدەی دووی ک.م)، تا بێسارانی، فەقێ تەیران، ئەحمەدی خانی و سەیدی و خانا و مەولەوی و هێمن و هەژار و شێرکۆ و… ئەم دۆخە هەست پێدەکرێت. ئەگەرچی زۆربەشیان نەیانتوانیوە ئەم ئەرکەش بەرێوە بەرن. هەندێکیشیان تەنیا بە دووی وردەکاری ئەدەبی و ڕازاندنەوەی دەقی شێعردا بوون(مەزموونخوازی) و کەمتر خۆیان بە قەرەی ورووژاندنی هزر(واتاخوازی) و نواندنی ژانەکانی گلێرگە و بەرجەستە کردنی زامەکانی جەماوەر داوە. هەن شاعێرانێکیش کە هەوڵیان داوە ئاگایانە کاربکەن بۆ دەستەبەر کردنی شوناسی کوردی. نموونەی بەرزی نالی شارەزووریە کە وەک شاعێرێک و بکەرێکی وریا و زیرەک(فاعل شناسا)، زانیویەتی لەم نێوەندەدا، چۆن کایەی زوانی بەکار بهێنێت و واقێعەکان بقۆسێتەوە و لە ناو گەنجینەی فەرهەنگێکی هەژار و زوانێکی دیالێکتدا، سەری هەڵداو و درەوشایەوە، هەم دۆخی هێژمونی سیاسی و دەسەڵاتداری بە بەبەکان ببەخشێ و هەمیش دیالێکتی کوردی سۆرانی ناوچەی سلێمانی ببوژێنێتەوە و بازنەکەی بەر بڵاوتر بکاتن و ئێستا بانگەشەی پێوەریی بوونی زوانی کوردی بکرێت.
ئەمانە هەمووی تەنیا لە تێئۆری “پەلەقاژە کردن”دا بوە بۆ “گوتاری ماننەوە”. ئەگەرچی چەند دەهەیەکە، کورد هەنگاوی باشی هاوێشتوە و تا ڕادەیەک لە باشوور و ڕۆژهەڵات و باوور و تەنانەت ڕۆژاوا، بوە بە خاوەنی هەندێ پرنسیپی ڕۆژنامەنووسی کەچی. ئەوەش لەو پێناوەدا بوە کە دۆخەکە گۆڕراوە ئیتر شێعر و ئەدەبی زارەکی فەلسەفەی زانستی- فەنی و کارکردی راستەقینەی خۆیان دۆزیوەتەوە و بە شێوەیەکیتر ئاراستە دەکرێن. ئەم ئەرکە لە سەر شانی شێعر وئەدەب دابەزیوە وەک نیمچە پیشەییەک خراوەتە ئەستۆی ڕۆژنامەنووسی بێ دەسەڵاتەوە.
لە کوتاییەکانی سەدەی (19)ی ز (1898) کە یەکەم رۆژنامەی کوردی (کوردستان) لە سەردەستی (مێقداد مێدحەت بەدرخان)چاپکرا، ڕۆچنەیێک لە رووی سوننەتی نویساری(کتبی) و دیاردەی رۆشنبیری ئیمەدا کرایەوە و بە واتا مێژووی مودێڕنی رۆژنامەنووسی کوردی دەستی پێکرد. ئەم رۆژنامە وێڕای پێداچوونەوە لە ڕووکردی فەرهەنگی عەشیرەتی و ئیلیاتیگەرییەوە بۆ رووکردی باری ڕۆشبنیری لە زارەکییەوە بۆ ڕەوشی نووسین گۆڕی، ئەلفووبێی کوردی بێچمی سەردەمی و هەنووکەیی بە خۆوە گرت. لە سەروتاری یەکەم ژمارەدا جەخت لە سەر زانست و فێرکاری زوانی کوردی کرابوو و بەردەنگی کوردی بە هزراندن و هەوڵ بەم زمانە هەڵخڕاند بوو. پاشان چەندین رێکخراوە و ئەنجومەن و رۆژنامەیتری کوردی لە ترکیە و سوریە و عێراق شکڵیان گرت، ئەمانە هەمووی کاریگەری ئەرینی و پۆزەتیڤیان لە چاندنی هزری کوردی دانا.
ئەم ڕووکردە بووە هۆی ئاشنایەتی لە مێژووی خۆیان و گەلانیتر و سەرەنجام بزووتنەوەی نەتەوەیی و گەڕاندنەوەی شوناس و چییەتی کوردی. دوا بە دوای ئەم گۆڕانەدا، حوزنی موکریانی چاپخانەی بۆ کوردستان هێنا، وتار و شێعری و دەقیتری ئەدەبی وەک وەرگێڕان و… پەرەی سەند و قوتابخانە کوردییەکان یەک لە دوای یەک کرانەوە، ئەمانە هەمووی بۆ کوردان ژیانەوە و «رێنسانس»ی فەرهەنگی و هزری بە ئەژمار دێ کە لە ژێر کاریگەری و کاردانەوەی ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسیدا شکڵیان گرتووە. ئەم دیاردە لە زەمەنگەلێکی جیاوازتردا بۆ پارچەکانیتریچ رەنگیداوەتەوە، کە ئەمێستاکە وێناکەی لە هەرێمی باشوور و رۆژهەڵات و… بە شێوەیەکیتر ئەیبینین.
رۆژهەڵاتی کوردستان، بە واتا فەننی و پیشەییەکەی بێبەش بوە لە پێکهاتەی سامانێکی توکمەی ڕۆژنامەنووسی. یەکەڵاکردنەوەی ئەم خەسارە و مێکانیزمەکانی، باسگەلێکیتری سەرەکی بەدوای خوێدا دێنێ کە لێکدانەوەیان لێرەدا مەحاڵە. بەداخەوە بەم هۆکارانەوە نەیتوانیوە، خاڵە سەرەکیەکانی رۆژنامەوانی، تەنانەت لە چاو باقی بەشەکانیتر، دەستەبەر بکات. نەیتوانیوە، لەسەر پەیوەستی لۆژیکی رۆژنامەوانی نەتەویی و نێو نەتەوەیی و ئەکنوونی و رەهەندەکانی «کومسێونی یونێسکۆ» خۆی وێنا بکات. نەیتوانیوە وەک روکنی چوارەمی دێموکراسی، پرەنسیپەکانی دۆزی ئەو کومسێونە لە سەر چەمکی ئازادی دەربڕین، فرەدەنگی و پلۆرالیزمی رۆژنامەوانی، دابەشکردنی ئامڕاز و کەرەسە، دابینکردنی زەمینەی دادوەرانە بۆ کێیبەرکێی سالم و سامانمەند، دابین بکات و بیانخاتە بۆتەی کردارەوە. عەقڵیەتی کوردی و ناسەی نەتەوایەتی لەسەر ئەو پێودانگە دێموکراسیانە، وێنا و تاووتوێ نەکراوە، ئەگەر لەم بووارەدا، لە لایەن هەندێ رۆژنامەوە کە سەر بە کاسێتی دەسەڵاتن، ئیدیعا بکرێتن، تەنیا رواڵەتی کێشەکانە نە جەوهەر و رۆچوون، بە ناخی بابەتەکەدا.
دەبێ نیگای ئێمە بۆ رۆژنامەگەری کوردی، روانینێکی سەلبی و نیگاتیڤ بێ، نە ئیجابی و پۆزەتیڤ! هێشتا چەمکی دەسەڵات و کێشەی ناسەی نەتەوەیی وەک خۆی، ماوەتەوە و تەنیا لە سووچی ئاسوی یوتۆپیای خۆمانەوە، بۆی دەڕوانین. باس لەسەر رۆژنامەوانی ئەکتیو و چالاکمەند و پڕ وزە و ئازاد، پێوەندی بە ناسینی چەمکی دەسەڵات و سەقامگیربوونی ناسنامەی نەتەوایەتیەوە، هەیە. وەک ئامڕازێکی پێویست بۆ تێکەڵبوون لە گوندی جیهانی و لە هەمان کاتیشدا بەرخۆدان بۆ پاراستنی ئەم نەستەکۆییە –کە هێشتا نەبووە بە هەستی خوداگا و فەلسەفەی مێژووی ئەم گەلە- کە بە ناو ناسەی کوردی ئاماژەمان پێدا و ناسینی دەسەڵات هەمیشە یەکێک بووە لە دڵەراوکە بنچینەییەکانی زانایایی سیاسی و کۆمەڵناسان. پرسیارگەلێک وەکوو: دەسەڵات چیە؟ چلۆن کەڵکی لێی وەردەگیرێ؟ خاوەندارێتی سەرەکی دەسەڵات کێن؟ پرسیارگەلێکن کە لە سەردەمە جۆراوجۆرە مێژووییەکاندا، وڵامگەلی جیاوازیان بۆ سازکراوە. لە واقیعدا، جیاوازی بۆچوونەکان و وڵامەکان، پیشاندەردی دنیامیزمی زاتی و نەفسانیی دەسەڵاتە.
«جیهانیبووونی راگەیاندنە گشتیەکان (Mass Media)، و ئاڵ وگۆڕی هەمەلایەنە لە«چەند و چوون» ی ئەمڕازەکاندا، سیمایەکی مۆدێرنی لە دەسەڵات پێکهێناوە، دەتوانین ئەو دیاردە وەک سیمای هەستپێنەکراوی نوێی دەسەڵاتی بزانین، کە لە رێگای دیاردەی «خێرایی، سرعت» و «پێچراوەی»یەوە دێتە نواندن. «خێرایی» زادەی پێشکەوتن و مۆدێرنێتی تەکنۆلۆژییە و «پیچراوەیی» پێکهاتەی تیشکۆی باوەڕەکان و هێماکان و دیاردەی تەکنۆلۆژییە. ئەم دوو رەگەزە بوونەتە هۆی بەزاندنی سنووری جوغرافیایی دوورە وڵاتان و گەیشتن بە پەڕترین وڵاتەکان و فەرهەنگەکان و گچکە فەرهەنگەکان. تیشکۆی ئەم دوو توخمە، بووەتە هۆی بەرفراوانی پانتایی بازاڕگەلی تازەی مەسرەف بۆ دنیای سەرمایەداری و گەشەی جیهانیبوونی ئابووری. راگەیاندنە جیهانیەکان: توڕگەلی ماهوارە و ئینتەڕنێت، تەلەفزوێن و سینەما و …. مودێرترین ئامێرن بۆ گەشەپێدانی مەسرەفگەرایی و زەمینەی مەسرەف کە ئەم بزاڤە لە ئەسڵدا زادەی کاردانەوەکی نەبینراوی چەمکی دەسەڵاتە ئەگەرچی رەهەندەکانیتریش دەخاتە ژێر رکێف و باهۆی خۆیەوە.»
ئۆخژنی داهاتوو و سیمای شەنگ و دەلالی، دەبێ لە دوو تۆی ئەو زەمینەدا بیدۆزینەوە کە باسم کرد، ئەمە هەر ئەو کایە زمانیە چاوبەستکەرەیە، کە ناتەواو و چەواشەکەر و قەیرانئامێزە بۆ رۆژنامەگریمان و تێکەڵبوونمان لەگەڵ جیهانی دەرەکدا.
سەرچاوە:
1- بڕواننە گۆڤاری «رەسانە» ژمارە 4 زستانی 1380
2- گۆڤاری رەسانە ژ 4 زستانی 1380
3- گۆڤاری نامە ژ 25 نیوەی رێبەندانی 1383
4- گۆڤاری «رەسانە» ژمارە 4 ساڵی 79
٥- محمدپور عادل، راهنمای مطبوعات کوردی، نشر ئەوین، زمستان ١٣٩٦