سورە مەرگەیى
دوژمنان و داگیرکارانى کوردستان.. خۆشەویستیم بۆخاک، بەرگرى كردنم لە مانەوەى نەتەوایەتیم، هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى مێژووم، بیرکردنەوە و تێڕوانینى سیاسیم، بە کوردى ژیان و بە کوردى دوان و بە کوردى مردنم بە تاوان و جیاوازخوازو شۆڤێنى دەزانن، بۆیە بەشانازییەوە دەڵێم: بهڵێ من شۆڤێنیم!!.
داگیرکارانى کوردستان لە کورد بونەوە تا بە دەوڵەت بوون بۆ کورد بە خهتا و دهرچوون له یاسا دهزانن، ئەگەر لەتاوى ئازارە نەتەوایەتیەکانى دەستى دابێتە چەک و بۆ ساڕێژکردنى برینە بە ژوارەکانى، شۆڕشى کردبێ و بەرگرى لە پاراستنى ناسنامەى نەتەوەیى خۆى کردبێ، ئەوا شۆڕش و راپهڕین و بەرگریەكهیان بەیاخى بوون و تێکدان و دەست لە پشت دانى ئەملاو ئەولا ناوبردوە، نەتەوە پەروەرى کوردیان بە بێژینگی فهرههنگی شۆڤێنیەتى خۆیان داكردووه و سزای مهرگیان بۆ داناوه، بۆیه له وهڵامی ئهواندا دهڵێم: له گۆڕیشدا من شۆڤێنیم!!
ئەوان داگیرکارو ئێمە داگیرکراو، ئەوان چەوسێنەرو ئێمە چەوساوە، ئهوان پهلاماردهر و ئێمه پهلاماردراو، ئەوان تاڵانچى و ئێمە تاڵانکراو، دەیان جار دەستى ئاشتیان پەڕاندوین، مێزى گفتوگۆیان بەخوێنى سەرکردەکانمان سوور کردووە، کوشتن و بڕین، فێڵ و دزین، بەڵێنى درۆ، پهیوهندی رابردووی نێوان ئێمهی کورد و داگیرکارانی كوردستانه و ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە، جا بۆ ئەوەى ئەو مێژووە چیتر دووبارە نەبێتەوە دەڵێم: له ناخهوه من شۆڤێنیم!!.
لەباشوورو رۆژئاوای کوردستان کورد و عەرەب برایە، لەباکووریش کورد برایەکى ترى به ملدا سهپێراوه و پێى دەڵێن تورک، نابێ فارسیشمان لەبیر بچێ! ئەویش لەڕۆژهەڵاتى کوردستان دەبێتە برامان، کەچى سەدان ساڵە ئەو برایانە دەروازەى ئازادیان بەسەردا داخستوین، لەسەر سیستەمى برایەتى دەمانکوژن و قڕمان دەکەن، چەند جار برایەتى کورد و عەرەب، کورد و تورک، کورد و فارس بەسەر زامانماندا گوزەرى کردبێ، ئەوەندە جارە شمشێری غهدریان له جهستهی كورد بوونمان داوه، ئهرێ به راستی شمشێر وهشێن چۆن دبێته برای شمشێر لێدراو؟ جا نازانم کامیان ڕاستە؟ برایەتیەکە وهك ههندێ كهس و دهسته و گرووپ بانگهشهی بۆ دهكهن، یان دوژمنایهتی و كوردكوژیهكه وهك ئهوان دهست ناپارێزن، ئەم دوو دەستەواژەیە یەکیان ڕاستییەکى مێژووییە و ئەوى تریان درۆ لەگەڵ خۆ کردنە، بۆئەوەى ڕاستییە مێژووییەکە دهركهوێ و چیتر باجی درۆ كردن نهدهین دەڵێم: تا سهر ئێسقان من شۆڤێنیم!!
بە ڕەتکردنەوەى ئەو برایتیە پێ دەچێ ئیسلامى و مارکسىییهكان بكهونه سهنگهری قەڵس بوون و خۆیان تووڕە بكهن، بەڵام من بێ تووڕە بوون له سهنگهی كوردایهتیهوه پێیان دەڵێم: ئێوە ئازادن لەوەى ئایدۆلۆژیا بکەنە پێوەرى برایەتى، منیش ئازادم لەوەى بۆ برایەتى پێوەرى ترم هەبێ، ئێوە بۆ سەلماندنى ئەو برایەتیە هیچ بەڵگەیەکتان پێ نییە جگە لە خۆ به نێچر كردن، بەڵام من بۆ ڕەتکردنەوەى ئەو برایەتیە بەزمانى بەڵگە دەدوێم.
لەسوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانییهوه تادەگاتە ئەتاتورک و چیلەرو بڵند و نەوى و ئەردۆغان و پێش ئەوان و دواى ئەوانیش، بە ژن و پیاویانەوە، بەعەلمانى و ئیسلامیانەوە، بەدیموکراتخواز و دیکتاتۆریانەوە، بە سۆشیالیزم و سەرمایەداریانەوە، کامیان بۆ کورد قسەى خێرى بەدەمدا هاتوە؟ کامیان دانى بەسادەترین مافى نەتەوایەتى کوردا ناوە؟ ئایا لە کوشتن و قڕکردن و توانەوەى کورد لەبۆتەى توورکاندندا، وەک یەک بوغزاوى و تەواوکەرى یەکترى نەبوون؟! كامیان بەئاوازى مەرگى کورد هەڵنەپەڕیوه و تورکیان نەلاواندۆتەوە؟ جاکەوایە بۆ پاراستنى ناسنامەى نەتەوایەتیم دەڵێم: من كوردێكی شۆڤێنیم !!.
لەخالیدى کوڕى وەلیدەوە تا دەگاتە سەدامى کوڕى حوسێن و برایمى کوڕى جەعفەرو نورى کوڕى مالیک و حهیدهری كوڕی عهبادی بۆکورد بهڵاهێن و ستهمكار نهبووه! بێ جیاوازی بە شیعە و سوننەیانەوە بە ڕاست و چەپیانەوە، کامیان لە عەلى کوڕى حەسەنى نەوەى کیمیایی شەریف تربوون! لهگهڵ ئهوهشدا تا ئێستاش بەدەمیاندا نایا بڵێن: کورد غەدرى لێ کراوە و بە لێبوردنێکى ساده دڵى ئهو برایه زوڵم لێكراوه بدەنەوە، شیعە وەک تاوانبار سەدام حوسێنی بەداردا هەڵدەواسی و بە چوار دەوریدا ڕەقسیان كرد، بەڵام هەنگاوەکانى لە كوردكوژی و عەرەباندنى کەرکوک و ناوچەکانى ترى کوردستان بەرز دەنرخێنن، ههڵوێستی تاوانكاری سهددام حوسێن لەلایان لەئاکار و ڕەفتارى دوانزە ئیمامەکەیان پیرۆزترە و دەست بەردارى نابن، شیعە و سوننە بەدڕێل مێشکى یەکترى دەکۆڵن، وەک ئاژەڵ یەکترى سەردەبڕن، بەڵام لەسەر کێشەى کورد ڕێک و تەبان و موویان بە بەرەوە ناچێ، خۆ ئەگەر لەم ڕۆژگارەدا شیعە کەمێک لەسوننە نەرمتربێ ئهگهر واش نییه، ئەوا دەیانەوێ بەو نەرمیە سەرنجى کورد ڕابکێشن و پێگەى دەسەڵاتیان بە هاوکارى کورد بۆ کورد کوشتن ڕەقتر بکەن، جا کەوابێ ئهوپهڕی گێلییه من شۆڤێنى نهبم!!
لە شا عەباسى سەفەویەوە تا دەگاتە ڕەزاشا و ئاخوندەکانى ئێستاى دەسەڵات، هەربە دەست کێشى بێگانە و دژى ئینقیلابیان زانیوین! لەکاتى گفتوگۆ و لەسەر سفرەى نان خواردن خوێنیان ڕشتوین و سفرە و نانیان بەخوێنى کورد سوور کردوە، خانى لەپ زێڕین و سمکۆى شکاک و پێشەوا قازى و دکتۆر قاسملۆ و شهرهفكهندی ئەو ڕاستیە مێژووییە دەردەخەن، کە فارسیش بە شاو (ناشا)یانەوە، بوون و سەروەرى و دەسەڵاتى خۆیان لەخوێن ڕشتنى نامەردانەى کورددا دەبینن، جا کەوایە ئەو فەرمودەیەى بارزانى نەمر (کورد سەپانى باوکى کەس نییە) دەکەمە ستراتیجى نەتەوایەتیم و بۆ ڕزگار بوونم لە سەپانى کردنى تورک و فارس و عەرەب بهدهم وتنی (ئهی رهقیب)هوه دەڵێم: من شۆڤێنیم!!
وەرن سەیرکەن! ئەو نەتەوانەى پێشکەوتون و ژیانێکى ئاسودەیان بۆ خۆیان دابین کردوە، ئایا ڕۆژێک لەڕۆژان به دوژمنی خۆیان گوتووه برا؟ ئایا وەڵامى داگیرکارانیان بەخەبات و خۆشویستنى نیشتیمان داوەتەوە، یان به براو بە برایەتى؟ بۆیه له شۆڤێنی بوونی خۆمهوه بۆ داهاتوو دهڕوانم و بێترس دهڵێم: من شۆڤێنیم!!
جا کورد لە فەرهەنگى سیاسى خۆیدا دەبێ یان زاراوەى داگیرکار لابدات، یان زاراوەى برایەتى، چونکە ناکرێ داگیرکار برا بێ، براش هەرگیز نابێتە داگیرکار، ههر كاتێكیش دەستیان لەکورد کوژى هەڵگرت، دهكرێ ببنه برا و برایەتى شوێنى داگیرکار بگرێتەوە. بۆیە تا بە دەوڵەت بوون و لابردنى مەترسى لهناوبردن و دهست ههڵگرتنیان له قڕکردنى کورد من شۆڤێنیم و بە ڕوخسەتى حەزرەتى هەژار موکریانى دەڵێم:
بە کوردى دەژیم بە کوردى دەمرم بەکوردى دەیدەم وەڵامى قەبرم
بە کوردى دیسان زیندوو دەبمەوە لەو دنیاش بۆکورد تێهەڵدەچمەوە