KDC

ڕەهەندەکانی بەستنی کۆنگرەی دامەزراندنی کۆنفیدراسیونی ڕەوەندی کوردستانی.. چی بوون ؟


ئاشتی گەرمیانی .. هەولێر
زۆر لەمێژەوە خەونێکی ڕەنگاڵەو جۆر بەجۆر هەبوون بۆ کۆکردنەوەی ڕەوەندە کوردستانیەکان لەنێو یەك کۆنفیدارسیوندا و ووتارو پەیامی میللەتی کوردی تێدا کۆ بکرێتەوە لە دەرەوەی کوردستان ، هەروەك ووڵاتانی تری ڕەوەند لە دەرەوەی ووڵاتەکەیان ، هۆکار زۆر بوون بۆ دروست بوونیان کە تا دەهات لەهەر ووڵاتێك کۆمەڵەو دەستەو ئەنیستیوت و ڕێکخراوی جیاجیا ی کوردی کاریان دەکرد و پشتگیریان لە دۆزی گەلی کورد دەکرد ، وە لەگەڵ هەموو ئێش و ئازارێکی ئەو میللەتەدا هەڵوێستی نیشتیمان پەروەرانەیان هەبووە بۆ پشتگیری کردن لێیان وە لەنێو ئەو بازنەیەدا دەبوون بە پاڵپشتیەکی تۆکمەیی ، هەردەم لە ڕێگای چالاکیە کەلتووری و سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و هونەری و کەڵچەریەکانیانەوە ئەو ناسنامە نەتەوەییەیان دەخستە بەرچاوی ووڵاتانی جیهان ، پێویستی یەکی گرنگ بووە لە ڕابردوودا بۆ کۆکردنەوەی هەموو ڕەوەندی کورد یان هەموو ڕێکخراو دەستەو فیدراسیونەکان ، بەڵام لەبەر ڕاو بۆچوونی جیاجیا وە مەودا سیاسی یەکان هەردەم تاکی کورد لەدەرەوە خۆی دوور گرتووە لەو گفتوگۆ توندانە ، ئەو دەست پێش خەریەش وەکو پێویست نەبوو تاوەکو لە ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان نوێنەرو نمایندەی تایبەتی خۆت هەبێت بۆ گەیاندنی ڕاو بۆچوونەکان وە بۆ کۆ کردنەوەیان لە ژێر چەترێکی ئەماندا ، لەوانە ئەو هەوڵانە درابن لە ڕابردوودا بە شێوەیەك لە شێوەکان بەڵام هیچین بەقەدەر دەست پێش خەریەکەی سەرۆك بارزانی بەهێزو کاریگەر نەبوون ، کە لە پاش هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر توانی دەستەیەك ڕابسپێرێت بۆ هەنگاو نان بەرەو کۆ کردنەوەی نێو ماڵی کوردی لەدەرەوەی ووڵات .
گرنگی ئەو کۆکردنەوەیە لە ژێر چەترێکدا وە بەستنی کۆنگرەی دامەزراندنی و هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوە بردنی ، ئەو خەونە بوو کە پێویست بوو زۆر لەمێژەوە ئەو هەنگاوە بنرێت ، چونکە نەبوونی کۆنفدراسیونێك وا دەکات میللەتی کورد بەتەنیایی بمێنێتەوە لە نێو گۆڕەپانی سیاسی وە کەلتووری و کەڵچەریدا ، نەگەیشتنی دەنگی بۆ نێو دەزگاکانی حکومەتە جیاوازەکان و پەرلەمان و ڕێکخراوە مرۆییەکان ، وە مانەوەمان لە شوێنی خۆمان ، زۆر جاریش هەنگاومان بەرەوە دواوە ناوە ، ناسینی ناسنامەی میللەتی کورد بە جیهان و خەبات و شۆرشە جیاوزەکانی و ئازارو مەینەتی میللەتی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان ، گۆڕانکاری سیاسی لە ناوچەکەو جیهاندا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بارودۆخەکانی گۆڕیوە ، هەربۆیە گرنگی بە دامەزراندن و خۆ کۆکردنەوە لە چوار چێوەی ئەو کۆنفیدراسیونە کوردستانی یەدا گرنگی و ئەرك و مەودایەکی مێژووی هەیە ، وە بێگومان هەموو تاکێکی کورد لەدەرەوەی کوردستان سوود لەو کۆنفیدراسیونە وەر دەگرێت و هەموون لە ژێر ئەو چەترەدا کۆ دەکاتەوە .
لەماوەی ڕابردوودا لە ڕۆژی شەممە ٤ ی ١٢ ی ٢٠٢١ کۆنفرانسێکی تایبەت بە پێگە و ستراتیژیەتی ناوەندی رەوەندی کورد لە دەرەوە، لە هەولێری پایتەخت و بە ئامادبوونی سەرۆک بارزانی و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکرد، کە مەبەست لێی یەکخستن و یەک گوتاری کوردانی تاراوگەیە .
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە میانەی گوتارێکیدا، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و ئەندامانی ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە، خۆشحاڵی خۆی بەوەش دەربڕی کە کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کورد لە هەولێر ئەنجام دەدرێت .
دواتر تاهیر هەورامی، بەرپرسی دیسکی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە، گوتاری پێشکەش کرد، کە تێیدا کورتە باسێکی مێژوویی کۆچکردنی کوردی بۆ وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا باس کرد، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردانی تاراوگە، هەمیشە رۆڵ و کاریگەرییان هەبووە لە بەرگریکردن لە دۆزی رەوای گەلی کورد، ئەوەش لە کاتێکدا کە تەنیا چیاکانی کوردستان پشت و پەنای کورد بوون، پێشمەرگە ئاسا هەردەم بە جۆرەها شێوەی وەک خۆپیشاندان و چالاکی دیکەی مەدەنی و بە پێی یاسای وڵاتانی خانەخوێ دژی زوڵم و زۆرداری کە دژ بە هەر چوارپارچەی کوردستان کرابێت ، وەستاونەتەوە .
وە ئاماژەی بەوەشدا کە لە رێککەوتی ١٥ / ٩ / ٢٠١٩ و بە فەرمانی سەرۆکی هێژا سەرۆک بارزانی دیسکی ڕەوەندی کورد دامەزرا و ئەویش شەرەفی ئەو ئەرکە مێژووییەی پێسپێردراوە و بە هاوکاری هەموو لایەک دەستیان بە کارەکانیان کردووە، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە، کە یەکەم ئامۆژگاری و رێنمایی جەنابی سەرۆک بارزانی ئەوەبووە بۆیان، کە ئەو هەنگاوە، پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەییە و دەبێت دوور بێت لە مۆرکی حیزبی و ئایدۆلۆژیای سیاسی، هەر ئەوەش بووەتە مۆرک و رەمزی سەرکەوتنی کارەکانی ناوەندەکە .
گوتیشی ئەمە یەکەمجارە کۆنفرانسێکی لەو جۆرە بۆ کوردانی تاراوگە بەڕێوەبچێت، کە نوێنەرانی هەر چوار پارچەی تێدا بێت، کە ئامانج لە کۆنفرانسەکە، یەکخستن و یەکگرتووی گوتاری کوردانی تاراوگەنشین و فراوانکردنی هەوڵەکانیانە لە بنیاتنان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە سەرانسەری جیهان .
پاشان سەرۆک مەسعوود بارزانی گوتاری خۆی پێشکەش کرد و رایگەیاند، خەباتی گەلی کورد هەمیشە خەباتێکی رەوا بووە، خەباتێکی ئاشتیانە بووە و لەگەڵ شەڕدا نین. لەبارەی هێرشەکانی داعش و شەهیدبوونی هاووڵاتی سڤیل و پێشمەرگەش گوتی: “هەموو خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە تۆڵەی شەهیدان دەکرێتەوە و خوێنیان بەفیڕۆناچێت .
سەرۆک مەسعوود بارزانی رایگەیاند، هەرگیز گەلی کوردستان بژارەی شەڕی هەڵنەبژاردووە، بەڵام ئەگەر ناچار کرابێت بەرگری لە خۆی کردووە، بەرگریکردنیش مافێکی رەوایە، بەرگریکردنی گەلی کورد، بەرگریکردن بووە لە مان و نەمان، هیچ رۆژێک لە رۆژان کورد نەچووەتە سەر خاکی کەسێکی دیکە و تەعەدای لە کەس نەکردووە، بەڵام هەمیشە ئامادەبووە و ئامادەش دەبێت بۆ ئەوەی بەرگری لە مان و نەمانی خۆی بکات .
سەرۆک بارزانی ئەوەشی گوت، کە ئەوان ئومێدەوارن و داواکارن کە دۆزی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان، بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسی چارەسەر بکرێت، جەختیشی لەوە کردەوە، کە شەڕ چارەسەر نییە، نە بۆ کێشەی گەلی کورد و، نە بۆ هیچ کێشەیەکی دیکە. ئەو خاڵێکی گرینگیشی باس کرد، کە ئێمە وەکو کورد، وەکو کوردستانی، دەبێت زۆر وریا بین و ناکۆکی لەگەڵ رژێمەکان، نابێت ببێتە دووژمنایەتی لەگەڵ گەلان .
لەبارەی کوردستان و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانیش، سەرۆک بارزانی باسی لەوەکرد، کوردستان نموونەیەکی جوانە بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، هەمیشە گەلی کوردستان شانازی بەوەوە کردووە، ئەو فەرهەنگەش زۆر کۆنە و جەختیشی لە پاراستنی کردەوە، بۆ ئەوەی دونیاش بزانێت کە کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانە. “هەمیشە ئامانجی گەلی ئێمە بەرگری و پاراستنی مافی پێکهاتەکان بووە و بەردەوامیش خەبات بۆ ئەوە دەکەین .
رۆژی دووشەممە ٦ / ١٢ / ٢٠٢١ لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە دەستەی ھەڵبژێردراوی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کورد و فیدراسیۆنەکانی ئەندام لەو کۆنفیدراسیۆنەدا کرد .
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی بەڕێوەچوون و سەرکەوتنی کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کورد لە هەولێر کرد، ھەروەھا پیرۆزبایی ھەڵبژاردنی دەستەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کورد کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ڕێکخستن و هەماهەنگیی زیاتر لەنێو ڕەوەندی کورد لە تاراوگە. هەروەها لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە دۆزی نەتەوەی کورد لە سەرووی بەرژەوەندی حزب و کەسایەتیەکانە و حزب تەنیا ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی ئامانجێکی گەورەتر .
لە درێژەی گوتەکانیدا سەرۆک بارزانی، جەختی لە پەیامی ئاشتیخوازی گەلی کورد کردەوە و داواشی کرد، کە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی ببێتە ھۆکارێکی کاریگەر بۆ ناساندنی جینۆساید و ئەو زوڵمەی دەرھەق میللەتی کورد کراوە. سەرۆک بارزانی رۆشناییشی خستەسەر مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و ئیرادەی گەلی کورد لە پێناو مانەوەو بەرگریکردن لە ناسنامە و خەبات لە دژی زۆرداری. هەروەها سوپاسی ڕەوەندی کوردی کرد کە لە دوورە وڵاتەوە ھەمیشە پاڵپشتی داوا رەواکانی گەلەکەیان بوونە لە قۆناغە جیاجیاکان .
پێم وایە ڕەوەندی کورد وە تاکی کورد لەدەرەوەی کوردستان دەبێت زۆر گرنگی ئەم کۆنفیدراسیونە بدات وە بەماڵی خۆی بزانێت ، چونکە ئەوە خەونێکی مێژووی یە بۆ میللەتی کورد کە وەکو لۆبییەك کار بکەن ، هەروەك ووڵاتانی تری ڕەوەند لە ڕابردوودا ئەو کارەیان کردووە لە پێش خستنی گەلەکەیان وە هەرئەو یەکخستنەش بۆتە هۆی ئەوەی کە سەرکەوتوویان بەدەست هێناوە ، ئێمەش دەبێت ئەو هەنگاوان بنێین وە سوود لە ئەزموونەکانی ئەوان وەربگرین ، لەهەمان کاتدا دۆستایەتی خۆمان لەگەڵ ووڵاتاندا پتەوتر بکەین و بەرەو پێشی بەرین ، بەو کەڵچەرو کەلتوورە فرە دەوڵەمەندەی گەلی کورد دەتوانین سەرەنجی گەلانی جیهانی بە دەست بهێنین وە زۆرێك لە کێشەکانمان چارەسەر بکەین .

___

ئەو رێککەوتنەی پارتی و سەدر و سوننە . عێراق لە گێژاوی سیاسی دەرباز دەکات

KDC

سەربەخۆبوون و پێکھاتەکانی

KDC

ناساندن و خوێندنەوەی کتێب 

KDC
KDC

FREE
VIEW