علی جمال
نیشتمان، بریتییه له شوێن و جێی مرۆڤەكان، بۆیه ئەم چەمكە وا دەخوازێت، که پەیوەندییەك لەسەر ئاستی تایبەتی، لە نێوان مرۆڤ و ئەو شوێنەی تێیدا دەژی هەبێت؛ کە ئەوە ئەو ئینتیمایەیە وا مرۆڤ بەرەو هاووڵاتیبوون ڕاكێش دەكات و، هاوکات چەمكێكی گشتگیرترە دەربارەی ڕەگەزنامەكەی، که بۆ مانەوە لە هەر وڵاتێكدا وەری دەگرێت. بهگشتی ئەوەی لە كۆمەڵگهی ڕۆژههڵاتدا جێی تێبینییە، زیادبوونی ئینتیمای ئایدیۆلۆژی، یان حزبییه لەسەر حیسابی ئینتیمای نیشتمانی، که بهردهوام له زۆربووندایە و؛ به بڕوای من، ئەوەیش پەیوەندیدارە بە بەرنامەیەكی سیاسیی نەتەوەیی و ئایینی و پهروهردهیییهوه.
بەرژەوەندیی نیشتمان بە ئاراستەكردنی بزووتنەوەی كاری حزبی بەرەو ئاسۆیەكی تەسك، بایەخ بە بیروباوەڕ نادات، كە کاریگەریی ڕوون و ئاشکرای هەبێت بۆ جیاكردنەوەی نێوان ئەو شتەی ئاراستە كراوە بۆ ئامانجی نیشتمانی و گشتی و، ئەوەی ئاراستەیە بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبی؛ كە ئەوەیش لە زۆربەی هەڵوێستەكاندا بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوە و لێكترازانی مانا نیشتمانییە ڕاستەقینەكان له نێوان دەستەبژێرە سیاسی و ئیسلامییەكان و لایەنگیركردنی پڕۆژەكانی ئەوانی تر و بیروباوەڕەكانیان لەسەر حیسابی نیشتمان و، بهزاندنیشی بۆ ڕوودان و هەڵگیرسانی جەنگ لەسەر خاكی نیشتمان، لەسەر حیسابی ئەوانی تر، لەو كاتەی پێویست بووە چەمكی نیشتمانیبوون بەهێز بكرێ و ماناكانی دەوڵەمەند بكرێ و بەهاكانی لە نێوان گشت هاووڵاتییاندا جێگیر بكرێن.
گشت هێزە سیاسییەكان لە ماوەی حوكمڕانیاندا له ههرێمی کوردستان نهیانتوانیوه خۆیان له حزبیبوون ڕاماڵن، بۆیە ههمیشه كارە سیاسی و حزبییەكان سهروو بهرژهوهندی گشتی هاوڵاتیان بووه كە لە زۆربەی كاتدا بەدەر نەبووە لە بەریەككەوتن لەگەڵ بیر و هزری هاوڵاتیبوون و نیشتمانپهروهریدا، لهبهر ئهوهش گوێڕایەڵی بۆ حزبی سیاسی و سەركردە باڵاکان زیاتر بووه له ئینتمابوون بۆ نیشتمان و بهها باڵاکان.
ئەمە ئەو ساتەوەختە بەركەوتنەیە، كە هاووڵاتیبوون و ئینتیما دەسڕێتەوە و تەنیا ئینتیمای ئایدیۆلۆژی جێگرەوەی دەبێت و، ئەو كاتەی تاك ئینتیمای بۆ نیشتمان و خاكەكەی لەدەست دەدات بەهای ڕاستی و دادپەروەری و مانای نیشتمان و ئامانجی گشتی، هیچ بوونێكی لە عەقڵ و دڵی تاكدا نامێنێت. ئەمەیە وا دەكات حزبەكان لە ژێر گوشاری بەرژەوەندییەكانی خۆیان و مەترسیی مانەوە و پاراستنی خۆیاندا بن، وێڕای ئەوەی یەكبوونی گوتاری كوردایەتی، وەك بانگەشەیەك لە ئەدەبیاتیاندا دەردەكەوێت و هەندێ جار لە هەنگاوەكانیان پاشگەز دەبنەوە.
بۆیه بەرزترین ئاستی ئینتیمای مرۆڤ، دەكرێ تەنیا بۆ نیشتمان بێت؛ ئەو كاتە ڕەنگدانەوەی لهسهر گەشەكردن و پێشكەوتنی نیشتمان دەبێت و، بۆ هەموو ئینتیمابوونێک بۆ بوارهکانی دیکه درێژه دەکێشێت.
هیچ جیاوازیەک نیە لەنێوان حیزبەکان جونکە هەموو یان یەک ئامانج و ڕێباز کۆیان دەکاتەوە ئەویش کورد بوونە و پرۆژەی هەنگاو بەرەو دەوڵەتی کوردی هەروەها ئەگەر سەیرێکی میژووی کورد بکەیت هەموو سەرکردەکانی کورد خۆش ویستنی خاک و نیشتمانی
پێش حیزبەکەیاخستەوە
٠
ئەوەی زیانی گەورە بە هەر دامەزراوەیەكی كۆمەڵگەیی دەگەیەنێت، بریتییە لە بەسیاسەتكردنی ژیان؛ بەو مانایەی ئایدیۆلۆژیی سیاسی تێكەڵ بە هەموو شتێك بكرێت و، بە هۆیەوە كۆمەڵگه دابەش بكرێت بە بەش و پارچەی ناهاوسەنگ و نایەكسان. بەو شێوەیە پێوانە و پێوەری قبووڵكردنی كەسەكان لە كۆمەڵگهدا و بەدەستهێنانی دەرفەتەكانیان، پابەند و بارمتەكراو و قۆرخکراو دەبێت بە پشتگیریكردنی ئەم لایەن و ئەو لایەن و فڵان و فیسار و دهستهگهرییهکان؛ كە ئەوەیش جۆرێك لە تێشكان و هەستكردن بە ستەم دەگەیەنێت لای توێژێكی زۆری ئەو هاووڵاتییانەی كە ناچنە ژێر چەتری یەكێك لەوانەوە و، جگه لهوهی لهو نێوهندهیشدا هیچ مانایهک بۆ هاووڵاتیبوون و مافهکانی نامێنێت.
خاڵی سەرەكیی ئینتیما، بریتییە لە بەشداریكردن و هاندانی خەڵك بۆ یارمەتیدانیان سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەكانیان و دانانی بەرنامەی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان. ئینتیمابوون بۆ بەرزبوونەوەی پلە، بە ئینتیمابوونی مرۆڤ بۆ خۆی لە ڕێی هەوڵییەوە بۆ ئەوەی باشتر بێت، دەست پێ دەكات، ئەوەیش بە توانا و لێهاتوویییەكانی و چەسپاندنی سەركەوتنی و دەستکەوتەکانی؛ لەو ڕوانگەیەی ئەو سەركەوتنە ئامرازێكی نموونەیییە بۆ گەیشتن و پەیوەندیی بەوانی ترەوە و گەشەدان بە ڕۆحی کێبڕکێ و بەرەبەركانێی باش. پاشان ئینتیمابوون بۆ خێزان لە ڕێی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و گەشەپێدانی ڕۆحی بەشداریكردن و سەرەتای هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی كۆمەڵگه و، پاشان ئینتیمابوون بۆ ژینگهی خوێندنگە و زانكۆکان له لایهن خوێندکارهوه به ئامانجی بههێزبوونی ڕۆحییهتی ئینتیمابوون بۆ هەموو ئەو شتانەی پەیوەندیدار دەبێت بە كۆمەڵ و خاك و نیشتمانەوە.
یەكێك لە پاڵنەرەكانی ڕەفتارە مرۆیییەكان که مرۆڤ پێویستییەكی زۆری پێی ههیه بریتییه له ئینتیمابوون؛ له پێناو بهدیهێنانی ئامانجه گهوره و گشتییهکاندا. پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و نیشتمان، پەیوەندییەكە پێویستی بە گفتوگۆی گەرمە، كە ڕەگوڕیشەکەی لە سۆز و ویژداندا خۆی دەبینێتەوە و هەردووكیان پێویستییان بە یەكتر هەیە: هاووڵاتی پێویستی بە نیشتمان هەیە بۆ ئەوەی بیپارێزێت و مافە شارستانی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی دابین بکات؛ نیشتمانیش پێویستی بە هاووڵاتیانێك هەیە، كە داكۆكییان لێ بكات و بیانپارێزێ لەوانەی ئازاریان دەدەن. ئەم جۆرە پەیوەندییە گەر ڕەوتە ڕاستەکەی خۆی ببینێ، وا لە هاووڵاتی دەكات كه -گەر هەر ئاراستەیەكی فكری و ڕۆشنبیری و سیاسی و ئایینییشی هەبێت- ئامادە بێت داكۆكی لە وڵاتەكەی بكات.
بۆیه ئینتیمابوون بۆ نیشتمان لە گرنگترینی ئەو بەها مرۆیییانهیە، كە به پلهی یهکهم دەبێ دامەزراوە پەروەردەیییەكان بەتەنگ دروستبوون و گەشەكردنییەوە بن له لای خوێندکارهکانیان؛ له ڕێی داڕشتنی ستراتیژ و پلان و بهرنامهی کردهییی تۆکمەوە، به شێوهیهک نهوه له دوای نهوه بتوانن لێی سوودمهند بن. ئیدی ئهو مرۆڤانه سهربهخۆ بن، یان سهر به ههر حزبێکی دیاریکراو بن، گرنگ هاووڵاتیی ئهو نیشتمان و وڵاته بن؛ جگە لە کارکردن له نێوەندی خێزانەكاندا، كە پێویستە لە ڕێی پەروەردەكردنەوە، باوانەكان بۆ چاندنی تۆوی ئینتیمابوون لە دڵ و دەروونی منداڵەكانیاندا ڕۆڵی كاریگەر بگێڕن؛ کهناڵهکانی ڕاگەیاندنیش به ههر سێ جۆرهکهیهوه، كە ئێستا بە هۆی گەشەكردنی تەكنەلۆژی و ئامێرە بەكارهاتووەكانهوه وای كردووە خێزانەكان هێندەی ڕاگەیاندنەكان نەتوانن ڕۆڵی كاریگەر و چالاکانه لەوبارەیەوە بگێڕن، گهر لهسهر بهرنامهیهکی پهروهردهییی تۆکمه، پلان و ستراتیژ بهڕێوه بچن.
بۆیە دامهزراوهکانی ڕاگەیاندن بوونەتە بەشێكی گرنگ لە ژیانی خەڵك، كە كاریگەرییەكی بەهێزیان هەیە لە دروستكردن و بنیادنانی كەسایەتیی تاكەكان و، ئاراستەكەری یەكەمن بۆ فكری تاك؛ ئەمە جگە لە گرنگییان له ڕووی ئاستی ڕۆشنبیری و كهلتوورییهوه.