KDC

لە یادی 43یەمین ساڵەی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە 


 
بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی بارزانی نەمر، کۆفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، پەیامێکیان بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتووە، بارزانی نەمر لە میانەی سەرکردایەتیکردنی شۆڕشەکانی کوردستان، دەستکەوتی مەزنی بۆ گەلی کوردستان هەبووە و نموونەش بە رێککەوتننامەی یازدەی ئازار دێننەوە، هاوکات داواش دەکەن، کە گرینگە ڕەھەندە فەلسەفی و کلتورییەکانی بارزانی بکرێنە بنەمای کارکردن بۆ ئێستا و ئایندە.
 
دەقی پەیامەکە:
ئەمڕۆ 43 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی ، سەرۆکی شۆڕشەکانی کورد و ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا تێپەڕدەبێت  .
مەلا مستەفای بارزانی، ناوی تەواوی (مستەفا کوڕی شێخ محەمەد بارزانی)یە، لە 14ی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان  لە دایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵاندا بەر ھەڵمەتێکی عوسمانییەکان دەکەوێت و، دوای بە دیلگرتنی شێخ عەبدولسەلامی برا گەورەی،  بارزانی لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی ٩ مانگ زیندانی دەکرێت.
لە ساڵی 1919 بەشداری شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و، سەرکردایەتی ھێزێکی ٣٠٠ کەسی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی 1920 لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانی برایەوە، دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ شۆڕشەکەیدا .
لە شۆڕشەکانی ساڵی 1931- 1932 بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکانی (مێرگەسوور و شێروان)، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی کردووە کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز دەجەنگان، لەو کاتەوە وەک سەرکردەیەکی سەربازی بە توانا و شارەزا ناوبانگی دەرکرد.
لە ساڵی 1932، حکوومەتی عێراقی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانی بەریتانیاییەکان، ھێرش دەکەنە سەر ھێزەکانی کورد و لە دەرەنجامی ئەو ھێرشانەدا، شێخ ئەحمەد بارزانی بە دیل دەگیرێت و، بارزانی سەرکردایەتی و ڕێکخستنەوەی ھێزە کوردییەکان لە ئەستۆدەگرێت.
لە 15ی ئابی 1945 لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندرا، لە 22ی کانوونی دووەمی 1946، لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، مەلا مستەفا وەک فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و، پلەی “جەنەڕاڵ”ی یپێبەخشرا.
بارزانی وەک سەرکردەیەکی شۆڕش و ڕابەرێکی نەتەوەیی، توانی لە ماوەی تەمەنیدا کورد لە  چوارچێوەی یەک شۆڕشی سەرتاسەریدا ڕێکبخات و، داکۆکی لە مافە نەتەوەییەکانی بکات و، چەندین دەستکەوت بە دەست بێنێت، بۆیە بارزانی پێویستە وەک سیمبولێکی نەتەوەیی بۆ ھەموو کورد ببینرێ و نەکرێتە موڵکی حزبی.
ڕێککەوتننامەی 11 ی ئادار، یەکێک لە دەستکەوتە گرینگەکانی شۆڕش بوو،  گشت نەتەوەیەک شانازی بە سەرکردە و ڕابەرە نەتەوەییەکانی خۆیەوە دەکات و، وەک سیمبول بەرز ڕایان دەگرێت و، بەڕێزەوە لە خەبات و ماندووبوونیان دەڕوانێ، ئەمەش زیندوویی نەتەوەکان دەپارێزێ و نەوەکانی داھاتووش لەو ئەزمون و ڕابردووە سوود وەردەگرن، تابتوانین لە ئایندەدا ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەکانی دی خاوەن کیانی سەربەخۆ و خاوەک دەوڵەتی خۆمان بین لەسەر ئەرز و ئاوی باوباپیرانمان   .
ئەم جۆرە یادانە بکەینە ھەوێنی تەبایی و برایەتی و پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانماندا، تا بتوانین ڕووبەڕووی پلانی دوژمنکارانەی دوژمنەکانمان ببینەوە.
گرینگە ڕەھەندە فەلسەفی و کلتورییەکانی بارزانی بکرێنە بنەمای کارکردن بۆ ئێستا و ئایندە، شۆڕشی کورد ھەمیشە ماڵی ھەموان بووە و پەناگای ھەموو کەسێک بووە، پێکھاتەکان لە شۆڕشدا ئازادی تەواو و ڕۆڵی دیار و بەرچاویان ھەبووە، تەنانەت دوای بەیانی یازدەی ئادار، ئەو لێبوردنە گشتییەی بارزانی نیشانەی گەورەیی و زانایی بارزانی بوو لە یەکگرتنەوە و تەبایی و برایەتی و پێکەوە ژیان.
 
 
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

___

ئەردۆغان بە نهێنی دانوستان لەگەڵ کورد دەکات

KDC

عێراق:- ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێش وەخت بەڕێوەدەچێت

KDC

ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی هونەرمەندی دیاری کورد عەبدوڵڵا خەیات دەکەن

KDC
KDC

FREE
VIEW