بەبۆنەی ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەری کوردی، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو رۆژە کە ئاڕاستەی رۆژنامەنووسانی کوردیان کردووە، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە، کە رۆژنامەنووسان هەوڵ بدەن پەیامەکانیان نەتەوەییانە بن.
دەقی پەیامەکە:
لە یادی 124 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی
بەناوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، پیرۆزبایی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەین، بەو ئومێدەی ئەم ڕۆژە پەیامێک بێت بۆ ھەمووان و لە ئاست کاری پیشەیی و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیدا، ئاڕاستەکان نیشتمانی بن بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگای کوردی و، ھیوایەک بن بۆ ڕاستگۆیی و دروستی ھەواڵ و گەیاندنی پەیامی نەتەوییانە و، نیشاندانی وێنەیەکی جوانی نیشتمان و پیشەی ڕۆژنامەنووسی .
بێگومان لە 124 ساڵی ڕابردوودا، کوردستان و ڕۆژنامەنووسانی، بە زۆر دۆخی جیاوازدا تێپەڕیوون و، ڕاگەیاندن و پیشەی ڕۆژنامەنووسیش ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ھەبووە و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆریانداوە.
بێگومان ئازادی ڕۆژنامەنووسی بەشێکە لە پاڵپشتیکردنی دیموکراسی لە کوردستان .
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی