ئێوارەی یەکشەمە ۲٤ـ٤ـ۲٠۲۲ ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا و لە کۆمەڵەی کوردی موردایکی شاری زەیڤن بێرخن، بە ئامادەبوونی چەندین نووسەر و شاعیری کورد و هۆڵەندی، لەلایەن شوعلە خانەوە وتاری ناوەند، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی بۆردوومانی قەڵادزێ خوێندرایەوە، کە تێیدا باس لە چەندین هێرش و بۆردومانی دیکەی سەر ئەو شارە دەکات، هاوکات یادی بۆردوومانی قەڵادزێش بەرز راگیرا.
ئەمەش دەقی وتارەکەیە:
ئێوارەتان باش ئامادەبووانی هێژا
مێژوو دەڵێ:
کەزامی شار
ڕژایە نێو خوێنەزێوە
لوتکە، لە ئاستی ڕابوونی
تووند سەری خۆی
خستە کۆشی قەڵادزێوە! شیعری: حەمید قەڵادزەیی
وتاری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی
لە ڕۆژەڤی ئەمڕۆماندا:
لەم ڕۆژە خەمناکەدا ٢٤ -٤ی هەموو ساڵێک، کە زامێکی قوڵی پڕ لە سوێیە لە مێژووی گەلەکەماندا، وە بە ڕۆژی شەهیدانی زانکۆش ناسێنراوە، دروود دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی گشت شەهیدانی کورد و کوردستان بە گشتی و، بەتایبەت شەهیدانی بۆردوومانی قەڵادزێ، ڕۆحیان شاد و ئارام بێت.
لە مێژووی پڕ لە کارەساتی بۆردوومان و ڕووخاندن و سووتاندن و داگیرکردن و، شەهیدکردنی تێکۆشەرانی نیشتیمان و خەڵکی سیڤیلی گەلەکەماندا، شاری سەربەرزی قەڵادزێش بێ بەش نەبووە لە زوڵم و زۆری داگیرکەران.
مێژووی ئەم شارە:
بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە، مێژووی قەڵادزێ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان، لەو سەردەمەدا ناوی (زەمبیلی) بووە، لە ساڵی ٥٧٢ی زاینیدا ناوی (نامرێ) بووە .
تورکی فاشیست کە هاتوون و داگیریان کردووە ناویان ناوە (معمورە الحمید)، لە دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی، شێرە تێکۆشەرانی ئەو سەردەمانە ناوەکەیان گۆڕیوە بۆ قەڵادزێ، ئەوەش بەهۆی بوونی دوو زێ و قەڵایەک لە نێوانیان دا، ئەڵبەتە بیرو ڕای دیکەی جیاوازیش هەیە بۆ ناوی قەڵادزێ.
لە ساڵی ١٩٤٨ دا قەڵادزێ کراوەتە ناوەندی قەزای پشدەر.
بۆ تیشک خستنە سەر مێژووی فیداکاری و خۆڕاگری خەڵکی تێکۆشەری ئەم شارە، دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ڕژیمە فاشیستە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق.
لە سەردەمی (عبدالسلام عارف) لە ساڵی ١٩٦٣، هەروەها لەسەردەمی (عبدالرحمان عارف) لە ساڵی ١٩٦٦دا، بۆردوومانی قەڵادزێ کراوە.
لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، واتە لە دوای جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازاری ساڵی ١٩٧٤، شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسایەوە و قەزای پشدەر و قەڵادزێ لە ژێردەستەڵاتی بزاڤی ڕزگاری خوازانەدابوون، زانکۆی سلێمانی بۆ پشتگیری لە شۆڕش، شاریان جێهێشت و زانکۆی سلێمانی و قوتابیانی ئەوکات گوێزایەوە بۆ شاری قەڵادزی.
حکومەتی فاشیستی بەعسی ڕووخاو، لە ڕۆژی ٢٤ – ٤- ١٩٧٤ ئەم شارە سەربڵندەی بۆردوومان کرد و، دایە بەر بۆمبی قەدەغە کراوی ناپاڵم، ئەو شارەی خەڵتانی خوێن کرد، ژمارەیەکی بێ شومار خەڵکی سیڤیل و قوتابیانی زانکۆی شەهید و بریندار کرد. ئەم کارەساتە برینی قووڵی لە ناخی خەڵک و تێکۆشەراندا دروستکرد، کە باس لە بۆردوومانی قەڵادزێ دەکرێت، (ئەحمەدی حاجی سابیر) نابێت لەبیر بکرێت، کە خێزانی و نۆ مناڵی لەو ڕۆژەدا شەهید بوون، بەدەم هاواری گریانەوە شیعری بۆ شەهیدەکانی و سەری خۆی پێشکەش بە شۆڕش دەکرد.
لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، پڕۆسەی ڕاگواستن لە خەڵکی گوندە دوورەکانەوە دەستی پێکرد، گوندەکانی بناری قەندیل لە ساڵی ١٩٧٧دا و، پاشان لە شاڵاوی دووەمدا گوندەکانی دەوروبەری قەڵادزێ و پشدەری ڕاگواست بۆ کۆمەڵگا زۆرە ملێکان.
لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا، شاری قەڵادزێ وەک شاری سنووری لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی بۆردوومان بۆتەوە.
دانیشتوانی قەڵادزێ لە کاتی جەنگی عێراق –ئێراندا، هەموو ساڵ بۆ بەرزراگرتنی ئەم یادە ڕوویان لە گۆڕستانەکان دەکرد، ئەم یادکردنەوەیە ڕژێمی عەفلەقی تووڕە و بێزار کردبوو.
لە ساڵیادی ٢٤ -٤- ١٩٨٢دا خەڵکی شار بە کۆمەڵ دەگەڕانەوە سەر گۆڕی شەهیدان بە پیشڕەوی خەڵکی داخ لە دڵی ئەو سەردەمەی بۆردوومانی قەڵادزێ و خوێندکارانی گەنج، ڕژێم دانییە بەر دەستڕێژی گولە و دوو ئافرەتی شەهید کرد و، چەند کەسێکیش بریندار بوون .
بەڕێز حەمە ئەحمەد جاف لە شیعرێکدا دەڵێ:
( قەڵادزێیەک) پڕ لە عیشق و
سۆزی خۆشەویستی و ئەوین
لێرەوە شۆڕش و میللەت
گەیشتە، لوتکەی ڕاپەڕین
*******
شارێک، لە سروشت و جوانی
نوقمی زام و شەلالی خوێن
شارێک دوور لە ئاوەدانی و
کوشتەی سەدان وادە و بەڵێن
قەڵادزێ وەک هەموو ئەو گوند و شارۆچکانەی کوردستان بێبەش نەبوو لە ڕاگواست،ن لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ٨ ساڵەی عێراق –ئێران، ڕژێم شارەکەی بە زۆر پێ چۆڵ کردن و ڕایگواستن بۆ ئۆردووگاکانی رۆژاوای هەولێر و سلێمانی و، بەوەش نەوەستا شارەکەی بە (TNT) خاپوورکرد. ئەم تاوانەی حکومەتی لەناوچووی عێراق، دەچێتە بابی جینۆسایدکردن، جینۆساید شێوازی زۆری هەیە، (تێکدانی جوگرافیای ناوچەیەک و لەناوبردنی ئابوورییەکەی، بە جینۆساید هەژمارە بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید)، خەڵکی تێکۆشەری ئەم شارە، هەر لە سەرەتای دەنگۆی ڕاپەڕین، لە ڕۆژی ٤-٣- ١٩٩١دا و، بۆ یەکەم جار لە ئۆردوگای زۆرەملێی خەبات، کە قەڵادزێیەکان و خەڵکی دیبەگە لەوێ دەژیان، سەرهەڵدان ڕوویدا .
خاتوونێک هەر بە بەرد بەرەو ڕووی جاش و عەسکەر بووەوە و بە وتنەوەی دروشم، خەڵکی تێکۆشەری ئەو ئۆردوگایە هەموویان لەگەڵیدا ڕاپەڕین، مخابن کە یەکەم شەهیدی ڕاپەڕین، (بەختیار عومەر هۆرێوە) بوو، کە لەسەر گۆڕەکەشی یاداشت کراوە بە یەکەم شەهیدی ڕاپەڕین.
هەر لەم ڕاپەڕینەدا سێ جاش و دوو لە پیاوی ڕژێم دەکوژرێن و، جەیشی دۆڕاوی ڕژێم تەسلیم بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئۆردووگاکە دەبن، بەم شێوەیە ئۆردووگاکە ئازاد دەکرێت.
قسەکردن لەسەر تاوانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، هەرگیز کۆتایی نایەت، لە هەمانکاتدا دوژمنی سەرەکی گەل و نیشتیمانمان، (عەرەب و تورک و فارس) لە هەر شوێنیک بۆیان ڕەخسابێت، خراپ و خراپتر و خراپترینیان بە گەلەکەمان کردووە.
شێخ سەعیدی پیران دەفەرمووێ:
ئەگەر ئێوە ڕۆژێک لە بیری بکەن کە کوردن
دوژمن کورد بوونی ئێوە لە بیر ناکات
ئێمە وەک ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگەدا، دەبێت هەوڵەکانمان بۆ یەکبوون و ڕێکخستنی هەموو کۆمەڵە و ڕێکخراوە و فیدراسیۆنە کوردستاننیەکان بێت بە بیری نەتەوەییانەوە و، نیشتیمانیانە و داماڵراو لە بیر و باوەڕ و ئایدۆلۆژیای حیزبی، بۆ داهاتوو بە لۆبیکردنی پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی.
کوردستان سەربەخۆ – ئاڵامان شەکاوە، نەتەوەیش ئازاد بێت