رۆژی یەكشەممە، رێکەوتی ٤ی ٩ی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتی مستەر کورد، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکاو کەنەدا، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری ڤانكۆڤەر لە وڵاتی كەنەدا بە فەرمیی دامەزرا.


سەرەتای کۆبوونەوەکە، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی پاش سوپاس و پێزانیین لە دڵسۆزی رەوەندی کوردستانی لەو دەڤەرە، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کردو هەروەها لەسەر بەرنامەو پرۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئاستی جیهان بەگشتیی، ئەمریکای باکوور، ئەوروپا و رووسیا بە تایبەت بە وردی قسەی کرد.
لەم بەستێنەدا بە پێداگییەوە باسی لەوە کرد ناوەندی رەوەندی کوردستانی وەکوو ناوەندێکی چڤاکی سەربەخۆ بۆ خزمەت بە دۆزی کوردستان کار دەکات و ناوەندەکە هەوڵ دەدات کۆکەرەوەی زۆرترین رێژەی کوردستانیان بێ بۆ خزمەتی دۆزە ڕەواکەمان و لەم بوارەدا بە بەرنامە کار دەکات تاکوو رەوەندەکەمان بە شێوەیەکی سەردەمیانە کەڵک لە بوارو دەرفەتە یاساییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرێت و لەو سیستەمانەداو لە بوارە جیاوازەکاندا کاراو چالاک بێت.


دواتر ئامادەبووان وێرای پێشوازی و دەربڕینی خۆشحاڵیان لە دامەزرادنی ناوەندی رەوەندی کوردستانی و کارو پرۆژەکانی کۆنفدراسیۆن، هاوکات بۆ باشتر بەرێوەچوونی بەرنامەو چالاکییەکانی رەوەندی کوردستانی لە كەنەدا بە گشتیی و لە شاری ڤانكۆڤەر بە تایبەت
باسیان لە ئەزموون و روانگەکانی خۆیان کرد.


ئەوجار لە بڕگەیەکی دیکەی قسەو باسەکاندا رەحیم رەشیدی وڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانی دایەوەو دیدو بۆچوونەکانی ئەندامانی رەوەندی كوردستانی بە ئەرێنی و دڵسۆزانە شرۆڤە كرد.
پاشان ئەندامانی ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە شاری ڤانكۆڤەر هەڵبژێردران تاکوو ئامادەکاری بۆ گرتنی کۆنفرانسی رەوەندو هەروەها پرۆسە یاساییەکانی ناوەند لەو شارەو لە ژێر رێنوێنی و راسپاردەكانی كۆنفدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی بە ئەنجام بگەیەنن.


تیمی بەرێوەبەری ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە شاری ڤانكۆڤەری وڵاتی كەنەدا بریتییە لە:
١. عەگید عومەر
٢. تەڵا خۆشكەلام
٣. موحەممەد عەلی
٤. شیرین جیهانی
٥. سەلیم سپینداری
٦. ساڵح عارف
٧. عیسا مێرگەسووری
هەروەها لەو کۆبوونەوەدا عەگید عومەر وەکو سەرۆک و تەڵا خۆشكەلام بە جێگری سەرۆکی ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە لە شاری ڤانكۆڤەر لە وڵاتی كەنەداهەڵبژێردران