مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا و کەنەدا، لە درێژەی کاروچالاکییەکانی بۆ ناساندن و بەرەوپێشبردنی کاروباری کۆنفدراسیۆن، چاوی بە دیپلۆماتی کورد، د. سلڤان سنجاری، بەڕێوەبەری کاروباری گشتیی باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنگتن کەوت.
لەو دیدارەدا رەحیم رەشیدی ناسراو بە مستەر کورد، لەسەر کار و بەرنامە و پڕۆژەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا و کەنەدا گفتوگۆی کرد و، بەپێداگریەوە باسی لەوەکرد، کە ئامانجی کۆنفدراسیۆن پەرەپێدان بە کولتووری ئاشتیخوازی و هاوسەنگی و یەکتر قبووڵکردن دامەزراوە و، لەو پەیوەندییەدا هەموو هەوڵێک دەدەن، کە رێز لە خواست و جیاوازییەکانی یەکتر بگرن و، بەم چەشنە یارمەتی بە فەرهەنگی دیموکراسی و پێکەوە هەڵکردن لە نێوخۆ و دەرەوە دەدەن و، باوەڕیان وایە هەمووان بە پاراستن و رێزگرتنی جیاوازییەکانەوە جوانترین و، کولتووری دیموکراسیش ئاوا گەشە دەکات و جێدەگرێ.


د. سنجاری لای خۆیەوە، وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی لەو دیدارە، راشیگەیاند کە دەرگای باڵیۆزخانەی عێراق و کونسوڵگەرییەکانی بە رووی رەوەندەکانی کوردستانی و عێراقیدا کراوەیە و، ئەوان بایەخ بۆ هەر کاروچالاکییەکی یاسایی، کولتووری و مەدەنی دادەنێن، هاوکات باسی لەوەشکرد کە گرینگە رەوەندە جۆربەجۆرەکان لەو دەرفەت و دەرەتانەی لە وڵاتانی دەرەوە هەیە، پێکەوە کاری هاوبەش بکەن و، بەو چەشنە لەسەر رووحی برایەتی و ئاشتیخوازی پێداگری بکەنەوە و، ئەم کولتوورە فرە رەنگ و فرە دەنگە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگوازنەوە.
جێی باسە، لە کۆتاییدا هەردوولا بڕیاریاندا لە بۆنە و یادە جۆربەجۆرەکان درێژە بە دیدار و کۆبوونەوەکانیان بدەن.

