ڕۆژی شەممە، ڕێکكەوتی ٤ی ئازاری ٢٠٢٣، نوێنەری كۆنفدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی لە ئەمەریكا و كەنەدا، لەسەر بانگهێشتی لقی ٧ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری لە ٤٤هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی نەمردا كرد و، بە گەرمی لەلایەن حیكمەت بامەڕنی بەرپرسی لقەوە پێشوازی لێكرا.


ڕێورەسمەكە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ئازادی كورد و كوردستان دەستێ پێكرد، پاشان بەڵگە فیلمێك لەسەر ژیان و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی نیشان درا.
دواتر چوار كەس لە هەر چوار پارچەی كوردستانەوە دەربارەی ڕۆڵی بارزانی نەمر لە خەباتی رزگاریخوازانەی كوردستان و بەشداری بارزانییەكان بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفا لە كۆماری كوردستاندا، قسەیان كرد و ڕۆڵی ئەو ڕێبەرە مەزنەیان بەرز نرخاند.


لە بەشێكی دیكەی ئەو ساڵیادەدا چەند هۆنراوە و سرودێک پێشكەش كران.
جێی باسە ، جیا لە نوێنەرانی حیزب و رێكخراوە كوردستانییەكان و رەوەندی كوردستانی، هاوكات نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان و، بەڕێوەبەری كاروباری گشتیی باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن، بەشداری ساڵیادەكە بوون.

