KDC

شفا بارزانی بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی نەرویج لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی کۆبووە

سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، سەردانی وڵاتی نەرویجی کرد و بە یاوەری سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەرویج، هەروەها بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و چەند پەرلەمانتارێک و نوێنەرانی حزبە نەرویجییەکان، لەگەڵ کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستانی دانیشتووی ئەو وڵاتە کۆبووە
رۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢/ ٩/ ٢٠٢٣ شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، بە یاوەری ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و، دکتۆر نورەدین خۆشناو بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی،و عەدنان موختار سەرۆکی فێدراسیۆنی کۆمەلە کوردیەکانی ئۆسلۆ. هاوکات بە ئامادەبوونی (وەزیری دەرەوەی نەرویج)، لەگەڵ کوردستانیانی هەرچوار پارچەی دانیشتووی ئەو وڵاتە کۆبووە
سەرەتای دەستپێک خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، دواتر دکتۆر نورەدین خۆشناو بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەرویج، وتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای بەخێرهێنانی شفا بارزانی و وەزیری دەرەوەی نەرویج، بەخێرهاتنی ئەندامانی پەرلەمانی نەرویجی و حزیبە نەرویجی و رێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکانی کرد، ئاماژەی بە گرینگی ڕەوەندی کوردستانی کرد، ئامانجی ناوەندەکەشی بە پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردنی هەموو چین و توێژەکان ناوزەدکرد.
لە میانەی وتارەکەیدا، دکتۆر نورەدین تیشکی خستەسەر چالاکییەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەڕووی جیهانییەوە، وەک ئامادەکردن و ئەنجامدانی دیداری سەدساڵەی لۆزان لە سویسرا، هەروەها کۆنفرانسێکی گەورەی سەبارەت بە جینۆسایدی ئێزدییەکانی شنگال، کە لە رووسیا ئەنجامدرا.


پاشان شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، وتارێکی پێشکەش کرد و، باسی بەرنامەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد و، جەختی لەوە کردەوە، کە جێی هەموو چین و توێژێکی کوردی تێدا دەبێتەوە، هەروەها داوای لە کوردانی ئامادەبوو کرد کە بە جیاوازی بیروبۆچوونەکانمانەوە، پێکەوە یەکڕیز و یەکگرتوو و پاڵپشت و هاوکار بن بۆ سەرخستن و کۆکردنەوەی نیشتیمانپەروەران لە ژێر چەترێکی نەتەوەیی و کوردستانی وەک کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی. ئەوەشی بۆ ئامادەبووان باس کرد، کە ساڵی ئایندە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کۆنگرەی دووەمی خۆی لە ئەوروپا دەبەستێت، داواشی لە ئامادەبووان کرد بە پڕۆژە و بیرۆکەکانیان لەگەڵ کۆنفدراسیۆن کار بکەن و لە کۆنگرەی داهاتوودا بەشداری بکەن، تا بتوانن درێژە بە کارەکانیان بدەن لە ژێر چەتری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان، کە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی جەنابی سەرۆک بارزانییە، بە هەموانەوە بیکەنە موئەسەسات و درێژەی پێ بدەن.
هەروەها هانی کوردستانیانی دا منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە کوردییەکان بۆ فێربوونی زمانی کوردی و جۆشدانی هەستی نەتەوەیی تیایاندا، هەروەها هانی گەنجانی کورد بدرێت تێکەڵ بە کاری سیاسیی بن لە ڕێی حزبە نەرویجییەکانەوە، بۆ ئەمەش ئامادەیی هەر هاوکارییەکی کۆنفدراسیۆنی لەم بارەوە گەیاندە ئامادەبووان، وە ئاماژەی بەوەشدا کە ئێستا لەو وڵاتە چەندین کورد کاندیدی پارتەکانی نەرویجن بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، بڕیارە لەم مانگەدا بەڕێوەبچێت و هیوای خواست دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتنیان بە دەست بێنن، بۆ ئەوەش داوای لە ڕەوەندی کوردستانی کرد، کە بە جۆش و خرۆشەوە بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیان پێ بدەن، تا لە داهاتوودا کاریگەرییان هەبێت. ئەوەشی بۆ ئامادەبووان باس کرد، کە لە کۆبوونەوەیدا لە پەرلەمانی نەرویج و کۆبوونەوەی لەگەڵ دوو شاندی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، هەموویان باسیان لەوە کردووە، کە میلەتی کورد زۆر بە رێکوپێکی ئاوێتەی کۆمەڵگەی نەرویجی بووە و کوردایەتی خۆیان پاراستووە، بەڵام تەنیا یەک شتی نەرێنییان هەیە، ئەوەش بوونی دەیان کۆمەڵە و رێکخراوی کوردی پارچەکانی کوردستانن، ئەوان دەستخۆشی ئەوەیان کرد، یەکەمجارە کۆنفدراسیۆنێک هەوڵ بدات هەموو ئەو کۆمەڵە و رێکخراوە کوردستانیانە لە ژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە.
ئەوەی جێگەی باسە، وەزیری دەرەوەی وڵاتی نەرویج وێڕای سڵاوی تایبەتی بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی، خۆشحاڵی خۆیشی بە یەکخستنی ڕەوەندی کوردستانی دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەروەها سەردانەکەی شفا بارزانی بە گرینگ وێنا کرد، وتیشی: “ئێمە وەک حکومەت بە ئەرێنی دەڕوانینە کورد، چالاکن لە بەشداریکردنیان لەنێو کۆمەڵگەی نەرویجی، بە هیوام بگەن بە ئامانجەکانی خۆتان، خۆشحاڵ بووم بەشداری ئەم کۆبوونەوەتان بووم”.
دواتر چەند نەرویجییەکی دۆستی کورد، وتاریان پێشکەش کرد و خۆشحاڵی خۆیان بۆ بەشداری کردنیان دەربڕی، وتیان کورد بەرەو ئامانجەکانی خۆیان دەڕۆن، رەخنەشیان لە وڵاتانی چواردەووری کوردستان گرت، کە رێگا بە کورد نادەن بە ئازادی بژین، لە کۆتایی وتارەکەشیدا وتی بژی کورد، بژی کوردستان.
دواتر چەند شیعرێک خوێندرانەوە، هاوکات هونەرمەندی تەشکیلی یوسف سوری، تابلۆیەکی تەشکیلی پێشکەشی شفا بارزانی کرد، هەروەها سەرۆکی ناوەندی چۆارباخ بابەشێخ ناسری کتێبێکیان بە ناوی شۆڕشی ژینا، پێشکەش کرد.
لە کۆتاییدا دەرگای پرسیار و وڵام کرایەوە و چەند پرسیارێک ئاڕاستەی شفا بارزانی کرا، ناوبراویش وەڵامی دانەوە. هەروەها پرسیاریش ئاڕاستەی ئیسماعل کامل سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرا و، ناوبراویش وەڵامی دانەوە. هەندێ لە ئامادەبووانیش پێشنیاری گرنگیدانیان بە میدیاکانی کۆنفدراسیۆن دا، کە رەنگدانەوەی کاروچالاکییەکانی بێت، تا خەڵکانی جیهان بە چاوی خۆیان کێشە و پرسەکانی گەلی کوردستان ببینن، چونکە میدیا جیهانییەکان بە تەواوی پرسی کورد ناگەیەنن.

___

مستەر کورد سەردانی ئۆفیسی سەرەکی گرووپی کۆمپانیاکانی تانج دەكات

nusar1

مۆسکۆ: ڕەوەندی کوردستانی بەشداری یادی پێنج ساڵەی ڕیفراندۆمیان کرد

nusar1

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا داوای خۆبەدەستەوادان لە سەربازانی ئۆکرانی دەکات

nusar1
KDC

FREE
VIEW