KDC

کەنەدا: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەدمنتۆن دامەزرا

بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی راستەوخۆی مستەر کورد، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کەنەدا، ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی لە شاری ئەدمنتۆنی باژێری ئەلبرتای وڵاتی کەنەدا دامەزرا.

كۆبوونەوەی دامەزراندنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ئەدمنتۆنی کەنەدا، بە مارشی ئەی رەقیب و راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای رزگاری کوردستان بە گشتیی، شۆرشی یەک ساڵی ڕابردووی ژینا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی دەستی پێكرد.

دواتر د. عوسمان خۆشناو وەک کەسایەتی دیاری دەڤەرەکە، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و نوێنەری کۆنفدراسیۆن، ڕیزبەندی بەرنامەکەی خوێندەوە و داوای لە رەحیم رەشیدی کرد سەبارەت بە گرنگی دامەزراندنی ناوەندەکە و کار و پڕۆژەکانی کۆنفدراسیۆن قسە بۆ ئامادەبووان بکات.

پاشان رەحیم رەشیدی، وێڕای سوپاس و بەخێرهاتنی ئامادەبووان و سوپاسی تایبەتی لە هاشم سندی بۆ ئامادەکاری و رێخستنی ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر ئەرکی خۆی کرد، هەروەها مستەر کورد بەخێرهاتنی شاندی ناوەندی کارگێڕی کرد کە پێکهاتبوون لە ئەحمەد بناجی بەرپرس و موسا عیسا ئەندامی ناوەند. دواتر ناوبراو بە وردی سەبارەت بە بەرنامە و پڕۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەسەر ئاستی جیهان بە گشتیی، ئەمەریکای باکوور بە تایبەتی قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و بایەخی ئەو هەنگاوەی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە شیکردەوە و رایگەیاند، کۆنفدراسیۆن بە ئامانجی کۆکردنەوەی کوردستانیان و یەکخستنی هێز و تواناکان لە پێناو خزمەت بە کوردستان دامەزراوە و، موڵکی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە.

مستەر کورد بە پێداگیرییەوە باسی لەوەکرد ناوەندی رەوەندی کوردستانی، وەک ناوەندێکی چڤاکی سەربەخۆ خزمەتی دۆزی کوردستان دەکات، هاوکات ناوەندەکە هەوڵ دەدا کۆکەرەوەی زۆرترین رێژەی کوردستانیان بێت، لەم بوارەدا بە بەرنامەی زانستی و سەردەمیانە تێدەکۆشێ تا رەوەندەکەمان بەشێوەیەکی ئەمڕۆیی کەڵک لە بوار و دەرفەتە یاساییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرێت، هەروەها لەو وڵاتانەدا کارا و چالاک بێت و ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە پڕنسیپە نەتەوەییەکان هەیە و، لەم پەیوەندییەدا هێڵە گشتییەکانی کۆنفدراسیۆنی شیکردەوە کە باوەڕمەندن بە ئاڵای کوردستان، پێشمەرگە و هێما نەتەوەییەکان و خەبات بە رزگاری نەتەوەیی و تێکۆشانی یاسامەند و ئاشتیخوازانە.

نوێنەری كۆنفدراسیۆن لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، کە لەسەر نەوەكانی دووهەم و سێهەم و دواتری كوردستانیان لە دەرەوە كار دەكەن و هەوڵ دەدەن کوردستانیان پتر لە ناوەندی و گرێچنی سیستەمی وڵاتانی رۆژئاوایی دا جێگای خۆیان بکەنەوە، تاکوو لەم رێگایەوە باشتر و بەربڵاوتر پشتیوانی زۆرتر بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان دەستەبەر بکەن.

رەشیدی لە ناوەڕۆکی قسەکانی دا بە وردی پەرژایە سەر ئەو راستییە کە کۆنفدراسیۆن بایەخێکی تایبەت بە ناشڤیل دەدا کە پتر لە ٢٥ هەزار کوردی لێدەژی و بە کوردستانی بچووک ناسراوە، لەم بارەوە باسی لە پلان و بەرنامەکانی کۆنفدراسیۆن بۆ رەوەندی کوردستانی شارەکە کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفدراسیۆن باسی لەو دەستکەوت و چالاکیانە کرد کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە کەنەدا و ئەمریکا ئەنجام دراون.

دواتر لە کەش و هەوایەکی ئازاد و دیموکراتیدا ئامادەبووان دید و پێشنیار و رەخنەکانی خۆیان هێنایە بەرباس و، لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفدراسیۆن بەڕێزەوە وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە و رایگەیاند، کە ڕەخنە و تێبینییەکان بە دڵسۆزی و لە پێناو گەشەدان بە کاری کۆنفدراسیۆن دەزانێ.

لە دواین بڕگەی کۆبوونەوەکەدا بە رەزامەندی سەرجەم ئامادەبووان لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتی دا، ٩کەس وەکوو ئەندامانی سەرەکی و ٤ کەس بە ئەندامی یەدەک هەڵبژێردران کە بریتی بوون لە:

١.موحەممەد ئەتروشی

٢. هاشم سندی

٣. زۆزان وەلید

٤. سویبە رەنجبەری

٥. فاروق ئەرزرومی

٦.مەحموود بۆزان

٧. عوسمان خۆشناو

٨. ئاراس زێباری

٩. نزار سلێڤانی

هەروەها ئەم چوار کەسەش وەکوو ئەندامی یەدەک هەڵبژێردران

١. عەلائەدین ئۆسۆ

٢. شیار عەبدوڵا

٣. زوهێر سورچی

٤. ئەحمەد موحەممەد

هاوکات موحەممەد ئەتروشی وەکوو بەرپرس و زۆزان ئەشرەف بە جێگری بەرپرسی ناوەندی ئەدمنتۆن لە باژێری ئەلبەرتا هەڵبژێردران.

جێی باسە، کوردستانیانی هەرچوار بەشی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و دڵسۆزانە بۆ پێکهاتنی ناوەندەی ڕەوەندی کوردستانی لە شارەکە هاوکار و یارمەتیدەر بوون.

___

پرۆفایلی گۆنزالۆ هیگواین

nusar1

ئیتڵاعات: هونەرمەندێکی لاوی کورد دەستگیردەکات

nusar1

ماڵپەڕی فەرمی ناوەندی ڕەوەندی کورد لەدەرەوە

KDC
KDC

FREE
VIEW