لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ شاری ناشڤیلی ولایەتی تێنێسی ئەمریکا، شفا بارزانی سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ جەماوەری شاری ناشڤیل کە بە کوردستانی بچووک ناسراوەکۆبوەوە
دەسپێکی بەرنامەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کەنەدا، بەخێرهاتنی سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی و ئامادەبووانی کرد و، بایەخی سەردانی کاک شفا بارزانی بۆ ناشڤیل شیکردەوە.
دواتر ئیپەک ئیسماعیل جێگری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ناشڤیل، سەبارەت بە بەرنامە و ئەرکەکانی ناوەند قسەی کرد.
پاشان نزار شێرانشی بەرپرسی ناوەند و دەستەی کارگێڕی وەکوو رێزلێنان لە سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی چوونەسەر سەکۆ و بەخێرهاتنیان کرد.
ئەوجار بەرێزەوە داوا لە شفا بارزانی کرا کە وتارەکەی پێشکەش بکات.
سەرپەڕشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لە دەستپێکی وتارەکەی دا سڵاو و رێزی جەنابی سەرۆک بارزانی گەیاندە جەماوەر و ئەو پەیامەش لە نێو خۆشی و شادی ئامادەبوواندا بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێکرا.
سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لە ناوەڕۆکی وتارەکەیدا بە وردی باسی لە پڕۆژەی ڕەوەندی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە هەنگاوێکی نەتەوەییە بۆ رێکخستن و یەکخستنی کوردستانیان و لەم پێوەندییەشدا هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان، پێشمەرگە و مافی سەربەخۆیی بۆ کوردستان هەیە، دەتوانن لەو پڕۆژە نەتەوەییەدا خۆیان ببیننەوە.
شفا بارزانی لە وتارەکەی دا بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی گەنجانی دەرەوەی وڵات و پێویستی چاندنی بیر و هۆشی نەتەوەیی کرد و، لەم بازنەدا بە پێداگرییەوە ئەوەی راگەیاند کە ڕەوەند هەرچی لەدەست بێ بۆ پێشخستنی ئەو رەوتە ئەنجامیدەدات، هەروەها داوای کرد کە کوردستانیان لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی و وەکوو هاوڵاتی ئەمریکایی-کوردستانی هێز و تواناکانیان یەکبخەن.
سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی هەروەها باسی پڕۆژەکانی خولی زمانی کوردی کرد و لەم بارەوە داوای لە دایک و بابەکان کرد هەوڵ بدەن منداڵەکانیان زمانی زگماکی خۆیان فێربن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەدا، دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان، پرسیار، پێشنیار و رەخنەکانیان بە شێوەیەکی ئازاد هێنایە ئاراوە و، هەمووان سەردانی شفا بارزانیان بۆ ناشڤیل بە هەنگاوێکی باش و دڵسۆزانە لێکدایەوە و پێیان وابوو دەبا زووتر ئەو سەردانە کرابایە. دواتر سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
شیاوی باسە، لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا، کوردستانیانی هەر چواربەشی کوردستان، پێکهاتەکان و نوێنەری سازو دامەزراوەی مەدەنی و، هەروەها چەند کەس لە رێگای دوورەوە بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەدا ئامادە بوون.