ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی٤ی ٢٠٢٤ بە ئامادەبونی بەڕێز شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی، لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، نوسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی ئێوارەخوان و کۆبونەوەیەکی بۆ کوردستانییان و نەرویجییەکان ڕێکخست.
کۆبونەوەکە بۆ ڕێزگرتن بوو لەو ئەندام پەرلەمان و وەزیر و سیاسەتوانە نەرویجییانەی کە هاوڕێ و هاوکاری کوردستانییان بونە و بەردەوام پاڵپشتی دۆزی ڕەوایی چوار پارچەی کوردستانییان کردووە.
لە کۆبونەوەکەدا سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی وتارێکی پێشکەشکرد، تیایدا سوپاسی هاوکاری دۆستە نەرویجییەکانی کرد و وتی: بە بوونتان ئیتر کوردستان جگە لە شاخەکان دۆستی تریشی هەن و ئێوەش شاخن بۆ پشتگیری لە کوردستان، هەروەها داوای لێکردن بەردەوام بن لە پشتگیری دۆزی ڕەوایی کوردستان لە هەرچوارپارچە و هانی وڵاتی نەرویج بدەن زیاتر هاوکاری کوردستان بکات.
چەند کەسایەتی و سیاسەتڤانێکی نەرویجی وتارییان پێشکەش کرد و سوپاسی بانگهێشتنامەی جەنابی شفا بارزانییان کرد و سوپاسی پێشمەرگە و گەلی کوردستانیان کرد بۆ ڕوبەروبونەوەی داعش و بەرگریکردن لە تێکڕای ڕۆژئاوا و تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و وتییان: ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە داعش کە هەڕەشە بوو لەسەر ئێمەی ئەوروپایش وا بە ئاسانی تێکنەدەشکێندرا، و بەڵێنیاندا بەردەوام بن لە پاڵپشتی گەل و وڵاتی کوردستان. هەروەها جێگری وەزیری دەرەوەی نەرویج بەشداری گالاکە بوو و تارێکیشی پێشکەشکرد.
لە لایەن بەڕێز شفا بارزانی سوپاسنامە و پەرتوکی جەنابی سەرۆک بارزانی ( بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد) پێشکەش بە دۆستانی کورد کرا.
ئەوەی شایانی باسە دانیشتنەکە بە ئاوازی ئۆپێرای کوردی کە لە لایەن ئۆپێراخوێنی کوردی پەروین چاندار پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، زیاتر درەوشایەوە.
لە ئەنجامدا تێکڕای دۆستانی نەرویجی بەڵێنی پاڵپشتی خۆیان بۆ دۆزی ڕەوای کورد و کوردانی نەرویج دوپاتکردەوە و داوایان کرد کۆبونەوەی هاوشێوە بەردەوام بن.