۹ ئایار لە کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی میوانداری بۆنەیەکی تایبەت بە سەرکەوتنی گەلانی سۆڤیەت و لە ناویاندا گەلی کورد لە جەنگی دووەمی جیهانی بەسەر نازییەکاندا کرا.
لە بۆنەکەدا گرنگی تایبەتی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی و ئەو جەنگاوەرە کوردانە درا، کە لە پاڵ گەلانی دیکەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ئازایانە و خۆنەویستانە لە پێناو مرۆڤایەتی دژ بە نازییەکان خەباتیان کرد.
بەرنامەی چالاکییەکە بەم شێوەیە بوو :
– پێشکەش کردنی پەڕتووکی “کتێبی یادەوەرییەکان، بەشداری کورد لە سەرکەوتنی هاوبەش بەسەر نازییەکاندا ١٩٤١-١٩٤٥”، کە لەلایەن د. دانەر ئەبوبەکر نوێنەری کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیای فیدڕاڵ ئامادە کراوە، لە نووسینیدا پشت بە ئەرشیفە کۆنەکان و بەڵگەنامە تازە دەرچووەکان و پەیامی خزم و کەسوکاری بەشداربووانی جەنگی دووەمی جیهانی بەستراوە.
پڕۆگرامی مەراسیمەکە پێکهاتبوو لە:
– خوێندنەوەی چەندین هۆنراوە و شیعر بە زمانی ڕووسی و کوردی
_ پارچە مۆسیقایەکی ڕووسی لە لایەن یەکێک لە مۆسیقژەنەکانی کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی پێشکەش کرا
– چەند پارچە مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی و مێژوویی لە لایەن چەند مۆسیقژەنێکی دیار، کە لە کوردستانەوە تەشریفیان بردوو بۆ مۆسکۆ، پێشکەش کرا، کە مێلۆدی و گۆرانییەکان بە ئامێری مۆسیقای کولتووری کوردی (دەف، قانوون، عود، شمشاڵ و زووڕنا) بوو. بەشداربووان بە جۆرەکانی گۆرانی فۆلکلۆری وەک لاوک و بەستە و حەیران ئاشنا کران، و خزێندرانە ناو کەشوهەوای مۆسیقای ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.
پێشکەشکاری کۆنسێرتەکە دکتۆرە سڤێتڵانە ڕاوەندی-فادای گەورە توێژەری پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی (زانستی ئەکادیمیای ڕووسیا) بوو.
ئامادەبووان کە پێکهات بوون لە ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردستانی لە مۆسکۆ و خەڵک و میوانانی تری نەتەوە جیاوازەکانی و کەسایەتی سیاسی و ئەدەبی و هونەری ڕووسیا.
ئارەزوومەندان دەتوانن لە سایتی فەرمی نوێنەرایەتی ئەم
پەڕتووکە بە دەست بخەن.