مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کەنەدا، لە شاری ئەدمۆنتۆنی باژێری ئەلبرتای کەنەدا، لەگەڵ پەرلەمانتار زیاد ئەبوڵتەیف كۆبونەوە
لە دەسپێکدا ڕەحیم ڕەشیدی، وێڕای گەیاندنی سڵاو و ڕێزی شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی كوردستانی، هاوكات سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد، کە ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کەنەدا لە ئۆفیسی سەرەکی خۆی لە شاری ئەدمۆنتۆن لە نوێنەری کۆنفدراسیۆنی کردووە.
پاشان مستەر کورد لەسەر پێکهێنانی ناوەندەکانی کەنەدا و دواتر دامەزراندنی فدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئاخافت و لەم پێوەندییەدا بەرنامە و دوورەدیمەنی هەنگاوەکانی ڕەوەندی کوردستانی لە کەنەدا شیکردەوە و داوای لەو پەرلەمانتارە کرد پێکەوە وەكوو پێشوو چەند بەرنامە و پڕۆژەی هاوبەش لە پەرلەمانی فیدراڵ لە ئوتاوای پێتەخت بەڕێوەبەرن و لەم پێوەندییەدا چەند بابەت و بەرنامەیان تاوتوێكرد.
هەروەها مستەر کورد جارێكی دیكە باسی لە بایەخی وەرگرتنی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە لایەن کەنەداوە وەکوو پەنابەر کرد و لەم بازنەدا داوای کرد پێکەوە کار بکەن بۆ هەڵگرتنی بەربەستە یاساییەکان و بەم هەنگاوەش خزمەت بەو مرۆڤانە بکرێ، کە ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی خۆیان بۆ خزمەت بە ئازادی و دیموکراسی تەرخان کردوون.
لە لایەكی دیكەوە لەسەر هەوڵەكان بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران پێداگری كرایەوە و لەم بازنەدا بڕیار درا كۆمەڵێك هەنگاو بهاوێژرێن و سەرۆكی كۆمیتەی پەرلەمانی دۆستایەتی كورد و كەنەدا سوپاسی هەوڵ و هاوكارییەكانی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی لەم بارەیەوە كرد و لەسەر چڕتر كردنەوەی ئەو هاوكارییانە پێداگری كردەوە.
لە تەوەرێكی دیكەدا پرسی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا و ڕەوشی گیراوە سیاسییەكانی كورد لە ئێران و توركیا و دۆخی ڕۆژئاڤای كوردستان و پێویستی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە قامیشلۆ قسەی لەبارەوە كرا.
پاشان پەرلەمانتار زیاد ئەبوڵتەیف خۆشحاڵی خۆی لەو دیدارە دەربڕی و سوپاسی سەردانی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی کرد و هەنگاوەکانی یەکخستن و ڕێکخستنی ڕەوەندی کوردستانی لە کەنەدا بە پێویست و گرنگ لێکدایەوە و گەشە و پێشوەەچونی كاروباری ڕەوەندی كوردستانی بە گرنگ و هیوابەخش ناوبرد، هەروەها هیوای خواست كوردستانییانی كەنەدا هاوكار و پشتیوانی دوو خانمی كورد بن، كە هەوڵ بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی كەنەدا لەسەر لیستی حیزبی كۆنەپارێزان دەدەن.
زیاد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی مانەوە و پەرەپێدانی نوێنەرایەتی كەنەدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان كرد و مزگێنیدا، کە نوێنەرایەتییەكە داناخرێ و دووپاتی کردەوە بە هەموو تواناوە لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی بۆ پتەوترکردنی پێوەندییەکانی نێوان کەنەدا و کوردستان تێدەکۆشن.
شیاوی باسە، لەو دیدارەدا هاشم سندی ئەندامی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی ئەدمۆنتۆن هاوڕێی نوێنەری کۆنفدراسیۆن بوو.