- Advertisement -

ئەمریکا: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە مینەسۆتا-مۆورهەد دامەزرا

بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریكا و کەنەدا، ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی لە مینەسۆتا-مۆورهەد بە سەركەوتویی و بەشداری
بەرچاوی لاوان دامەزرا

ئریک جاکسۆن و جێرد پیجەن لە بەرپرسانی باڵای زانکۆی سەركردایەتی لە مینەسۆتا-مۆورهەد بەشداری پێکهێنانی ناوەندەکە بوون، وەکوو ڕێزلێنان لۆگۆی زانکۆکەکەیان پێشکەش بە نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد و موژدەی پەرەپێدان بە پەیوەندی نێوان زانکۆکەیان لەگەڵ زانکۆکانی کوردستاندا، کە پێکەوە بۆ ئاڵوگۆڕی قوتابی و کاری زانستی هاوبەش لە ڕێگای ڕەوەندی كورستانییەوە تێدەکۆشن.

سەرەتای كۆبونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستیپێکرد.

دواتر جیهان بریفکی چالاکڤانی دیاری ولایەتەکە وێڕای بەخێرهاتنی نوێنەری کۆنفدراسیۆن، لەسەر گرنگی دامەزراندنی ناوەندەکە لەو هەرێمە قسەی كرد.

ئەوجار ئریک جاکسۆن و جێرد پیجەن لە بەرپرسانی باڵای زانکۆی سەرکردایەتی مینەسۆتا-مۆورهەد، هەروەها فەوزی ئۆرەی چالاکڤانی باژێرەکە لەسەر گرنگی کاری ڕەوەند لە دەڤەرەکە قسەیان کرد.

دواتر ڕەحیم ڕەشیدی بە ناوی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و سوپاسی هاوکارییەکانی جیهان بریفکی و بەرپرسانی زانکۆی سەرکردایەتی مینەسۆتا-مۆورهەرد کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفدراسیۆن سەبارەت بە بەرنامە و پڕۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەسەر ئاستی جیهان بە گشتیی، ئەمەریکای باکور بە تایبەتی قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و بایەخی ئەو هەنگاوەی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە شیکردەوە و ڕایگەیاند کۆنفدراسیۆن بە ئامانجی کۆکردنەوەی کوردستانییان و یەکخستنی هێز و تواناکانیان لە پێناو خزمەت بە کوردستان دامەزراوە و موڵکی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە و لە دەرەوەی بازنەی حزبایەتی تێدەکۆشێ و چەتری کۆکەرەوەی هەموو کوردستانییەکی دڵسۆز و خەمخۆرە.

مستەر کورد بە پێداگیرییەوە باسی لەوە کرد ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی وەک ناوەندێکی چڤاکی سەربەخۆ خزمەتی دۆزی کوردستان دەکات، هاوکات ناوەندەکە هەوڵ دەدا کۆکەرەوەی زۆرترین ڕێژەی کوردستانییان بێت، لەم بوارەدا بە بەرنامەی زانستی و سەردەمیانە تێدەکۆشێ تا ڕەوەندەکەمان بە شێوەیەکی ئەمڕۆیی کەڵک لە بوار و دەرفەتە یاساییەکانی وڵاتانانی ڕۆژئاوایی وەربگرێت.

نوێنەری كۆنفدراسیۆن لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا باسی لەوە کرد، کە لەسەر نەوەكانی دووهەم و سێهەم و دواتری كوردستانی لە دەرەوە كاردەكەن و هەوڵدەدەن کوردستانییان پتر لە ناوەند و گرێچنی سیستەمی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا جێگای خۆیان بکەنەوە، تاکو لەم ڕێگایەوە باشتر و بەربڵاوتر پشتیوانی زۆرتر بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان دەستەبەربکەن. ڕەشیدی لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا بە وردی پەرژایە سەر ئەو ڕاستییە، کە کۆنفدراسیۆن بایەخێکی تایبەت بە لاوەکان دەدا.

هەروەها مستەر كورد باسی لەوە كرد تاكو ئێستا نزیك بە ٤٥ ناوەند لە جیهان، كە هەشت ناوەندیان لە ئەمریکان دروست کراون و نزیك بە ٤٠ ساز و ڕێكخراوی سڤیل و نزیك بە ١٥ فدراسیۆن لە گشت جیهان پەیوەست بە كۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی بوون.

ئەوجار لە کەشوهەوایەکی ئازاد و دیموکراتیدا ئامادەبووان دید و پێشنیار و ڕەخنەکانی خۆیان هێنایە بەرباس و لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفدراسیۆن بە ڕێزەوە وەڵامی ڕەخنە و پرسیارەكانی ئامادەبووانییان دایەوە.

لە دوایین بڕگەدا لیژنەیەکی ٥ کەسی بۆ سەرپەرشتی کردنی هەڵبژاردن دیاریکران، ئینجا بە ڕەزامەندی سەرجەم ئامادەبووان لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیدا هەر یەکە لە:

١. نەزار عەلی حەبیب
٢. ئاشنا ئۆرەی
٣. لەیلا ئەحمەد
٤. مریەم حەبیب
٥. نەدیار عومەر
٦. خەلیل ناسۆ
٧.موستەفا ئەحمەد
٨. ڕێژین حەبیب
٩. پاڵەوان ئۆرەی

بە ئەندامی سەرەکی ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی، هەروەها لانە بەرواری، گوڵستان باڵاتا و ئیدریس حەمۆ بە ئەندامی جێگری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە مینەسۆتا- مۆورهەد هەڵبژێردران.

لە یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی هەڵبژێردراودا، نەزار عەلی حەبیب بە بەرپرس، ئاشنا ئۆرەی بە جێگری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە مینەسۆتا-مۆورهەد هەڵبژێردران.

KDC

FREE
VIEW