KDC

ئاشنا بابان: هێزی تەوازن لەنێوان ئافرەت و پیاو لە ناوەندەکانی بڕیار دروست نەبێت، وڵاتێکی مۆدێرنی پێشکەوتووی لیبراڵی دروست نابێت

چاوپێکەوتن: ئاشتی گەرمیانی.. هەولێر

خاتوو ئاشنا بابان، کەسایەتیەك و مامۆستایەکی شارەزا و پسپۆڕ و، خاوەن ئەزموون لە بوارە جیاجیاکانی نێو سیاسەت و پلاندانان و لۆجستی، بۆ گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگای کوردستانی لەو قۆناغانەی، کە ڕۆڵ و تایبەتمەندێتی خۆی تێدا دەبینێت، شارەزایەکی تەواو لەبەرەو پێشچوونی کایە و ڕۆڵی ئافرەتان و، دەرخستن و بەگەڕخستنی توانستی ئافرەتان، وەک نموونەیەکی جوان بۆ کوردستان، وە هەردەم لەنێو ئێش و ئازارەکانی میللەتەکەی خۆیدا ژیاوە.

وەک ماڵپەڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، گفتوگۆیەك لەگەڵ مامۆستا و شارەزا خاتوو ئاشنا بابان، کە لە شاری سلێمانی لەدایكبووە و، قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتوویی تەواوکردووە، هاوکات بەکالریۆسی لە زانستە سیاسییەکانی هەر لە شاری سلێمانی و ساڵی ٢٠٠٨ بەدەستهێناوە، بڕوانامەی ماجستێریشی لە زانستی سیاسی لە زانکۆی سەلاحەدین، ساڵی ٢٠١٤ بەدەستهێناوە، ماستەرنامەی لە بواری سیستمی سیاسی و یاسای دەستووریدا بە زمانی عەرەبی بەدەستهێناوە.

بێگومان ئەزموونی کارکردن و شارەزایی لە بوارەکانی یاریدەدەری بەڕێوەبەر، لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارێزگای سلێمانی، وە بەڕێوەبەری پۆستەکانی ناو دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بووە لە ساڵی ٢٠٠٩دا، هەمان ساڵیش بەڕێوەبەری ناردن و شاندکردنی تواناسازی یەکەم لەناو دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بووە، ساڵی ٢٠١٥ش لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر وانەبێژ بووە، لەساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠١٩، لە زانکۆی هەولێری نێودەوڵەتی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وانەبێژ بووە، ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١یش لە زانکۆی نۆڵج- بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان وانەبێژ بووە.

خاتوو ئاشنا بابان کەسایتیەکی ناسراو و چالاك و پڕ زانستە لەو بوارانەی، کە تێیاندا کاری کردووە، بەردەوامە لەهەوڵ و تێڕوانین و لێکدانەوە سیاسی و زانستییەکانی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و، تێکەڵبوون لە جیهانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و شارەزایی لەو پسپۆڕیەدا، وا دەکات کە میللەتی کورد، وە هەموو میللەتانی جیهان، ئەو کەموکوڕی و لاپەڕە شاراوانە بە ئەزموون و شارەزایی و لێهاتوویان لە پۆستە جیاجیاکاندا پڕبکەنەوە.

ئەو ماندوو بوون و بەدواداچوونە وادەکات، کە خاتوونێك وەک شارەزایەکی لێهاتوو، لێکدانەوە و پلاندانانی بۆ داهاتوویەك هەبێت، کە دید و سەرەنجی لەو زانستانەی ئەمڕۆ کوردستان پێویستیان پێیەتی هەبێت، بێگومان سیمینیار و دیدار و چاوپێکەوتن و توێژینەوەی ڕۆژانەی لەنێو زانکۆ و، سەنتەرە پەیوەندییەکاندا گرینگی تایبەتی هەیە، هاوکات مەودایەکی ئەزموونی گرینگشی هەیە، وەک خاتوونێك ڕۆڵێکی گرینگ دەبینێت، کە ئافرەتانی کوردستان پێگە و زانستێکی نێودەوڵەتیان لەهەموو پرۆسەکانی سیاسی و ئابووری و پەیوندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەبێت، هەر ئەو ئاکارانەشە بونیادی زانستی لەسەر دادەنرێت، خاتوو ئاشنا وەک شارەزا و پسپۆڕێك لە بوارەکەی خۆیدا، گرینگی بەزۆر لایەنی دیکە داوە و، لە کۆڕ و سیمینار و بڵاوکراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و سویدی و ئینگلیزی، ئەو زمان ئاخاوتن و نووسینە، بە پلە نایابەکان دەنگ و ڕەنگ و ڕۆشنبیری و زانستی میللەتی کورد زووتر، وە باشتر دەگاتە ڕێڕەوی کۆلێژ و توێژینەوە دەزگایەکانی جیهانی.

سەبارەت بەوەی، کە لەم سەردەمەدا ئافرەتان چۆن دەتوانن ڕۆڵی بڕیادەریان بەدەست بێت، لە کاتێکدا زانستێکی پێویستمان هەیە، ئەو پێیوایە کاتێک باس لە ئافرەت دەکەین، دەبێت پێناسەی کۆمەڵگا بکەین، لەو رێیەوە تێگەیشتنمان لە چەمکی ئافرەت بوون بۆ دروست بێت، وەک خاتوو ئاشنا پێناسەی کرد، “کۆمەڵگا بریتیە لە رایەڵەیەکی کۆمەڵایەتی دروستکراوی مرۆڤەکان، کە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا و ڕێکخستن پێکدێت، هەڵدەستێت بە دیاریکردنی بەهای تاک لەناو کۆمەڵگادا”. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، کە فەیلەسوفەکانی یۆنان (ئەرستۆ و ئەفلاتۆن)، بڕوایان بەوەیە مرۆڤ بەسرووشتی خۆی بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و بە تەنیا ناتوانێت، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێت، کە کۆمەڵگا لە هەردوو ڕەگەز (نێرینە و مێینە)، پێکەوە بێ یەکتر ناتوان بژین، واتا دوو رەگەزی جیاوازی تەواوکەری یەک و هاوبەشی یەک پێکدێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لێرەوە پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، کە ڕۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگادا، لەڕۆڵی پیاوەکان کەمتر نییە، بەڵکو دابەشبوون و ئەرکی هەر یەکەیان دیاریکراوە و، دیارە بۆ مەبەستی خزمەت و بەرەوپێشخستنی کۆمەڵگایە، ئافرەتان نیوەی کۆمەڵگان و ئەرک و بەرپرسیارێتی زۆریان لەسەر شانە، چ لەناو خێزان و ماڵ و پەروەردەی منداڵ، چ کار و ئەرکی دەرەکی، جا لەهەر بوارێک بێت، ئەرکی زیاترە لە پیاوان.

ئەوەش دوپات دەکاتەوە، لەگەڵ ئەو هەموو بەرپرسیارێتیەش، ئەوانی ئافرەت، بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانج و خەونەکانیان، کە یەکسانییە لەگەڵ رەگەزی بەرانبەر و، بەگەڕخستنی تواناکانیان بۆ بەجێگەیاندنی کارەکانیان.

ئاشنا بابان، جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە لە کوردستاندا ئەگەر سەیر بکەین، ئەوا پێگەی ئافرەت زۆر باشترە بەراورد بە ساڵەکانی پێشتر، بەوپێیەی زیاتر بواری پێدراوە، هاوکات ڕۆڵی ئافرەتەکان لە کرانەوەی هزری ڕۆشنفکری و گواستنەوەی کەلتووری دەرەکی و، بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری گشتی و سیاسی، کاریگەریەکی ناڕاستەوخۆی بینیەوە لەسەر تاک، کە ئەوەش دەکرێت وەک خاڵێکی ئەرێنی نیشانی بدەین.

ئەو خۆشحاڵە، کە ئێستا لەناو ناوەندی زانست و ئەکادیمیەکاندا ژمارە و ڕێژەیەکی بەرچاوی ئافرەتان لەبوارە جیاوازەکاندا خزمەتی ئەکادیمی و زانستی دەکەن و، لە بوارەکانی دیکەشدا تەنانەت لە دەزگا ئەمنی و ئاسایش و هاتوچۆ، فڕۆکەخانەش کاری هاوشانی پیاوان ئەنجام دەدەن، جگە لە دامودەزگاکانی دیکەی وەک پەڕلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکان و پارتە سیاسیەکانیش.

وێڕای خۆشحاڵی ناوبراو، کە لە ڕووی ڕێژەییەوە تا ڕادەیەک ئافرەت بەشداریکردنیان زۆرە، بەڵام پێیوایە، کە لەڕووی چەندێتی و چۆنایەتیەوە جیاوازی زۆری هەیە، کە هێشتا لە ئاستی پێویست نییە، نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە ئەو ئافرەتانەی لە دەرەوەی کوردستان گەڕاونەتەوە، کاریگەری زۆریان لە هەموو ڕوویەکەوە لەسەر کۆمەڵگا هەیە، ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ئەو ئەزموونەی لەدەرەوە فێر بوون، دەیگوازنەوە ناو تاکی کۆمەڵگا، کە ئەگەر کاریگەری راستەوخۆشی نەبێت، بەڵام دەکرێت بڵێین هاندەرێک و پاڵنەرێکە.

چەند خاڵێکی دیکەی گرینگ لەسەر ئەوەی، کە هێشتا ئافرەتان لە ئاستی پێویستیدا نین، لای ئاشنا بابان هۆکارەکان لە چەند خاڵێکدا کۆدەکاتەوە، وەک نەبوونی هۆشیاری پێویست لەلایەن کۆمەڵگا بەرانبەر ئافرەتان، هاوکات نەبوونی متمانەی پێویست لەلایەن ئافرەتەکان بە خۆیان و بە یەکتر، هەروەها نەبوونی زەمینەسازی پێویست بۆ سەلماندنی تواناکانی ئافرەتان، وە خواستی ئافرەتان بۆ هەندێک کاری ئاسان و بێ بەرپرسیارێتی.

دەشڵێ، ئەوانە و کۆمەڵێ هۆکاری دیکەی وەک نەبوونی یەکسانی کۆمەڵایەتی و، جێبەجێ نەکردنی یاساکان وەک پێویست و نەبوونی دەزگای چاودێری و لێپرسینەوە و هتد، کە هۆکارن بۆ سستی بەرەو پێشچوونی ئافرەتان لەناو کۆمەڵگا و، پڕکردنەوەی کایە گشتی و تایبەتیەکان.

سەرباری ئەو هۆکارانەش، ئەو جەختدەکاتەوە، کە لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە ئەوان وەک ئافرەت، بەردەوامن لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا، بەتایبەت وەک شۆڕشێکی هزری پێویست، بۆ بواری خزمەتی ئافرەتان.

ئەوەشی روونکردەوە، کە ئافرەتانی دەرەوەی وڵاتە کاریگەریان زیاترە، بەوپێیەی کاتێک ئافرەتەکان لە دەرەوەی کوردستانن، زیاتر توانای خۆ سەلماندنیان هەیە، چونکە دەست کراوەترن لەڕووی دەروونی و جەستەیەوە و ئازادانە مامەڵە دەکەن، بە بەراورد لە کوردستان، ئەوەشی بە کێشەی رەهەندی کەلتووری و مێژووی کۆمەڵگای کورد گەڕاندەوە، کە ڕەگ و ڕیشەی لە دەرئەنجامی پەروەردەی نەوەکان لە ناخی تاکی کوردا داکوتاوە و، سەرچاوەی بەردەوایشی هەیە.

سەبارەت بە ڕۆڵی بڕیاردەر لەم سەردەمەدا و لە کوردستان، ئەو وتی، کە گفتوگۆیەکی زۆر هەڵدەگرێت، چونکە لەڕووی پێگەی جوگرافی سیاسییەوە، کوردستان کەوتۆتە ناو ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نێوان کۆمەڵێک وڵاتی کەلتوور داخراوی لەیەکچوو، کە بە ئاسانی ئەو کەلتوورە گواستراوەتەوە بۆ کورد، ئەوە بۆتە هۆکارێک و رێگرییەک لە بەرەوپێشچوونی ئافرەت و نەچوونە ناو سیاسەت و، کایە سیاسیە ئاست باڵاکان لەڕووی بڕیاردان و، دروستکردنی بڕیاری سیاسی، هەمیشە بینینی ئافرەتان وەک ئەوەی تەنیا بۆ خزمەتی ماڵ و منداڵ دروست کرابێت، نەک وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ بتوانیت بڕیار لەسەر ژیانی بدات، پاشان بتوانێت هاوبەش بێت لە بڕیارە گرینگ و چارەنووس سازەکان.

ئەو خاتوونە شارەزا سیاسییە، ئەوەشی بۆ کەمتەرخەمی و کەم توانای و کەم ئەزموونی ئافرەتان ناگێڕێتەوە، بەڵکو پێیوایە پێنەدانی بوارە، پێنەدانی متمانەیە، کە پارتە سیاسیەکان بۆ پیاوانی لەڕووی زۆرینەوە قۆرغ کردووە، ئەو بەداخەوە دەشڵێ کە ئافرەتەکان پاشکۆن، پەراوێز دەخرێن، ئەگەرچی ئافرەتی بە توانا زۆرە، بەڵام ناهێڵن و هەزارەها ڕێگر و لەمپەڕی بۆ دروست دەکرێت.

هۆکاری ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە هێشتا لە کوردستان پیاوەکان متمانەیان بە توانای ژن نییە، ئەوەشی بەلاوە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە و، نموونە بە بوونی چەندها ئافرەتی کورد لە ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا دێنێتەوە، کە گەیشتوونەتە ئاستی زۆر بەرز و جێگەی شانازین بۆ گەلی کورد. ئاشنا بابان بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێ، “باشە بۆ لە ناوخۆی کوردستان ئەو بوارە نادرێت”؟

ئەو دەمەوێت لە ئەزموونی خۆی، باسکی کورت بکات، کە بەم ئاستە گەیشتووە و، زۆرترین کێشە و رێگری هەبووە، بە سەرسوڕمانیشەوە نموونە بەوە دێنێتەوە، کە پێانوتووە بۆ ناگەڕێتەوە؟ لە کوردستان چ کارت هەیە؟! ئەوەشی بە کارەسات وێنا کرد.

ئاشنا بابان بەپێویستی دەزانێت ئەوەبخاتەڕوو، کە دەبێت هاوکاری و پاڵپشتی ئافرەتان زیاتر بێت و، پیاوەکان بڕوای تەواو و متمانەیان بە ئافرەتەکان هەبێت، ئەگەر هێزی تەوازن لە نێوان ئافرەت و پیاو دروست نەبێت، بەتایبەت لە ناوەندەکانی بڕیار، ئەوە هەرگیز بڕوا ناکات بتوانین وڵاتێکی مۆدێرنی پێشکەوتووی لیبراڵی دروست بکرێت.

___

نەرویج:ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و ئەنەکەسە کۆبوونەوە

nusar1

ئەمەریکا: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری سەندیاگۆ دەمەزرا

nusar1

جۆبایدن لە بەردەم سعودیە ئەژنۆی دا

nusar1
KDC

FREE
VIEW