KDC

هاوبیر: لە پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، هێڵە گشتییەکانی کوردستانیبوون و پیرۆزییەکانی وەکو نەتەوە، سەربەخۆیی، ئاڵا و پێکەوەژیان جێی خۆی باش کردۆتەوە


 
 
گفتوگۆ: ئاشتی گەرمیانی .. هەولێر
 
 زۆر نییە لە نزیك و دوورەوە مرۆڤێك دەناسم بەناوی شێخ جەزا ناسراو بە هاوبیر، وەک هاوبیر و شێوەرمەندێکی فیدراسیۆنی، بەڵام لە هزر و لێکدانەوەکانیدا، وا هەست دەکەم هاوڕێیەکی زۆر دێرین و پڕ حەز و بیرکردنەوەکانی منە، هاودەمێك کە هەموو تەمەنی لە ڕێگای نەتەوایەتی و کوردایەتی و دەوڵەمەندکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە. ئەو مرۆڤەی کە خەم و ئازارەکانی لەمن دەچن، ئاخ و هەڵکشانەکانی بەرەو لوتکە هەر توتڕکەکانی منن، وێنەکانمان لەیەك دەچن. بۆیە من ئەمەم دەویست کە لە نزیکەوە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەی بێ سانسۆر و بڕین و قرتاندن، هەروەك دیدەکانی من، ئەو پەیام و ئەزموونە هزرییە بخەینە ڕوو.
 
شێخ جەزای شێخ ڕەزا، ناسراو بە هاوبیر، ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١دا لە دێی (کۆیک)ـی بازیانی چەند کیلۆمەتری خۆرئاوای سلێمانی لە دایكبوووە، لە سلێمانی گەورەبووە و هەموو پلەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی بە پلەی یەکەمی قوتابخانە هەر لەوێ تەواو کردووە، چۆتە کۆلێژی ئەندازەی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر و دوای چەند ساڵێک دەرکردن (فەسڵکردن) بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندان و چالاکیی سیاسییەوە، خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە. هەر لە سەرەتای لاوییەوە دنیای پڕ لە نەهامەتیی کورد و ئیشقی ئەم بۆ نەتەوە کاری گەورەیان تێکردووە و جگە لە تێکەڵیی بزووتنەوەی کوردایەتی، ئارەزووی پێشخستنی زمان و فەرهەنگەکەشی بۆتە خولیای و هێندەی پێيکرابێت، لێرە و لەوێ بەشداری چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی کردووە و وردە بەرهەمی نووسین هەبووە و هەیە. لە دامەزراندنی چەندان ڕێکخراوی پیشەیی لە کوردستان بەشداربووە. جگە لە زمانە شیرینەکەی کوردی (هەردوو دیالێکتە سەرەکییەکە)، زمانەکانی عارەبی و ئەڵمانی باش دەزانێت. ئاوات و خەون و خەیاڵی، بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانە، چون بەلای ئەوەوە کورد تەنها لەوێدا دەتوانێت بچێتە سەر شاڕێی ژیان و مرۆڤانە بژی.
 
 من وام گوت: نیشتیمان و خاك و وڵاتپارێزی و خەباتی پڕ لە نەهامەتی میللەتی کورد و گۆڕانکاری لەم سەدەیەدا چۆن دیدەی لێ دەگریت؟ 
کاك شێخ کوتی: سەرەتا سوپاس بۆ ڕاگەیاندنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و سوپاس بۆ کاك ئاشتی گەرمیانی کە ئەرکی ڕکخستنی ئەم چاوپێکەوتنەی کێشا. بۆ وەڵامی پرسیارەکە، دەتوانم بڵێم؛ 
ئەوە دیارە کە کوردستان خاکی خۆڕسك و سروشتیی کوردانە، کوردیش نەتەوەیەکی کەونارایە و هەزاران ساڵە تێیدا دەژی، لەو مێژووە درێژەدا، کە هەڵبەز و دابەزی هێندەی تۆپۆگرافیاکەی زۆرن، دیارە کە ساڵانی سەربەخۆژیانیشی هەبووە، بەڵام بە عیللەتی هەڵکەوتەی جوگرافیایی، کە لە نێوەندی شارستانێتیە جیاوازەکاندا بووە و بەوەی کە خاکێکی بە پیت و ئاو و هەوایەکی گونجاوی هەبووە، داگیرکاری هێجگار زۆری بینیوە. جا بەهەرحاڵ، تا هەنووکە هەرمانی خۆی پاراستووە، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە دەبێت بزانرێت ئەوەیە، کە نزیکەی تێکڕای جەنگەکانی کورد لەسەر خاکی خۆی بووە و جەنگی بەرگری بوون لە مانەوەی، دیارە کە ئەو خەباتەشی شێوە و شەقڵی سەردەمی خۆی وەرگرتووە.

کاکی گەرمیانی، ئەو گەرمیانەی تۆی لێوە هاتووی، کە مانای شوێن و زێدی گەرمە (گەرم + یان)، کە (یان) شوێنە، ناوەکەی هێندە کوردی و ڕەسەنە (وشەیەکی خۆرییە)، تەنانەت ئاشوورییەکانیش کە دەیان ساڵ داگیریان کردووە، بۆیان نەگۆڕدراوە و  پێیانگوتووە، بێت گەرمای، واتە شوێنی گەرم. جا تۆ باشتر لە من دەزانی کە سنووری ئەو گەرمیانە، تا شاری بابل بووە و تا ئەم پەنجا ساڵەی دواییش، کوردانی فەیلی شادەماری خەڵکی بەغداش بوون. ئیدی دیارە لەسەر ئەو کوردبوونە، چ کوردقڕانێك لەو دەڤەرانە کراوە و چۆن هەزاران کیلۆمەتری لێ قرتێنراوە و بچووك کراوەتەوە! 
هەروەک نموونەیەکی دی، تەماشای ئازەربایجان (ئاتەر پایگان – شوێنگەی ئاگر) بکە، کە لەسەردەمی مادەوە تا سەدەی دەهەمی زایینی، هەمووی خاکی کوردان بووە و یەك تورکمانی تێدا نەبووە، بەڵام دوایی لە سەدەی یازدەدا، میرنیشینێکی کوردی وەهسوودانی، کە لە ڕەوادییە کوردەکانن، هەندێك چەکداری سەلجووقی هێنا و لە شەڕەکانیان سوودی لێيان وەرگرتن، ئیدی ساڵ دوای ساڵ و لە ماوەی پێنجسەد ساڵدا، سەلجووقی، غەز، تورك، مەگۆل، تەتەر، ئەفشار، قاجاری و عوسمانی هێندە زۆر بوون، کە کوردەکانیان تەواو لە شار و نیشتەجێکان هەڵتەکاند و دەریان پەڕاندن، ئاوا کۆچەرێتی بووە  شێوەی سەرەکی ژیانی کوردان. ئێ دیارە کۆچەرییەکانیش ساڵانە لەو هاتووچۆکردنەیاندا و لەسەر بژێوی و لەوەڕگا، لەگەڵ یەکدیدا تووشی شەڕ و ئاژاوە دەبوون، ئەمە پەیوەندی و هەستی خێڵایەتییانی پتر کرد و تا ئەندازەیەك شوێنی هەستی هاوبەشیانی گرتەوە. هەر ئەم هەستە خێڵایەتییەش بوو کە سەری کێشا بۆ ناو میرنشینەکانیان و کێشەی گەورەی لە نێوانیاندا خستەوە و وایکرد کە نەتوانرێت بە ئاسانی لێکدی نزیك ببنەوە و شیمانەی یەکگرتنیان نەمێنێت. ئەگەر خوێنەری بە ئاگا ئەمە بزانێت، ئەرکێکی وای ناوێت کە لە زۆرێك لە کێشەکانی ئێستای نێو کۆمەڵگای کورد بگات .

پێیناوێ باسی گەورەیی ئەو جوگرافیایەی کوردستان بکەم، کە بەردەوام لە بچووککردنەوەدا بووە، بەڵام هێندە دەڵێم ئەو ڕووبەرەی ئێستاش ماوە، هەر بەر ئەنجامێکی خەباتی نەپساوە و بەردەوامی کورد بووە، کە بێگومان هەر دەبێت ڕۆژێك بگاتە دوا مەنزڵگای ئازادی .
 
بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارەشت، کە کورد لە چ ئاستێکدا خۆی دەبینێتەوە، دەڵێم: 
لە ڕاستیدا، هەر لەوکاتەوە کە عارەبەکان بە نێوی دینەوە هاتن و ئەم وڵاتەیان داگیرکرد، دوای ماوەیەك خەڵکی ئێمەیان کرد بە چوار بەشەوە؛
ــ یەکەم، موستەعرەبەکان، ئەوانەن کە بە عارەب کراون، جا بە ویستی خۆیان، یاخود بە زۆری زۆرداری .
ــ دووەم، موعەڕەبەکان، ئەمانەش عەرەبیان دەوێت و بە گەورە و سەروەری خۆیان دەزانن.
ــ سێیەم، شوعوبییەکان، پێچەوانەی موعەرەبەکانن و هەموو ئەوانەن کە کەڵەگایی و گەورەیی عارەبیان قەبووڵ نییە .
ــ چوارەم، مەوالێکان، ئەمانە کە زۆرترینی کۆمەڵگە بوون، بوون بە موسڵمان، بەڵام ئەمە پلەی مرۆڤبوونیانی بەرزنەکردۆتەوە بۆ ئاستی عارەبەکان، بەڵکو هەمیشە خزمەتکار و سەپان … تاد. بوون.
 
لە ڕاستیدا تا ئێستا گۆڕانێکی گەوهەری لەو پلەبەندییەدا نەهاتووە، نە لای ئەوان و نە لای خۆمان. ئەوە نییە تا ئێستاش ئەوان مافی سەربەخۆبوونمان ناسەلمێنن و لای خۆشمان گیانی مەوالیبوون وەک ڕەگی گولی لە بنەماکانی کەسایەتیمان ئاڵاوە! خۆ هەندێک بە مەوالێتیشەوە نەوەستاون و بەرە و پلەکانی (موعەڕەبی و موستەعرەب)ـیش خزیون. ئا ئەمە وای کردووە، تاکی کورد بەرانبەر ئەوی تری ناکورد هەستی خۆبەکەمزانی هەبێت. جا ئەگەر کەسانێک هەوڵی لابردنی ئەو نیلەیان لەسەر شانیان دابێت، لەسەر زاری ئەوانی ناکوردەوە پێياندەڵێن، (شوعوبی) و هەندێکجار نازناوی کۆنەپەرست، ڕەگەزپەرست و شتی تریشیان پێوە دەنووسێنن.
 
تاکی کورد ئەگەر بڕوای وابێت مرۆڤ ئەفرێنراوی خودایە، دەبێت دڵنیابێت لەوەی ناشێ لە ڕووی بایۆلۆژییەوە هیچی لەوی دی ناکورد کەمتر بێت، چون ئەوکات ئەوە سەردەکێشێتەوە بۆ کەمتەرخەمی، یا بێتوانایی کردگار (کە لێرەدا خودایە). دیارە ئەمەش ناپەسەندە و پێچەوانەی بنەمای باوەڕ و خوداناسییە!
ئا لەمەوە دەبێت بڕوای بەو ڕاستییە بێت؛ کە ئەوی کوردیش خاوەن هەموو ئەو مافانەیە کە ئەوی ناکورد هەیەتی، کە دەوڵەت و سەربەخۆیی و شێوەی ژیانیش لەو مافە ئاساییانەن.
ئێ ئەمە ئەو هزرە نەتەوەییەیە کە پێيدەگوترێت، کوردایەتی!
جا چۆن دەبێت تۆی کورد بێيت و بەمە بڵێی، باوی نەماوە. پێم ناڵێی باوی نەماوە، یانی چی؟ چما نەتبینیوە و نەتزانیوە، کە ئەو بۆچوونە کەسانێکی پێش تۆش لە بەرگی جیاوازدا گوتوویانە، بەڵام لە بێ شکۆیی و مەوالیبوون زیاتر هیچیان لێی دەست نەکەوتووە؟
بە هەموو هاوزمانانم دەڵێم؛ هزری نەتەوەیی کورد، پێناسەی کوردە و هەوڵی ناساندن و جێکردنەوەی کوردە لە نێو نەتەوەکانی تردا، بۆیە هیچ خوێندنەوە و پێناسەیەکی دی هەڵناگرێت. ئاگاتان لە خۆتان بێت، ئەهریمەنخەسڵەتان بە وشەی بریقەدار و ئاڵۆز، بە بانگەوازی ئایدیای گشتگیر، گومڕاتان نەکەن .

ـ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەرکی سیاسەتمەداران و بەڕێوەبەرانی وڵات چییە، دەڵێم؛
دیارە من حەکیمێک نیم کە دەرمانی دەردی کوردانم لا بێت و ناتوانم تەواوی میکانیزمی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دابنێم، چون ئەوە بوارگەلێکی زۆرە و پسپۆڕانی زۆری دەوێ، بەڵام دەتوانم بڵێم؛ 
لەبەرئەوەی وا دەزانم دەتوانرێت ڕووداوەکانی ڕابردوو بکرێنە سووتەمەنی چرای ڕووناککەرەوەی تاریکستانی داهاتوو، بۆیە هەڵەیە وا لە مێژوو بگەین، کە شتێکە ڕۆیشتووە و بڕاوەتەوە. جا کە ئێستا ئەم بەشەی باشووری خاکی پیرۆزی کوردستان، خۆبەڕێوەبەرێتییەکی خۆماڵی هەیە، زۆر گرینگە کە بەڕێوەبەرانی، وەک سرووتێکی ئایینی سەیری کار و بەرنامەکانیان بکەن، بە پیرۆزی بزانن و کەمتەرخەمی تێدا نەکەن. دەبێت جگە لە فەراهەمکردنی دادپەروەرێتی، تا ئەوپەڕی شيان کارەکانیشيان وا بێت، کە کەسانی ئاسایی بیبینن و بەبێ بیرکردنەوە هەستیان پێ بکەن. بە دارودرەختی جوان، شەقام و کوچە و کۆڵانان بڕازێنرێنەوە، دێهات و لاپاڵی شاخەکان سەوز بکرێت، سیستم و ڕيتمێک بۆ ژیان دابنرێت، کە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و دوایی خۆشحاڵی خەڵکی.

کۆنفدراسیۆنی و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی
 
شێخ جەزا سەبارەت بە کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، دەڵی، جارێ بەر لە هەموو شت، کۆکردنەوەی کوردان لە ژێر ڕەشماڵێکدا، بۆ خۆی کارێکی باشە، چون لەوێدا و لەو بەریەککەوتن و بینینانەدا، باس و خواسی وا دێتە پێش، کە دەکرێت تەوژمێک بە ڕووباری کاری کوردان بدات. جا کە واش دەزانم لە پەیڕە و پڕۆگرامی ڕەوەندا، هێڵە گشتییەکانی کوردستانی بوون و پیرۆزییەکانی وەکو نەتەوە، سەربەخۆیی، ئاڵا و پێکەوەژیان جێی خۆی باش کردۆتەوە، بۆیە بوونیان بە کارێکی هێجگار باش دەزانم و دەستخۆشی لەوانە دەکەم، کە لەپشت بیرۆکەی دامەزراندنییەوە بوون و، داوای سەرکەوتن بۆ کارگێڕان و ئەندامان و هەوادارانی دەکەم.
 
لە ڕاستیدا لەم ماوە کەمەی ژیانی ڕەوەنددا، کۆمەڵێ هەنگاوی بە پرەنسیپی ناوە و ژمارەیەک وێبیناری بۆ بیرمەندان و بەرپرسان گێڕاوە، کە بە دڵنیایی سوودمەند دەبن. هیوادارم و چاوەڕوانی و داواشم لێيان ئەوەیە، کە بەردەوامبن لە کارەکانیاندا و قووڵتر بچنە ناو پرسەکانەوە، بەڵکو بە هەموولایەک بتوانرێت کورد بهێنرێتە سەر شاڕێی ژیان و، کوردستانیش شوێنی خۆی لە کۆڕبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بکاتەوە.
لە کۆتاییدا سوپاسی زۆرم بۆ کاکی گەرمیانی و بۆ ڕاگەیاندنی ڕەوەند.

___

ئەزموونی کاری هونەری شێوەکاری کورد نورەدین جاف لە قوتابخانەی ئابستراکتدا

nusar1

تاهیر هەورامی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئامادەکاری گەڕاندنەوەی تەرمی دوو گەنجی کوردی کرد

KDC

وێنەی ئەو جەنراڵەی ئەفغانستان بڵاو دەبێتەوە، کە بەڵێنی بردنەوەی شەڕی دژ بە تاڵیبان دا

KDC
KDC

FREE
VIEW