KDC

رەحیم رەشیدی بۆ کەنەدا: سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە

ڕەحیم ڕەشیدی ناسراو بە مستەر کورد, نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کەنەدا, لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی و ئەندامانی پەرلەمانی کەنەدا و لە شاری کالگێری باژێری ئەلبێرتای ئەو وڵاتە کۆبۆتەوە و لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکیدا، داوای لە کەنەدا کردووە سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە.

دەقی وتارەکەی مستەر کورد لەو کۆبوونەوەدا بخوێنەوە کە بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشی کردووە:

پاشنیوەڕۆتان باش و سوپاس بۆ بانگهێشتنامەکەتان.
خانمان، ئاغایان!
شانازی دەکەم بە نوێنەرایەتی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لێرە لەگەڵ ئێوە ئامادەم لە شاری کالگێری.

سەرەتا حەز دەکەم بەخێرهاتنی هەموو لایەک بکەم.
شانازییەکی گەورەیە لێرەم، خۆشحاڵیم ئەم دەرفەتەم بۆ ڕەخساوە تاکوو لێرە لەگەڵ ئێوە کۆببمەوە.
پێش ئەوەی دەست پێ بکەم، دەمەوێت دەرفەتەکە بقۆزمەوەو سوپاسی هەمووتان بکەم هاتونەتە ئێرە. سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەم بۆ میوانە تایبەتەکانمان: تۆم کمێچ، زیاد ئەبوتیف جاسراج هاڵان ئەندامانی پاڕڵمانی کەنەدا.
کوردەکان وتەیەکیان هەیە دەڵێین: “کورد هیچ دۆستێکی نییە جگەلە شاخەکان.”
ئێمە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتین لە جیهانداو لە خەبات بەردەوامین. ئەمڕۆ بە شانازییەوە دەتوانم بڵێم، دۆستێکی ڕاستگۆو دڵسۆزی ڕاستەقینەمان هەیە هەرگیز کات بەفیڕۆ نادات بۆ قسەکردن و پشتیوانیکردن لە کوردستان لە ئاستی نێوخۆیی، نێوچەیی و نێودەوڵەتیدا. ئەمڕۆ دەتوانم پێتان بڵێم پاڕڵمانتار تۆم کمێج یەکێکە لەو کەسانەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی زۆرترین رەق و نفرەتیان لێی هەیە لەسەر هەڵوێستەکانی.
تۆم دەنگێکی بەهێزە بۆ دۆزی ئێمە، یان کەسانی وەکوو بەڕێز زیاد ئەبوڵتایف، جاسراج سینگ هالان و ئەوانی دیکەش کە ئەمرۆ نەیانتوانی لێرە بن. ئەوان پێوەندییەکی پتەوتریان لە نێوان کەنەداو کوردستان و نوێنەرانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان دروست کردووە. بەڕاستی ئێمە شانازی بە پشتگیریکردن و ماندووبوونیان دەکەین.
هەروەها سپاسی ناوەندی رەوەندی کوردستانی و ماڵی کورد لە کالکێری دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە. پێکەوە بە یەکڕیزی تێدەکۆشین تاکوو دەنگێکی بەهێزترمان هەبێ.
ئەمڕۆ گەرەکم بوو باس لە بەرنامە و چالاکییەکانی ڕەوەندی کوردستانی بکەم، بەڵام هەمووتان دەزانن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە بە مووشەک خەڵکی مەدەنی کوردستانی کردۆتە ئامانج.
سەیر لەوەدایە، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە شەهید کرا. پاشان دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لە هەموو جیهاندا بیسترا. ئێمە لە ساڵی 1979ەوە زۆر باش دەزانیین کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی تیرۆریستییە، ئێمەش لە دژی دەجەنگین. نزیکەی زیاتر لە 500 کورد لە دەرەوەی ئێران، لە نێویاندا ڕێبەری کورد دوکتور قاسملوو لە مانگی جولای ساڵی 1989 لە ڤییەنای پایتەختی ڤییەننا، لە 17ی ئەیلولی ساڵی 1992 دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێکانی لە بەرلینی ئاڵمان، هەموویان کوژراون و تیرۆر کراون. ساڵی 1997 دادگای میکۆنۆس سەلماندی دەوڵەتی ئێران ئەو تیرۆرانەی ئەنجامداوە. ئەمە بەڵگەی تیرۆریست بوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانە!.
ئێمە باوەڕمان وایە، خەباتی خەڵکی کوردستان زیندووە، بە تیرۆرو کوشتار کۆتایی نایەت.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕژێمی تیرۆریستی ئێران بە مووشەک هەولێری کردە ئامانج، پێشرەو دزەیی بازرگان و ژینا پێشڕەو کچە 11 مانگانەکەی و چەند کەسێکی دیکەی شەهید و بریندار کرد. تیرۆریستانی ئێران وەک هەمیشە درۆیان کرد کە بنکەیەکی مۆسادیان لە هەولێر کردۆتە ئامانج!
ساڵی ڕابردووش ئێرانییەکان بە مووشەک منداڵانیان لە کەمپی ئاوارەکانی کۆیە شەهید کردوە.
ڕێژیمی ئێران وەک نازیزم هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی!
کەنەدا لە هەموو کەس باشتر لە درۆو چەواشەکارییەکانی ئێران تێدەگات. ڕێگەم بدەن بیرتان بخەمەوە چۆن لە 11ی خاکەلێوەی ساڵی 2003دا، زارا کازمی، فۆتۆ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی کەنەدی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە تاران تیرۆر کرا.
هەروەها چۆن 8ی ژانویەی 2020 گەشتی فرۆکەی ئۆکراینی 752 بە مووشەکێکی ئێرانی کەوتە خوارەوەو 176 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، نزیکەی 140 کەسیان کەنەدی یان میوانی ئەم وڵاتە بوون.
سەرەڕای هەموو ئەمانە تاکوو ئێستا حکومەتی کەنەدا سپای پاسداران بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناناسێت.
دەزانم تۆم و هاوڕێکانی لەگەڵ ئەوەدان سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری کەنەداو کارێکی زۆریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە. سوپاسیان دەکەم.
شەرمەزارییە لە کاتێکدا تێکۆشەرانی کوردستان خەبات بۆ ئازادی و دیموکراسی دەکەن، ئەوانەی خەباتیان بۆ ئەو بەهایانە کرد ئێوە شانازی پێوە دەکەن لێرە لە کەنەدا، حکومەتی کەنەدا ڕێگەیان پێنادات بێنە ئەم وڵاتە، بەڵام هەزاران لایەنگرانی تیرۆریست قاسم سولەیمانی و دەوڵەتی تیرۆریستی ئێران لە کەنەدا دەژین و خاوەنی ماڵ، بازرگانی و شوێنی خۆیانن.
پێویستە کۆتایی بەم شەرمەزارییە بهێنن.
داوا لە ئەندامانی پەرلەمانی کەنەدا دەکەم بە بەیاننامەیەک کردەوەو سیاسەتەکانی تاران دژی نەتەوەی کورد شەرمەزار بکەن. هەروەها داوای کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین.
داواتان لێدەکەین پاڵپشتیتان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، ئەوان بە پاڵپشتی ئێوەو هاوڕێکانتان داعشیان تێکشکاند. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ، ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی پێکهاتە ئاینییەکان دەگرن. دەزانم لەوێ هەموو شتێک کامڵ نییە، بەڵام لەگەڵ من هاوڕان کە لە پێناو سەقامگیری و پاراستنی گیانی ملیۆنان ئاوارە، دەبێت پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکەین و سنوورێک بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانی تاران لە دژی گەلی کوردستان دابنێین!
خانمان، ئاغایان!
ئیزن دەخوازم بە کورتی ڕێکخراوی قازانج نەویستی نێودەوڵەتی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کە لەم دواییانەدا دامەزرا، بناسێنم.
لە ڕۆژانی 5 و 6ی دێسمبەری ساڵی 2021 لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، رێکخراوەکە بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دامەزراوە کە لە وتارەکەیدا گرنیگی رەوەندی کوردستانی بۆ ئێستاو داهاتووی کوردستان بەرز نرخاند.
بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم تاکوو ئێستا پتر لە 40 ناوەندمان لە سەرانسەری جیهان هەیە، لەوانە ئەوروپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ڕووسیا، ژاپۆن، ئوسترالیا، نیوزلەندا؛ ئەم پرۆسەیە بەردەوامە. ئێمە لەگەڵ هەر ڕێکخراوێک ڕێزی ئاڵای کوردستان، پێشمەرگەو مافی سەربەخۆیی کوردستان و چەمکەکانی دێموکراسی بگرێ هاوکاری دەکەین.
پلانمان وایە پەرە بە کۆکردنەوەی گەنجان بدەین و فیدراسیۆن و هەروەها سەندیکا بۆ گروپە جیاوازەکانی وەک پزیشککان، هونەرمەندان، ئەندازیاران و پارێزەرەکان و نووسەران رێکبخەین.
تا ئێستا نزیکەی 10 فیدراسیۆن، زیاتر لە 20 ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بوونەتە ئەندامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، کەنەدا، کۆنگرێسی ئەمریکاو بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی، هەروەها لەگەڵ وەزارەتەکانی دەرەوە و دیپلۆماتکاران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆبوینەوە. لەم ماوەیەدا چەندین خولی ئۆنلاینی زمانی کوردیمان بە شێوەزارەکانی کرمانجی و سۆرانی کردۆتەوەو بەردەوام دەبین. هەروەها لە چەند کۆنفرانسی نێودەوڵەتیدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کوردستان لە ئەفریقا، ئەوروپاو ئەمریکای باکوور بەشدار بووین. لەسەر ئەم چالاکیانە بەردەوام دەبینلە پێناو خزمەت کردن بە دۆزی رەوای کوردستان..
کۆنفێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی ئامادەیە لەگەڵ هەموو ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانەی هاوکاری بکات کە رێز لە یاساو پێوانە دێموکراتیکەکانی ئەو وڵاتانە بگرن کە تێیاندا چالاکن. ئێمە باوەڕێکی پتەومان بە یەکگرتووییە چونکە تا بەهێزتر بین باشترو زووتر دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان، ئەمەش ئاسانکاری دەکات و رێگاخۆشەکەر دەبێ بۆ نەوەکانی داهاتوو تاکوو بە هەمان رێچەکەدا هەنگاوەن بنێن. کۆمتەی گشتی ئێمە 25 ئەندامی هەیە کە لە ژنان و پیاوانی هەموو پارچەکانی کوردستان و کوردانی وڵاتانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوون.

دووبارە سوپاسی هەمووتان دەکەم و جێگەی خۆشحاڵییە لێرە لەگەڵتان ئامادە بووم.

سوپاس.

___

بە ڤیدیۆ : ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و دەزگای سەنگەر و پێشمەرگە چالاکییەکیان لە ئەڵمانیا سازدا

KDC

محەمەد رەزا: بۆ کڕینی فڕۆکە لەگەڵ فەڕەنسا رێککەوتن لە نێوان سەرۆکوەزیران و سەرۆکی فەڕەنسا دەکرێت

KDC

ئەزموونی کاری هونەری شێوەکاری کورد نورەدین جاف لە قوتابخانەی ئابستراکتدا

nusar1
KDC

FREE
VIEW