پۆلیسی توركیا بارەگای ناوەندی گشتیی پارتی دیموكراتیكی گەلان، هەدەپەی گەمارۆدا و رێگایان نەدا ئەندامانی هەدەپە بڕۆنە ناو بارەگاكەیان.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، هۆكاری گەمارۆدانی بارەگای ناوەندی گشتیی هەدەپە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە كەسە تێكدەر و ئاژاوەگێڕەكانی بەردەم بارەگای هەدەپە لە ئامەد، خواستوویانە بێن و لە بەردەم بارەگای ناوەندی گشتیی هەدەپە لە ئەنقەرە، كۆنفرانسی رۆژنامەنووسی رێكبخەن.
محەمەد روشتی، ئەندامی پەرلەمانی توركیا لە فراكسیۆنی هەدەپە، سەبارەت بە گەمارۆدانی بارەگای ناوەندی گشتیی هەدەپە لە لایەن پۆلیسی توركیاوە، دەڵێت، ئەوەیان بۆ روونبووەوە، كە ئەوانە دەیانەوێت بێن بۆ ئێرە و كۆنفرانسی رۆژنامەنووسی رێكبخەن و كۆببنەوە، رەنگە بشیانەوێت دانیشتن ئەنجام بدەن و، دەیانەوێت رێگری لە كار و چالاكییەكانی هەدەپە بگرن، ئێمەش هاتووین بۆ بەردەم ناوەندی گشتی و گوتمان، “رێگە بەوە نادەین”.
ئاماژەی بەوەشدا، کە پێدەچێت مانەوەكەیان زۆر نەخایەنێت و، رەنگە یەك بۆ دوو كەسیان بێت و راگەیاندراوەكەیان بخوێننەوە و بڕۆن، “ئێمەش لە ناو بارەگەكەداین، ئەگەر لەوە زیاتر شتێك بكەن، ئێمە رێگایان پێنادەین”.